چیرۆكی دەستگیركردنی ئاسۆ ئەحمەدی رۆژنامەنوس

ئاسۆ ئەحمەد پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی NRT

ئاسۆ ئەحمەد

رۆژێکی درێژ لە دەستبەسەرکردن و لێدان و سوکایەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان؛ "ھەر ھێزێکی ئەمنی دەھات دەستبەسەری دەکردین".

ئاسۆ ئەحمەدی رۆژنامەنوس چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە.

لە ناوچە جێناکۆکەکان کە ھەندێکجار پێی دەگوترێت ناوچە کێشە لەسەرەکان دۆخی ئەمنی زۆر ئاڵۆزە، سەروەری یاسا لە ئاستێکی نزمدایە، چەندین کێشە و ململانێی نەتەوەیی، سیاسیی و سەربازی تێدایە، ھەموو ئەو مەترسییانەش بۆ رۆژنامەنوسان دوو قاتن و بە بەردەوامی ھێزە ئەمنییەکان پێشێلکاری دژی رۆژنامەنوسان دەکەن، بە تایبەتی لە دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017.

نمونە زۆرن، بەڵام چیرۆکی ئاسۆ ئەحمەدی 26 ساڵ کە پەیامنێری کەناڵی ئێن ئاڕ تییە و ئەزمونی نۆ ساڵی ھەیە لە بوارەکەدا، نمونەیەکی جیاوازە لە پێشێلکاری ھێزە ئەمنییەکان لەدژی رۆژنامەنوسان.

وەک ئاسۆ دەیگێڕێتەوە، ڕۆژی 14ی ئایاری 2019 بەھۆی ئەوەی چوونەتە گوندی پەڵکانە (دەکەوێتە سنووری دوبز و 55 کم لە کەرکوکەوە دوورە) بۆ ڕووماڵی "تەعریب و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و موڵکی کوردانی ناوچەکە لەلایەن عەرەبە ھاوردەکانەوە"، چونکە دانیشتووانی گوندەکە پەیوەندی پێوە دەکەن تاوەکو ڕووماڵی دۆخەکە بکات، ئاخر شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو بوو، چەند کەسێک لە ھەردوولا برینداربوو بوون و چەند کەسێکیش دەستگیرکرابوون.

"ھێزە ئەمنییەکان بەس خەریکی دەستبەسەرکردنی ئێمە بوون"

"من و وێنەگرەکەم، ھاوتا بەھرۆز، لە کەرکوکەوە بەڕێکەوتین بۆ ڕووماڵی دۆخەکە، کە گەیشتینە پەڵکانە ھێشتا ئاڵۆزییەکان مابوون، ویستم چاوپێکەوتن بکەم بەڵام بەھۆی بوونی ھێزی ئەمنی نەمتوانی، ھەمەری سەربازی ھاتوچۆی دەکرد، دواتر چوومە ناو خەڵکی گوندەکە، لەوێ کاروان ساڵحی پەیامنێری کەرکوک-ناوم بینی و دەستمان کرد بە ڕووماڵ و وەرگرتنی لێدوان."

وەک ئاسۆ دەشڵێت، "لەناکاو ھەمەرێکی فەوجی مفاویری سەر بە فیرقەی 14ی ئۆپراسیۆنەکانی سەڵاحەدین ھات، کە کامێرا و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی بینی بە شێوەیەکی دڕندانە ھاتنە لای ئێمە و داوای باجی پشتگیری ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی لێ کردم، گوتیان چۆن ھاتوویتە ناوچەیەکی سەربازی؟"

ئاسۆ و ھاوڕێکانی تەنھا باجی دەزگاکەی خۆیان و باجی ڕێگەپێدانی ئیدارەی پارێزگای کەرکوکیان پێ دەبێت. بەپێی یاساش، تەنھا ئەو باجانە پێویستن بۆ ڕووماڵکردن و کاری ڕۆژنامەوانی، "ئێمە گوتمان باجی ئۆپراسیۆنەکانمان نییە، ئەم ناوچەیەش سەربازی نییە و خەڵکی تێدا دەژی، ھیچ رۆژنامەنوسێکیش لەو جۆرە باجەی بۆ نەکراوە!"

palkana
كه‌ركوك/14ی ئایاری2019/ ئاڵۆزی نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌ گوندی په‌لكانه‌ی كه‌ركوك

لەوکاتەدا سەربازەکە پەیوەندی بە بارەگای فەوجەکەی دەکات، ماوەی یەک کاتژمێر لەبەر ھەتاوەکە رایان دەگرێت، ئەو رۆژە ڕەمەزان دەبێت و ئاسۆ و ھاوکارەکەی بە ڕۆژوو بون.

دواتر ملازمێکی گەنجی باڵابەرز کە ناوی سەجاد بوو زۆر بە پەشۆکاوی و شڵەژانەوە ھاتە لامان و گوتی خۆ وێنەتان نەگرتووە، وتمان نەخێر، گوتی بۆتان نییە وێنە بگرن و لێرە بڕۆن. گوتی سواری ئۆتۆمبێلەکانی خۆتان ببن و ئێمەش لە دواتانەوە دێین، ئیتر لەو کاتە زانیم شتێک ھەیە و فێڵمان لێ دەکات" ئاسۆ ئەحمەد وای وت.

دوای ماوەیەک ڕۆیشتن بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆمان، ئۆتۆمبێلێکی ھێزە ئەمنییەکان کەوتە پێشمان گوتی ئامر فەوج داواتان دەکات بابڕۆین بۆ بارەگای فەوج لەناو دارستانی شەناغە لە دوبز، کە چووینە ئەوێ، خێرا کامێرا و مۆبایل و باج و ناسنامەیان لێمان وەرگرت، دواتر بردینیان بۆ ژووری موقەدەم ڕوکن "وەلا سەباح عەزی" و گوتی، ئێوە پێشێلکاریتان کردووە؟ ھاتوونەتە ناوچەی دەسەڵاتی ئێمە بەبێ ئاگاداری ئێمە، پەخشی ڕاستەوخۆتان کردوە و ڕووماڵی بابەتەکەتان کردووە، ئیتر دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لە گەڵمان تاوەکو کاتژمێر 4:30 خولەکی ئێوارە".

پاشان ئەفسەرەکە فەرمان دەکات ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی سەرگەڕانیان بکەن کە ھەر لە ناوچەیەکی دوبزە بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە کەرکوک، ئێمە بە ئۆتۆمبێلی خۆمان بەڕێکەوتین و دوو ئۆتۆمبێلی ھێزە ئەمنییەکانیش بەڕێیان دەکردین."

"ھەر ھێزێک ئێمەی دەبینی دەستبەسەری دەکردین".

ڕێگای چوونەوە بۆ سەرگەڕانیان دەچێتەوە ناو گوندی پەڵکانە کە تا ئەو کاتەش ھەر ئاڵۆزییەکان بەردەوام بوو، "لەگەڵ گەشتنمان بۆ ناو گوندەکە، مەفرەزەیەکی دیکە ڕاوەستا بوو کە سەر بە دەزگای ھەواڵگری بارەگای فەوج بوو، ئێمەیان ڕاگرت و دیسان مۆبایلەکانیان لێ وەرگرتین، بەوپەڕی توڕەیی و شڵەژاوییەوە ئێمەیان کردە نێو پشتی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی".

"وێنەگرەکەم تەنھا گوتی بۆ وامان لێ دەکەن خۆ تیرۆریست نین! سێ سەرباز گوتیان (لیش ما یعجبک؟ اذا ما یعجبک خلی نعرف؟!)، واتە چیە بەدڵت نییە؟ ئەگە ر بەدڵت نییە بڵێ با بزانین؟!".

وێنەگرەکەم تەنھا گوتی بۆ وامان لێ دەکەن خۆ تیرۆریست نین! سێ سەرباز گوتیان (لیش ما یعجبک؟ اذا ما یعجبک خلی نعرف؟!)، واتە چیە بەدڵت نییە؟ ئەگە ر بەدڵت نییە بڵێ با بزانین؟!".

"کەوتینە ڕێ، ئێمەیان برد بۆ سەر ئەو ماڵانەی ناو گوندەکە کە عەرەبی ھاوردە چووبوونە سەریان، لە پێش چاوی ئێمە خێزانەکانیان دەردەکرد و سەرۆکی خێزانەکەشیان دەکرد ناو ھەمان ئەو ئۆتۆمبێلەی کە ئێمەی تێدابوو، نە چارەنووسی ئەوانمان دەزانی نە ھی خۆشمان."

"ئەفسەرەکە گوتی پۆستاڵەکانم دەخەمە دەمتەوە"

زیاتر لە دوو کاتژمێر ئاسۆ و ھاوڕێکانی لەناو ئۆتۆمبێلی ھێزە ئەمنییەکاندان و ھێشتا نەبراون بۆ بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان، "ئێمە و دانیشتووانی گوندەکە کە پێکەوە دەستگیرکرابووین بە کوردی قسەمان دەکرد و باسی دۆخەکەمان دەکرد، کەچی ملازمێک ھات و ھاواری کردە سەرمان و پێ گوتین بە کوردی قسە مەکەن، گوتم بۆ زمانی کوردی لە دەستوور ڕێگەی پێنەدراوە؟، زمانی فەرمی نییە؟ گوتی نەخێر کە من عەرەب بووم ئێوەش ناچارن بە عەرەبی قسە بکەن، ئەگەرنا "ڕخلی بوستال بحلگک"، واتە پۆستاڵەکان دەخەمە دەمتەوە، گوتی ڕووت دەکەمە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە تاوەکو بەربانگ، ئیتر منیش قسەم نەکرد و سەرم دانەواند، ئەوە زۆر ئازاری دام."

دواتر ئەفسەری ھێزەکە داوا دەکات یەک یەک ئاسۆ و ھاوڕێکانی دابەزێنن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکەن، دەبێت پەنجەمۆر و واژۆش بکەن، ئەوانی بە مادەی 240ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکردوە".

palkana (1)-1
كەركوك/14ی ئایاری 2019/گوندی پەلكانە سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز فۆتۆ: گۆران بابان

نزیک کاتژمێر شەشی ئێوارە لەناو خۆیان بوو بە ھەرا، گوێمان لە جیھاز بوو گوتی ئامر فەوج بەرەو لاتان دێت، زۆری پێ نەچوو، ئامر فەوج کە ناوی “وەلا سەباح عەزی “بوو گەیشتە لای ئۆتۆمبێلەکەی ئێمە، گوتم سەیدی ئێمە بە ڕۆژووین و چەند کاتژمێرێکە ھێشتا لە ناو ئەم ئۆتۆمبێلەداین".

"بانگی ملازم سەجادی کرد و گوتی من لە کەیەوە گوتوومە ئەمانە ببنە بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان؟، بۆ تا ئێستا نەچوون؟ گوتم گەورەم مولازم قاسم گوتی من ئەفسەری ھەواڵگریم و لێکۆڵینەوەم نەکردوە، ئیتر ملازمی ناوبراو لە پشتەوە سێ زلەی لێدام، گوتم سەیدی تاوانمان چییە؟!، دوو سەربازی تر لە پشتەوە سێ بۆ چوار شەبلاخ زلەیان لێدام، لەو کاتە کاروان ساڵحی پەیامنێری کەرکوک-ناو گوتی بۆ لێی دەدەن خۆ تاوانبار نییە، ملازم قاسم نزیک بووەوە و دوو بۆ سێ زلەی لە دەموچاوی کاروانیش دا."

دوای چەندین کاتژمێر لە دەستبەسەرکردن، مانەوە لە گەرمای بەتینی بەرخۆر و تینویەتی بەڕۆژووبوون، "موقەدەم ڕوکن وەلا سەباح عەزی گوتی بەپەلە بیانبەن بۆ بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان، لەوێ وەکو تاوانبار لە سێ لاوە وێنەمان گیرا، لەلایەن نەقیب محەمەد لێکۆلێنەوەمان لەگەڵ کرا و تا ئەم ساتە سێ بەڵێننامە و سێ جار پەنجەمۆرمان پێکراوە، پاشان سێ کەس ھات و بە کەفیلی پێنج ملیۆن دیناری عێراقی بۆ ھەرکەسێکمان ئازاد کراین".

موقەدەم ڕوکن وەلا سەباح عەزی گوتی بەپەلە بیانبەن بۆ بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان، لەوێ وەکو تاوانبار لە سێ لاوە وێنەمان گیرا

پۆلیس پێیان دەڵێن ھێشتا کەیسەکە دانەخراوە و دەبێت ڕۆژی دواتر ئامادەی بەردەم دادگای دوبز بن، ئەو فەوجە سکاڵای یاسای لەسەرتان تۆمار کردوە و دەبێ لەبەردەم دادوەر ئیفادەی خۆتان بدەن".

رۆژی دواتر گەیشتینە دادگای دوبز و خۆم و وێنەگرەکەم و کاروان ساڵحیش یەک یەک کراینە ژوورەوە بۆ لای دادوەر و ئیفادەمان دا، دادوەر داوای کرد پارێزەر بۆ کەیسەکە بگرین و لەسەر ئەرکی خۆمان پارێزەرمان گرت، دواتر دادوەری دادگای دوبز بڕیاری ئیفراجبونی بۆمان دەرکرد و پێیگوتم ئەو مادەیەی ھێزە ئەمنییەکان سکاڵایان لەسەرتان تۆمار کردوە دەبێ ھێزی ئەمنی دەوڵەت ڕایبگەیەنێت کە فڵان سنوور و ناوچەی سەربازییە و کەسی ئاسایی و ڕاگەیاندن ناتوانن سەردانی بکەن، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان کە ئێوەیان دەستگیرکردووە ھیچ ڕاگەیاندنێکیان بڵاونەکردووەتەوە، بۆیە کەیسەکە دادەخرێت".

بەڵام ھێشتا دانەخراوە!

دوای تێپەربوونی زیاتر لە ساڵێک ئێستا جارێکی تر دادگای قەزای دوبز لە ڕێگەی پۆلیسەوە ئاسۆ و ھاوڕێکانی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر بێت و پشتگیری سەندیکای رۆژنامەنوسانی عێراقیان بۆ نەبەن ئەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکەن و داواکراون لەلایەن پۆلیسی دوبزەوە.

ئێمەی رۆژنامەنوس لەکەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تریش جگە لە ئاستەنگی جیاواز و بەدەستنەھێنانی زانیاری و ڕێگەنەدان بە ڕووماڵی ڕووداوەکان وەک خۆی، لەکاتی دەستگیرکردنیشمان لە ژێر کاریگەری بابەتی نەتەوەیی و کورد و عەرەب مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، ئەم چیرۆکە دوور و درێژەی بەسەر ئێمەی ڕۆژنامەوانی کورددا ھات ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی چەندین رۆژنامەنوسی عەرەب گەیشتنە ناوچەکە و ڕووماڵی ئاسایی خۆیان کرد لە ڕووداوەکە، بەڵام ئێمە کە رۆژنامەنوسی کورد بووین بەو جۆرە مامەڵەمان لەگەڵ کرا".

"ئێمە ناشتوانین سکاڵا بکەین، ئاخر دادگا و ئاسایش بەجۆرێک لاوازە لە بەرانبەر ئەفسەر و ھێزە ئەمنییەکاندا کە سکاڵای ئێمە دژی ئەوان یەک بست ناچێتە پێشەوە، کەیسەکە پشتگوێ دەخەن، من نە پشتم بە دادگای ئەم وڵاتە بەستووە، نە بڕواشم پێیەتی!"

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT