مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی: 65 هەزار دەنگی كورد دەفەوتێت

كەركوك/هەڵبژاردنی 2014ی پەرلەمانی عیراق، ئۆفیسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان فۆتۆ: كەركوك ناو

گۆران بابان – كەركوك

بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، چەند مەترسییەك بۆ سەر دەنگدەری كورد بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و رێنماییەكانی كۆمسیۆن دەخاتەڕوو، بەو هۆیەوە ئاماژە بە ئەگەری لەدەستدانی 65 هەزار دەنگی كورد دەكەن.

شەمسەدین مەحمود، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی ئەو حزبە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "ئەوەی تێبینیمان كردووە گرفت و مەترسی لەسەر دەنگدەری كورد لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك دروستبووە، ئەوەش بەهۆی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان".

مەترسی یەكەم و 15 هەزار دەنگدەر

شەمسەدین مەحمود دەڵێت بەراوردکردنی ناسنامەی هاوڵاتیان بە فۆرمی خۆراك زیانی بۆ دەنگدەری كورد هەیە و زیاتر لە 12 بۆ 15 هەزار دەنگی كورد لە كەركوك دەفەوتێت و ناتوانن دەنگ بدەن.

ئەو رونیكردەوە "لە سەردەمی رژێمی بەعس و لە چوارچێوەی تەعریبکردنی کەرکوک، بەشێکی زۆر لە نفوسی کورد گواسترایەوە بۆ دەرەوەی ئەو شارە و دواتر بە بڕیاری حكومەت ئەو شارانە لە پارێزگای كەركوك دابڕێنران و خرانە سەر پارێزگاكانی تری هەرێم".

بەپێی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك، ئەو خێزانانە لە ئێستادا فۆرمی خۆراكیان لە كەركوكە، بەڵام نفوسیان دەرەوەی ئەو پارێزگایەیە، بۆ ئەوەی نمونەی خەڵكی ناحیەی قادر كەرەم دەهێنێتەوە كە لە ئێستادا سەر بە پارێزگای سلێمانییە.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی یاساكە دەبێت دەنگدەر نفوس و فۆرمی خۆراكی كەركوك بێت ئینجا دەتوانێت دەنگبدات.

مەترسی دووەم و ئەگەر لەدەستدانی 50 هەزار دەنگ

هەر بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان، دەبێت ئاوارەكان بگەڕێنەوە پارێزگاكانی خۆیان بۆ دەنگدان، ئەوەش لەكاتێكدایە لانیكەم 50 هەزار دەنگدەری كورد لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كەركوكیان جێهێشتووە و نەگەڕاونەتەوە، ئەوەش هەر بەپێێ ئامارێكی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی یەكێتی.

شەمسەدین وتی "50 هەزار دەنگدەرمان نەگەڕاونەتەوە و زۆر قورسە بتوانین قەناعەتیان پێبكەین رۆژی دەنگدان بۆ كەركوك بگەڕێنەوە، ئەوە گورزێكی كوشندەیە بەر دەنگی كورد دەكەوێت".

ئەو مەترسییە هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری نۆ حزب و لایەنی سیاسی كوردی، كە شەممە 28ی ئەیلول بڕیاریاندا بەیەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بكەن، بەناوی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT