توشبوەكان بۆ نەخۆشخانەیەكی تایبەت دەگوازرێنەوە
وردەكاریی تۆماركردنی پێنجەم حاڵەتی كۆرۆنا لە كەركوك

كەركوك/شوباتی 2020/ تیمەكانی بەرگری شارستانی دەرمانی دژە ڤایرۆس دەڕێژن فۆتۆ: كەركوك

كاروان ساڵحی – كەركوك

بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، تۆماركردنی پێنجەم حاڵەتی كۆرۆنا لە پارێزگاكە ئاشكرادەكات و جەختیشدەكاتەوە لەوەی ئەمڕۆ هەینی هەر پێنج توشبوەكە بۆ نەخۆشخانەیەكی تایبەت دەگوازرێنەوە. هاوكات پۆلیس بڕیاریداوە بە چۆڵكردنی تەواوی بازاڕی باڵندە فرۆشەكان.

توشبووە نوێیەكە

کەریم وەلی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، لەبارەی توشبوە نوێیەكەوە وتی "ئەو هاوڵاتییە كە تەمەنی ٥۱ ساڵە و دانیشتوی ناحیەی تازەیە... ماوەیەک لەمەوبەر سەردانی ئێرانی كردووە".

ئەو هاوڵاتییە شەوی رابردو پشكنینی بۆ كراوە و دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە، بەوەش پێنجەم حاڵەت لە پارێزگای كەركوك و حەوتەم حاڵەت لەسەر ئاستی عیراق تۆماركرا.

كەریم وەلی، وتی "دوو کەسی دیکەش تاکو ئێستا ئەنجامی پشکنینەکەیان نەگەڕاوەتەوە".

دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی تایبەت

بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لەبارەی رێكارەكانیان، لەگەڵ ئاماژەدان بە تیمی تایبەت، جەختیكردەوە لەوەی هەر ئەمڕۆ هەینی 28ی شوبات، ئامادەكارییەكان بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەكەی ناوچەی پیشەسازی تەواودەبێت و وتی "هەر ئەمڕۆ ئەو پێنج حاڵەتە بۆ ئەوێ دەگوازرێنەوە".

وتیشی "باری تەندروستی توشبوەكان زۆر باشە و رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو باشتر هەنگاو دەنێن".

دەرمانی دژە ڤایرۆس دەڕشێنرێت

قەیس عەبدولڕەزاق، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی کەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەر بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق هەستاوین بەڕشاندی دەرمانی ڤایرۆس لە ماڵی ئەو هاوڵاتییانەی كە دەركەوتووە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن".

ئەو هەڵمەتە كۆڵان و دراوسێی ئەو ماڵانەش دەگرێتەوە كە توشی كۆرۆنا بون.

چوار حاڵەتی یەكەمی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە گەڕەكی وەحدەی كەركوك بوو، كە گەڕەكێكی هەژارنشینی بێ خزمەتگوزارییە.

ئیدارەی كەركوك و تەندروستی پارێزگاكە رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن نەچنە شوێنە قەرەباڵغەكان و خۆیان بەدوربگرن لەكۆبونەوە و چونەدەرەوەی ناپێویست.

هەفتەی رابردوو ئیدارەی كەركوك بڕیاریدا بە راگرتنی دەوامی ناوەندەكانی خوێندن، داخستنی كافێ و چاخانەكان و رێنمایی هاوڵاتیان بۆ خۆپاراستن.

بازاڕی باڵندە فرۆشەكان چۆڵدەكرێت

پۆلیسی كەركوك بڕیاریداوە لە ئەمڕۆ هەینییەوە بازاڕی باڵندە فرۆشەكان دابخات، ئەوەش هەر لە چوارچێوەی خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بە(کەرکوک ناو)ی وت "بڕیاروایە هەر ئەمڕۆ مەفرەزەکانی پۆلیس، بازاری باڵندە فرۆشەكان لای قەڵای كەركوك دابخەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT