عیراق لە راگوزەردا

به‌غداد: ئه‌مال ئیبراهیم منداڵانی شه‌قام به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئاشناده‌كاته‌وه‌

  • 2020-03-12
به‌غداد: ئه‌مال ئیبراهیم منداڵانی شه‌قام به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ئاشناده‌كاته‌وه‌
ئه‌مال ئیبراهیم فۆتۆ: په‌یجی ناوبراو له‌ فه‌یسبوك

له‌ پشت قادرمه‌یه‌كی خراپ، ده‌رگایه‌كی كۆن و لافیته‌یه‌كی نه‌خشێنراو به‌ وێنه‌ و خه‌ونی منداڵانه‌وه‌، چیرۆكی پرۆژه‌كه‌ی ئه‌مال ده‌ستیپێكرد، كه‌ وه‌ك سه‌نته‌رێكی رۆشنبیری ده‌ر‌كه‌وت و دواتر گۆڕا بۆ ناوه‌ندی راهێنان و تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی منداڵانی شه‌قام و بێسه‌رپه‌رشت به‌ كۆمه‌ڵگه‌.

ئه‌و بڕوای ته‌واوی به‌و قسه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت "منداڵان ژینگه‌یه‌كی به‌ پیتن، منداڵێتیش زه‌وییه‌كی له‌باره‌ بۆ چاندنی هه‌موو شتێك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی پشتگوێبخرێت، به‌ڵام هه‌ر ده‌كرێت چاكبكرێته‌وه‌".

ئه‌مال ئیبراهیم (51 ساڵ)، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی هه‌یه‌ له‌ زانستی زینده‌وه‌رزانی له‌ زانكۆی به‌غدا، به‌ڵام به‌دوای زانسته‌كه‌یدا نه‌رۆیشت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی شاره‌زای له‌ ئه‌ده‌ب و زمانه‌وانیدا، ناوه‌ندێكی رۆشنبیری كرده‌وه‌.

له‌رێی خوله‌كانه‌وه‌ بۆمده‌ركه‌وت ئاستی زانست و فێركاری له‌ عیراق زۆر خراپه‌

له‌ سه‌ره‌تادا، خولی راهێنانی نوسینی چیرۆك، وێنه‌كێشان و زمانه‌وانی بۆ فێربونی منداڵانی خوێندكار كرده‌وه‌، "له‌رێی ئه‌و خوله‌وه‌ بۆمده‌ركه‌وت ئاستی زانست و فێربون له‌ عیراق زۆر خراپه‌، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ پاڵنه‌ربوبێت بۆ بنیاتنانی پرۆژه‌كه‌م بۆ منداڵان، به‌ تایبه‌ت كه‌ دایكی چوار منداڵم و به‌رده‌وام هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر منداڵان ده‌كه‌م".

ململانێ مه‌زهه‌بی، چاندنی تۆوی ئه‌و ناكۆكییه‌ له‌ مێشكی منداڵان، گرفتی فێربون و په‌روه‌رده‌، له‌ كێشه و كلتوره‌ خراپه‌كانی تری كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ ئه‌مال و تیمه‌كه‌ی له‌ كاره‌كانیاندا روبه‌ڕوی بونه‌وه‌.

دوای ساڵی 2014 بیرۆكه‌ی بنیاتنانی پرۆژه‌ی ناوه‌ندی فێركردنی منداڵان لای ئه‌مال گه‌ڵاڵه‌ بوو، "بیرۆكه‌ی پرۆژه‌یه‌كی بچوكم به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی رۆشنبیری و فێركردن و ژماره‌یه‌ك له‌ سیاسییه‌كانیشدا تاوتوێكرد، هاندان بۆ بیرۆكه‌كه‌ هه‌بوو، به‌ڵام بێ هیچ پاڵپشتییه‌كی دارایی".

 

گه‌ڕان به‌ دوای پاڵپشتی داراییدا

ئه‌مال هه‌وڵه‌كانی بۆ ده‌ستخستنی پاڵپشتی دارایی ده‌ستپێكرد، دواجار له‌رێی رێكخراوێكی ئوسترالییه‌وه‌ بودجه‌یه‌كی وه‌رگرت و پڕۆژه‌كه‌ی به‌گه‌ڕخست، له‌وێوه‌ به‌دوای شوێنی بنیاتنانی ناوه‌نده‌كه‌دا گه‌ڕا، یه‌كه‌م به‌ربه‌ستیش له‌و هه‌نگاوه‌دا "زۆری نرخی كرێ بوو".

mutanabi (15)

به‌غداد، 2019، ئه‌مه‌ل وانه‌ی فێركاری زانستی به‌ منداڵان ده‌ڵێته‌وه‌ فۆتۆ: په‌یجی ناوه‌نده‌كه‌ له‌ فه‌یسبوك

"دوای سه‌ردانیكردنی ناوه‌ندی رۆشنبیری له‌ شه‌قامی موته‌نه‌بی، كه‌ ژماره‌یه‌ك هۆڵی پێشكه‌شكردنی سیمینار و كۆڕی رۆشنبیری و هونه‌ری تێدابوو، له‌گه‌ڵ هۆڵی تر بۆ نوسینگه‌، له‌وێ بیرۆكه‌كه‌م بۆ تاڵب عیسا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌نده‌كه‌ خسته‌ڕوو، كاتێك بینیم زۆرباش گوێم لێده‌گرێت، ئومێدم لادروست بوو".

عیسا به‌ده‌م بیرۆكه‌كه‌ی ئه‌ماله‌وه‌ رۆیشت، واده‌ی سێ مانگی بۆ دانا تا سه‌ركه‌وتنی پرۆژه‌كه‌ی بسه‌لمێنێت، به‌وه‌ش پرۆژه‌كه‌ له‌ هۆڵێكی بچوكی ژێر ئه‌و قادرمانه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، كه‌ به‌ره‌و نهۆمی دوه‌می باڵه‌خانه‌ی ناوه‌ندی رۆشنبیری به‌غدادی له‌ شه‌قامی موته‌نه‌بی ده‌ڕۆیشت.

"له‌ پشت ده‌رگا كۆنه‌كانی هۆڵه‌كه‌وه‌، بڕیارمدا به‌ دروستكردنی چه‌ند وێنه‌یه‌ك هاوشێوه‌ی خه‌ونی منداڵان، وازم له‌ دیكۆر و شێوه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌ هێنا، ئێستا له‌ودیو قادرمه‌یه‌كی خراپ و ده‌رگایه‌كی كۆنه‌وه‌، لافیته‌یه‌كی ره‌نگاوره‌نگ و نه‌خشێراوم داناوه‌ و له‌سه‌ری نوسیومه‌ (ناوه‌ندی بچوكی موته‌نه‌بی)".

زۆرینه‌ی منداڵان شه‌قام ده‌یانه‌وێت ژیانیان بگۆڕن به‌ڵام كه‌س ده‌ستیان ناگرێت

ئه‌و ناوه‌نده‌ به‌ خولی فێربونی زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی، هونه‌ری، كاری ده‌ستی و هه‌ندێك یاری به‌ڕوی منداڵاندا كرایه‌وه‌، ده‌رفه‌تێكیش بوو بۆ هه‌ر كه‌سێك له‌و ناوه‌نده‌وه‌ خولی فێركاری بۆ منداڵان بكاته‌وه‌، "ناوه‌ندێكه‌ بۆ هه‌موو منداڵان به‌بێ جیاوازی".

 

ده‌ستپێكی گۆڕانكاری

له‌ شه‌قامی موته‌نه‌بی، ژماره‌یه‌ك منداڵی سه‌ر شه‌قام و بێسه‌رپه‌رشت هه‌ن، له‌نێویاندا ئه‌وانه‌ی ده‌ستگێڕی ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیشیان له‌به‌رده‌م ده‌رگای ناوه‌نده‌كه‌دا ده‌وه‌ستان تا یارییه‌كانی ئه‌و ناوه‌نده‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن پاسه‌وانی باڵه‌خانه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌كران.

له‌وكاته‌دا، ئه‌مال ده‌ستوه‌ردان ده‌كات، "له‌گه‌ڵ پاسه‌وانی باڵه‌خانه‌كه‌دا ریككه‌وتم واز له‌و منداڵه‌ بێسه‌رپه‌رشتانه‌ بهێنێت بۆ من، كاتێك له‌ یه‌كێكیانم پرسی حه‌زده‌كه‌یت بێیته‌ ناو ناوه‌نده‌كه‌وه‌؟ ئه‌و وتی ئایا تۆ قایل ده‌بیت؟ له‌وێدا زانیم ئه‌و منداڵانه‌ ده‌یانه‌وێت ژیانیان بگۆڕن به‌ڵام هیچ كه‌سێك تائێستا ده‌ستی نه‌گرتون".

ئه‌مال بڕیاریدا‌ ناوه‌نده‌كه‌ به‌روی منداڵی بێسه‌رپه‌رشت و سه‌ر شه‌قامه‌كاندا بكاته‌وه‌، وتی "ئه‌گه‌ر قایل نه‌بومایه‌ ئه‌و منداڵانه‌ بێنه‌ ناوه‌نده‌كه‌مانه‌وه‌، ئه‌وا منیش ده‌بومه‌ یه‌كێك له‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی دژایه‌تی ئه‌و توێژه‌ ده‌كه‌ن له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌گه‌ر له‌خۆمانیان نه‌گرین، ئێمه‌ش ده‌بینه‌ پاڵنه‌رێك تا فێری كار و خوی خراپ بن".

 

مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت

ئه‌مال روبه‌ڕوی سه‌ختی زۆر بۆته‌وه‌، بۆ گۆڕینی هه‌ڵسوكه‌وتی منداڵانی شه‌قام، تا له‌گه‌ڵ منداڵانی تر تێكه‌ڵبكرێنه‌وه‌، "ره‌فتاریان زۆر هه‌ڕه‌مه‌كیی بوو، بێ پرس سه‌رقاپی مه‌نجه‌ڵی خواردنه‌كانیان لاده‌دا، له‌ هه‌ندێكی خواردنیان ده‌دزی و له‌ هه‌ندێكیشیان ده‌خوارد، یان یارییه‌كانیان ده‌برد، سه‌ره‌تا چاوپۆشیم له‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌یان كرد تا رێگه‌یه‌كی گونجاو بۆ مامه‌ڵه‌كردنیان بدۆزمه‌وه‌".

"زۆرێك له‌ منداڵه‌كان وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ هه‌وڵی گۆڕینی شێوازی هه‌ڵسوكه‌وتیان هه‌بوو، ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌شێكیان به‌ پێی توانای خۆی خواردن و یاری بۆ ناوه‌نده‌كه‌ ده‌هێنێت، تا منداڵانی دیكه‌ش لێی سودمه‌ندبن".

كه‌سوكاری به‌شێك له‌ منداڵه‌كان تۆمه‌تباریان ده‌كردم به‌وه‌ی كوڕه‌كانیانم له‌ كاسبی دورخستۆته‌وه‌

ئه‌مال ته‌نیا روبه‌ڕوی مامه‌ڵه‌ی سه‌ختی منداڵانی ده‌ستگێڕ و سه‌ر شه‌قامه‌كان نه‌بۆته‌وه‌، "زۆرێك له‌ كه‌سوكاری منداڵه‌كان هاتنه‌ سه‌ر ناوه‌نده‌كه‌ و زیاد له‌ جارێك تۆمه‌تباریان كردم به‌وه‌ی منداڵه‌كانیان له‌ كاركردن دورده‌خه‌مه‌وه‌، چونكه‌ منداڵه‌كانیان ته‌نیا سه‌رقاڵی تێركردنی سك و پاره‌ په‌یداكردن نین وه‌ك جاران، به‌ڵكو ئێستا گرنگی به‌ زۆر ورده‌كاری تری ژیانیان ده‌ده‌ن".

تا له‌ ده‌ستكه‌وتنی بژێوی دانه‌بڕێن، هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌رقاڵییاندا به‌ فێربونه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌كه‌دا، ئه‌مال بیری له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ كاسبی منداڵه‌كانیش كرده‌وه‌.

له‌ سوچێكی ناوه‌نده‌كه‌دا، ئه‌مال شمه‌كی منداڵه‌كانی دانا بۆ فرۆشتن، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك له‌ ناوه‌نده‌كه‌دا به‌شداری خوله‌كانی زمان و هونه‌ر ده‌بن، كاسبییه‌كه‌شیان نه‌وه‌ستێت.

"خێزانی منداڵه‌كان وه‌ڵامدانه‌وه‌یان بۆ ئه‌و رێگاچاره‌یه‌ هه‌بوو، ئه‌وكاته‌ هه‌ستم به‌ به‌رپرسیارێتی زیاتر كرد، چونكه‌ توانیم توێژێكی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ده‌ستبهێنم كه‌ له‌لایه‌ن خێزان و ده‌وروبه‌ریشیانه‌وه‌ په‌راوێزخرابون، ئه‌وه‌شم وه‌ك نیشانه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتن له‌ پرۆژه‌كه‌مدا بینی".

mutanabi (20)
به‌غداد، 2019، حه‌زی منداڵێك بۆ فێربون له‌ ناوه‌نده‌ فێركارییه‌ی ئه‌مه‌ل فۆتۆ: په‌یجی ناوه‌نده‌كه‌ له‌ فه‌یسبوك

له‌رێی ئه‌و ناوه‌نده‌وه‌، ئه‌مال زیاتر له‌ 80 منداڵی سه‌ر شه‌قام و ده‌ستگێڕ و بێسه‌رپه‌رشتی تێكه‌ڵ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ كرده‌وه‌، جگه‌ له‌ هه‌زار منداڵی تری سودمه‌ندی خوله‌كانی ناوه‌نده‌ فێركارییه‌كه‌ی.

"سه‌رباری سه‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی منداڵه‌كان، له‌ گۆڕینی هه‌ڵسوكه‌وت و فێركاریی و تێكه‌ڵییان به‌ كۆمه‌ڵگا، به‌ڵام دوانیان وه‌ڵامدانه‌وه‌یان نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێكیان روبه‌ڕوی توندوتیژی سێكسی بۆوه‌ و ئه‌ویتریان له‌ خێزانێكی هه‌ڵوه‌شابوو، ئه‌وه‌نده‌ كوشتن و رفاندن و توندوتیژی بینی بوو، ببوو به‌ وه‌حشێكی بچوك، بۆیه‌ شكستمهێنا له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو منداڵه‌دا و له‌پێناو پاراستنی منداڵه‌كانی تری ناوه‌نده‌كه‌دا دورمخستنه‌وه‌".

بیرۆكه‌كه‌ی ئه‌مال ئیبراهیم، ده‌كرا ببێته‌ یه‌كێك له‌ پرۆژه‌ حكومییه‌كان بۆ له‌خۆگرتنی منداڵانی سه‌ر شه‌قام و بێسه‌رپه‌رشت، به‌ ئامانجی راهێنانه‌وه‌ و ئاشتكردنه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڵام نه‌ حكومه‌ت و نه‌ سیاسییه‌كانیش هیچ گرنگییه‌كیان پێنه‌دا.

ئێستا ئه‌مه‌ل له‌ هه‌وڵی فراوانكردنی ناوه‌نده‌ بچوكه‌كه‌یدایه‌، تا له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا له‌ هۆڵێكی بچوكی ژێر قادرمه‌كانی ناوه‌ندی رۆشنبیری به‌غدادییه‌وه‌ بیكاته‌ دوو هۆڵی گه‌وره، به‌ جۆرێك له‌گه‌ڵ ژماره‌ی منداڵان و چالاكییه‌كانیاندا بگونجێت.

 

زه‌ینه‌ب مه‌شات

هه‌واڵی په‌یوه‌ندیدار

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT