لە خانەقین روبەڕوبونەوەی چەكداریی رویداوە
دانیشتوانی گوندێك و بازگەیەكی حەشدی شەعبی كرانە ئامانج

خانەقین/15ی تشرینی یەكەم/ هێزە ئەمنییەكان لەگوندی رەمەزان كاكەیی دوای ئەوەی بەهاوەن بۆردومان كرا فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد - خانەقین

چەكدارانی نەناسراو بۆ جاری دووەم لەم هەفتەیەدا هێرشدەكەنە سەر گوندێكی كاكەیینشین لە خۆرئاوای خانەقین و بۆ ماوەی كاتژمێرێك روبەڕوبونەوەی چەكداریی رویدا. لە روداوێكی تردا بازگەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی كرانە ئامانج.

جەلیل رەمەزان ئەنجومەنی گوندی رەمەزان كاكەیی، بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیك کاتژمێر 7:30ی شەو بوو، تەقە لە گوندی رەمەزان کرا، دواتر شەڕ و پێکدادان دروستبوو لە نێوان چەکدارانی نەناسراو و هێزەکانی حەشدی شەعبیی و نزیکەی کاتژمێرێک بەردەوام بوو".

"لە ئەنجامی هێرشەکەدا چەکدارێکی حەشدی شەعبی برینداربوو، دواتر هەر لە نزیك گوندەكە ئاڕ پی چییەك بەر هەمەرێكی سەربازیی دەكەوێت و بەهۆیەوە چەكدارێكی حەشد كوژرا"، جەلیل رەمەزان وایوت.

ئەمە دووەمجارە لەم هەفتەیەدا گوندی رەمەزان کاکەیی - بەدوری 20کم لە رۆژئاوای خانەقین -، لەسەر روباری ئەڵوەند بكرێتە ئامانج، دوای ئەوەی لە 14ی تشرینی یەكەم لەلایەن ژمارەیەك چەكداریی نەناسراوەوە بە هاوەن بۆردومانكراو خەڵكەكەی بە چەك روبەڕویان بونەوە.

15ی تشرینی یەكەم، هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەنێویاندا سوپا و حەشدی شەعبی، چونە ناو گوندەكە،  لەوكاتەی خەڵكەكە دەیانویست گوندەكە جێبهێڵن. بەڵام بەڵێنی پاراستنیاندا و بەهۆیەوە خەڵكەكە جێهێشتنی گوندەكەیان راگرت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تشرینی دووەم، بۆ جارێكی تر بەشێك لە خەڵكی گوندەكە بڕیاری جێهیشتنیدا كە ژمارەی دانیشتوانەكەی 10 خێزانن و كاكەیین.

هەر شەوی رابردوو، کاتژمێر 12 دەستڕێژی گولە کرایە سەر بازگەی باوە مەحمود لە دەروازەی خانەقین و لەسەر رێگای كەلار، بەهۆیەوە چەکدارێکی حەشد برینداربوو.

بڕیارە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تشرینی یەكەم، سەردانی گوندی رەمەزان كاكەیی بكەن بۆ چۆنیەتی پاراستنی گوندنشینان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT