دەستەی نەزاهە سەرۆك و 11ی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بانگهێشتی لێكۆڵینەوە دەكات

كه‌ركوك/ئایاری 2017/ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

دەستەی نەزاهەی عیراق بانگهێشتی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و 11 ئەندامی تری ئەنجومەن دەكات بۆ لێكۆڵینەوە و بەتۆمەتی كەمتەرخەمی لە كارەكانیاندا.

دەستەی نەزاهە لەنوسراوێكدا كە رێككەوتی لەسەر نییە، داوای بانگهێشتی هەریەكە لە رێبوار فایەق تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت و 11 ئەندامی تری ئەنجومەن دەكات بۆ لێكۆڵینەوە بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی.

ئەندامەكانی ئەنجومەن، پێكهاتون لە هەریەكە لە دڵشاد پیرۆت، نەسرین خالید، پەروین  محەمەد ئەمین، شێرزاد عادل خورشید، فواد حسێن كوێخا، مەحمود محەمەد مەجید، محەمەد كەمال و عەلی نامیق لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەریەكە لە عیرفان جەمال تۆفیق ئەندامی توركمانی نێو لیستی برایەتی، ریاز محەمەد دانوك ئەندامی عەرەب لە هەمان لیست و ئەدوەر ئەوراهام ئودیشۆ لە پشكی كریستیانی هەر لە لیستی برایەتی.

ئەو بانگهێشتكراوانە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە دەوامیان نەكردووە و زۆرینەی هەرە زۆریان كەركوكیان جێهێشتووە و لە هەولێر یان دەرەوەی عیراق دەژین و مانگانە موچەكانیان پێدەگات.

ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی، كە ئەو ئەندامانەی پێ بانگهێشتكراوە، تیایدا هاتووە "هەر فەرمانبەرێك یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت كە كاری تیا دەكات ئەوە سزادەدرێت بە ماوەیەك لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت".

نەجات حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەرەی توركمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوێنێ شەو (17ی تشرینی دووەم) لەگەڵ دەستەی نەزاهە قسەم كرد، وتیان هیچ شتێك لەوبارەیەوە نییە، بەڵام پێدەچێت ژێربەژێر ئەو بڕیارە درابێت و بڵاوكرابێتەوە".

دڵشاد پیرۆت، ئەندامی پارتی لە لیستی برایەتی كە ناوی لە بانگهێشتكراوەكانە، رەتیكردەوە ئاگاداری بڕیاری لەو شێوەیە بێت.

پێشتریش دەستەی نەزاهەی عیراق بڕیاری هاوشێوەی بۆ سەرۆك و تەواوی ئەندامانی ئەجومەنی پارێزگای دیالە دەركرد.

پێشتر (كەركوك ناو)، لە بەدواداچونێكدا بڵاویكردەوە كە تەنیا كۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دوو ملیار و 451 ملیۆن دینار لەسەر حكومەتی عیراق كەوتووە، لەگەڵ سی ملیۆن بۆ كارتی مۆبایل و 590 ملیۆن دینار بۆ بەنزین. لەگەڵئەوەشدا، نزیكەی سێیەكی ئەندامانی ئەنجومەن دوو ساڵە بۆ رۆژێكیش دەوامیان نەكردووە.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بەهۆی ناكۆكییە سیاسیی و ئەمنییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناكۆكی پێكهاتەكان، پەكخراوە و لەو ماوەیەدا تەنیا لە یەك كۆبونەوەدا نیسابی یاسایی ئەندامان تەواو بووە، ئەویش بڕیاری ئەوتۆی تیا نەدراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT