چیرۆکی دەستگیرکردنی تایف گۆرانی رۆژنامەنوس

تایف گۆران، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی لە دهۆك. فۆتۆ: ئەكاونتی تایف گۆران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

"چەکدارەکان وتیان سەردەکەویت یان سەرتبخەین؟ نە خۆم نە بێژەر و نە پرۆدیوسەرەکە نەماندەزانی بۆ کوێمان دەبەن".

هەستێکی سەیرە کە سور دەزانیت کارەکەت پڕ مەترسییە، شوێن و ناوچەکەش زیاتر لەوانی تر ئاڵۆزە، بەڵام سەیرتر لەوە ئەوەیە کە تۆ هێشتا هەر کارەکەتت خۆش دەوێت و وازی لێناهێنیت، ئەوە چیرۆکی بەشێک لە رۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستانە.

تایف گۆران رۆنامەنوسێکی 24 ساڵی پارێزگای دهۆکە، ماوەى حەوت ساڵە کاری راگەیاندن دەکات و پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕ تییە لە دهۆک، لەم بابەتەدا تایف باسی پێشێلکارییەکی هێزە ئەمنییەکان دەکات کە لەکاتی روماڵی رۆژنامەوانیدا لەدژی کراوە.

تایف دەیگڕێتەوە، رۆژی 27ی شوباتی 2019، کاتێک تورکیا بۆردومانی ناوچەکانی ئامێدی کرد لە سنوری پارێزگای دهۆک و چەند هاوڵاتییەک بونە قوربانی، بریندارەکانی بۆردومانەکە هێنرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شاری دهۆك.

20 خولەک پێش کاتژمێر هەشتی شەو، تایف و وێنەگرەکەى بە ناوی فازڵ عومەر بەڕێدەکەوێن بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شارەکە، شەوێکی باراناوی بوو، ئەو زانیاری هەبوو کە چوار بریندار لەوێ هەن، کە دەگەنە ئەوێ پۆلیسەکان رێگەی نادەن و پێی دەڵێن فەرمانیان پێکراوە نابێ رۆژنامەنوسان روماڵی ناو نەخۆشخانەکە بکەن و تەنها لەبەر دەرگا بۆیان هەیە زانیارییەکان بگوازنەوە، هەرچۆنێک بێت تایف دەست دەکات بە روماڵی راستەوخۆ لە هەواڵەکانی کاتژمێر هەشتی کەناڵی ئێن ئاڕ تی، زوو زوو پۆلیسەکان بە ئاماژەی دەست ئاگاداری دەکەنەوە کە نابێت ئەوان لە کامێراکەی دەربچن.

"دوای حەوت خولەک لە روماڵکردن، کاتێک بێژەر سوپاسی کردم، بینیم ئۆتۆمبێلێکی بەرز و جام ڕەش هاتە لامان، سێ کەس هاتنە خوارەوە، وتی فەرموو سەرکەون، هێشتا من پەیوەندیم لەگەڵ پڕۆدیوسەری کەناڵ نەپچڕاندبوو، وتم ئێوە کێن؟ چیتان دەوێت؟ ئێمە رۆژنامەنوسین! مۆڵەتمان هەیە! مۆڵەتمان لەم پۆلیسانە وەرگرتووە، یەکێکیان بە توڕەییەوە وتی سەردەکەوی یان سەرتخەین! پڕۆدیوسەرەکەش لە ناوەندی هەواڵ گوێی لە قسەکان بوو و زانیی ئەمان هاتون ئێمە دەستگیرم بکەن!".

یەکێکیان بە توڕەییەوە وتی سەردەکەوی یان سەرتخەین! پڕۆدیوسەرەکەش لە ناوەندی هەواڵ گوێی لە قسەکان بوو و زانیی ئەمان هاتون ئێمە دەستگیرم بکەن

تایف دەشڵێت، "گوێم لێ بوو بێژەرەکە وتی پەیامنێرەکەمان دەستگیرکرا، بەڵام نە بێژەرەکە و نە پرۆدویسەرەکە و نە خۆشم نەماندەزان ئەو کەسانە کێن و چیان دەوێت و بۆ کوێم دەبەن".

تایف و وێنەگرەکەى بە ناچاری لەگەڵیان سەردەکەون، خێرا مۆبایل و کەلوپەلەکانی لێ وەردەگرن.

"ناو ئۆتۆمبێلەکە گەرم و خۆش بوو، ئاخر لە دەرەوە جەوێکی سارد و باراناوی بوو، هەر دەمویست پرسیار بکەم کە چیتان ئەوێ؟ بۆ دەمبەن؟ ئایا تاوانێکم کردوە؟ یەکێکیان وتی "باوکم ئێمە ئاسایشین"، ئیتر دڵم ئاسودەبوو، ئاخر دڵنیابومەوە کە تەنها لێدان و ئازارم دەدەن و چەند رۆژێک لە زیندان دەبم، ئەوەش باشترە لەو جۆرە رفاندنانەى کە پێشتر بەسەر چەند رۆژنامەنوسێکی تردا هاتبوو لە هەرێمی کوردستان".

taif.gg
رۆژنامەنوس، تایف گۆران لەكاتی رۆماڵی ناڕەزایی ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆك.

مۆبایلەکەى تایف بە دەست یەکێک لە ئاسایشەکانەوە دەبێت، دەبینێت زۆر تەلەفۆنی بۆ دێت، ئاخر خێرا لەسەر شاشەی کەناڵەکەى نوسراوە کە پەیامنێرەکەیان لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێنراوە.

"کە سەیرم کرد یەکێک لە پەیوەندییەکان دایکمە، زۆر هەوڵمدا قەناعەتیان پێبکەم تەنها بە دایکم بڵێن من سەلامەتم بەڵام رێگەی ئەوەیان پێنەدام! مۆبایلەکەم کوژایەوە، لە لایەک دڵم لە لای کارەکەم بوو و لایەیەکی تر لای دایکم!" تایف بەردەوام بوو لە گێڕانەوەى.

زۆر هەوڵمدا قەناعەتیان پێبکەم تەنها بە دایکم بڵێن من سەلامەتم بەڵام رێگەی ئەوەیان پێنەدام

دوای نزیکەى چارەکێک ڕۆشتن بە ئۆتۆمبێل، هێزەکەى ئاسایش، تایف و هاوڕێکەى دەبەنە ژورێکی چۆڵ، چوار بە پێنج مەترێک دەبێت، دیوارەکانی پڕ لە نوسین، دیاربوو هەرکەسێک چووەتە ئەوێ یادگاریی و بیرەوەرییەکانی تێدا نوسیوەتەوە ئیتر لە خۆش و ناخۆش، یەکێک لە ئاسایشەکان بە تایف دەڵێت، ئەمشەو میوانی ئێمەیت، "ئیتر زانیم لەبەر روماڵەکەم بووە".

"ژورەکە زۆر سارد و بۆن ناخۆش بوو، لەسەر زەوییەکی سارد و سڕ پاڵکەوت و هەر بیرم لای دایکم بوو، ئاخۆ ئێستا بیر لە چەند شتی خراپ بکاتەوە، چەند کاتژمێرێک هەر سەرقاڵی بیرکردنەوە بوم، زۆر ماندوو بوم، خەریک بوو خەوم لێدەکەوت بە پڕ پاسەوانی ژورەکە دەرگاکەی کردەوە و وتی بچۆ بەتانییەک لەودیو بێنە، بۆنی بەتانی و سەرینەکە لە بۆنی ژورەکە ناخۆشتر بوو، زۆریشم برسی بوو، داوای خواردنم دەکرد کەس وەڵامی نەبوو، ئیتر بێ هیوا بوم و خەوم لێکەوت".

کاتژمێر 4ی بەیانی، پاسەوان دەرگای ژورەکەی تایف دەکاتەوە و دەیبەن بۆ لای ئەفسەری ئێشکگر، یەکسەر بەڵێننامەیەکی دەخەنە بەردەست کە ئیتر روماڵی روداوی هاوشێوە نەکات.

"زۆر هەوڵمدا ئیمزای نەکەم بەڵام کە زانیم ئەگەر سودی نییە، ناچار ئیمزام کرد، بە قسەی رەق و نەشیاو وتیان بڕۆرەوە و نەتبینینەوە، مۆبایل و پارە و کەلوپەلەکانیشیان پێ نەدامەوە".

"بەو بەیانییە زووە کە هایتنە دەرەوە ئەوەندەى تر سەرمامان بوو، بارانی بەلێزمە ئەباری، هەورە بروسکە زوو زوو ئاسمانی رۆشندەکردەوە، پارە و کەلوپەلەکانیشیان نەداینەوە، ویستمان بچینەوە نوسینگە، بەڵام پارەمان پێنەبوو، بۆیە بەپێ رۆیشتینەوە".

دوای دوو کاتژمێر رێکردن، تایف و وێنەگرەکەى دەگەنەوە نوسینگەکەیان لە دهۆک، بەڵام تەماشا دەکەن ئەویش داخراوە و هێزی ئەمنی چواردەوی داوە، بۆیە ناچار دەچنە ماڵی هاوڕێیەکی تایف.

"بۆ بەیانییەکەى تەندروستیم زۆر تێکچوو لەبەرئەوەی زۆر سارد بوو، نزیکەی چوار رۆژ لە نەخۆشخانە مامەوە تاوەکو باش بوم، دوای نزیکەی مانگێك نوسینگە کرایەوە و جارێکی تر گەڕامەوە سەر کارەکەم، بەڵام هێشتا ترسی ئەوەم هەیە چەندین جاری تر دەستگیربکرێم و سزا بدرێمەوە، چونکە بارودۆخی دهۆک بۆ رۆژنامەنوسان زۆر مەترسیدارە، ئەگەر بتەوێ ئازادانە کار بکەیت".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT