شۆفێرانی كەركوك بەبڕی 124 ملیۆن دینار سزادەدرێن

كەركوك/ئاداری 2020/ مەفرەزەكانی پۆلیسی هاتوچۆ ئەو شۆفێرانە سزادەدەن كە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ دەشكێنن فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

شۆفێرانی كەركوك بەبڕی 124 ملیۆن و 300 هەزار دینار سزادەدرێن، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبونیان بە بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ.

بەپێی وتەی عەمید جەمال حەکیم محەمەد، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هاتوچۆی كەركوك بۆ (كەركوك ناو)، هەزار و 243 شۆفێر وەسڵی سزادانیان بۆ كراوە، لەوكاتەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە پارێزگاكە دراوە.

عەمید جەمال حەکیم وتی "لەیەکەم رۆژى بڕیارى قەدەغەکردنى هاتوچۆوە تاوەكو ئێوارەی هەینی 27ی ئادار، مەفرەزەكانمان ئەو وەسڵی سزادانانەیان بۆ ئەو شۆفێرانە كردووە كە بەبێ هیچ هۆكارێك قەدەغەی هاتوچۆیان شكاندووە".

بەپێی بڕیارەكانی هاتوچۆی كەركوك، هەركەسێك پابەندی رێنماییەكانی قەدەغەی هاتوچۆ نەبێت بەبڕی 100 هەزار دینار سزادەدرێت، بەو پێیەش تائێستا شۆفێران بەبڕی 124 ملیۆن و 300 هەزار دینار سزادراون.

هاوكات هەر لەو ماوەیەدا هەزار و 795 مۆڵەتی شۆفێریی و ساڵنامەی ئۆتۆمبێل لە شۆفێران وەرگیراوە و 93 ئۆتۆمبێلیش دەستبەسەركراون.

هەر لەو ماوەیەدا هەزار و 795 مۆڵەتی شۆفێریی و ساڵنامەی ئۆتۆمبێل لە شۆفێران وەرگیراوە

هەر لەچوارچێوەی ئەو رێنماییانەدا 33 ماتۆڕسكیل دەستی بەسەردا گیراوە و رەوانەى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆ کراون.

حكومەتی عیراق و ئیدارەی خۆجێی پارێزگاكان، لەناوەڕاستی مانگی ئادارەوە چەند رێكارێكیان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا گرتەبەر، لە نێویاندا قەدەغەی هاتوچۆ.

عەمید جەمال حەکیم وت "داواکارین لە هاوڵاتیان پابەندى بڕیارى شانەى قەیران بن، بڕیارى قەدەغەکردنى هاتوچۆ لە بەرژەوەندی تەندروستىی ئێوە و خێزان و ماڵ و منداڵەکانتانە، کەمێک خۆڕاگربن ئەم بارودۆخە کۆتایی پێدێـت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT