واده‌ی نوێكردنه‌وه‌ی كارتی بایۆمه‌تری بۆ ئاواره‌كان درێژده‌كرێته‌وه‌

واده‌ی نوێكردنه‌وه‌ی كارتی بایۆمه‌تری بۆ ئاواره‌كان درێژده‌كرێته‌وه‌
دهۆك، 2019، بنكه‌یه‌كی ده‌رهێنان و نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری ده‌نگدان له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی شاریا فۆتۆ: یونامی

 كه‌ركوك ناو

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق، بڕیاریدا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی تۆماركردن و نوێكردنه‌وه‌ی كارتی بایۆمه‌تری بۆ ئاواره‌كانی ناوخۆ، به‌ ئامانجی به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا.

ئاواره‌ ناوخۆییه‌كانی عیراق، پێشتر تا 11ی ته‌مموزی له‌به‌رده‌میاندا هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی كارتی بایۆمه‌تری ده‌ربكه‌ن یان ئه‌وانه‌ی كارتیان هه‌یه‌ نوێی بكه‌نه‌وه‌، له‌ ئێستاشدا بڕیاره‌ ئه‌و واده‌یه‌ مانگێكی تر درێژبكرێته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د ره‌حیم به‌شاره‌، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ كۆمسیۆن ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 9ی ته‌مموز له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌ پرۆسه‌ی تۆماركردن و نوێكردنه‌وه‌ی كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان له‌ كه‌مپه‌كاندا بۆ یه‌ك مانگی تر درێژكراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی كۆمسیۆن، ئاواره‌كان ده‌توانن تا 11ی ئابی داهاتوو كارتی بایۆمه‌تری به‌ده‌ستبهێنن.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

لێپرسراوه‌كه‌ی كۆمسیۆن رونیكرده‌وه‌ كه‌ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری بۆ ئه‌وه‌یه‌ زۆرترین ئاواره‌ له‌ ده‌نگداندا به‌شداربن، چونكه‌ له‌ هه‌لبژاردنه‌كانی داهاتودا، ته‌نیا به‌ كارتی بایۆمه‌تری ده‌توانن ده‌نگبده‌ن و هیچ كارتێكی تر كاری پێناكرێت.

نه‌ینه‌وا، كه‌مپێكی ئاواره‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش له‌ موسڵ فۆتۆ: IOM

له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوی په‌رله‌مانی عیراق، زیاترله‌ 450 هه‌زار ئاواره‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، كه‌ جگه‌ له‌ بایۆمه‌تری ده‌یانتوانی به‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی تر یاخود كارتی كۆنی ده‌نگدان به‌شداری پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.

كۆمسیۆنی هه‌لبژاردنه‌كان، ژماره‌یه‌ك تیمی گه‌ڕۆكی ده‌رهێنانی كارتی بایۆمه‌تری داناوه‌ بۆ ئاواره‌كان، تا سه‌ردانی كه‌مپه‌كان بكه‌ن به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ 17 كه‌مپ ده‌كه‌وێته‌ دهۆك، شه‌ش له‌ سلێمانی و شه‌ش له‌ هه‌ولێر.

له‌ هه‌رێمی كوردستان، زیاتر له‌ ملیۆنێك ئاواره‌ هه‌یه‌، كه‌ سه‌دا 79یان له شاره‌كانی هه‌رێم، له سه‌دا 21یشیان له‌ 29 كه‌مپ نیشته‌جێكراون.

ئه‌حمه‌د به‌شاره‌ ده‌ڵێت ئه‌و ئاوارانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپدا جێگیربون، ده‌توانن به‌ زوترین كات سه‌ردانی بنكه‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی كارتی بایۆمه‌تری بكه‌ن له‌ شوێنی نیشته‌جێبونیان، له‌و بنكانه‌دا كاره‌كانیان بۆ راییده‌كرێت.

ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمسیۆن بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراقه‌ به‌بێ هه‌رێم، كه‌ دوایین هه‌ڵبژاردن لە ساڵی 2013دا بەرێوەچووه‌ و له‌ ئێستادا پێشنیاركراوه پرۆسه‌كه‌ بكه‌وێته‌ 20ی نیسانی 2020، به‌ڵام هێشتا ئه‌و واده‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دواتر په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT