لەوەڵامی هێرشەكەی سەربازگەی كەی وەن
ئەمریكا بارەگاكانی حزبوڵا لە عیراق و سوریا بۆردومان دەكات

عیراق/ چەكدارێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەكاتی شەڕی چەكدارانی داعشدا فۆتۆ: راگەیاندنی حەشد

كەركوك ناو

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا، بۆردومانكردنی پێنج بارەگای حزبوڵای سەر بە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەناو خاكی عیراق و سوریا رادەگەیەنێت، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ هێرشی سەربازگەی كەی وەن لە كەركوك، كە بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژرا.

لە راگەیەنراوێكیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمشەو 29ی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، كە پێنج باره‌گای حزبوڵایان بۆردومانكردووە، كە دوانیان لەناو خاكی عیراق و لە پارێزگای ئەنبار بووە.

هاوكات، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی بۆردومانەكەوە جەختیكردەوە كە كاتژمێر 7ی ئەمشەو بارەگای لیوای 45ی حەشدی شەعبی لەسەر سنوری عیراق -  سوریا لەلایەن  هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكاوە بۆردومانكراوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان چوار كەس كوژراون كە یەكێكیان جێگری ئامر لیوایە، لەگەڵ برینداربونی 30 كەسی تر.

بەپێی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، ئەو بارەگایانە موشەك و كۆگای چەكی لێبووە و پلانی هێرشیان هەبووە.

لەگەڵئاماژەدان بەوەی كە هێرشەکان لە وەڵامی هێرشەکەی "کەتیبەی حیزبوڵڵا بووە کە كرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عیراق"، زیاتر هاتووە "لە هێرشەکەی کەتیبەی حیزبوڵڵا هاوڵاتییەکی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی دیکەی ئەمریکیی و دوو ئەندامی هێزە عیراقییەکان برینداربون".

ئەو هێرشەی سەر سەربازگەی كەی وەن لە كەركوك، كە بەشێكی سەربازگەكە هێزەكانی ئەمریكای لێیە، هەینی رابردوو 27ی كانونی یەكەم لەڕێی چەند گولـلە موشەكێكەوە ئەنجامدرا.

هێزەكانی حزبوڵا لەلایەن وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بە نزیک لە سوپای پاسداران لە قەڵەمدراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT