رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، رەوشی زیندانیانی موسڵ "بە زۆر خراپ" وەسفدەكات

رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، رەوشی زیندانیانی موسڵ "بە زۆر خراپ" وەسفدەكات
خانەى ژنانى زیندانى تلکێف، وێنەى مانگى 4ی ساڵى 2019 کە لەلایەن (هیومان رایتس وۆچ)ەوە بڵاوکراوەتەوە، نیشانى دەدات کە قەرەباڵغییەکى لەڕادەبەدەر هەیە لە زیندانەکەدا

كەركوك ناو

رێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ)، رەوشی زیندانیانی موسڵ بە "زۆر خراپ" وەسفدەكات و جەختیشدەكاتەوە، دۆخی هەزاران بەندکراوى عیراقی، لەنێویاندا ژن و منداڵ لەوپەڕی خراپیدایە.

راپۆرتەكە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی تەمموز، لەسەر ماڵپەڕی فەرمی رێكخراوەكە بڵاوكراوەتەوە، تیایدا باس لە خراپی رەوشی زیندانیان دەكات لە پارێزگای نەینەوا و داوا لە حكومەت دەكات هەوڵی باشتركردنی زیندانەكان بدات.

لەما فەقێ، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵات لە هیومان رایتس وۆچ دەڵێت "پێویستە حکومەتی عیراق بەندکراوەکانى لە شوێنی گونجاودا بهێڵێتەوە کە گونجاوبێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان".

بەندینخانەکانى  تلکێف، فەیسەڵییەو تەسفیرات، بەپێی راپۆرتەكە تواناى راگرتنى دوو هەزار و 500 کەسیان هەیە، بەڵام لەئێستادا نزیکەى چوار هەزار و 500 کەسیان لەخۆگرتووە، کە هه‌زار و 300 کەسیان دادگا حوكمی داون و سزایان بۆ دیاریکراوە و پێویست بوو بۆ بەندیخانەکانی بەغدا بگوازرێنەوە، هەر بەپێی راپۆرتەكە.

هەروەها راپۆرتەكە جەختدەكاتەوە لەوەی "شوێنەکە (زیندانەكان) ئەوەندە جەنجاڵ و خراپن کە زیندانیان ناتوانن تەنانەت بە ئارەزوی خۆیان دابنیشن،  کاربەدەستانى زیندانەکانیش ناتوانن پێداویستیەکانیان بۆ دابینبکەن، چونکە هیچ ژورێکى بەتاڵ نەماوە".

خانەى نەوجەوانانى زیندانى تلکێف، وێنەى مانگى 4ی ساڵى 2019 کە لەلایەن (هیومان رایتس وۆچ) ەوە بڵاوکراوەتەوە، نیشانى دەدات کە قەرەباڵغیەکى لەڕادەبەدەر هەیە لە زیندانەکەدا.

 

ژن و منداڵ بەشێكی زۆری زیندانییەكان پێكدەهێنن و بەشێكی زۆریان ناتوانن بە پارێزەرەکانیان بگەن و پەیوەندیان بە تەواوی دابڕاوە، چونکە هیچ ژورێک نییە بۆ یەکتربینیان، ئەوەش هەر بەپێی راپۆرتەكە.

"پێشتر حاڵەتی مردنمان لەکاتی راگرتن لە نەینەوا بەهۆی قەرەباڵخی زۆرەوە تۆمارکردووە. بۆیە پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی داد لە سەرەتا و بەخێرایی رەوشەکە باشتر بکەن و لێکۆڵینەوەکان خێراتر بکەن"، لە راپۆرتەكەدا واهاتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT