65 هەزار دەنگی كورد بۆ كەركوك دەگەڕێتەوە

خانەقین/2018/ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

نزیكەی 65 هەزار دەنگی كورد بۆ كەركوك دەگەڕێتەوە، كە مەترسی فەوتانیان هەبوو، ئەوەش بە هەڵوەشاندنەوەی دوو ماددەی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی.

دادگای فیدراڵی عیراق، سێشەممە 12ی تشرینی دووەم، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی چوار ماددەی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەوەش لەسەر تانەی پەرلەمانی کوردستان، بەو هۆیەوە مەترسی لەسەر فەوتانی سەدان هەزار دەنگدەری كورد و ئاوارە نەما.

ماددەی دوانزەی یاساکە، كە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی درا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی پابەندکردبوو بە وردبینیی و بەراوردکاریی لە نێوان فۆرمی خۆراک و پێناسی باری شارستانی دەنگدەران و بەپێی یاساكە دەنگدەر ئەگەر نفوس و فۆرمی خۆراکی کەرکوک نەبێت ناتوانێت دەنگبدات.

ئەوەش لەكاتێكدابوو لەنێوان 12 بۆ 15 هەزار دەنگدەری كورد فۆرمی خۆراكیان لە كەركوك و پێناسی باری شارستانیان لە هەرێمی كوردستانە و بەپێی یاساكە دەنگەكانیان دەفەوتا.

پێشتر شەمسەدین مەحمود، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وتبوو "بەراوردکردنی ناسنامەی هاوڵاتیان بە فۆرمی خۆراک زیانی بۆ دەنگدەری کورد هەیە و زیاتر لە 12 بۆ 15 هەزار دەنگی کورد لە کەرکوک دەفەوتێت و ناتوانن دەنگ بدەن".

بەراوردکردنی ناسنامەی هاوڵاتیان بە فۆرمی خۆراک زیانی بۆ دەنگدەری کورد هەیە

ئەو رونیکردەوە "لە سەردەمی رژێمی بەعس و لە چوارچێوەی تەعریبکردنی کەرکوک، بەشێکی زۆر لە نفوسی کورد گواسترایەوە بۆ دەرەوەی ئەو شارە و دواتر بە بڕیاری حکومەت ئەو شارانە لە پارێزگای کەرکوک دابڕێنران و خرانە سەر پارێزگاکانی تری هەرێم".

هەڵوەشاندنەوەی ماددەی 16ی هه‌مواری یاساكەش مافی دەنگدان بۆ 50 هەزار دەنگدەری كورد لە شوێنی نیشتەجێبونی ئێستایان فەراهەمدەكات، چونكە بەپێی یاساكە که‌ په‌رله‌مان له‌ ته‌مموزی ئه‌مساڵدا په‌سه‌ندی کرد، ئاواره‌ ناوخۆییه‌کان و دەنگدەران پێویسته‌ له‌ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی شوێنی راسته‌قینه‌ی خۆیاندا ده‌نگبده‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ڕێی کارتی بایۆمه‌ترییه‌وە.

لانیکەم 50 هەزار دەنگدەری کورد لە دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کەرکوکیان جێهێشتووە و نەگەڕاونەتەوە شارەكە، ئەوەش هەر بەپێێ ئامارێکی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی یەکێتی.

شەمسەدین وتی "50 هەزار دەنگدەرمان نەگەڕاونەتەوە كەركوك و زۆر قورسە بتوانین قەناعەتیان پێبکەین رۆژی دەنگدان بۆ شارەكە بگەڕێنەوە، ئەوە گورزێکی کوشندەیە بەر دەنگی کورد دەکەوێت"، ئەم وتەیە بەر لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بوو بۆ (كەركوك ناو).

50 هەزار دەنگدەرمان نەگەڕاونەتەوە كەركوك و زۆر قورسە بتوانین قەناعەتیان پێبکەین رۆژی دەنگدان بۆ شارەكە بگەڕێنەوە

جگە لەو دوو ماددەیە، دادگای فیدراڵی عیراق، هەروەها هەردوو ماددەی سێ و 17ی یاساكەشی بە نادەستوری ناوبردووە.

ماددەی سێی یاساکە، کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دراوە تیایدا هاتووە "دەنگدەر ئەو کەسەیە کە کارتی بایۆمەتری هەیە و لە دەنگدان پشت بەو کارتە دەبەسترێت تەنیا لەو شوێنانە نەبێت کە رێژەی بایۆمەتری ناگات بە لەسەدا 75".

هەرچی ماددەی 17ی یاساکەیە، فەرمانبەران ناچاردەکات ببەنە خاوەنی کارتی بایۆمەتری، چونکە وەک بەڵگەنامەیەکی رەسمی دەستنیشاندەکرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە دانیشتنێكی ئاساییدا سێشەممە 12ی تشرینی دووەم، بڕیاریدا بە پەسندكردنی پڕۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان و ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان و بەمشێوەیەی لێبكرێت: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوابخرێت بۆ كاتێك كە دواتر دیاریدەكرێت.

ئەو پڕۆژەیە دەچێتە پەرلەمانی عیراق و دەبێت بە دەنگدان پەسەندبكرێت، كە لە تائێستا و بەپێی یاساكە یەكی نیسانی 2020 دیاریكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT