پێشمەرگە و سوپا بۆ هەماهەنگی لە كەركوك كۆدەبنەوە

كەركوك/ئایاری 2017/ لە ناوەندی شار، ئاڵای هەریەكە لە هەرێمی كوردستان و عیراق پێكەوە لەسەر قەڵا دەشەكێتەوە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

وەفدێكی باڵای هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و سوپا ی عیراق لە سەربازگەی كەی وەن لە كەركوك كۆدەبنەوە، لەپێناو ئاسایكردنەوەی دۆخی  پارێزگاكە و هەماهەنگی نێوانیان.

ئەو كۆبونەوەیە پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە 4ی تەمموز بەڕێوەچوو، وەك بەشێك لە هەوڵەكانی هەردوو حكومەتی ناوەندیی و هەرێم لەبارەی دۆخی ئەمنیی و سەربازیی ناوچەكانی جێناكۆك و پرسی بەهاوبەشی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە.

لیوا هیوا رەش، فەرماندەی میحوەری چواری هێزەكانی پێشمەرگە و یەكێك لە بەشداربوانی كۆبونەوەكە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "كۆبونەوەكە بۆ هەماهەنگیی و گفتوگۆی نێوان ئێمە و سوپای عیراق بووە لە بارەی ناوچەكانی جێناكۆك و پلانی ئایندە".

وتیشی "وەزارەتی پێشمەرگە سێ لیژنەی هەیە لە ناوچەكانی جێناكۆك بۆ دانوستاندن لەگەڵ سوپای عیراق، لەوانە لیژنەی کەرکوک، شەنگال و خانەقین، ئێمە وەكو لیژنەی كەركوك ئەو كۆبونەوەیەمان لەگەڵ فەرماندەكانی سوپای عیراق كردووە".

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و ئاگادار لەو گفتوگۆیانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێک لە کۆبونەوەکان پەیوەستبون بە ئەگەری ئاڵوگۆڕیی سەربازی هێزەكان لە کەرکوک"، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیارت ئاشكرابكات.

ئەو كۆبونەوەیە هاوكات لەگەڵ بەرەوپێشچونی دانوستانە سێ مانگییەكەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەند لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، لە نێویاندا دۆخی ئەمنی، سەربازیی و پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكان. كە تەواوی گفتوگۆكان بە سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغدا بەڕێوەدەچن.

پێشتر شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بەغدا، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەیە و گفتوگۆکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک گەیشتۆتە ئاستێکی باش و گرنگ، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا ئەنجامی گفتوگۆکان بۆ رای گشتی بڵاودەکەینەوە".

لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی گفتوگۆكان بەردەوامی هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، لەنێویاندا گەڕانەوەی حزبەكەیان كە لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە چالاكییەكانیان لەو پارێزگایە راگرتووە و نەگەڕاونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە (كەركوك ناو) دراوە، گفتوگۆكان لەسەر سێ ئاست بەڕێوەدەچن، بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی ناو شار، دۆسیەی سەربازیی و كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكان، لەگەڵ چۆڵكردن و رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكرات لەو شارە كە لەئێستادا هێزە عیراقییەكان لێی جێگیربون.

لەپرسی دۆسیەی سەربازیی، گفتوگۆكان بەو ئاراستەین پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ بەشێكی خۆرهەڵات و باكور و بەشێكی خۆرئاوای كەركوك، ئەوەش هەر بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو).

پێشتر (كەركوك ناو) بڵاویكردەوە كە لە پرسی دۆسیەی ئەمنی ناو كەركوك، رای زاڵ ئەوەیە رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێت، ئەم بۆچونەش نەتەوەیەكگرتوەكان پشتیوانی دەكەن، هەروەها سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، هێزەكانی حەشد و پێشمەرگەش لە دەرەوەی پارێزگاكە جێگیربكرێن، پرسی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیش بۆ پەرلەمانی عیراق جێبهێڵدرێت، كە لە ئێستادا پەرلەمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT