یاسایەک لەسەر کاغەز
هەشت ساڵە رۆژنامەنوسان چاوەڕوانى جێبەجێکردنى یاساى مافى بەدەستهێنانى زانیارین

دوبز/ساڵی 2016/ رۆژنامەنوس كاروان ساڵحی لەكاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ خێزانێكی ئاوارەی عەرەب دانیشتوی حەویجە، لەكاتی هەڵاتنیان لەژێر دەستی داعش فۆتۆ: كەركوك ناو

عومەر ستار

شەش ساڵ لەمەوبەر رۆژنامەنوس فەرمان سادق و ژمارەیەک لە هاوڕێکانى لە دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ سکاڵایان لەسەر وتەبێژى ئەوکاتى حکومەت تۆمارکرد بەتۆمەتى "جیاکاریی" لە نێوان رۆژنامەنوسان و پێنەدانى زانیارى، بەڵام سکاڵاکە هیچ هەنگاوێک نەچووە پێشەوە و وەکو خۆى ماوەتەوە.

سکاڵاکەى فەرمان و هاوڕێ رۆژنامەنوسەکانى دواى دوو ساڵ هات لە پەسەندکردنى یاساى مافى بەدەستهێنانى زانیارى لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە، بەڵام نەک سکاڵاکە یەکلایینەکرایەوە، بەڵکو ئاستەنگەکانى بەردەمیان وەک خۆى مایەوە و بەئاسانى دەستیان بە سەرچاوەکانى زانیارى ناگات کە یاساکە بۆى دەستەبەرکردون.

لەگەڵئەوەشدا فەرمان کە ماوەى زیاتر لە دەیەیەکە سەرقاڵى کارى رۆژنامەنوسییە، کۆڵى نەداوە و بەرێگەى جیاجیا هەوڵى دەستخستنى زانیارى داوە و بەردەوام بووە لە کارى رۆژنامەنوسى و هێشتاش چاوى لەجێبەجێکردنى یاساى مافى بەدەستهێنانى زانیارییە.

فەرمان دەڵێت "سکاڵاکەمان هیچ ئەنجامى نەبوو، چەندین جارى دیکەش هەوڵمداوە لە دام و دەزگاکان بەپێی یاساکە داواى زانیارى بکەم، بەڵام لەبەرئەوەى رێنمایی و میکانیزمى تایبەت لەلایەن حکومەتەوە دەرنەکراوە بۆ جێبەجێکردنى نەمتوانیوە ئەوە بکەم".

پرسی پێدانى زانیارى بە هاوڵاتییان و رۆژنامەنوسان لە حوزەیرانى 2013 هەنگاوێکى گەورەى بڕى کاتێک پەرلەمانى کوردستان یاساى بەدەستهێنانى مافى زانیارى پەسەندکرد، بەڵام جێبەجێنەکردنى یاساکە رەوشەکەى وەکو پێش دەرکردنى یاساکە هێشتووەتەوە.

یاساکە کە لە 22 ماددە پێکهاتووە، دەستکەوتنى زانیارى لەسەرجەم دام و دەزگاکان گرەنتیکردووە بۆ سەرجەم هاوڵاتیان و رۆژنامەنووسان، جگە لە شەش جۆر زانیارى کە پەیوەندیان هەیە بە سەربازى و ئاسایشى نەتەوەیی، دانوستانەکان، ئاڕاستەى لێکۆڵینەوەکانى دادگا، پێشێلکردنى مافەکانى خاوەندارێتى، دۆسیەى کەسى، دزەکردن بۆ ناو تۆڕە ئەلیکترۆنییە پارێزراوەکان.

parlaman-5
هەولێر/ بینای پەرلەمانی كوردستان. فۆتۆ: ماڵپەڕی پەرلەمان

بەپێی یاساى مافى بەدەستهێنانى زانیارى، دەبێت دام و دەزگاکان ساڵانە راپۆرتێک بڵاوبکەنەوە کە پێنج جۆر زانیارى تێدا بێت لەبارەى وردەکاریی لەبارەى پەیکەرەکەى، بودجە و ژمێرەى کۆتایی، پڕۆژەکان، خزمەتگوزارییەکان، سکاڵاکان.

لە کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لە مانگى کانونی یەکەمى 2016 دەستەى مافى مرۆڤ و حکومەتى هەرێم رێنماییەکانى تایبەت بە جێبەجێکردنى یاساکەیان ئامادەکرد تا سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران دواى پەسەندکردنى گشتاندنى بۆ بکات بۆ سەرجەم دام و دەزگاکان، بەڵام تا ئێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە.

ئەرکى چاودێریکردنى جێبەجێکردنى یاساکە سپێردراوە بە دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لەگەڵ ئامادەکردنى راپۆرتى شەش مانگ جارێک دواى ئەوەى دام و دەزگاگان چوار مانگ جارێک راپۆرت ئاڕاستەى دەستەکە دەکەن.

محەمەد گۆمەشینى وتەبێژى دەستەکە وتى "کابینەى هەشتەم کۆتایی هات و رێنماییەکان دەرنەکرا، لەکابینەى نوێشدا پەیوەندى لەگەڵ حکومەت هەبوو بۆ ئەوەى گشتاندن بۆ رێنماییەکان بکرێت و بڵاوبکرێنەوە، بەڵام هێشتا گشتاندنى بۆ نەکراوە".

کابینەى هەشتەم کۆتایی هات و رێنماییەکان دەرنەکرا، لەکابینەى نوێشدا پەیوەندى لەگەڵ حکومەت هەبوو بۆ ئەوەى گشتاندن بۆ رێنماییەکان بکرێت و بڵاوبکرێنەوە، بەڵام هێشتا گشتاندنى بۆ نەکراوە

رێنمایییەکان تایبەتن بە ئاسانکارى بۆ جێبەجێکردنى یاساکە تا دام و دەزگا فەرمییەکان وەک پەیڕەوێک کارى لەسەر بکەن لەکاتى جێبەجێکردنیدا.

گۆمەشینى وتى "ئێمە هەرکاتێک بێینە سەرخەت لەگەڵ دام و دەزگاکان لەبارەى پێنەدانى زانیاریی یان جێبەجێنەکردنى یاساکە، پاساوەکەیان ئەوە دەبێت کە لەلایەن حکومەتەوە رێنماییان بۆ نەچووە بۆ جێبەجێکردنى یاساکە".

وتیشى "ئەگەر ئەنجومەنى وەزیران یان فەرمانگەى میدیا و زانیارى پێیان باش بوو کە گۆڕانکاریی لە رێنماییەکاندا تێدا بکرێت و دەوڵەمەند بکرێت ئاساییە ئەوە بکرێت، بەڵام ئەم قۆناغەش هێشتا نەکراوە".

بەدرێژایی ساڵانى دواى دەرکردنى یاساکە و تا ئێستاش بەردەوام رۆژنامەنوسان و رێکخراوەکانى تایبەت بە داکۆکى لە مافى رۆژنامەنوسان داواى جێبەجێکردنى یاساکە دەکەن، بەڵام هێشتا دیار نییە کەى دەخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ئازاد حەمە دەمین نەقیبى سەندیکاى رۆژنامەنوەسان جەختیکردەوە کە بۆ ئەو پرسە لەسەرخەتن و لەداهاتوودا لەگەڵ حکومەت و دەستەى مافى مرۆڤ کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەى رێنماییەکان دەربکرێن و یاساکە جێبەجێ بکرێت.

سەربارى ئەو کێشەیە، ئازاد حەمە دەمین پێیوایە نەبوونى پێشینەیەکى یاسایی بۆ یەکلاکردنەوەى کەیسى لەو شێوەیە لە دادگاکان هاوشێوەى کەیسەکانى تایبەت بە یاساى کارى رۆژنامەنووسان کێشەیەکى دیکەى بەردەم جێبەجێکردنى یاساکە و یەکلاییکردنەوەى کەیسەکانە لەو بارەیەوە.

سەرەڕاى دەرنەکردنى رێنماییەکانى تایبەت بە جێبەجێکردنى یاساکە، لەئاستێکى سنورداردا هەندێ دامەزراوە و وەزارەت بۆ نمونە پەرلەمانى کوردستان و پارێزگاى سلێمانى بەشى تایبەت بە بانکى زانیاریان کردووەتەوە بۆ پێدانى زانیارى، بەڵام ئەوە هێشتا نەچووەتە چوارچێوەیەکى فراوانەوە کە رۆژنامەنوسان بتوانن سودى لێوەربگرن.

لە پارێزگاى سلێمانى بەشێکى تایبەت کراوەتەوە و  خەڵک و رۆژنامەنوسان دەتوانن فۆڕمێک پڕ بکەنەوە بۆ وەرگرتنى زانیارى، لەپەرلەمانیش لەسەر ماڵپەڕەکەى فۆڕمێکى ئەلیکترۆنى دانراوە  کە دەکرێت داوای زانیاری بکەیت. 

محەمەد گۆمەشینى وتى "ئەو هەنگاوە باشە و بوونى باشترە لەنەبوونى و کاریگەرى هەبووە، بەڵام ئەمە دەبێت لەسەر ئاستى هەرێم پێکەوە جێبەجێبکرێت، چونکە فەرمانگەکانى سلێمانیش رێنمایی و گشتاندنیان پێنەگەیشتووە لەو بارەیەوە".

هەروەها ئازاد حەمە دەمین نەقیبى سەندیکاى رۆژنامەنوەسان جەختیکردەوە، ئەو هەنگاوانە نابنە جێگرەوەى یاساى بەدەستهێنانى مافى زانیارى و پێویستە یاساکە بە گشتگیریی جێبەجێبکرێت. یاساى مافى بەدەستهێنانى زانیارى شەش رێکارى دیاریکردووە بۆ پێدانى زانیارى لەلایەن دام و دەزگاکانەوە بە هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسان، لەئەگەرى رەتکردنەوە و پێنەدانى زانیاریشدا بەدەر لە یاساکە هاوڵاتى یان رۆژنامەنوسان دەتوانن سکاڵا لەسەر فەرمانبەرى پەیوەندیدار یان فەرمانگەکە تۆمەتبار بکەن.

رێکارەکانی داواکردنی زانیاری لەمادەی حەوتەمی یاساکە ئاماژەی پێکراوە: رێکارەکانى مافى داواکردنى زانیارى بریتین لە، دانانى فەرمانبەرێکى تایبەتمەند بۆ وەرگرتنى داواکارییەکان، دانانانى فۆرمێکى داواکردنى زانیارى لەسەر پێگەى فەرمى دام و دەزگاکان، پێدانى زانیارییەکان بە نوسراو جگە لە حاڵەتى بوونى پاساو کە بە زارەکى دەبێت، تۆمارکردنى داواکارییەکان بە رەزامەندى یان رەتکردنەوە. یاساکە بەگشتى لەنێوان 48 کاتژمێر بۆ 15 رۆژى دیاریکردووە بۆ وەڵامدانەوەى داواکارییەکان لەلایەن فەرمانگەکانەوە.

یاساکە سزاى پێبژاردنى 250 هەزار دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارى داناوە بۆ ئەو فەرمانبەر و فەرمانگانەى کە زانیارى نادەنە هاوڵاتیان و لەدەرەوەى یاساکە داواکارییەکانیان رەتدەکەنەوە.

سەربارى ئەوەى یاساکە نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەستەى مافى مرۆڤ ساڵانە چەندین سکاڵاى رۆژنامەنوسان و هاوڵاتییانى وەرگرتووە لەسەر فەرمانگە جیاجیاکان، دواى ئەوەى ئامادەنەبوون زانیارییان پێبدەن.

دەستەکە هیچ ئامارێکى گشتگیرى ئەو سکاڵایانەى لەلا نییە کە ئاڕاستەیکراوە، بەڵام لە راپۆرتەکەدا ئاماژەى بەیەک سکاڵا کردووە کە پەیوەندى بە کارى رۆژنامەنوسییەوە نییە و ساڵى 2014  لەلایەن "گروپى گەنج بۆ شانۆ" ئاڕاستەیانکردووە بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى "چالاکییەکانى هەولێرى پایتەختى گەشتیارى عەرەبی بۆ ساڵى 2014".

هەر بەپێی راپۆرتەکە، تەنها لەساڵى 2014 دەستەکە سێ جار نوسراوى ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیران کردووە بۆ دەرکردنى رێنماییەکان، بەڵام وەڵامى هیچ نوسراوێکى نەداوەتەوە.

"بەردەوام سکاڵامان وەرگرتووە لە رێکخراوەکان و خەڵک و رۆژنامەنوسانەوە بەدواداچوونمان کردووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەرپرسى فەرمانگەکان بەردەوام پاساوی ئەوەیان هەیە کە رێنماییەکان بۆ نەهاتووە بۆیە ناتوانن جێبەجێى بکەن"، محەمەد گۆمەشینى وایوت.

کێشەکە ئەوەیە بەرپرسى فەرمانگەکان بەردەوام پاساوی ئەوەیان هەیە کە رێنماییەکان بۆ نەهاتووە بۆیە ناتوانن جێبەجێى بکەن

دەستەکە تا ئێستا یەک راپۆرتى لەساڵى 2015 لەبارەى بەدواداچوونى جێبەجێکردنى یاساکە بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە 26 وەزارەت و دامەزراوە ناوى ئەو فەرمانبەرانەیان بۆ رەوانەکردوون کە بۆ جێبەجێکردنى یاساکە دیاریانکردووە، بەڵام تەنها وەزارەتەکانى "کارەبا، پلاندانان، تەندروستى، ئەوقاف" و دەستەى وەبەرهێنان راپۆرتی ئاڕاستەکردوون لەبارەى کارو چالاکى و زانیارییە پێویستەکان، لەگەڵ ئەوەى راپۆرتەکان کەمتر ئەو بابەتانە لە خۆ دەگرن کە یاساکە دیاریکردووە.

گۆمەشینى جەختیشیکردەوە،  یاساکە یەکێک لە یاسا زیندووەکانى ناوچەکە رێچکەیەکى تەواو بە ئاڕاستەى شەفافیەت دەگرێتەبەر، شەڕى داعش و قەیرانەکان کاریگەرى هەبووە لەسەر جێبەجێنەکردنى، بەڵام نەمردووەو و زیندووە ماددەکانى کۆن نابن.

تا ئێستا دیار نییە حکومەتى هەرێم کەى رێنماییەکان بەسەر فەرمانگەکاندا دەگشتێنێت بۆ ئەوەى یاساکە بەتەواوەتى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

نامیق هەورامى وتەبێژى وەزارەتى رۆشنبیرى وتى ئەو پرسە پەیوەندى بە ئەنجومەنى وەزیرانەوە هەیە و رێنماییەکان لەلایەن ئەوانەوە دەگشتێنرێن. بەڵام جوتیار عادل وتەبێژى حکومەت وەڵامى چەندین پەیوەندى و نامەى نەدایەوە کە بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە ئاڕاستەمان کرد.

لەکاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە لەرێی نامەى مۆبایل و نامەى واتسئاپ و ڤایبەر، پەیوەندى تەلەفۆنى و پەیوەندى واتسئەپ و ڤایبەر پەیوەندی بە جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرا، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم کە لە تەمموزى 2019 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە متمانەى پێدرا، یەکێک لە خاڵەکانى کارنامەکەى تەرخانکردووە بۆ دەستخستنى زانیارى بۆ هاوڵاتییان بەپێی یاسا، بەڵام هێشتا بەشى زۆرى وەزارەتەکان بەشى تایبەت بە بانکى زانیارییان لە ماڵپەڕەکانیان دانەناوە، تا رۆژنامەنوسان بتوانن لەرێگەیەوە داواى زانیارى بکەن.

سەلمە فاتیح، سەرۆکى لیژنەى رۆشنبیرى و کۆمەڵگەى مەدەنى پەرلەمانى کوردستان وتى "یاساکە لەرووى جێبەجێکردنییەوە لە دادگا کارى پێدەکرێت، بەڵام ئەوەى کێشەکەیە دەرنەکردنى رێنماییەکانە لەلایەن حکومەتەوە بۆ فەرمانگەکان بۆ ئاسان جێبەجێکردنى یاساکە و دەبێت دەربکرێت".

جەختیشیکردەوە، ئەوان هەماهەنگیان لەگەڵ حکومەت کردووە لەو بارەیەوە، هیچ کێشەیەک لەبارەى رێنماییەکان نییە، تەنها ئەوەندە ماوە حکومەت دەریبکات و گشتاندنى بۆ بکات.

"ئەو پرسە لاى ئێمە دانەخراوە و کراوەیە و پێویستە گشتاندن بۆ رێنماییەکان بکرێت تا یاساکە بەتەواوى جێبەجێ بکرێت، لەهامانکاتدا دەبێت رۆژنامەنوسانیش بەپێی رێکارەکانى یاساکە داواى زانیارى بکەن"، سەلمە فاتیح وایوت.

ئەو بەربەستانەى بەهۆى جێبەجێنەکردنى یاساکەوە لەبەردەم رۆژنامەنوسان دروستبووە، رۆژنامەنوسانى ساردنەکردووەتەوە لە بەردەوامیدان بە کارەکانیان، لەناویاندا فەرمان سادق کە پێیوایە سەرجەم دام و دەزگاکان بە پەرلەمانیشەوە، یاساکەیان پێشێلکردووە و دەرگاکانیان داخستووە.

"یاساکە سڕکراوە و پێویستە حکومەت رێنمایی دەربکات بۆ جێبەجێکردنى بەشێوەیەک کە حکومەت و دامەزراوەکانى کەرتى تایبەتیش ناچار بکات زانیارى بدەنە رۆژنامەنوسان"، فەرمان وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT