وتیان چۆن باسی ئەو کەیسە هەستیارەت کردووە!

وێنەیەكی كێشراوی گێچەڵی سێكسی

نیگار فەیسەڵ عومەر

ئاڵنگارییەکی سەختە کاتێک لە سەرەتای کارەکەتدا بەردێکی گەورە دێتە رێگەت، بە تایبەت کار و پیشەیەکی نوێ کە خۆشتدەوێت و دەتەوێت کاری گرنگ و گەورەى تێدا ئەنجام بدەیت. ئەوە رێک چیرۆکی منە کاتێک لە یەکەم هەنگاومدا بەردێکی گەورە هاتە رێگەم، بەڵام دڵخۆش بوم کە توانیم تێکی بشکێنم.

من نیگار فەیسەڵ عومەر، ماوەى دوو ساڵە دەستم کردووە بە کاری رۆژنامەنوسی لە سنوری گەرمیان، نوسینی راپۆرتێک لەسەر حاڵەتێکی "توندوتیژی بۆ سەر ژنێکی ئاوارە" بووەهۆی ئەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنوری گەرمیان لێکۆڵینەوەم لەگەڵدا بکەن، بە تۆمەتی چی! وتیان بۆچی دەستت بۆ بابەتێکی لەو شێوەیە بردووە.

چیرۆکی من لێرەوە دەستیپێکرد، ئەیلولی 2019، لە خولێکی راهێنانی "رێکخراوی ئینتەرنیوز" بەشداربوم لەسەر چۆنییەتی نوسینی راپۆرتە هەستیارەکانی ژنان لە کاتی توندوتیژیدا. لە کۆتایی خولەکەدا داوامان لێکرا راپۆرتی لەو شێوەیە ئامادە بکەین، منیش وەک رۆژنامەنوسێک باسم لە حاڵەتێکی توندوتیژیی و دەستدرێژی کرد بۆ سەر ژنێکی ئاوارە، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە و پێش تەمەنی هەژدە ساڵی بە زۆر بە شوو درابوو.

دوای بە شودانی، لەلایەن خێزانی مێردەکەیەوە توندوتیژی بەرانبەر کرابوو، جگە لەوەش مێردەکەشی بەهەمان شێوە لەگەڵی خراپ بووە و لێی داوە، تەنانەت لە کاتی ئاوارەبون و سەرباری ژیانی ناڕەحەتی و نەبونی، دیسانەوە چەندین جۆر توندوتیژی لەلایەن خێزانی مێردەکەیەوە بەرانبەر کرابوو.

راپۆرتەکەم نوسی، زۆر هەوڵمدا بابەتیی و پیشەیی بێت، رۆژی 5ی ئەیلولی 2019، راپۆرتەکەم لە سایتی خەندان بڵاوبووەوە، زۆر دڵخۆشبوم پێی، هەم بە گەیاندنی کەیسەکە و هەمیش بە سەرکەوتویی راپۆرتەکە.

 باسی لە بابەتێک کردووە کە نەدەبوو باس بکرێت!

دوای پێنج رۆژ لە بڵابونەوەى راپۆرتەکە، لایەنی پەیوەندیدار لە سنوری گەرمیان دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە، بە چەند کەسێکیان گوتبوو کە "رۆژنامەنووسێک باسی حاڵەتێکی نەخوازراوی کردووە کە نەدەبوو باس بکرێت، ئەوە شەرەفی نەتەوەیەکە!" بە جۆرێک کە شێوازی لێکۆڵینەوەکەیان بە مەبەستی سنوردارکردنی کاری رۆژنامەوانی بوو و ئاماژەکانیان بۆ ئەوە بوو کە بۆ ئەم جۆرە کارانە دەبێ سەرەتا پرس بە ئێمە بکرێت و ئێمە بڕیار بدەین کە چی بکرێت و چی نەکرێت.

لە کاتێکدا من یەکێک لە ئیتییکەکانی کاری رۆژنامەوانیم پەیڕەوکردبوو کە بریتی بوو لە راستگۆییم لە گێڕانەوەی روداوەکە. ئەوان پەیوەندییان بەو شوێنەوە کرد کە من کاری تێدا دەکەم، ئەو شوێنەش هیچ پەیوەندی بە پیشە و کاری رۆژنامەوانی منەوە نەبوو، بەڵام زۆر دڵخۆش بوم کاتێک هاوڕێیانم پاڵشتی من بون.

zhnan-12-1
نه‌ینه‌وا، ئاداری 2019، نیشاندانی تابلۆیه‌ك وه‌ك ئاماژه‌دان به‌ توندوتیژیی دژی ئافره‌تان له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كی ژنانی دانیشتوی ناحیه‌ی سونێ له‌ قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئەوان بە لایەنی پەیوەندیداریان راگەیاند کە “نیگار رۆژنامەنوسە و خۆی ئازادە لە دەرەوەی کاری ئێرە چی دەکات"، ئەوان بۆیە پەیوەندییان بە شوێنی کاری منەوە کرد تاوەکو کێشەم بۆ دروستبکەن.

دواتر لەگەڵ خۆم کەوتنە لێکۆڵینەوە، وتیان چۆن دەبێت باسی حاڵەتی توندوتیژی لەو شێوەیە بکەیت، ئەو ئاوارانە ئێستا هەرێم پارێزگارییان لەسەر کۆمەڵێک لایەنە کە ئیدارەى کەمپەکان دەکەن، منیش پێم وتن کە پیشەییانە و وەک رۆژنامەنوسێک کاری خۆمم کردووە، من کەیسێکم خستووەتەڕوو کە مافی ژنانی تێدا پێشێلکراوە و غەدری لێکراوە، چۆن دەبێت بێدەنگی لێبکرێت؟! من سوربوم لەسەر ئەوەى بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013 مافی بەدەستهێنانی زانیاریم هەیە، وتم هیچ کارێکی نایاسایم نەکردووە و راپۆرتەکەشم هەموو بنەمایەکی بابەتیی و پیشەیی تێدایە! ئاخر من تۆماری دەنگی هەموو ئەو کەسانەم لابوو کە قسەیان بۆ کردم، بۆیە ئەوان نەیانتوانی هیچ ڕێکارێکی ئیداریی و یاسایی بەرانبەر من بگرنەبەر، هەرچەندە ڕێکارەکانی ئەوان نایاسایی بوون. لایەنی پەیوەندیداری گەرمیان ئەوەندە سوور بوون لەسەر بابەتەکە، جگە لە من، لێکۆڵینەوەشیان لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە کرد کە لە ڕاپۆرتەکەمدا قسەیان کردبوو.

سەرجەم ئەو کەسانە جەختیان کردەوە کە بەڵێ قسەیان کردووە لە راپۆرتەکەدا، تەنها یەک کەسیان نەبێت کە بەداخەوە پەشیمان بۆووە لە قسەکانی.

ئەوەى زیاتر هانیدام، پشتگیری سایتی خەندان و رێکخراوی ئینتەرنیوز بوو، ئەوان وتیان راپۆرتەکەت سەرجەم بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی تێدایە و هیچ کێشەیەکی نییە. وەک خۆم لەو چەند ساڵەی کارکردنمدا ئەوە یەکەم جاربوو کە روبەڕوی بابەتێکی لەم چەشنە ببمەوە سەرەتا پێمناخۆش بوو بە بیستنی کاردانەوەی لەو چەشنەیە، چونکە هەستم نەکرد کە کەموکورتییەک هەبێت لە راپۆرتەکەی مندا، بەڵام دوابەدوای ئەوەی کە لە هەموو شتەکان تێگەشتم چۆن و بۆچی ئەوە کراوە، زیاتر هانی دام لە کارکرد و فێربوم کە بەربەستەکان ناتوەستێن و سوردەبیت لەسەر کارەکەت. بەڵێ، ئەو بەردە گەورەم لەسەر رێگا لابرد، زۆر دڵخۆشم کە براوەی جوڵاندی ئەو کەیسەم، بۆیە دەڵێم، بە راستگۆی لەکارکردن و گواستنەوەى روداوەکان وەک خۆیی و هەروەها گەیاندنی دەنگی مافخوراوەکان دەتوانیت هەمیشە سەرکەوتوو بیت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT