هەنگ بۆ شنگال گەڕایەوە، هەنگوینیش بۆ بازاڕەكانی عیراق

هەنگ بۆ شنگال گەڕایەوە، هەنگوینیش بۆ بازاڕەكانی عیراق
نەینەوا/ تەمموزی 2019/ هەنگەوانان لەكاتی خزمەتكردنی هەنگەكانیان لە قەزای شنگال فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – شنگال

هەنگەوانانی شنگال دەستدەكەنەوە بە بەخێوكردنی هەنگ و بەرهەمەكانیان جارێكی تر بۆ بازاڕەكانی عیراق دەگەڕێننەوە، ئەوەش دوای جێهێشتنی كەمپەكانی ئاوارەیی و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

شنگال لە خۆرئاوای موسڵ ناوچەیەكی گرنگە بۆ بەخێوكردنی هەنگ و بەرهەمەكەی ركابەری باشترین جۆرەكانی هەنگوین دەكات لە عیراق و تەنانەت جیهان، بەڵام زۆرینەی هەنگەكان لەناوچون كاتێك داعش لە 3ی ئابی 2014 ناوچەكەی كۆنترۆڵكرد و خەڵكەكەی ئاوارەبون.

خالید فه‌رسان، خه‌ڵکی گوندی گورموز سه‌ر به ‌قه‌زای شنگال، لە ئەیلولی 2016، دوای دوو ساڵ ئاوارەیی گەڕایەوە زێدی خۆی لەگەڵ حەوت منداڵەكەیدا، بەڵام هیچ كارێك نەبوو تا بژێوی ژیانی منداڵەكانی پەیدابكات.

كاتێك زانی رێكخراوێكی خێرخوازی، هەنگ بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشدەكات كە دەگەڕێنەوە ناوچەكە، خالید ناوی خۆی تۆماردەكات و هەر ئەو ساڵە حەوت سندوق هەنگی پێدەدەن.

"زۆر به‌باشی دەستمكرد به‌ خێوكردنی هەنگەكان، گەشەیان كرد و وردە وردە زۆربون، ساڵی 2017 توانیمان 140 كیلۆ هەنگوین بەرهەمبهێنین".

زۆر به‌باشی دەستمكرد به‌ خێوكردنی هەنگەكان، گەشەیان كرد و وردە وردە زۆربون

هەنگوینی سروشتی شنگال خواستی زۆری لەسەرە و خالید هەر كیلۆیەك بە 45 هەزار دینار دەفرۆشت. ئەوەش داهاتێكی خراپ نەبوو بۆ خێزانەكەی لەو رۆژانەی كە هیچ بڕە پارەیەكیان بەدەستەوە نەبوو.

خالید دەڵێت لە ساڵی 2018 خۆی بە دەوڵەمەند زانیوە و بۆتە خاوەنی داهاتێكی باشتر، كاتێك توانی بەرهەمەكەی بۆ نزیكەی دوو هێندە بەرزكردۆتەوە و 240 كیلۆی فرۆشتووە.

"ئیتر دەوڵەمەندبوم و یارمەتی دارایی دراوسێكانیشم دەدا"، خالید وایوت.

بونی هه‌ندێک گژوگیا وه‌کو گیای غه‌زال، زه‌خته‌ر و چه‌ند جۆرێکی تر، لەگەڵ گونجاوی ژینگەكەی وەك شارەزایانی بەخێوكردنی هەنگ دەڵێن، وایكردووە شنگال ببێتە ناوچەیەكی گرنگ بۆ بەخێوكردنی هەنگ.

بەرهەمەكانیشی لە بازاڕەكانی عیراقدا خواستی زیاتری لەسەرە بە بەراورد بەهەندێك ناوچەی تر، رەنگی هەنگوینەكەی سور، ره‌ش و زه‌ردە.

هەڵكەوتەی جوگرافیا و كەشی ناوچەكەشە وایكردووە، رێكخراوەكان بیرۆكەی دابەشكردنی هەنگ بە جوتیاران جێبەجێبكەن.

سه‌عید حه‌مۆ، كارمەندی بەشی كشتوكاڵە لە رێكخراوی (S@P)ی ئەمریكی بۆ بەخێوكردنی هەنگ، دەڵێت تەنیا لە ساڵی 2017دا هەنگیان بەسەر 50 خێزانی شنگالدا دابەشكردووە، هەر خێزانێك بە حەوت سندوق هەنگ.

نەینەوا/تەمموزی 2019/ جارێكی تر بەخێوكردنی هەنگ لە شنگال دەستپێدەكاتەوە، دوای ئەوەی بەهۆی شەڕی داعشەوە هەنگی ناوچەكە لەناوچوو بوو فۆتۆ: كەركوك ناو

ساڵی 2018ەش رێكخراوەكە هەنگی بەسەر 75 خێزانی تردا دابەشكرد، بەوشێوەیە جارێكی تر هەنگ بۆ شنگال و بەرهەمەكەشی بۆ بازاڕەكانی عیراق گەڕێنرایەوە.

بەپێی ئامارەكانی ئەو رێكخراوە، لە ساڵی 2017دا دوو هەزار كیلۆ هەنگوین لە شنگال بەرهەمهێنراوە و ساڵی 2018 بەرهەمەكە بۆ چوار هەزار كیلۆ بەرزبۆتەوە.

سەعید وتی "ئێمە كەلوپەلی بەخێوكردنی هەنگ لەوانە سندوق، هەروەها راهێنانیش بۆ هەنگەوانان دەكەینەوە، پێشبینی دەكەین ئەمساڵ بەرهەمەكەی بۆ دوو هێندە زیادبكات بەبەراورد بە ساڵی رابردوو".

رێكخراوی (S@P)ی ئەمریكی، هه‌نگی ئێران و پارێزگای دهۆك بەسەر ئاوارە گەڕاوەكانی سنگالدا داەشدەكات.

خه‌لیل حسێن، خه‌ڵكی گوندی شه‌هابیرە لە شنگال، لەگەڵ گەڕانەوەیدا لە ئاوارەیی دەستیكردەوە بە بەخێوكردنی هەنگ، دوای ئەوەی هەموو هەنگەكانی لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لەناوچون.

خه‌لیل ئێستا 30 سندوق هەنگی هەیە و دەڵێت "ئه‌گه‌ر هاوکاریی هه‌نگه‌وانانی شنگال بکرێت و پێداویستی تایبه‌ت به‌ خێوکردنی هه‌نگیان پێبدرێت، به دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانین بڕێکی زۆر هه‌نگوین به‌رهه‌مبهێنین".

ساڵی 2017 جوتیارێکی خه‌ڵکی شنگال له‌ فیستیڤاڵێكدا لە میسر پلەی یەكەمی بەدەستهێنا لە بەخێوكردنی هەنگ و مەدالیای زێڕینی بەدەستهێنا.

سه‌عید حەمۆ، كە خۆی خەڵكی شنگالە و چەند ساڵێكە لە رێكخراوەكە كاردەكات، پێیوایە گەڕانەوەی هەنگ بۆ شنگال دەبێتەهۆی گەڕانەوەی بژێوی سەدان خێزان و ئاشناكردنەوەی بازاڕەكان بە هەنگوینی خۆماڵی.

گەڕانەوەی هەنگ بۆ شنگال دەبێتەهۆی گەڕانەوەی بژێوی سەدان خێزان و ئاشناكردنەوەی بازاڕەكان بە هەنگوینی خۆماڵی

بەغدا، نەینەوا و شارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو شارانەن كە هەنگوینی شنگالیان پێدەگات و هەندێك كاتیش هەناردەی دەرەوەی عیراق دەكرێت، بەڵام بەبری كەمتر.

روداوەكانی ئاگركەوتنەوەی ئاگر لە بەهاری ئەمساڵدا، زیانی بەدەیان جوتیاری ناوچەكە گەیاند، لەوانە خالید فه‌رسان، لە گوندی گورموز، كە هەر 31 سندوق هەنگەكەی سوتان، لەكاتێكدا چاوەڕوان بوو ئەمساڵ 300 كیلۆ بفرۆشێت. ئەو وتی "زیانی 10 ملیۆن دینارم پێگەیشت".

ئەو روداوە بەسەر هەنگەكانی خه‌لیل حسێن-یشدا هات لەگوندی شه‌هابیرە، بەڵام ئەو تەنیا پێنج سندوق هەنگی سوتان.

سه‌عید حه‌مۆ، كارمەندی رێكخراوی (S@P)ی ئەمریكی، وتی "ئێمه‌ ناتوانین ئه‌و خێزانانه‌ قه‌ره‌بووبکه‌ینه‌وه، بەڵام ده‌توانین سندوقی هه‌نگیان بەسەردا دابه‌شبکه‌ین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT