ئاوى خواردنه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك كه‌مده‌كات

ئاوى خواردنه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك كه‌مده‌كات
كه‌ركوك، 2019، به‌شداری تانكه‌رێكی فه‌رمانگه‌ی ئاو له‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگر له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا فۆتۆ: راگه‌یاندنی فه‌رمانگه‌ی ئاو

 كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

دابه‌شكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ شاری كه‌ركوك كه‌مده‌كات، دوای له‌كاركه‌وتنی به‌شێك له‌ ماتۆڕه‌كانی پرۆژه‌ی دابینكردنی ئاو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی كاره‌باوه‌.

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی ئاو له‌ كه‌ركوك، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 7ی ته‌مموز له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆی پچڕانی زۆری كاره‌باوه‌، ئاستی ئاو له‌ پرۆژه‌ی ئاوی شاره‌كه‌ دابه‌زیووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا، دابه‌شكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ به‌سه‌ر ماڵاندا كه‌مده‌كات.

(كه‌ركوك ناو) په‌یوه‌ندی كرد به‌ راگه‌یاندنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی كه‌ركوك، به‌پێی لێدوانی ئه‌وان؛ دابه‌شكردنی ئاو له‌ سه‌دا 100 رانه‌وه‌ستاوه‌و به‌ڵام كه‌میكردووه‌، بۆ نمونه‌ له‌ سێ ماتۆڕ (تۆڕبایین) یه‌كێك كاری پێناكرێت.

به‌هۆی ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌، دابه‌شكردنی ئاو بۆ چه‌ند كاتژمێرێك كه‌مده‌كات، ئه‌وه‌ش زیاتر ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ پێشتر كێشه‌ی كه‌مئاوییان هه‌بووه‌.

راگه‌یاندنی ئه‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ئه‌وه‌شیان رونكرده‌وه‌، كێشه‌كه‌ له‌لای ئه‌وانه‌وه‌ نیه‌ و په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ له‌ وێستگه‌ی دابینكردنی كاره‌باوه‌، "بۆیه‌ نازانین ئه‌و كێشه‌كه‌ و چاره‌سه‌ری چه‌ند رۆژ ده‌خایه‌نێت".

له‌ شاری كه‌ركوك، ئاوی پاك به‌پێی خشته‌یه‌ك و رۆژ نارۆژێك ده‌درێت به‌هاوڵاتیان، ئه‌وه‌ش خه‌ڵكی ناچاركردووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ وه‌رزی گه‌رمادا ئاو بكڕێت.

لە بودجەی ئەمساڵی پارێزگای كەركوك، بڕی 200 ملیار دینار بۆ فەرمانگەی ئاوی کەرکوک تەرخانكراوە و لە پێشینەی كارەكانی ئەو فەرمانگەیەش تەواوكردنی پڕۆژەی ئاوی کەیوان دووە لەو پارێزگایە. ئەو پڕۆژەیە دەبێتە دووەم سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارەکە.

ئێستا تاكە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی كەركوك لە پڕۆژەی کەیوان یەک-ەوەیە، ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی 1983 دروستکراوە و تەنیا توانای دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی بۆ 850 هەزارکەس هەیە، لەکاتێکدا ئێستا رێژەی دانیشتوانی کەرکوک زیاترە لە ملیۆن و نیوێك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT