لەگەڵ خۆرئاوابون
هێزێكی دژە تیرۆری یەكێتی چووە ناو كەركوكەوە

دیمەنێكی شاری كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هێزێكی پڕچەك و تەقەمەنی دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، چووە ناو شاری كەركوكەوە و لەوێوە بەرەو سەربازگەی كەی وەن. ئەوەش بەپێی دوو سەرچاوە بۆ (كەركوك ناو).

ئەو سەرچاوانە كە یەكێكیان لێپرسراوێتی هەیە لە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، جەختیانكردەوە كە هێزەكەی دژە تیرۆر لەسەر داوای هێزەكانی هاوپەیمانان بووە.

"له‌سه‌روى خۆمانه‌وه‌ ئاگادارکراینه‌وه‌ که‌ خۆمان ئاماده‌بکه‌ین بۆ شارى که‌رکوک و لەسەر داوای هاوپەیمانان دەچینە كەی وەن"، یەكێك لە سەرچاوەكان وایوت.

وتیشی "سەرەتا لەناحیەی قەرەهەنجیر تا كاتی خۆرئاوابون هێزەكە مایەوە، دواتر بەرەو كەركوك و لەوێوە بەرەو سەربازگەی كەی وەن رۆیشتن".

هێزی دژە تیرۆری یەكێتی كە راستەوخۆ فەرمان لە هاوسەرۆكانی ئەو حزبە (باڤڵ تاڵەبانیی و لاهور شێخ جەنگی) وەردەگرن، لە ئێستادا گەیشتونە سەربازگەی كەی وەن.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، 20 ئۆتۆمبێلی جۆری باجەر و تەواوی پێداویستییە جەنگییەكانیان پێ بووە.

بەشێكی هێزەكانی هاوپەیمانان، لە سەربازگەی كەی وەن لە كەركوك جێگیركراون و لە 27ی كانونی یەكەم لەڕێی چەند گولـلە موشەكێكەوە كرایە ئامانج و بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی لێ كوژرا.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT