وەقفی سوننی: با لە مانگی رەمەزاندا مزگەوتەكان بە مەرج بكرێنەوە

كه‌ركوك، ئاداری 2020، هه‌ڵمه‌تی پاككردنه‌وه‌ و ده‌رمانڕشتن له‌ مزگه‌وت و شوێنه‌ ئاینییه‌كان بۆ خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئیداره‌ی كه‌ركوك

گۆران بابان – كەركوك

وەقفی سوننی لە كەركوك داوای كردنەوەی مزگەوتەكان دەكات بۆ مانگی رەمەزان، بە گرتنەبەری هەندێك رێكاری پێویست لە پێناو خۆپاراستن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لەوانە بەكارنەهێنانی ئاودەست و دەستشۆری مزگەوت.

بۆ ئەو مەبەستە، وەقفی سوننی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی نیسان، یاداشتێك ئاراستەی شانەی قەیران دەكات لە كەركوك، تیایدا داواكارییەكانیان بۆ كردنەوەی مزگەوتەكان لە مانگی رەمەزاندا دەخاتەڕوو، ئەوەش بەپێی وتەی ساماڵ بازیانی، وتەبێژی وەقفی سوننی لە پارێزگاكە.

ساماڵ رونیكردەوە "بۆ كردنەوەی مزگەوتەكان، زنجیرەیەک دیدار و کۆبونەوەمان لەگەڵ لێپرسراوانی شانەی قەیران و ئیدارەی شار ئەنجامداوە و داوامانكردووە بەهۆی ئەو فشارەی لەلایەن نوێژخوێنان و مامۆستایانی ئایینییەوە لەسەرمانە لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا دەرگای مزگەوتەکان بكرێنەوە و کۆمەڵێک مەرجیش رەچاوبکرێت".

داوامانكردووە بەهۆی ئەو فشارەی لەلایەن نوێژخوێنان و مامۆستایانی ئایینییەوە لەسەرمانە لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا دەرگای مزگەوتەکان بكرێنەوە

وەك ساماڵ بازیانی رونیكردەوە بەگشتی شانەی قەیران، ئیدارەی پارێزگا و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان پاڵپشتی داواكارییەكەیان كردووە، بەڵام وتویانە ئەوە لە دەسەڵاتی شانەی باڵای قەیرانی ئەنجومەنی وەزیراندایە.

"پێمانوایە ئەگەر بابەتەکە بگەیەنرێتە بەغدا رەزامەندی لەسەر نیشان نادەن، چونکە بەغدا روئیایەکی گشتی هەیە بۆ ڤایرۆسەکە، بەڵام ئێمە دەزانین کەرکوک جیاوازترە لە زۆرێک لە پارێزگاکانی تری عیراق لە چۆنییەتی روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و توانیویانە تا ئاستێكی باش بەسەر ڤایرۆسەكەدا سەركەوتوبن"، ساماڵ وایوت.

لەگەڵ بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە ناوەڕاستی ئازاری رابردوو، ته‌واوی مزگه‌وت، كڵێسا، په‌رستگا و شوێنه‌ ئاینییه‌كانی تر له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌روی نوێژخوێنان و زیاره‌تكارانیاندا داخراون، به‌ ئامانجی خۆپارێزی و رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەڵام لە ئێستادا وەقفی سوننی لەكەركوك دەیانەوێت بەپێی چەند مەرج و رێنماییەك مزگەوتەكان بكرێنەوە، لەوانە ئەو ماوەیەی دیاریكراوە بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان لە كاتژمێر شەشی بەیانی تا شەشی ئێوارە مزگەوتەكانیش كراوەبن و مسوڵمانان و نوێژخوێنان بتوانن مەراسیمە ئاینییەکانی خۆیان ئەنجامبدەن، لە پرسە و نویژی هەینیی.

ساماڵ بازیانی وتیشی "داوامانكردووە ئاودەست و دەستشۆری مزگەوتەكان بەكارنەهێنرێن و منداڵ و ئافرەتیش رێگەیان پێنەدرێت سەردانی مزگەوت بكەن". لەگەڵئەوەشدا نوێژەكان زۆر چڕ نەبن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT