ستەم لەناو میدیاکانەوە
له‌سه‌ر هه‌شت وشه‌ ده‌رکرام

شەیما جاف، لە یەكێك لە بەرەكانی جەنگ، كاتێك پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی بوو لە هەولێر

شەیما جاف

28ی حوزەیرانی 2018 رۆژێکی پڕ چالاکیم بەڕێکرد، وەک بەرپرسی گشتی تۆڕی پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی، پەیامنێرانم بۆ کار راسپاردبوو، بەرهەمەکانیانم کۆکردبۆوە و رادەستی سەرنوسەری شەفتی ئێوارەم کردبوو تا لە نەشرەی هەواڵەکان دایانبەزێنێت.

کاتێک جانتاکەم هەڵگرت و بەڕوویەکی خۆشەوە ماندونەبونم لەهاوڕێکانم کرد و ویستم بەپەلە خۆم بگەیەنمە دایەنگە تا منداڵە یەک ساڵەكەم ببمە ماڵەوە، لەوکاتەدا بەڕێوەبەری کەناڵ بانگیکردم و پێی راگەیاندم كە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاری دەرکردنی داویت و ئەمڕۆ دواڕۆژی کارکردنت دەبێت لە ئێن ئاڕ تی، هۆکارەکەشی ئەو رەخنەیەیە کە دوو مانگ لەمەوبەر هاوسەرەکەت لە فەیسبوک سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی گرتووە!

من ناوم شەیما عەبدوڵایە ناسراوم بە شەیما جاف، ساڵی 1989 لە هەڵەبجە لە دایکبووم، ساڵی 2012 کۆلێژی سینەمام لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر تەواوکردووە.

مێژوی سەرەتای کارکردنم لە راگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2006 لە تەلەفزیۆنی نەورۆز، پاشان لە چەندین سایت و رادیۆی جیاوازم کارمکردووە.

ساڵی 2012 لە تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕ تی وەک پەیامنێر لە شاری هەولێر دەستبەکاربوم، پەیامنێری  سیاسی بۆ من لەوکاتەدا وەک تەحەددایەک وابوو چونکە لەوکاتەدا من وەک کچێک تاکە پەیامنێری سیاسی تەلەفزیۆن بوم.

یەکەم پەیامنێری مێینە بووم لەکاتی شەڕی داعش چوومە بەرەکانی جەنگ و راستەوخۆ روماڵی بەرەکانی جەنگم لە سنوری مەخمورو گوێڕ و خازر دەکرد و چەند جارێک لەگەڵ كامێرامانەكەم  ڕوبەڕوی مەترسی بوینەتەوە.

یەکەم پەیامنێری مێینە بووم لەکاتی شەڕی داعش چوومە بەرەکانی جەنگ

لە 13ی ئۆکتۆبەری 2014 لە کاتی روماڵی کۆبونەوەی حزبەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە بارەگای یەکگرتوی ئیسلامی لە هەولێر رێگریم لێکرا بە بیانوی ئەوەی پاسەوانی ژنیان نییە پشکنیم بۆ بکات، دیارە ئەوەش بەرەنجامی ئەو عەقڵی پیاو سالارییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەو رێگرییە لەوکاتەدا  کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

shayma.jaff
هەواڵێكی ماڵپەڕی رۆژنامەوانی لەسەر رێگریكردن لە شەیما جاف لە رۆماڵكردنی كۆبونەوەیەكی حزبی.

جگە لەوەش لە چەند شوێنێکی دیکەدا لەکاتی روماڵی بابەتە کۆمەڵایەتیی و سیاسیییەکان روبەڕوی هەڕەشە و فشار بومەوە.

لە ئەیلولی 2015 دوای ئەوەی هاوسەرگیرم کرد لەگەڵ رۆژنامەنووس سەرهەنگ ئیسماعیل هاتمە سلێمانی. دوای هاتنم بۆ سلێمانی وەک بەرپرسی پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تی دەستبەکاربووم و بە شاهێدی پەیامنێران و بەرپرسانی کەناڵە توانیم بەهۆی ئەو ئەزمونەی وەک پەیامنێر هەمبوو لە کارەکەم تا ئاستێکی زۆر سەرکەوتووبم و منیش دڵسۆزانە کارم بۆ کەناڵەکە دەکرد سەرباری ئەوەی موچەکەشم کەمبوو، چونکە ئێن ئاڕ تیم بە ماڵی خۆم دەزانی.

لە نیسانی 2018 هاوسەرەکەم لەسەر پۆستێکی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لەوکاتەدا لیستێکی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروستکردبوو لە پەیجە گشتییەکەی کۆمێنتێکی نوسی بەڵام ئەو جگەلەوەی بە زمانێکی زۆر زبر وەڵامی دابۆوە بۆ رۆژی دواتر بە بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی لەوکاتەدا وتبوو دەبێت دەربکرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێش هەڵبژاردن بوو ئەو بڕیارەی دواخست، ئەوە لەکاتێکدا بوو لەوکاتەدا لە چاوپێکەوتن و پۆستەکانی لە فەیسبوک بانگەشەی ئەوەیدەکرد کە ئەو هیچ پەیوەندی بە ئێن ئاڕ تیەوە نەماوە.

پۆستەکە پەیوەندی هەبوو بە یاری نێوان یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیی ‌و بایرن میونشنی ئەڵمانی، هاوسەرەکەشم لەبەرئەوەی هاندەری یانەی بەرشەلۆنەیە لەو پۆستە نیگەران بووبوو سەرنجی خۆی دابوو.

بەڵام دوای نزیکەی دوو مانگ لەو روداوە بە بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی وتبوو ئەو کۆمێنتەی پێ هەزم ناکرێت و دەبێت خۆیی و هاوسەرەکەی دەربکرێن، لەکاتێکدا من نە کۆمێنتەکەم نوسیبوو کە هیچ شتێکی دیکە، دیارە ئەوەش دیسان باجی مێینە بون بوو دام، ئاخر قسەی هاوسەرەکەم چ پەیوەندی بە منەوە لە چوارچێوەی ئیشدا!

رۆژی 28ی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەبەری ئەوکاتەی ئێن ئاڕ تی لەیەک رۆژدا بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت بەمن و هاوسەرەکەمی راگەیاند کە کارەکەمان لە ئێن ئاڕ تی کۆتایی هاتووە.

بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی پێشی وتین "ناتوانین هیچ نوسراوێکتان بدەینێ و بنوسین لەسەر ئەوەیە، بەڵام دەتوانین بڵێن خۆتان بە رەزامەندی خۆتان وازتان هێناوە تاوەکو بڕیارەکە دەرکردن نەبێت".

ناتوانین هیچ نوسراوێکتان بدەینێ و بنوسین لەسەر ئەوەیە، بەڵام دەتوانین بڵێن خۆتان بە رەزامەندی خۆتان وازتان هێناوە تاوەکو بڕیارەکە دەرکردن نەبێت

من کاتێک ئەو قسەیەم بیست توشی شۆک بوم، چونکە من شەش ساڵ بوو لەوکەناڵە ئیشم دەکرد، بەرپرسی پەیامنێران بووم  و دوو مانگ بوو بەبێ موچە دەوامم دەکرد، بەڕاستی ناخۆشە دوای ئەو هەموو خزمەتە بەو شێوەیە لەسەر شتێکی هیچ کە هیچ پەیوەندیش بەمنەوە بوو دەربکرێم، ناخۆشییەکی دیکە ئەوە بوو من کەسێكی ناسراوم بەرگری لە مافی ژنان دەکەم و وەک میدیاکار چەندین ئیشم لەسەر کرد، بەڵام دواجار خۆشم بومە قوربانی عەقڵی پیاوسالاری لە دەزگاکانی راگەیاندن کە بەهۆی مێردەکەمەوە دەرکرام!.

بەپێی ماددەی حەوت لە یاسای رۆژنامەگەری ژمارەی 35 ساڵی 2007 دەبێت دەزگاکانی راگەیاندن پابەندی هەموو ئەو مافانە بن کە لە یاسا بەرکارەکان  گرێبەستی پەسەندکراو لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسان بۆ رۆژنامەنووسان دیاریکراون، بەڵام ئێن ئاڕ تی تاک لایەنانە و لەیەک رۆژدا بەبێ هیچ حسابکردن بۆ دۆخی ژیانم کە کرێچی بوو بڕیاری دەرکردنی خۆم و هاوسەرەکەمیدا. 

ئێمە لەگەڵ ئێن ئاڕ تی گرێبەستمان هەبوو، بەڵام هیچ حیسابێک بۆ ئەو گرێبەستە نەکراو دەرکراین، تەنانەت ئەوکاتە ئێن ئاڕ تی دوو موچەی ئێمە قەرزدار بوو، دواتر لەکاتێکی تر ئەو موچانەمان وەرگرتەوە.

دوای ئەوای ئێمە بێدەنگ نەبوین و هەواڵەکەمان بڵاوکردەوە

shaymaajaf
پۆستێكی شەیما جاف و سەرهەنگ ئیسماعیلی هاوسەری، كاتێك كۆتاییپێهاتنی كاركردنیان لە ئێن ئاڕ تی راگەیاند 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە پەیوەندی پێوەکردم و نوسیبوی "ئەوە بڕیاری کەناڵە و کەمکردنەوە کارمەندە". لەکاتێکدا لە کوێ هەبوو پێش کارمەند بەرپرس ئیزن بدرێت و بە شاهێدی هەموو ئەوانە لە ژوری هەواڵ بون ئێمە لەهەر باشترین کارمەندەکان بوین بۆ دەکرێت دوو کەسی لەو شێوەیە لەیەک خێزان کە ژیانیان لەسەر ئەو موچەیە بوو بەیەکەوە دەربکرێن، نەخێر راستییەکەی هەر کۆمێنتەکە بوو کە بەڕێوەبەر و بەرپرس و جێگری ژوری هەواڵ بە ڕوونی پێیان وتین لەسەر ئەو کۆمێننتەیە و هیچ دیکە نییە، تەنانەت دوای خوا حافیزی بەڕێوەبەری ئێن ئاڕتی کە هاوڕێمان بوو چاوی پڕبوو لەئاو.

دوای بڵاوکردنەوەی بڕیاری دەرکردنەکەم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و بەڵام سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و لایەنی پەیوەندیدار وەک هەمیشە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە دەزگایەکانی راگەیاندن و خاوەنەکانیان بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەیکەن بێدەنگیان هەڵبژارد، ئێمەش هیچ سلکاڵایەکمان نەکرد، چونکە زانیمان بێ سوودە.

خۆ وا نەبێت ئێمە تاکە دوو کەس بین بەو شێوەیە دەرکرابین، بگرە ئەوانی تائێستا لەو دەزگایە بە تۆمەتی سیخوریی و شتی لابەلا دەرکراون ژمارەیان بە دەیان کەسە، بەڵام هیچ شوێنێک نییە بەرگریان لێ بکات و تەنانەت هیچ جێگەیەک نییە تەنیا ژمارەی دەرکراوەکان کۆبکاتەوە.

ژیلوان قادر ناوی خوازراوی بەرپرسێکی پێشووی ئێن ئاڕ تییە کە خۆی داوایکرد ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، کاتێک بۆ ئەم چیرۆکە پەیوەندیم پێوە کرد وتی: "ماوەی نزیکەى سێ ساڵ لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی بەرپرسیارێتیم هەبووە، ماوەیەک پێش بەرپرسانی سەرەوەى کەناڵەکە داوایان کرد کە هاوسەری شەیما دەربکرێت و شەیماش لەگەڵیدا، ئێمە زۆر هەوڵمان دا کە ئەوە نەکرێت، نزیکەى یەک مانگ هەر خەریکی داواکاری ئەوە بوین کە ئەو کارە نەکرێت، بەڵام بێ ئەنجام بوو، دواجار ناچاربوین پێیان بڵێین، هۆکاری سەرەکی دەرکردنیشیان نوسینی کۆمێنتێک بوو لەلایەن هاوسەری شەیماوە لە فەیسبوک دژی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، خاوەنی ئێن ئاڕ تی، هەرچەندە لەکاتی خۆیدا بڕیاری دەرکردنی نەدان، بەڵام دوای ماوەیەک ئەوە رویدا"

هاوکار عەبدولستار کە پێش وازهێنانی بەرپرسی ئاوت پوتی کەناڵەکە بوو یەکێک بوو لەو هاوکارانەمان کە لەنزیکەوە ئاگاداری دەرکردنی ئێمە بوو، ئەو دەڵێت "شەیما عەبدوڵا یەکێک بوو لە رۆژنامەنوسەکانی کەناڵی ئێن ئاڕتی، سەرەتا وەک پەیامنێر لە شاری هەولێر دەستی بەکارکرد، توانیویەتی رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی و راپۆرت بۆ بینەرانی کەناڵەکە. ئەوکات من بەرپرسی پەیامنێرانی کەناڵەکە بوم، لە دوای ساڵی 2015 کاتێک گۆڕانکاری گەورە لەکەناڵەکە کرا ئەویش هاوسەرگیری کرد و هاتە سلێمانیی و لە ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکە لەگەڵ هاوسەرەکەی کاری دەکرد. لەو قۆناغەش جێگە دەستی دیاربوو و کرا بە بەرپرسی پەیامنێران و بەشێوەیەکی باش سەرپەرشتی و رێنمای پەیامنێرەکانی کردوە... سەرئەنجام بەهۆی نوسینی کۆمێنتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کە هەواڵسازبوو لە ژوری هەواڵی ئێن ئاڕتی بۆ سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ... دوای چەند مانگێک لە نوسینی کۆمێنتەکە هاوسەرەکەیی و شەیما پێکەوە لەلایەن ئیدارەی کەناڵەکەوە کۆتایی بەڕاژەکەیان هێندرا لەکاتێکدا شەیما هیچ تاوانێکی نەبوو".

هاوکار دەشڵێت "ئێمە ئەوکات زۆر هەوڵماندا ئەو بڕیارە رابگرین، بەڵام بەداخەوە نەماتوانیی و سەرئەنجام هەردوکیان بەیەکەوە و لەیەککاتدا بێ کار کران".

ئەوا بیست مانگە لەسەر کۆمێنتێکی هەشت ووشەیی خۆم و هاوسەرەکەم دەرکراوین ‌و هیچ سەندیکا و رێکخراوێکیش هەقی بۆ وەرنەگرتوینەتەوە، ئێستا من بەهۆی ئەوەی منداڵی ساوام هەیە هیچ ئیشێک ناکەم، بەڵام هاوسەرەکەم لە دەزگایەکی دیکەی میدیایی کار دەکات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT