پارێزگاری نەینەوا دەستیلەكاركێشایەوە

مه‌نسور مه‌رعید، پارێزگاری هه‌ڵبژێردراوی نه‌ینه‌وا فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

عەمار عەزیز – نەینەوا

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەزۆرینەی دەنگ، دەستلەكاركێشانەوەی مەسنور مەرعید، پارێزگاری نەینەوای پەسەندكرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تشرینی دووەم، لە كۆبونەوەیەكدا بەئامادەبونی 23 ئەندام، ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەستلەكاركێشانەوەی مەنسور مەرعید، پارێزگاری نەینەوای پەسەندكرد و تەنیا یەك ئەندام بە نەخێر دەنگیدا.

غەزوان داودی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە(کەرکوک ناو)ی وت "دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری نەینەوا بەدەنگی 22 ئەندام لەكۆی 23 ئەندامی ئامادەی كۆبونەوەكە پەسەندكرا".

وتیشی "دووشەممە (18ی تشرینی دووەم)، مەنسور مەرعید، پارێزگاری نەینەوا دەشتلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجومەن كرد و ئەمڕۆ لە كۆبونەوەكەدا پەسەند كرا".

لەبارەی هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی پارێزگار، غەزوان وتی "ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو چیتر ناتوانێت ئەو پۆستە بەڕێوەببات... بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین فشاری سیاسی لەسەر بووە بۆیە وازی لەو پۆستە هێناوە".

ئەنجومەنی پارێزگا، سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری راسپارد بۆ رایكردنی كاروبارەكانی پارێزگاری نەینەوا تا هەڵبژاردنی پارێزگارێكی تر.

بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو، ئەنجومەن لە كۆبونەوەیەكدا پارێزگارێكی نوێ بۆ ئەنجومەن هەڵبژێرێت.

مەنسور مەرعید، لە 13ی ئایاری ئەمساڵ و بە‌ئاماده‌بونی 28 ئه‌ندام له‌ كۆی 39 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا. ئەوەش به‌پێی رێککه‌وتنێك كە‌ پارێزگار بۆ عه‌ره‌بی سونه‌، جێگری یه‌که‌م بۆ کورد و جێگری دووه‌م بۆ عه‌ره‌بی سونه‌ بوو.

پەسەدكردنی دەستلەكاركێشانەوەی مەسنور مەرعید لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە، لەكاتێكدایە ئه‌نجومه‌نی نوێنەرانی عیراق لە 28ی تشرینی یەكەم، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق جگە لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT