عەرەبی كەركوك: رێژەی سەدا 32 بۆ دامەزراندن رەتدەكەینەوە

كاروان ساڵحی – كەركوك

هەریەكە لە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو و ئەنجومەنی عەرەبی لە كەركوك دامەزراندن بەڕێژەی لەسەدا 32 بۆ پێكهاتەكانی شارەكە رەتدەكەنەوە، كە داواكاری سەرەكی لایەنی توركمانی بوو. لایەنە عەرەبییەكان پێیانوایە پرۆسەی دامەزراندنەكەی پەروەردەی كەركوك  "هاوسەنگییەکى زۆر باش بوو بۆ ئەو ناوچانەى کە مامۆستایان کەمە".

ئەو بۆچونەی لایەنە عەرەبییەكان، دوابەدوای ناڕەزایی حزب و لایەنە توركمانیی و كوردییەكان دێت دژی پرۆسەی دامەزراندن كە پێیانوایە ناهاوسەنگیی تێدایە و نادادپەروەریی و یاسایی نییە.

محەمەد رەیاشى، وتەبێژی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو – لە كۆمەڵێك حزب و لایەنی سیاسیی پێكدێت و وەسفی كەسایەتی هۆزی عوبەید سەرۆكایەتی دەكات-، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ساڵی 2014 تا 2019 ستەمێكی زۆر لە عەرەب كراوە و لە دامەزراندنەكان بێبەشدەكرا، ئەم دامەزراندنەی ئیستاش من ناڵێم سەد لەسەدا پاك بووە و بەبێ واستە بووە، بەڵام بەشێوازی خاڵبەندی بوو، ئەوەش كارێكی زۆر باشبوو، نەك وەك ئەوەی توركمان داوای دەكات كە بەڕێژەی لەسەدا 32 بەسەر نەتەوەكاندا دابەشبكرێت، ئەوە كارێكی باش نییە".

"ئەگەر باسی نەتەوەی عەرەب بكەین، دەبینین ئێمەش لە ناوەندی شار، قەزای دوبز و داقوق ستەممان لێكراوە، ئێمە هیواداربوین رێژەی دامەزراندن بۆ كورد و توركمانیش زۆر بێت"، رەیاشی وایوت.

ئەگەر باسی نەتەوەی عەرەب بكەین، دەبینین ئێمەش لە ناوەندی شار، قەزای دوبز و داقوق ستەممان لێكراوە

بەپێی لیستی ناوی دامەزرێنراوان، نزیكەی هەزار و 517 كەس لە دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، كە لانیكەم لەسەدا 62ی كۆی دامەزرێنراوان دەكات، له‌ كاتێكدا كورد نزیكەی 500 دامەزرێنراوی بەركەوتووە، كە زیاتر لەسەدا 20 و توركمانیش زیاتر لەسەدا 17 بە 412 دامەزرێنراو. هەریەكە لە كریستیانی و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەك.

xopishandan andaziar (1)
كەركوك/ كانونی یەكەمی 2019/ خۆپیشاندانی دەرچوانی كۆلێژە ئەندازیارییەكان داوای دامەرزاندن دەكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

هەرچەندە داواكاریی هەندێك لە حزب و لایەنە توركمانیی و كوردییەكان و خەڵك هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنەكە، بەڵام بەرەی عەرەبی یەكگرتوو دژی ئەو هەوڵەن و پێیانوایە بەپێی یاساو رێنماییەكانی وەزارەت بووە.

حاتەم تائی، وتەبێژى ئەنجومەنى عەرەبى – راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك یەكێكە لە سەركردەكانی-، بە (كەركوك ناو)ی وت "دامەزراندن بەرهەمێک بوو بۆ ئەو ئەو ناوچە عەربییانەی کە کەموکورتییان هەبوو لە مامۆستا، ئەوانەی ناڕازیشین دەرگای تانەدان كراوەتەوە".

تائی دەڵێت ئەوان لەگەڵ داوای توركمان نین بۆ دابەشكردنی پلەكانی دامەزراندن بەپێی رێژەی لەسەدا 32 بەسەر پێكهاتەكاندا.

"دامەزراندنەكە تەنیا بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییانە بووە كە لەناوچەكاندا هەیە...  پێموایە ئەم دامەزراندنە هاوسەنگییەکى زۆر باشبوو بۆ ئەو ناوچانەى کە مامۆستایان کەمە"، حاتەم تائی وایوت.

پێموایە ئەم دامەزراندنە هاوسەنگییەکى زۆر باشبوو بۆ ئەو ناوچانەى کە مامۆستایان کەمە

ئەوەش لەكاتێكدایە نۆ حزب و لایەنی توركمانی، شەممە 11ی كانونی دووەم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای هەڵوەشاندنەوە و دابەشكردنی پلەكانی دامەرزاندنیان كرد بەپێی رێژەی لەسەدا 32 بەسەر نەتەوەكاندا،

ئەو لایەنانە، لە راگەیەنراوێكیاندا جەختیانكردەوە لەوەی "پێشێلكاریی زۆری ئیداریی و یاسایی و گەندەڵی لە دامەزراندنەكەدا هەیە و ناتوانن لێی بێدەنگ بین، چونكە زوڵمە بەرامبەر خەڵكی كەركوك و بەتایبەت توركمان". هەروەها پرۆسەكە بە گوماناوی ناودەبەن.

 التركمانية 09090
كەركوك/11ی كانونی دووەمی 2020/ حزبە توركمانییەكان داوای هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی دامەزراندنەكە دەكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

توركمانەكان دەڵێن "دابەشكردنی دامەزراندنەكە بەسەر قەزا و ناحییەكاندا، جێگەی سەرسوڕمان بوو بۆ هەمووان و ئەو هۆشدارییانە لەبەرچاو نەگیراوە، كە ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و حزبەكان ئاراستەی سێ سەرۆكایەتییەكەو ئیدارەی ناوخۆیی و وەزرەتیان كردبوو".

هەر بۆیە داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەكەن بە پەلە دەستتێوەردان بكات بۆ دوبارە دابەشكردنەوەی پلەكانی دامەزراندن بەشێوەی یەكسان لەنێوان پێكهاتەكاندا، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی خۆپیشاندانی جەماوەریی و مانگرتنی كراوە دەكەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە لایەنە كوردییەكان، لەنێویاندا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامی داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنەكەیان كرد و پێیانوایە ستەم لە كورد كراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT