ئەو رۆژەی‌ لە تیرۆری بنەوشەیی رزگارم بوو

ئاڤان فارس

ئاڤان فارس جاف

کاتێک دەڵێن ئەرێ بەس نییە ئیتر قسەکردن و نووسین لەسەر ژن و ناوزڕاندنی ژن، پێم دەگوتن ئەمڕۆ ئەوانن، سبەینێ نۆرەی‌ منیش دێت. ئەمڕۆ من کات و وزەم هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی‌ و کار دەکەم بۆی، دەمەوێت ئەوانی تریش فێر بکەم بەرگریی بکەن و بجەنگن. زۆرێک لە کچان و ژنان کە ڕوبەڕووی پێشێلکاریی و ناوزڕاندن بوونەتەوە، زۆر ئەستەمە هەست بە ئازاریان بکەیت و بتوانیت وەک خۆیان بینووسیتەوە، بۆیە هەمیشە هانی ئەوان دەدەم خۆیان لە ئاستی مافی خۆیان بێنە دەنگ.

رۆژانە رەبەڕوو و بەرەنگاری‌ هەموو ئەو پۆست و کۆمێنت و نووسینانە دەبمەوە کە دژ بە کەسایەتی‌ کچ و ژنی‌ چالاکوان و رۆژنامەنووس دەبنەوە، زۆرترین کارو بەدواداچوونیش لەبارەی‌ تیرۆری‌ کەسایەتی‌ ژنی‌ کورد درووە لە رێگەی‌ ئامێرە ئەڵکترۆنیەکان، پاشان سۆشیال میدیا. دەربارەی پیشێلکاری بەرانبەر ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕۆژنامەوانیی، لە رێگەی سۆشیال میدیاوە بە دەیان شێوەی جیاواز سووکایەتی و هێرش و پێشێلکاریی ئەنجام دەدرێت، کە لێرەشدا دووبارە ڕۆژنامەوانانی ژن رووبەڕووی زۆرینەی ئەو پێشێلکارییانە دەبنەوە.

چیرۆکی من

بەڵام من، هەموو بەیانیەک بە ئومێدێکی‌ زۆرەوە، بە وزەیەکی‌ چالاک و بە ئامانجی ڕۆژێکی‌ نوێ دەستپێدەکەم، لەبەر خۆمەوە دەڵێم، ئاڤان ئەمڕۆ رۆژێکی‌ تۆیە، سەختی‌ و چیرۆکە ناخۆشەکانی‌ دوێنێ لەبیر بکە، کە کۆمپیوتەرەکەم دادەگیرسێنم، دەچمە نێو ماڵپەر و هەموو ئەو لاپەڕانەی‌ کە بە گشتی‌ هەواڵ و بەدواداچوونیان تێدایە، ئەو هەواڵانەی‌ باس لە توندوتیژی‌ و کێشەکانی‌ ژن دەکەن بۆ من جێگەی‌ سەرنجە، چونکە بوارەکەی‌ خۆمە، کاتێ دەگەمە سەر ئەو دێڕانەی‌ کە باس لە هۆکاری‌ کوشتن دەکەن بە بیانووی‌ کێشەی‌ کۆمەڵایەتی‌، ڕادەچڵەکێم، چونکە بەدواداچوونم بۆ دەیان کەیسی‌ هاوشێوە کردووە بۆم دەرکەوتووە زۆربەی‌ قوربانییەکان، قوربانی‌ ئەوەن نەیانتوانیوە بە وشەیەکیش بەرگری‌ لە خۆیان و دۆخەکەیان بکەن.

ئێوارەیەکی ڕۆژی 9ی کانونی یەکەمی 2019، بەڕێکەوتم بۆ قاوەخانەیەک بۆ بینینی کەسێک کە کەیسێکی زۆر خەمباری هەبوو، بە دەم خواردنەوەی‌ قاوەی تاڵ و گوێگرتن لە چیرۆکی تاڵ، مۆبایلەکەم کردەوە و هاوڕێکم لینکی‌ پۆستی پەیجێکی فەیسبووکی بۆ ناردم کە پڕ بوو لە سووکایەتی‌ و ناوزڕاندن بەرامبەرم، بەڵام بۆ؟

بەیانییەکەی‌ ئەو ڕۆژە پۆستێکم لە پەیجی تایبەت خۆم بڵاوکردبوویەوە بەناوی‌ "با چەکی‌ دەستمان جنێو نەبێت"، لەنێو پۆستەکەم گلەیی‌ لە پیاوانی‌ وڵاتەکەم دەکەم کە بۆچی‌ هەموو ڕەخنەیەکیان هەر جنێوە بۆ ژن.

avann
ئاڤان فارس، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تایبەت بە راپۆرتی ساڵانەی پێشێلكارییەكانی سەنتەری میترۆ. فۆتۆ: ئەكاونتی ئاڤان فارس لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

شۆک بووم، زیاتر لە 100 پەیامم بۆ هاتبوو، زۆرێک لە هاوڕێکانم لینکی‌ ئەو پەیجانەیان بۆ دەناردم کە ئەو ڕۆژە  بڵاوکراوەتەوە و وێنەی من کە لەناو هەژمارەکەمەوە وەریانگرتبوو دانرابوو، پۆستێکی‌ من وەرگیرا بوو گوایە من بەرگری‌ لە هونەرمەندێکی‌ تورک دەکەم، (چونکە  کاتێ پۆستەکەم کردبوو نموونەی‌ هاتنی‌ هونەرمەندی تورکی "سبیل جانم" بە نمونە هێنابوویەوە کە زۆرێک لە پیاوانی‌ کورد جنێویان پێدابوو.

من نوسیبووم کەس ئەو جنێوانە وەرناگێڕی‌ بۆ زمانی‌ تورکی‌، بەڵام ئاستی‌  ئێوەم بۆ دەردەخات کە بۆچی‌ چەکی‌ دەستان تەنها جنێوە، کەچی هەموو کۆمێنت و هەڕەشەکان بۆسەر من بوو، جگە لە جنێوی‌ ناشیرین بە خۆم و دایک و خوشکم.

بەڕاستی‌ بۆ من سەخت بوو، لە ڕابردوو خۆم بەرگریکارێکی‌ سەرسەختی‌ کەیسی‌ لەم شێوەییەی‌ خۆم بووم، پەنام بۆ زۆر کەس برد، داوای‌ هاوکاریم لێکردن، کەسانی‌ شارەزا بوون لە بواری‌ چارەسەرکردنی‌ کێشەکانی‌ نێو سۆشیاڵمیدیا و میدیا.

تەنانەت دوو کەسی‌ دیار لە نێو دوو دەزگای‌ میدیایی‌ ناسراو کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە کۆمپانیای‌ فەیسبووک هەبوو، یەک بەدوای‌ یەک پەیوەندیم پێوەکردن هاوکاریم بکەن، هەر یەکە بە بیانووییەکی‌ جیا  هاوکاریان نەکردم، یەکێکیان پێ گوتم، واز بهێنە با بەناوبانگ بیت، کێ خوا دەیداتێ بکەوێتە بەر هەڵمەتی‌ لەو شێوەیە، ئەو قسەیە ئازارەکەی‌ زیاتر کردم، چونکە بۆ من وەک ڕۆژنامەوانێک ئەوەی بۆم گرینگە گەیاندنی پایامەکەم نەوەک لەم ڕێگەیەوە بیر لە بەناوبانگ بوون بکەمەوە، ئەویتریان گوتی‌: قابیلە چییە با  قسەی‌ ناشیرینت پێ بکەن، ئیهمالیان بکە.

تەنانەت دوو کەسی‌ دیار لە نێو دوو دەزگای‌ میدیایی‌ ناسراو کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە کۆمپانیای‌ فەیسبووک هەبوو، یەک بەدوای‌ یەک پەیوەندیم پێوەکردن هاوکاریم بکەن، هەر یەکە بە بیانووییەکی‌ جیا  هاوکاریان نەکردم، یەکێکیان پێ گوتم، واز بهێنە با بەناوبانگ بیت

دوای ماوەیەک خوشکەکەم پەیوەندی‌ کرد و گوتی‌ ئەوە چییە؟ چیت کردووە، ئەو هەموو جنێو و بەزمە چییە، مافی‌ خۆی‌ بوو بێتاقەت بێت بەهۆی‌ ئەو هەموو جنێو و قسە ناشیرینانەی‌ لە کۆمێنتەکان بۆم دەنووسرا، کە گەڕامەوە ماڵەوە، دایکیشم وا دیاربوو لەلایەن چەند خزم و ناسیاوێکەوە پەیوەندی‌ پێوەکرابوو، بێتاقەت بوو، گوتی‌ کچەکەم، واز بێنە  ئەوە کەی‌ ئیشی ئێمەیە، هەر ڕۆژە بەر هەڕەشە و جنێو بکەوین، نە خۆت نە ئێمە خەفەتبار مەکە.

لەوەش خراپتر، بەیانی‌ کاتێ ڕۆشتمە دەوامیش هاوکارەکانم (گشتیان مامۆستای‌ زانکۆن) لەجیاتی‌ ئەوەی‌ بە وشەیەکیش بێت هەستێکی‌ پاڵپشتیم بدەنێ، پێیان دەگوتم، ئەم وڵاتە هی ئەوە نییە خۆتی‌ بۆ ماندوو بکەیت، بۆچی‌ خۆت خستۆتە ئەو گێژاوە.

ئیتر ئەو کاتە تێگەشتم دەنگە پاڵپشت و هاوکارەکان زۆر کەمن لەو کاتەی‌ تۆ پێویستت بە وزەیە، پێویستت بەوەیە کەسێک گوێت لێ بگرێت.

تەنانەت کە پەیوەندیم کرد بە هێڵی‌ گەرمی‌ 119و گوتم کێشەیەکی‌ لەو شێوەیەم هەیە، گوتیان ئەوە بە کەیس وەرناگرین چونکە کەسی‌ دیاریکراو نییە، بەڵکو لاپەڕەی‌ جیاواز و گشتین.

ئیتر کاتی وزە و هەستانەوە بوو!

ئەگەرچی‌ ئەو دۆخە زۆر ئازاری‌ دام، فشاری‌ دەروونیم زۆر لەسەر بوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو  وشە و کۆمێنت و هەڕەشانەی‌ لەسەرم بوو،  نەوەستام، بەخۆمم دەگوت ئەگەر ئەو شتانە بموەستێنێت کەواتە هیچم نەکردووە، ماوەیەکە خۆم کار بۆ هاندان و کارایی‌ ژن دەکەم، ئێستا خۆم چۆن بوەستم، بەخۆمم گوت، دەبێت خۆت وزە بدەیت بە خۆت، خۆت بەهێزەوە ڕووبەڕووی هەموو ئەو دەنگانە ببیتەوە کە دەیەوێت بتوەستێن، چونکە لە هەموو کەس زیاتر خۆت دەناسی‌ت، نەوەستام، چەندین جاری تریش هاوشێوەی‌ ئەوەم بەسەرهاتووەتەوە، گوێم پێی‌ نەداوە و بەردەوام بووم، بەڵام لە هەموو بەرنامە و کۆڕ و کۆنفراس و گفتوگۆکان بە وردی‌ فۆکەسی‌ دەخەمەسەر،  تا ئەو کاتەی‌ بە پڕۆژەیەک یان هەر شتێک ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت. چونکە دەیان نموونە هەن کە چ ڕۆژنامەوان و چ خەڵکی ئاسایی لەم ڕێگەیەوە ئازادیی دەربڕینیان سنووردارکراوە و تەنانەت ناچار بە سڕینەوەی نووسین و پەیامەکانیان لە سۆشیال میدیا کراون.

ئیتر سەرەی کارکردن بوو، دوای‌ ئەو ڕوداوە لە زانکۆ چەند سیمینار و کۆڕێکم رێکخست، پاشان لە چەند پانێڵێک لە شوێنی‌ زۆر هەستیار داوام لە پیاوەکان دەکرد کە ئاوا بە ئاسانی‌ دەست نەبەن بۆ کیبۆردەکەیان و جنێو و دەستەواژەی‌ ناشیرین بە ژنی‌ کورد لە هەر بوارێک نەدەن، بۆچی‌ بە گفتوگۆی‌ هێمن و لەسەرخۆ کێشەکان چارەسەر نەکەین، هەروەها  هاشتاگی‌ "#بێدەنگ_نابین"ـم کارا کردوو و چیرۆکی‌ زۆر لەو کچ و ژنانەم بڵاوکردەوە کە قوربانی‌ سۆشیال میدیا و مانشێت بوون.

لەچەند پانێڵێک لە شوێنی‌ زۆر هەستیار داوام لە پیاوەکان دەکرد کە ئاوا بە ئاسانی‌ دەست نەبەن بۆ کیبۆردەکەیان و جنێو و دەستەواژەی‌ ناشیرین بە ژنی‌ کورد لە هەر بوارێک نەدەن

ئێستا ئەوەندە باوەڕەم بەخۆم هەیە هیچ شتێک نە دەموەستێنێت نە ساردم دەکاتەوە، تەنانەت زۆر بە گرنگییەوە لەو کەیسانە دەڕوانم و دژیان دەوستمەوە، هەر کە کەسێک دەبینم کە  کەوتووەتە بەر نەشتەری‌ سۆشیاڵ میدیا و ناوی‌ زڕاوە و هەوڵی‌ شکاندنی‌ کەسایەتی‌ دەدەن، مۆبایلەکەم  دەگرمە دەست و پەیوەندی‌ پێوە دەکەم، دەبمە پاڵپشتی‌ و کاری‌ وردی‌ لەسەر دەکەم و پاڵپشتی‌ دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی‌ بۆ کۆدەکەمەوە. وەک ڕۆژنامەوانێک ئەمە بە بەرپرسیارییەتی خۆم دەزانم، چونکە دواجار ئەمە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە هەیە و ئێستاش لە دونیادا سۆشیال میدیا یەکێک لە خێراترین و کاریگەرترین پێگەکانی دەربڕینە.

خۆم وزە بە خۆم دەبەخشم کە ڕووبەرووی‌ پێشڵکاری‌ ئازادیی ڕادەربڕین دەبمەوە، خۆم بە خۆم دەڵێم، ئافەرین ئاڤان نەوەستی‌، تۆ دەبێت بەردەوام بیت، چونکە ئازادیی ڕادەربڕینت ئازادیی بوونی تۆیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT