گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی له‌ نه‌ینه‌وا پێكهێنرا
پارتی: دژی ئێمه‌یه‌ و بۆ لاوازكردنمانه‌ له‌ موسڵ

گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی له‌ نه‌ینه‌وا پێكهێنرا<br>پارتی: دژی ئێمه‌یه‌ و بۆ لاوازكردنمانه‌ له‌ موسڵ

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا كوتله‌ جیاوازه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی پێكده‌هێنن و ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ دژی هیچ لایه‌نێك بوه‌ستنه‌وه‌، له‌كاتێكدا پارتی پێیوایه‌ هه‌نگاوێكه‌ دژ به‌وان به‌ ئامانجی لاوازكردنی پێگه‌یان له‌ موسڵ. سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ژماره‌یه‌ك كوتله‌ له‌ پێكهاته‌كانی موسڵ، هاوپه‌یمانییه‌كیان به‌ناوی نه‌ینه‌وا له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا پێكهێنا، كه‌ پێكهاتون له‌ 29 ئه‌ندام به‌بێ پارتی دیموكراتی كوردستان. به‌پێی به‌یاننامه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌، ئه‌وان به‌ ئامانجی پاڵپشتی و باشتركردنی كاره‌كانی حكومه‌تی ناوخۆیی له‌ نه‌ینه‌وا، كۆبونه‌ته‌وه‌ و كارده‌كه‌ن بۆ ئاشته‌وایی و سه‌قامگیریی.
ئامانجی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ چاكسازییه‌ نه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌لایه‌نێكی دیاریكراو
عه‌لی خزێر، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ فراكسیۆنی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ بۆ پشتگیری حكومه‌تی مه‌ركه‌زی و ناوخۆییه‌ تا زیاتر گرنگی به‌ شاره‌كه‌ بدات له‌ روی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌وه‌ و ده‌مانه‌وێت سه‌رپه‌رشتی ئه‌و بودجه‌یه‌ بكات له‌ ناوه‌ند و رێكخراوه‌كانه‌وه‌ بۆ موسڵ ته‌رخانده‌كرێت". ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ وه‌كو له‌ به‌یاننامه‌ی راگه‌یاندنیدا هاتووه‌ پێكهاتون له‌ ئه‌ندامانی عه‌ره‌ب، كورد، توركمان، كریستیان، ئێزیدی و شه‌به‌ك. "ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ دژی پارتی و هیچ لایه‌نێك نییه‌، بۆ گۆڕینی هیچ لێپرسراوێكیش نیه‌، به‌ڵكو ئامانجه‌كه‌ی چاكسازییه‌ نه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌لایه‌نێكی دیاریكراو" به‌وته‌ی خزێر.
نه‌ینه‌وا، كانونی دوه‌می 2019، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانیه‌ نوێیه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو
ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێكهاتوه‌ له‌ 39 ئه‌ندام، پارتی به‌ هه‌شت كورسیی وه‌كو حزب خاوه‌نی زۆرینه‌یه‌ به‌ڵام دوای پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی كوتله‌ی نه‌ینه‌وا بۆته‌ زۆرینه‌ و خاوه‌نی 15 كورسی، نه‌هزه‌ 10 كورسی و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سێ كورسی. له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌ نوێیه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ كوتله‌كانی نه‌ینه‌وا، نه‌هزه‌، یه‌كێتی و كۆتای كریستیان به‌شدارن. به‌ره‌كات شه‌مۆ، ئه‌ندامی كوتله‌ی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كه‌ حزبه‌كه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه‌ چالاكیه‌كانی له‌ پارێزگاكه‌ سنورداربووه‌ به‌هۆی روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ دژی پارتی و كورده‌ له‌ موسڵ، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر كورد دروستده‌كات و نه‌ك خزمه‌ت ناگه‌یه‌نێت به‌ڵكو كورد لێی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت". به‌پێی رێككه‌وتنی ساڵی 2013 پارێزگاری نه‌ینه‌وا به‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ كورد (له‌پشكی پارتی)، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن به‌ توركمان و جێگری پارێزگار بۆ كورد بوو. به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی پارتی، هاوپه‌یمانێتی نێوان كوتله‌كانی نه‌ینه‌وا و نه‌هزه‌ پێشبینیكراو بووه‌ و دوو ئامانجیان هه‌یه‌، ‌"یه‌كێكیان خۆئاماده‌كردنی پێشوه‌خته‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان تا ده‌نگی زۆر به‌ده‌ستبهێنن و پێگه‌ی پارتی له‌موسڵ لاوازبكه‌ن، دوه‌میان پارێزگار ده‌یه‌وێت كوتله‌كه‌ی به‌هێزبكات به‌بیانوی ئه‌وه‌ی له‌به‌غداوه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر پارێزگاكه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش راست نییه‌". هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، بڕیاربوو كۆتایی 2018دا ئه‌نجامبدرێت به‌ڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
نه‌ینه‌وا، تشرینی دوه‌می 2018، كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن
داود جوندی، سه‌رۆكی كوتله‌ی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ خزمه‌تێكی زۆر باش ده‌گه‌یه‌نێته‌ موسڵ به‌گشتی و هه‌موو پێكهاته‌كان به‌ كوردیشه‌وه، چونكه‌ دژی هیچ حزبێك نییه‌ و بۆ به‌رژوه‌ندی هیچ لایه‌نێكیش نیه‌ به‌ ته‌نیا به‌ڵكو پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانییه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك و رێگه‌ناده‌ن دژی كورد به‌كاربهێنرێت". هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد داوایان له‌ پارتی كردووه‌ بۆ به‌شداری له‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكردۆته‌وه‌، بۆیه‌ دڵنیاكراونه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی دژی ئه‌وان نییه. جوندی ره‌تیكرده‌وه‌ كاتی راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌دا په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ كۆتایی ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌ن یان واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ده‌ڵێت "ده‌مانه‌وێت له‌مكاته‌دا به‌شێوه‌یه‌كی باشتر وه‌كو ئه‌نجومه‌ن به‌ رۆڵی چاودێری خۆمان هه‌ستین بۆ پرۆژه‌ و كاره‌كانی حكومه‌ت، چاودێری ئه‌و بودجه‌یه‌ش بكه‌ین بۆ موسڵ ته‌رخانده‌كرێت". پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014وه‌ تا ساڵی 2017 له‌ژێر ده‌ستی رێكخراوی داعشدا مایه‌وه‌، به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانه‌وه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وت و له‌ ئێستادا، شاری موسڵ له‌ پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دایه‌.
  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT