لەخه‌ڵكه‌وه

چنار؛ خزمه‌ت و هونه‌ر و كاسبی پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌

  • 2020-09-18
چنار؛ خزمه‌ت و هونه‌ر و كاسبی پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌
چنار قاسۆ (26 ساڵ)
عه‌مار عه‌زیز - دهۆك

 ناوم چنار قاسۆ مێشو، ته‌مه‌نم 26 ساڵه‌، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ئاواره‌م؛ به‌ڵام ده‌ستبه‌داری خولیا و بژێوی و بڕوانامه‌كه‌شم نه‌بوم.

من له‌ یه‌ككاتدا په‌ستیارم وه‌ك خاوه‌نی بڕوانامه‌ و كارده‌كه‌م، دوكاندارم بۆ په‌یداكردنی بژێوی و وێنه‌ش ده‌كێشم وه‌ك به‌هره‌یه‌كی هونه‌ری.

خه‌ڵكی قه‌زای شنگالم و شه‌ش ساڵه‌ ئاواره‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی شاریای دهۆك بوم.

ده‌رچوی ئاماده‌یی په‌رستیاری نه‌ینه‌وام و له‌ 2018ـه‌وه‌ دامه‌زراوم، ئێستا نه‌خۆشخانه‌ی گشتی شنگالم و به‌هۆی نه‌كردنه‌وه‌ی بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌، مانگانه‌ ته‌نیا حه‌وت رۆژ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ده‌وام.

ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر دوكانی جلوبه‌رگی ئافره‌تانم له‌ شاریا كرده‌وه‌، زۆربه‌ی كات خۆم له‌وێم و له‌كاتی ده‌وام ئامۆزانم دوكانداری ده‌كه‌ن، فرۆشی رۆژانه‌مان به‌ر له‌ كۆرۆنا تا 50 هه‌زار دینار ده‌ڕۆیشت، ئێستا  كه‌مبۆته‌وه‌ بۆ نیوه‌.

سێ خوشك و چوار برام هه‌یه‌، ده‌مه‌وێت هاوكارییه‌كی ئه‌وانیش بكه‌م تا خوێندنه‌كانیان ته‌واو بكه‌ن.

حه‌زناكه‌م كاته‌كانی ژیانم به‌فیڕۆ بڕوات؛ بۆیه‌ له‌كاتی دوكانداری یان ماڵه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ به‌هره‌كانم ده‌ده‌م، من تائێستا 14 تابلۆی هونه‌ریم كێشاوه‌.

ئه‌وه‌ به‌هره‌ی منداڵیمه‌، له‌ قۆتاغی سه‌ره‌تایی خوێندندا له‌ به‌رانبه‌ر قه‌ڵه‌م و لاستیكدا وێنه‌ی كچانی هاوڕێم ده‌كێشا، ئێستا ئه‌و هونه‌ره‌ وه‌ك ئیش سه‌یری ناكه‌م، ته‌نیا هیوایه‌تێكه‌ نه‌ك بۆ بژێوی.

ره‌نگه‌ لای خه‌ڵك كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و سێ كاره‌ی من پێكه‌وه‌ سه‌یر بێت؛ به‌ڵام وانییه‌، ده‌بێت بزانن ئافره‌ت توانای زۆره‌ و ئێستا به‌دوای كاری چواره‌میشدا ده‌گه‌ڕێم.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT