عیراق لە راگوزەردا

به‌غداد: هۆل یان عومله‌
چاره‌نوسی ژن و منداڵانی داعش یه‌كلاده‌كاته‌وه‌

  • 2020-02-23
به‌غداد: هۆل یان عومله‌<br>چاره‌نوسی ژن و منداڵانی داعش یه‌كلاده‌كاته‌وه‌
سوریا، ژماره‌یه‌ك له‌ ژن و منداڵی دانیشتوی كه‌مپی هۆل لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە فۆتۆ: ئه‌رشیفی كه‌ركوك ناو
كەركوك - نەینەوا
 

دۆسیه‌ی گواستنه‌وه‌ی ژن و منداڵانی داعش له‌ سوریاوه‌ بۆ نه‌ینه‌وا، هێشتا جێی نیگه‌رانی خه‌ڵكی موسڵ و پێكهاته‌كانی تری قوربانیانی ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ پرۆسه‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه‌ رابگیرێت.

وروژاندنی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌هات، حكومه‌ت له‌رێی بنیاتنانی كه‌مپێكه‌وه‌ له‌ ناحیەی زوممار، نیه‌تی خۆی بۆ هێنانه‌وه‌ی خێزانه‌ عیراقییه‌كانی نێو داعش نیشاندا، كه‌ له‌ كه‌مپی هۆلی سوریا ده‌ستبه‌سه‌رن.

 

عیراقییه‌كانی هۆل

له‌ كه‌مپی هۆل-ی سوریا، زیاتر له‌ 30 هه‌زار هاوڵاتی عیراقیی هه‌یه‌، له‌ رفێنراو و قوربانیانی ده‌ستی داعشه‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی كاریان له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوه‌دا كردووه‌.

holcamp-1
سوریا/ كەمپی هۆل بە بەرزی پێنج هەزار مەتر لە ئاسمانەوە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

هۆل؛ یه‌كێكه‌ لە گەورەترین كەمپەكانی سوریا لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە و لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆجێی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە، دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكن لە كەسوكاری داعش، بیانییەكان و ژنان و منداڵانی ئێزیدیی.

كەمپی هۆل، بۆ 40 هەزار كەس دروستكراوە، بەڵام ئێستا زیاتر له‌ 72 هەزار كه‌سی تێدایه‌.

عه‌لی عه‌باس جیهانگیر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت ده‌وروبه‌ری 31 هه‌زار و 500 عیراقیی له‌ كه‌مپی هۆل نیشته‌جێن.

هه‌روه‌ها وتی "عیراق تێبینی هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی عیراقییه‌كان، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بوو، به‌ڵام خه‌ڵكی دیكه‌ش هه‌یه‌ به‌ هۆی بارودۆخێكی تایبه‌ته‌وه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ئه‌و كه‌مپه‌ و ماونه‌ته‌وه‌".

به‌پێی راپۆرتێكی پێشتری هیومان رایتس وۆچ، زۆرینه‌ی عیراقییه‌كانی ئه‌و كه‌مپه‌ ژنان سه‌رۆك خێزانن، منداڵی زۆریان هه‌یه‌، به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن له‌ ده‌ستی داعش له‌ ناوچه جیاوازه‌كانی عیراقه‌وه‌ هه‌ڵاتون.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی پێشتری (كه‌ركوك ناو)، سەدان ژن و كچی ئێزیدی لە كه‌مپی هۆل نیشته‌جێبون، كه‌ به‌ هۆكاری ترس، خستنەوەی منداڵ و گۆڕینی ئایین، ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عیراق، دوای رزگاركردنیان له‌ ده‌ستی داعش.

 

كه‌مپێكی نوێ بۆ كێشه‌یه‌كی كۆن

كەمپێكی نوێ بۆ لە خۆگرتنی ژن و منداڵانی داعش لە ناحیەی زومماری نه‌ینه‌وا دروستدەكرێت، تا لەگەڵ تەواوبونیدا خێزانانی داعشی تێدا جێگیربكرێن.

ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار بە (کەرکوک ناو)ی وت "سێ مانگ لەمەوبەر دەستكراوە بە دروستكردنی كەمپەكە و لەسەدا 50ی كارەكانی تەواوبووە".

زوممار ناحیەیەكی جێناكۆكە لەقەزای تەلعەفەر و دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای موسڵ.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران، ده‌وروبه‌ری چوار هه‌زار كه‌س له‌ نێویاندا ژن و منداڵ، ده‌یانه‌وێت له‌ كه‌مپی هۆله‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عیراق، تا له‌ كه‌مپی عومله‌ جێگیربكرێن.

وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ رونیكره‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی عیراقییه‌كانی كه‌مپی هۆل له‌و كه‌مپه نوێیه‌‌دا، كه‌ دابڕاوه‌ له‌ خه‌ڵك.

بنیاتنانی ئه‌و كه‌مپه‌ ناڕه‌زایی له‌ نه‌ینه‌وا لێكه‌وتۆته‌وه‌، له‌ نێو عه‌شیره‌ت و پێكهاته‌ جیاوازه‌كاندا، به‌ تایبه‌ت هاوڵاتیانی ئێزیدی وه‌ك قوربانییه‌كی ده‌ستی داعش.

 

گواستنه‌وه‌كه‌ راگیراوه‌؟

گواستنه‌وه‌ی ژن و منداڵی داعش له‌ كه‌مپی هۆله‌وه‌ بۆ كه‌مپی عومله‌ راگیراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی نایف شمه‌ری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ پشكی نه‌ینه‌وا.

hol
سوریا/ 19ی كانونی دووەمی 2020/ دوو ژن و منداڵەكانیان لە كەمپی هۆل فۆتۆ: ئەمبرین زەمان

شمه‌ری به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "په‌رله‌مانتارانی نه‌ینه‌وا واژۆیان كۆكردۆته‌وه‌ بۆ راگرتنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ و واژۆكان ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراون".

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد له‌گه‌ڵ عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵا، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كاندا كۆبۆته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، گواستنه‌وه‌ی چه‌كداری داعش و خێزانه‌كانیان بۆ نه‌ینه‌وا ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ و به‌ڵێنی داوه‌ كاربكات تا ئه‌و كه‌مپه‌ نوێیه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ شوێنێكی دیكه‌.

گواستنه‌وه‌ی كه‌سوكاری داعش له‌ سوریاوه‌ بۆ نه‌ینه‌وا، له‌ سه‌ره‌تای 2019وه‌ تا ئه‌مساڵ، زیاتر له‌ چوار جار دواخراوه‌.

"خه‌ڵكی موسڵ زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌ به‌هۆی داعشه‌وه‌ له‌ وێرانبونی ژێرخانی شاره‌كه‌دا، بۆیه‌ به‌ هێنانی خێزانه‌كانیشیان رقایه‌تی زیاتر ده‌بێت و تۆمه‌تی تیرۆریست ده‌درێته‌ پاڵ موسڵاوییه‌كان" به‌وته‌ی جه‌عفه‌ر ئینمار، هاوڵاتی دانیشتوی موسڵ.

وتیشی "ناتوانین له‌ موسڵ بژین ئه‌گه‌ر خێزانی داعشی تێدا نیشته‌جێبكرێت، ئه‌وه‌ وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیتكراو وایه‌ و له‌ هه‌ر ساتێكدا بێت پێماندا ده‌ته‌قێته‌وه‌".

له‌ ساڵانی رابردوودا و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نه‌ینه‌وا، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ هاوكاری داعش ناڕه‌زایی زۆری لێكه‌وته‌وه‌، له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ش به‌ره‌و بارگرژی سه‌ریكێشا.

عوده‌ی عه‌بد، توێژه‌ری سیاسی له‌ موسڵ پێیوایه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌سوكاری داعش، ده‌بێته‌ هۆی تێكچونی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌ نێوان خه‌ڵك و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌یه‌، هاوشێوه‌ی به‌ر له‌ حوزه‌یرانی 2014دا كه‌ نه‌بوو.

 

چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی

گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌سوكاری داعش، به‌بێ پلانی حكومه‌ت بۆ چۆنیه‌تی له‌ خۆگرتنیان و به‌رنامه‌ی چاكسازی تا تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ بكرێنه‌وه‌ ره‌نگه‌ هه‌ڵه‌ بێت، چونكه‌ مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی بارگرژی لێده‌كرێت له‌نێو ماڵی موسڵاوییه‌كاندا خۆیان و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیكه‌شدا.

gayara-1

نه‌ینه‌وا، نیسانی 2017، له‌سه‌ر خانویه‌كی رووخاوی هاوڵاتییه‌كی گه‌یاره‌ كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ پاڵپشتیكردنی چه‌كدارانی داعش نووسراوه‌ "خوێن به‌ خوێن" فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سوزان دلێمی، توێژی كۆمه‌ڵایه‌تی و زانستی ده‌رونی پێیوایه‌ خێزانه‌كانی داعش پێویستیان به‌ هاوكاریی گشتگیر هه‌یه‌ تا جارێكیتر تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی خۆیان بكرێنه‌وه‌.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ سه‌ره‌تای 2019دا، پێشنیازیكرد له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌ عیراقییه‌كانی كه‌مپی هۆل، حكومه‌ت له‌ یه‌ك كه‌مپی دیاریكراودا ده‌ستبه‌سه‌ریان نه‌كات، به‌ڵكو تێكه‌ڵ به دانیشتوانی كه‌مپه‌كانی تر بكرێن، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ روبه‌ڕوی غه‌در نه‌بنه‌وه‌.

دلێمی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ناكرێت له‌ چۆڵه‌وانییه‌كدا، له‌ژێر باران و تیشكی به‌تینی خۆری هاویندا كه‌مپێك دروستبكه‌یت و خه‌ڵكی تێدا نیشته‌جێبكرێت، به‌بێ خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تاییه‌كان له‌ نێویاندا ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت دواتر رقئه‌ستور ده‌بێت به‌رانبه‌ر كۆمه‌ڵگه‌و هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌دات".

ئه‌و توێژه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ داوای له‌ حكومه‌ت كرد بیر له‌وه‌بكاته‌وه‌ پێش گواستنه‌وه‌ی خێزانه‌كان بۆ ئه‌و كه‌مپه‌، بخرێنه‌ خولی راهێنانه‌وه‌ی ده‌رونی، كۆمه‌ڵایه‌تی، مرۆیی و مه‌ده‌نی، له‌هه‌مانكاتدا، كاربكات بۆ هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ به‌ تایبه‌ت زیانلێكه‌وتوان تا مامه‌ڵه‌ی دوژمنكارانه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ ئه‌نجامنه‌ده‌ن.

هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT