چیرۆکی رۆژنامەنوس چێنەر ئەحمەد

رۆژنامەنوس چێنەر ئەحمەد

چێنەر ئەحمەد

لە ھەرێمی کوردستان، پێشێلکاریی ھێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکان بەرانبەر رۆژنامەنوسان جیاوازە، بۆ نمونە مامەڵەی پۆلیس لە ئاسایش باشترە، ئاسایشیش لە ھێزی نەناسراوی دەمامکدار نەرمترە، بەڵام ئەوەی منی کامێرامان لە پۆلیسی دەربەندیخان بینیم، زۆر جیاواز بوو، دەشڵێت، "کامێراکەم و دەستمیان بەیەکەوە شکاند".

لە ھەرێمی کوردستان، پێشێلکاریی ھێزە ئەمنییە جۆراوجۆرەکان بەرانبەر رۆژنامەنوسان جیاوازە، بۆ نمونە مامەڵەی پۆلیس لە ئاسایش باشترە، ئاسایشیش لە ھێزی نەناسراوی دەمامکدار نەرمترە، بەڵام ئەوەی منی کامێرامان لە پۆلیسی دەربەندیخان بینیم، زۆر جیاواز بوو، دەشڵێت، "کامێراکەم و دەستمیان بەیەکەوە شکاند".

ناوم چێنەر ئەحمەدە، تەمەنم 33 ساڵە و وا نزیکەی 10 ساڵە وەک کامێرامان خەریکی کاری رۆژنامەوانیم، بەیانییەکی رۆژی 3ی ئەیلولی 2014، رۆژێکی جیاواز بوو بۆ من لە ئەزمونی کاری رۆژنامەوانیمدا.

ئەو بەیانییە وەک تیمی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە دەربەندیخان پلانمان دانا ھەواڵ و روداوەکانی ئەو رۆژە بۆ ھاوڵاتیانی بگوازینەوە، بەڵام پلانی ئەو رۆژە تۆزێک جیاواز بوو، چونکە بڕیار وابوو خۆپیشاندانێک بۆ کەمیی و نەبونی خزمەتگوزاری ئەنجام بدرێت، منیش دەمویست لە ڕێگەی لێنزی کامێراکەی دەستمەوە ھاوار و دروشمی خۆپیشاندەران بگوازمەوە کە دەنگیان تا ئەوسەر شار دەڕۆشت، بەڵام تا ئەو ساتە دەسەڵات نەی دەبیست.

ئەو رۆژە بەرلەوەی دەرگای ماڵەوە بەجێبێڵم بە خێزانم وت کە ئەوکات تەنھا دوو ساڵێک بوو ژیانی ھاوسەرێتیمان پێک ھێنابوو و خاوەنی منداڵێکی چەند مانگەش بوین، کە ئێوارە پێکەوە دەچینە دەرەوە و بەڵێنم پێ دان بگەڕێمەوە.

ھەر زوو کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی ئەو رۆژە رۆیشتمە ناوەڕاستی خۆپیشاندانەکە و لەناو سەدان گەنجی توڕە و ناڕازی وەک یەکەم دەزگای میدیایی روماڵی خۆپیشاندانەکەمان کرد بە ھاوکاری پەیامنێرەکەم، ھەموو ئەو دروشمانەی کە خۆپیشاندەران دەیان گوت داوای چاکسازیی و دابینکردنی خزمەتگوزاریی و ژیانێکی باشتر بوو لە دەسەڵات، بەڵام وەڵامی ھێزە ئەمنییەکان بە جۆرێکی تر بوو. ھەر زوو بە دەستڕێژی گولـلە و دەستگیرکردنی گەنجان لە ھەوڵی کۆتایپێھێنانی خۆپیشاندانەکەدا بون.

لەپڕ پۆلیسێکی باڵابەرزی سەر سپی بە ھەموو ھێزی خۆی دارێکی بە دەستمدا کێشا، پۆلیسەکە داخ لە دڵ بوو

لە نێو دروشمی خۆپیشاندەرەکاندا بە دێرێکی گەورە نوسرابوو "نەوەیەک بەڕێوەیە دژی گەندەڵی شەڕ دەکات". ئەو دروشمە سەرنجی ڕاکێشام، ڕۆیشتمە بەرزاییەک تا بتوانم لە نزیکەوە وێنەی بگرم، لەپڕ پۆلیسێکی باڵابەرزی سەر سپی بەھەموو ھێزی خۆی دارێکی بە دەستمدا کێشا، پۆلیسەکە ئەوەنە داخ لە دڵ بوو، وەک ئەوە وابوو ئەو دروشمە گەورە بە تەنیا دژی ئەو نووسرابێ، کە ئاوڕم دایەوە بەر لەوەی ڕێگە بدا ھیچ قسەیە بکەم بە شەق و زلە کەوتە گیانم، کامێراکەم کە ھێندەی گیانی خۆم خۆشم دەویست شکاندی و لەبەر چاوم فڕێی دایە سەر زەوی.

دەستم ئەوەندە ئازاری پێگەیشت ئێستاش دوای تێپەڕینی زیاتر لە شەش ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا کە دەستم سەرمای دەبێت یان شتێکی قورس ھەڵدەگرم بەھەمان شێوە تا چەند ڕۆژێ ئازاری ھەیە. ھەر چەندە بەم حاڵەشەوە ھێشتا خۆم لەگەڵ ئازاری دەستم ڕاھێناوە بەڵام ھەرگیز ئازاری شکاندنی کامێراکەم بە بەرچاوی خۆمەوە لە دڵمدا سارێژ نابێ و وەک بیرەوەریەکی تاڵی کارەکەم بەردەوام لە بەرچاومە.

بە کەوتنم لەسەر زەوی و شکانی کامێراکەم پۆلیسەکان لەوێدا لەسەر شەقامەکە بەجێیان ھێشتم، دواتر ھاوڕێکانم و چەند خۆپیشاندەرێک ھەڵیان گرتمەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەیان کردم، تا ئێوارەیەکی درەنگ لە بری ئەوەی زوو بگەڕێمەوە بۆ لای خێزان و منداڵەکەم کە بەڵێنی چوونە دەرەوەم پێ دابوون، ئەو ڕۆژەم لە نەخۆشخانە بەسەر برد. بۆ من ڕۆژێکی درێژ بوو، دوای چارەسەرکردنم تا کاتژمێر نۆی شەو چاوەڕێم کرد.

دواتر پزیشکی نەخۆشخانەکە بە جلە سپیەکانییەوە ھاتوو پێی گوتم دەتوانیت نەخۆشخانە بەجێبھێڵیت، ئازار شکێنێکی بۆ نووسیم تا دەستم زیاتر ئازاری نەبێت و دەستم کرایە ملم و ڕەوانەی ماڵەوە کرام، بەڵام بۆ من ئازاری لە دەستدانی کامێراکەم زۆر لەو ئازارە زیاتر بوو کە بەو پزیشکەش چارەسەر نەدەکرا.

بە برینداربوونی من و چەند خۆپیشاندەرێکی تر و شکانی کامێراکەی دەستم خۆپیشاندانەکە و ناڕەزایەتی ھاوڵاتیان، ئەو ڕۆژە کۆتایی ھات. بەڵام جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان تا ئێستاش چاوەڕوانی دەوێت.

راستی بەھۆی بێ ئەنجامی چەندین دۆسیەی پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنوسانی ھاوڕێم لە دادگاکاندا، ئەوکات خۆم بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان سەرقاڵ نەکرد بەڵام ھیواخوازم ڕۆژێک متمانە بۆ دادگاکان بگەڕێتەوە و ھەموومان لە بەردەم دادگایەکدا کە بزانن مافمان دەسێنێت داوای مافی خۆمان بکەین تا ئەو ڕووداوانە بەرامبەر رۆژنامەنوسان دووبارە نەبنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT