ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ و سوپا له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك

ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ و سوپا له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك
خانه‌قین، سه‌نگه‌رێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، رێككه‌وتون له‌سه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كانی نێوانیان، ئه‌وه‌ش له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ ئه‌نجامی دانوستانی چه‌ند مانگی رابردوی شاندی باڵای هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری بوو، ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی نێوانیان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، به‌ ئامانجی رێگریی له‌ جموجۆڵی چه‌كداریی و شانه‌ نوستوه‌كانی داعش.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق ئێواره‌ی سێشه‌ممه‌ 9ی ته‌مموز له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا ئاشكرایكرد هه‌ردوو لایه‌نی هێزه‌كانی ناوه‌ند و پێشمه‌رگه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ داخست و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییانه‌ی له‌ نێوانیاندا هه‌بووه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ به‌پێی به‌دواداچونه‌ مه‌یدانییه‌كان ده‌ركه‌وتووه‌، بۆشایی زۆری ئه‌منی له‌ نێوان دواخاڵ و سه‌نگه‌ری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عیراقی، كه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ ده‌گاته‌ 40كم بۆشایی له‌ هه‌ندێكی شوێنی تر 12كم بۆشایی به‌ جێهێڵدراوه‌.

عه‌بدولمه‌هدی ده‌ڵێت ئه‌و بۆشاییه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ سودی لێوه‌رده‌گیرێت، بۆیه‌ هه‌ماهه‌نگی ده‌كرێت و رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بۆشاییانه‌ دابخرێن.

سه‌رۆكوه‌زیران جه‌ختیشیكرده‌وه‌ له‌ به‌رده‌وامی دانوستانه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، بۆ تاوتوێی دۆسیه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری جددی، له‌ نێویاندا پرسه‌كانی تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك.

هه‌ولێر، 2019، كۆبونه‌وه‌یه‌كی شاندنی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق فۆتۆ: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق و هێزی پێشمه‌رگه‌، پێشتر چه‌ند لیژنه‌یه‌كی بچوككراوه‌یان پێكهێنا‌ بۆ به‌دواداچونی مه‌یدانی هاوبه‌ش، به‌ ئامانجی هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌ و مه‌ترسیی پاشماوه‌ی داعش له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك.

نوری حه‌مه‌عه‌لی، فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری باشور و خۆرئاوای كه‌ركوكی پێشمه‌رگه‌ له‌ پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ میدیای حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌ "پێشمەرگە دەگەڕێتەوە شوێنی پێشووی خۆی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، واتە پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بارەگاكانی پێشووی خۆی لە كەركوك".

ئه‌و لێدوانه‌ی ناوبراو، دوای سه‌ردانی لیواروكن سه‌عد حه‌ربیه‌، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك هات له‌ 7ی ته‌مموز بۆ باره‌گای میحوه‌ری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئێستا له‌ نزیكی كه‌ركوكه‌.

ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ كه‌ركوك، سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ پێكهێنرا بۆ سه‌رپه‌رشتی هه‌موو هێزه‌كانی پارێزگاكه‌ له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌وه‌ش به‌بێ به‌شداری پێشمه‌رگه‌.

نوری حەمەعەلی ده‌ڵێت له‌و كۆبونه‌وه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ حه‌ربیه‌، كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی هاوشێوه‌یه‌ له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، هه‌ردولا باسی چه‌ندین ته‌وه‌ریان كردووه‌ و چاوه‌ڕێن بۆ ئەنجامی لیژنەی باڵای دانوستانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا.

كه‌ركوك، ته‌موزی 2019، سه‌ردانی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان بۆ باره‌گای پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: میدیای پارتی

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

كوتله‌ی عه‌ره‌بی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، سێشه‌ممه‌ 9ی ته‌مموز له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوا له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ده‌كه‌ن، گوێ له‌و ده‌نگانه‌ نه‌گرێت ده‌یانه‌وێت بارودۆخی كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می "ئاڵۆزی و كوشتن و.."، دژایه‌تی خۆیان ده‌رده‌بڕین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی "نایاسایین و پێشتر شكستیانهێنا له‌ دابینكردنی ئاسایش بۆ كه‌ركوك و پارێزگاری له‌ پێكهاته‌كان".

هه‌روه‌ها هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای په‌رله‌مانی بۆ تاوتوێی بارودۆخی شاره‌كه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌پێویستیشی ده‌زانن دۆسیه‌ی له‌ ده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندیدا بمێنێته‌وه‌.

دۆسیه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و گۆڕانكاریی له‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیدا، له‌ یه‌ك ساڵی رابردودا زۆرترین مشتومڕی له‌سه‌ر بووه‌ و ده‌نگۆی جیاوازی له‌باره‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌.

كه‌ركوك/20ی ئۆكتۆبه‌ری 2017/ هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناو ناحییه‌ی پردێ، دوای پاشه‌كشێی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

به‌ره‌ی توركمانی كه‌ پێشتر و له‌ مانگی رابردودا جارێكیتر دژایه‌تی خۆی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك ده‌ربڕیووه‌، له‌ ئێستاشدا ره‌تیده‌كاته‌وه‌ گۆڕانكاری له‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی پارێزگاكه‌دا بكرێت.

عه‌لی مه‌هدی، وته‌بێژی به‌ره‌ی توركمانی و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا داوا له‌ حكومه‌ت و فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌كات له‌ ته‌واوی سنوره‌كانی كه‌ركوكدا هێزه‌كانیان بڵاوه‌پێبكه‌ن و دۆسیه‌ی ئه‌منی ته‌نیا له‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا بێت.

هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێمی كوردستان، له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردودا چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیان له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆكدا هه‌بووه‌ و پێشتر له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش، به‌ هه‌ماهه‌نگی یه‌كتری روبه‌روی ئه‌و رێكخراوه‌ بونه‌وه‌.

جه‌بار یاوه‌ر مه‌نده‌، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە زیاد له‌ جارێك ره‌تیكردۆته‌وه‌ تائێستا ھیچ رێککەوتنێک لەبارەی گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچەكانی تری جێناكۆك كرابێت، ته‌نیا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ پێنج لیژنە لە نێوان ھەرێم و ناوەنددا دروستکراوە بۆ ھەماھەنگی دژی مەترسییەکانی داعش.

سه‌رباری تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی دوو ساڵ به‌سه‌ر راگه‌یاندنی كۆتایی داعش له‌ عیراق، به‌ڵام هێشتا له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی جێناكۆك به‌وته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان جموجۆڵیان هه‌یه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT