مۆبایلەكەت هاككراوە.. دوو وشە، یەك ساڵ منیان دوور خستەوە

یەكێك لەو نامانەی لەڕێی ڤایبەرەوە بۆ ئامادەكاری راپۆرتەكە چووە.

ئەگەر شێوازەکانی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسانی نێرینە زۆربن، ئەوا بۆ رۆژنامەنووسە مێینەکان زیاترن، چونکە ئاسانترین شت ئەوەیە پەنا بۆ ناوزڕاندن و "نامووس" ببەن.
چەند ساڵێک بوو لە چەند دەزگایەکی میدیایی کارم دەکرد کە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وەک دەزگایەکی "دژ بەدەسەڵات" حیساب دەکرا. زۆرێک لە هاوکارەکانم رووبەڕوی سەرئێشەو دەستگیرکردنو عەزێتدان بوونەتەوە، بۆیە منیش چاوەڕێبووم یەکێک لەو پێشێلکاریانە بەرۆکی منیش بگرێت، بەڵام ئەوەی من جیاوازو زەحمەتتر بوو.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو (2019) کاتێک دەچووم بۆ شوێنی کارەکەم لە گەڕەکی مامۆستایانی شاری سلێمانی، لەناو ئۆتۆمبێلەکەمدا چەند جارێک تەلەفۆنم بۆ هاتو زەنگی نامەی مۆبایلەکەم لێیدا، گوێم پێنەدا.
هەر ئەوەندەی گەیشتمە ئۆفیسەکەی خۆمو کۆمپیوتەرەکەم داگیرساند، مۆبایلەکەم کردەوە ئەو دێڕانەی بینیم لەڤایبەر بۆم هاتبوون تاساندمی، کەسێکی نەناسراو نامەی بۆ ناردوم و هەڕەشە دەکات، نوسراوە "مۆبایلەکەتمان هاککردووەو وێنەی کەسانێکی تێدایە کە ئەگەر بڵاوببێتەوە توشی کێشە دەبیت، چونکە ئەو وێنانە له مۆبایلەکەی تۆوە براون".
نە وێنەی خۆم و نە وێنەی هیچ کەسێک لە مۆبایلەکەمدا نییە کە مایەی ترس و دڵەراوکێ بێت، بەڵام هەر کەسێک کاری وەهای بەرامبەر بکرێت بێگومان تووشی ناڕەحەتییەکی زۆر دەبێت و هەزار گومانی خراپ دێت بەخەیاڵیدا. مادام هاککەرێک دەستی به مۆبایلەکەی تۆ گەیشتبێت، کێ ناڵێت مۆبایلەکەی تۆ بەکارناهێنێت بۆ هاککردنی چەند کەسێکی تر؟

نە وێنەی خۆم و نە وێنەی هیچ کەسێک لە مۆبایلەکەمدا نییە کە مایەی ترسو دڵەراوکێ بێت، بەڵام هەر کەسێک کاری وەهای بەرامبەر بکرێت بێگومان تووشی ناڕەحەتییەکی زۆر دەبێت و هەزار گومانی خراپ دێت بەخەیاڵیدا

کەمێک هێور بوومەوەو لە خۆم پرسی کێ دەڵێت ئەو نامانە بەهەڵە نەهاتووە، بۆچی لە خۆمی قورس بکەم، بۆیە بڕیارمدا گوێیان پێنەدەم.
جار جارەش له خۆم دەپرسی ئەی کێ ناڵێت ئەمە پەیوەندی به کارەکەمەوە نییە، چونکە من پێشتر لەچەند دەزگایەک کارم دەکرد، لەبەر ئەوەی ئەو کەناڵانەی من کارم تیایاندا دەکرد سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان بوون، بۆیە بەردەوام ترسم له پێشێلکاریی هەبوو لەلایەن ئەو کەسانەوە کە دژی سیاسەت و کارەکانی پارتی کرێکاران بوون، بەڵام من بەر لە هەڕەشەکان ماوەیەک بوو لەو دەزگایانە دەستم لە کارکێشابوەوە و له کۆمپانیایەکی ئەهلی کارم دەکردو ناوە ناوە لەبارەی دۆسێی ژنانەوە دەمنوسی.
کات تێپەڕیو پاش چەند رۆژێک هەمان هەڕەشە دووبارەبووەوە، ئینجا زانیم بابەتەکە جدییە، لەبەر ئەوەی ئەزموونی لەم شێوەیەشم نەبوو بۆیە نەمدەزانی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دا بکەم.
خێرا خێزان و هاوڕێ نزیکەکانم ئاگادار کردەوە و پاش ئەوەی سکرینشۆتی هەندێ له نامەکانم کرد، ئیتر ئاپڵیکەیشنی ڤایبەرم بە یەکجاری لەسەر مۆبایلەکەم سڕییەوە.
من گومانم هەبوو لەوەی هاک نەکراوم، چونکە ئەو کەسەی نامەکەی نارد نە بەڵگە نە هیچ وێنەیەکی بۆ خۆم نەناردەوە و هیچ یەکێک لە هاوڕێکانیشم بەناوی منەوە نامەی بۆ نەچوو بوو، بەڵام ئەو ترسە هەر لە دڵم نەدەڕەوییەوە.

 

هاککردن چۆنە؟
شێوازەکانی هاککردنی مۆبایل جۆراوجۆرن، ئەوانەی شارەزای بواری ئایتین باس لەوە دەکەن کە ئەگەر کەسەکە مۆبایلەکەی لە بەردەستدا نەبێت دوو بەربڵاوترین رێگای هاککردنی مۆبایل بریتییە لە هاککردنی ئایکڵاود لەسەر سیستەمی ئایئۆئێس، ئەویش ئەو کەسە دەست دەگرێت بەسەر ئیمەیل و پاسوۆردی ئایکڵاودەکەدا، یان لە سیستمی ئاندرۆید کەسی هاککەر دەست دەگرێت بەسەر ئیمەیل و پاسۆردی جیمەیلەک دەستی بەزانیاریو وێنەکان دەگات، لەهەردوو بارەکەشدا کەسی هاککەر کەلێنێک دەدۆزێتەوە کە خاوەن مۆبایل فەرامۆشی کردووە.
سایتی تێک ئای بەم شێوەیە هاکەرەکان دەناسێنێت: هاکەر لەئاستی باڵادا ئەو کەسانەن کە لەئەندازەی تۆڕەکاندا شارەزان و بەڕادەیەک زانیاریان هەیە کە دەتوانیت سیستەمە هەرە بەهێزەکانی دیواری پاراستن بشکێنن، لەڕاستیدا ئەم کەسانە خۆیان کەسانێکی ئاکادیمین و لەم بوارەدا شارەزاییەکی ئەوتۆیان هەیە کە هەندێک جار توانای کۆمپانیا بەهێزەکانی بواری پاراستن دەخەنە ژێر پرسیارەوە ، هاکەر لەوانەیە تەنها کەسێک بێت بەڵام کاری چەندین ساڵەی گروپێک شیکار دەکات و کەلێنەکانی ئاشکرا دەکات ئەمەش نمونەی هاکەرێکی سەرکەوتووە ئەگەرنا هەموو هاکەرێک ئەو توانایەی نیە ، لە خوار ئەم کەسانەوە کەسانێک هەن کە بەڕادەیەکی سەرەتایی بە بوارەکەوە خەریکن حەز بە کارەکە دەکەن بەڵام توانایان بەرز نیە لەم بارەدا کەسانێک دەبنە نێچیریان کە بەکارهێنەری سەرەتایی کۆمپیوتەرن و ناتوانن بە تەواوی خۆیان بپارێزن.


پەنابردنە بەر دادگا
هەندێ لەو هاوڕێیانەم کە سەریان لەم جۆرە بابەتانە دەردەچوو پەنام بۆ بردن، راوێژی ئەوانیش ئەوە بوو کەیسەکە ببەمە دادگاو وازنەهێنم تا پۆلیس ئەو کەسە دەدۆزێتەوە.
چوومە دادگای سلێمانیو لەگەڵ پارێزەرێک گفتوگۆم کردو کێشەکەم بۆ باسکرد، پاشان بەرێنمایی پارێزەرەکەم داوای یاساییم لە بنکەی ئەزمەڕ تۆمارکرد کە ناوەڕۆکی سکاڵاکەم بریتیبوو لەو هەڕەشانەی کە لە چەند رۆژی ڕابردوو لە رێگەی ڤایبەرەوە لێمکرابون.
لەرێی پارێزەرەکەمەوە زانیم کە کەیسی هەڕەشەکردن له کچان له رێی مۆبایلەوە زۆرن و لە دادگەکان بە دەیان دۆسێی لەو جۆرە هەن، هەندێکیان دەگەنە ئەنجامو تۆمەتبارەکە دەدۆزێتەوە، هەندێکی تریان بێ ئەنجام دەمێننەوە.
سەیران عەلی پارێزەر لەم رووەوە دەڵێت "رۆژانە چەندەها کێشەی لەو جۆرە رووبەڕووی کچانو ژنان دەبنەوە بەتایبەت ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگەدا کەسانی دیار و ناسراون، کە بەداخەوە زۆربەی کات کێشەکان بە ناخۆشیو کارەساتی مردن کۆتای دێت، چونکە زۆرکات کەسی هەڕەشەلێکراو بێ بیرکردنەوەو لە ترسی زانینی خێزانەکەیو کۆمەڵگاکەی و بەبێ ڕاوێژکردن بە کەسانی شارەزا پەنا دەبەنە بەرخۆکوشتنو خۆسوتاندنو چەندین حاڵەتی تر".

زۆرکات کەسی هەڕەشەلێکراو بێ بیرکردنەوەو لە ترسی زانینی خێزانەکەیی و کۆمەڵگاکەی و بەبێ ڕاوێژکردن بە کەسانی شارەزا پەنا دەبەنە بەرخۆکوشتن


لەدوای سکاڵاکەوە هیچ پەیوەندییەکم بۆ نەهات، جا نازانم لەبەر ئەوە بوو کە ڤایبەرم نەمابوو، یان لەبەر ئەوەی کە زانیبووی سکاڵام تۆمارکردووە، هەرچەندە من گومانم بۆ ئەوەی دووهەمیان دەچوو، چونکە پێم وابوو ئەو کەسە من دەناسێتو ئاگای لە جموجۆڵەکانمە، زۆربەی هەرە زۆری ناسیاوو هاوڕێکانیشم دەیانزانی کە لەدادگە سکاڵام تۆمارکردووە.
بۆ بە دواداچونی کەیسەکەم رۆژێک چومە دادگا لەوێ چاوم بە کەسێک کەوت کە دراوسێی ماڵی نەنکم بوو لە بەشی پشکنین بوو لە دادگە، پێی گوتم" ئەم کەیسانە زۆر دێنە دادگاو دواتر کێشەی عەشایەری و خێزانی لێدەکەوێتەوەو هەندێک جاریش کێشەکان دەچنە دەرەوەی دادگە، بۆیە کەیسەکەت دابخەو هەوڵبدە ڕێگای تر بگریتە بەر".
بەپێی قسەی ئەو فەرمانبەرە بێت چەندین کەیسی لەو شێوەی من دزەی کردووە بۆ دەرەوەی دادگەکانو دواتر کەسایەتی کەسی سکاڵاکاری پێ شکاوە.
چەند جارێک باسی لەوە کراوە کە لە رێی کەلێنی دادگەکانەوە هەندێ وێنەو ڤیدیۆو زانیاری خێزانی دزەیان کردووەتە دەرەوە کە ئابڕوبەر بوون، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی بێلایەن راستو دروستی ئەم زانیاریانەیان نەسەلماندووە.
بەڵام پێچەوانەکەشی هەر راستە، زۆر کەیسی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی هەبوون کە هەر لەدادگە یەکلاکراونەتەوەو کەسی تۆمەتبار دۆزراوەتەوەو بەسزای خۆی گەیشتووە.
له دادگەکانەوە هیچ داتایەکی وردم دەست نەکەوت، بەڵام بە گوێرەی ئامارێک کە رۆژنامەی ئاژانس لە تۆڕی هێماوە بۆ بەرژەوەندیی تاک دەستی کەوتووە، لەماوەی ساڵی 2019 زیاتر لە 4373 حاڵەتی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
هەرچۆنێک بێت بەهۆی گومانی ناسیاوەکەمانەوە ترسم لێنیشتو بۆیە بڕیارمدا کەیسەکەم دابخەم دوای چوار مانگو بۆ ماوەیەک لەکارەکەم دوور بکەومەوە، بۆماوەی ساڵێک هیچ کارێکی میدیایم نەکرد، هەرچەندە زەرەرێکی زۆری پێگەیاندم دابڕانم لە کارەکەم.
پەری ناوی خوازراوی کچە رۆژنامەنووسێکە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو هەڕەشانە بوو کە له من کران، باس لەوە دەکات کاتێک وردەکاری کەیسەکەی منی زانیوە ترسێکی زۆر له دڵیدا نیشتووە.
پەری دەڵێت "کاتێک بە کێشەکەم زانی تووشی سەرسوڕمان بووم، ترسم لێ نیشتو لە دڵی خۆمدا گوتم ئەمڕۆ هەڕەشە لە هاوڕێکەم کراوە سبەی لە منیش دەکرێت، هەروەها چەندین وێنەی منیش لای هاوڕێکەم هەبوو چونکە پێکەوە کارمان دەکرد، بۆیە پێم ڕاگەیاند کە بچێت سکاڵای یاسای تۆماربکاتو بەدواداچوونی بۆ بکاتو بزانێت ئەوکەسە کێیەو چێ لەو دەوێ، منیش دوای پەیوەندیەکە هەموو کورتەنامەی ناو مۆبایلەکەم سڕیەوەو وێنەی ڤایبەرەکەم لابرد.

کاتێک بە کێشەکەم زانی تووشی سەرسوڕمان بووم، ترسم لێ نیشت و لە دڵی خۆمدا گوتم ئەمڕۆ هەڕەشە لە هاوڕێکەم کراوە سبەی لە منیش دەکرێت


لەسەر دانانی وێنە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەری وتی "لەدوای ئەو کێشەیەوە تا ئێستا من نەمتوانیوە بە ئازادی وێنەی خۆم لە سۆشیال میدیاو ئەکاونتی شەخسی خۆم بڵاوبکەمەوە، چونکە پێم وایە تا ئێستاش لە کوردستان ئەو ئازادییە نەدراوە بەکچان، بەردەوام توشی کێشە دەبنەوە، زۆرترین حاڵەتیش ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە لە کۆمەڵگەدا چاویان لەسەرەو کەسانی دیارنو ئەوانەن کە لەمیدیادا کاردەکەن".
ئەو ساڵەی پێشێلکارییەکەی بەرامبەر من کرا (2019) بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ لەو ساڵەدا 231 پێشێلکاری بەرامبەر 209 رۆژنامەنووسو دەزگای راگەیاندن کراوە، بەڵام ئاخۆ دەبێ چەند رۆژنامەنووسی مێینەی وەک من هەبێت لە نیوەی رێگە و لەترسی گەورەنەبوونی دۆسێکە بکشێتەوە.
قورسی بابەتەکە بۆ من ئەوەندە زۆرە کە نەمتوانیوە لەم چیرۆکەدا ناوی خۆیشم بهێنم، رەنگە ئەم بەشەیان باشتر رۆژنامەنووسە مێینەکان تێی بگەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT