رۆژنامەنوس توانا عومەر: سێ رۆژ بەدوای ئەوەدابوم بۆچی دەستگیرکراوم

سلێمانی/ دوو رۆژنامه‌نوس له‌كاتی رۆماڵی خۆپیشاندانی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان فۆتۆ: ئاژانسی میترۆگرافی

فارس عومەر ئەحمەد

زۆرجار رۆژنامەنوس لە هەرێمی کوردستان کە پێشێلکاری بەرانبەر دەکرێت هەرزوو دەزانێت باجی کارەکەیى و گواستنەوەى زانیارییەکان دەدات بەهۆی جێبەجێنەکردن و پشتگوێخستنی یاسای کاری رۆژنامەگەریی و بەدەستخستنی زانیاری، بەڵام هەندێکجار رۆژنامەنوسەکان لە دروستکردنی سیناریۆ و تۆمەتی جۆراوجۆر دەترسن.

توانا عومەر کە ئەزمونێکی درێژی رۆژنامەوانی هەیە و پەیامنێری کەناڵی کوردسات نیوزە، نمونەیەکی هاوشێوەى هەیە، بێ ئاگا لە هەموو شتێک، رۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2018 لەگەڵ هاوڕێیەکیدا دەیانەوێت لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە بچنە ئێران بۆ کارێکی تایبەت.

توانای تەمەن 33 ساڵ دەڵێت، "دوای ئەوەى مۆری چوونەدەرەوە لە پاسپۆرتەکانمان درا، کارمەندەکە کەمێک وەستا و بانگی کردم، وتی کێشەیەک لە پاسپۆرتەکەت ھەیە و دەبێت کەمێک چاوەڕێ بکەیت، ئیتر تێگەیشتم شتێک لە ئارادایە و ھەستم کرد لە مەترسیدام".

هەرزوو توانا مۆبایلەکەى دەداتە پێشەوای برادەری، "پێیان دەڵێم مۆبایلم پێ نییە و تۆش هەر ئەوە وەڵام بدەرەوە".

دوای کاتژمێرێک چاوەڕێکردن تاوەکو رێگەیان بدەن، کارمەندی ئاسایشی خاڵە سنورییەکە بە توانا رادەگەیەنێت کە ناتوانێت گەشت بکات و دەبێت لەگەڵیاندا بڕوات، هەندێک پرسیاری لێ دەکەن و ئیتر دەیبەن، پێشەوای هاوڕێشی گەشتەکە ئەنجام نادات و خێرا هەواڵەکە بە هاوڕێ و کەسوکاری توانا دەگەیەنێت.

"منیان بردە بنکەی ئاسایشی حاجی ئۆمەران، ئەفسەری ئەو بنکەیە بانگی کردم بۆ ژورەکەی خۆی، گوتی تۆ لەسەر چی قەدەغەی ھاتوچۆت لەسەرە؟ منیش لام سەیر بوو، چونکە من جگە لە کاری رۆژنامەنووسی ھیچ شتێکی ترم لە خۆم شک نەدەبرد، پێم گوت دەکرێ بزانم بۆچی من قەدەغەی ھاتوچۆم لەسەرە؟ گوتی ناتوانم پێت بڵێم، دواتر ھەموو شتێک دەزانی".

پێم گوت دەکرێ بزانم بۆچی من قەدەغەی ھاتوچۆم لەسەرە؟ گوتی ناتوانم پێت بڵێم، دواتر ھەموو شتێک دەزانی

ئەو شەوە توانا لە بنکەی ئاسایشی حاجی ئۆمەران دەمێنێتەوە، "شەوێکی سارد و بێخەبەر لەھەموو ھەواڵێکی دەرەوە، بێ ئاگا لە ماڵ و ھاوڕێ، ناخۆشترین شەوی ژیانم بوو، ھەرگیز نەکەوتبومە حاڵەتێکی لەو جۆرەوە، بەڕاستی بەردەوام بیرم دەکردەوە و دەمگوت تۆ بڵێی من چیم کردبێ ئاوا دەست بەسەریان کردوم؟ ھەرچەند بیرم دەکردەوە، بێ سود بوو".

بۆ بەیانییەکەی واتە 27ی تشرینی یەکەمی 2018، منیان بردە ئاسایشی سۆران، دوای چەند کاتژمێرێک "بە کەلەپچەکراوی خستمیانە ناو ئۆتۆمبیلێکی کەپس کە ھیچ جامێکی پێوە نەبوو جگە لە جامی پێشەوەی، لەناویشیدا قەفەزێک ھەبوو، کەلەپچەیان کردم، ئۆتۆمبێلەکە نەوەستا تاوەکو هەولێر".

"نزیکی کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆی ئەو رۆژە گەیشتینە ئاسایشی گشتی هەولێر.

کاتێک خستمیانە ژوری زیندانیەکە توشی شۆک بوم، ژورێک تەقریبەن  10 بە 5، سڵاوێکم کرد و کوڕێکی گەنج بەرەو روم ھات و بەخێرھاتنی کردم، گوتی لەسەر چی دەستگیرکراوی؟ راستییەکەی منیش ھێشتا نەمدەزانی لەسەر چی کەوتومەتە ئەو دۆخەوە، وتم من رۆژنامەنوسم، ئەویش بڕوای نەکرد.. ئێ منیش بومایە بڕوام نەدەکرد، ئەو ژورە 118 زیندانی تێدابوو، نزیکەى 60یان چەکداری داعش بون و ئەوانی تریش بکوژ، بازرگان و بەکارھێنەری ماددەی ھۆشبەر، تەزویرچیی و دزی گەورە و.. ھتد بون،" توانا وای گوت.

کاتێک خستمیانە ژوری زیندانیەکە توشی شۆک بوم، ئەو ژورە 118 زیندانی تێدابوو، نزیکەى 60یان چەکداری داعش بون

"ھەستێکی زۆر ناخۆش بوو، یەکەم جارم بوو زیندان ببینم و زیندانی بکرێم، ئەو ژورەش کە ئەو ژمارە زۆرەی زیندانی تێدا بوو تەنانەت توانای پشویەکیشت نەبوو، بۆ دانیشتن دەبوایە خۆت خڕ بکەیتەوە و لەسەر یەک لا دابنیشیت، لەولاشەوە کەڵەگایی مراقیبی زیندانیەکە کە خۆشی زیندانی کرابوو کەس نەیدەوێرا وشەیەکیش بڵێت، مراقیبەکە ھاواری دەکرد و دەیوت بێدەنگ، ئیتر ئەم ژورە کەس فزەی لێوە نەدەھات، بە ڕاستی ئەو شەوەم بە ساڵێک تێپەڕاند".

بۆ بەیانییەکەى، 28ی تشرینی یەکەمی 2018، دەوروبەری کاتژمێر 10ی بەیانی، بردمیان بۆ ژوری لێکۆڵینەوە، ئەفسەرەکە ناوی خالید بوو، "نزیکی دوو سەعات لەو ژورە ماینەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردم، دەستی کرد بە سوکایەتی بە بەرپرسانی حزبی ئەو کەناڵەى من کارم تێدا دەکرد، دوای ماوەیەک گوتی بیبەنەوە ژوری زیندان".

"کاتژمێر دوی نیوەڕۆ، دیسان بانگ کرامەوە، ئەفسەرەکە یەکسەر دەستی کرد بە قسە و گوتی "بەڕاستی بەختێکی باشت ھەیە، کەسێک لێرە بڕیاری ئازادکردنیشی دەرچێت نزیکی مانگێکی پێ دەچێت تاوەکو بینێرینە دەرەوەی زیندان، بەڵام تۆ لەئاستێکی بەرزی یەکێتی کارت بۆ کراوە و ئەمڕۆ دەتگوازینەوە بۆ زیندانی محەتەی پۆلیس".

لە دوای گواستنەوەى بۆ زیندانی محەتەى پۆلیس لە هەولێر، "ئەفسەری بنکەکە بانگی کردم بۆ وەرگرتنی وتە لێم، منیش لێم پرسی قوربان من لەسەرچی گیراوم؟ گوتی لەسەر راپۆرتێکی گۆڤاری ھۆنیا، وتم دەتوانم بزانم سکاڵاکە لەسەر چییە، ئەویش رونکردنەوەی پێدام کە لە ژمارە (75)ی گۆڤارەکە راپۆرتێک لەسەر رەشید تاھیر، بریکاری ئەوکاتی وەزارەتی دارایی نوسراوە و سکاڵا لەسەر تەواوی ستافەکە تۆمار کراوە، منیش توشی شۆک بوم، چونکە من نوسەری راپۆرتەکە نەبوم، بەڵکو ھەم بەڕێوەبەری نوسین و ھەمیش ماوەیەک جێگری سەرنوسەری ئەو گۆڤارە بوم".

لە دوای وەرگرتنی وتە لێی لەلایەن ئەفسەرەکەوە، لە شەودا توانا دەبرێتە بەردەم دادوەر و بەبێ هیچ پرسیارێک دەڵێت، بیبەن بەندی بکەن.

توانا لە زیندان دەمێنێتەوە تاوەکو 30ی تشرینی یەکەم، دواتر بەبێ رونکرنەوە ئازاد دەکرێت.

توانا دەڵێت "لە ھەرێمی کوردستان رۆژنامەنوس ھیچ ئازاد نییە، ھەمیشە مەترسی بۆ سەر گیانی ھەیە، ئەگەر سکاڵایەک لە دژی کارێکی رۆژنامەوانی، بۆچی من دەستگیرکرام و ئەو هەموو ئازارەم چەشت".

"لە هەرێمی کوردستان یاسا تەنها بەرامبەر رۆژنامەنوسان جێبەجێ دەکرێت، گەر سکاڵاش تۆمار بکەیت هیچ کەس و لایەنێک گوێت لێ ناگرێت، بۆیە هیچ سکاڵایەکم تۆمار نەکردووە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT