كەركوك ناچێتە بەغدا
ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەن لە دەرەوەی پارێزگاكە رەتدەكرێتەوە

شەقامی سەرەكی كەركوك - هەولێر لە گەڕەكی رەحیماوا فۆتۆ: كەركوك ناو

گۆران بابان – كەركوك

زۆرێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رەتیدەكەنەوە كۆبونەوەی ئەنجومەنەكەیان ببەنە بەغدا یان هەولێر، جەختیشدەكەنەوە هیچ رێككەوتن و بەرەوپێشچونێك بۆ دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە لەئارادا نییە.

ئەوەش لەكاتێكدایە چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە لە بەغدا بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ كەركوك لەزاری ژمارەیەك پەرلەمانتار و لە میدیادا بڵاودەكرێتەوە. بەڵام ئەندامانی ئەنجومەنی بێئاگایی خۆیان نیشادەدەن.

ئەحمەد عەسکەری، ئەندامی ئەنجومەن و ئەندامی لیژنەی دانوستانکاری یەکێتیی و پارتی لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی پارێزگاكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگاداری ئەو جۆرە کۆبونەوەیە نین كە باسدەكرێت، کەس بە ئێمەی نەوتووە بچنە بەغدا، جارێ هێشتا گفتوگۆکان بەکۆتا نەگەیشتون".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا ئاگاداركردنەوە بۆ ئەندامەكانی دەنێرێت لەبارەی دانیشتنی ئەنجومەن و لە بەرنامەی كار ئاگاداریان دەكاتەوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە لەئارادا نییە.

قاسم حەمزە بەیاتی، نوێنەری تورکمان لە ئەنجومەنی پارێزگا، بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "هیچ شتێك لەئارادا نییە بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوە، پێویستە گفتوگۆی زیاتر هەبێت و دانیشتنی ئەنجومەن لە دەرەوەی کەرکوکیش شەرعی نییە".

ئەو رەخنەی گرت كە دانوستانی پێكهاتەكانی شارەكە "زۆر بە سستی" بەڕێوەدەچن لەپێناو ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگار و هەندێك گۆڕانكاریی ئیداریی.

كەركوك/ هۆڵی دانیشتنەكانی ئەنجومەن، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە تەنیا یەكجار نیسابی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن تەواو بووە فۆتۆ: كەركوك

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، 11ی ته‌مموزی 2019 بڕیاریاندا به‌ كاندیدكردنی ته‌یب جه‌بار بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، وه‌ك كاندیدی هاوبه‌شی لیستی برایه‌تی له‌ ئە‌نجومه‌نی پارێزگا. بۆ ئەوەش بڕیاریاندا لەگەڵ عەرەب و توركمان گفتوگۆ بكەن و لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێنا.

مەعن حەمدانی، ئەندامی کوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگا بە (كەركوك ناو)ی وت "تا متمانە نەگێڕدرێتەوە بۆ نێوان پێكهاتەكان، ناگەینە رێككەوتن، لەگەڵئەوەشدا بابەتی کۆبونەوەی ئەنجومەن بۆ قسەکردنە لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک بابەتێکی هەستیارە و پێموایە زۆر دەخایەنێت... دور نییە تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەردەوامبێت".

جەمال شوکور، كە یەكێك بوو لەو پەرلەمانتارانەی باسی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كرد لە بەغدا، جارێكی تر بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "لە ئایندەیەکی نزیکدا لە کەرکوک یان لە بەغدا کۆبونەوەیەک گرێدەدرێت بۆ رێككەوتن لەسەر مەلەفەكانی ئەمنی، سەربازی، ئیداری، سیاسیی و كشتوكاڵی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT