تەنانەت بە لەچکیشەوە نەیانهێشت کەوسەری ڕۆژنامەنوس بچێتە ناو مزگەوت

فۆتۆ: ماڵپەڕی medyanews

كەوسەر محەمەد

لە هەرێمی کوردستان پێشێلکارییەکان لە دژی رۆژنامەنوسان زۆرن بە شێوازی جیاواز جیاواز، بەڵام ئەوەى بەرامبەر کەوسەر محەمەد* کرا کە 10 ساڵە لە بواری ڕاگەیاندندا کار دەکات جیاوازە، چونکە هۆکارەکەى تەنها و تەنها لەبەرئەوە بوو کە مێینەیە، ئەگەرنا هاوڕێ نێرینەکانی کێشەیان نەبوو!

چەند جۆرێک پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنوسانی مێینە دەکرێن وەک هەراسانکردنی سێکسی، هەوڵدان بۆ "ئابڕووبردنیان" لەڕێگەی تۆمەت و بڵاوکردنەوەى وێنە و ڤیدیۆ، پێدانی پارەی کەمتر بەراورد بە هاوکارە نێرینەکانیان و چەندانی تر.. بەڵام ئەوەى کەوسەر جیاواز بوو.

کۆتایی ئایاری 2020، بەیانییەکی زوو لەگەڵ دەنگی ئەڵاهوئەکبەری جەژن کەوسەری تەمەنی 33 ساڵ خۆی دەگەیەنێتە بەردەم مزگەوتێکی سلێمانی بۆئەوە ڕوماڵی نوێژ جەژن بکات کە ئەوقافی دیاری کردبوو بۆ ڕوماڵی ڕۆژنامەنوسان، ئاخر جیا لەوەی بۆنەیەکی ئاینی گشتیی بوو، گەرمەى بڵاوبوونەوەى پەتای کۆرۆنا و کەرەنتینەش ئەوەندەی تر بابەتەکەى کردبووەوە مادەیەکی رۆژنامەوانی.

کەوسەر دەڵێت دەیان جار پێشێلکاریم بەرامبەر کراوە، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو، "ویستم بە فۆتۆگەلەرییەک ڕوماڵی نوێژی جەژن بکەم، وەک ڕێزێک بۆ ئەو شوێنە ئاینییە لەچکم لەسەر کرد، لەناو هەموو برادەرانی تری ڕۆژنامەنوس تەنها من ئافرەت بووم."

کەوسەر دەڵێت، "کاتێک ویستم بچمە ناو شوێنی نوێژخوێنان وەک هەموو ڕۆژنامەنوسەکانی تر، چەند کەسێک ڕێگرییان لێ کردم، زۆر هەوڵمدا لەگەڵیان، وتم من لەچکیشم کردووە، بەڵام هەر ڕێگەیان نەدا، هەموو هاوکارە کوڕەکانم چوونەژوورەوە."

کەوسەر زۆر هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەو کەسانە کە سێ کەس بوون، بەڵام چەند جارێک تەلەفۆنیان بۆ دەهات کە ڕێگەی نەدەن بچێتە ژوورەوە.

"ئەم قسانەمان نزیکەی نیو کاتژمێری خایاند لە کۆتایدا یەکێکیان پێی ووتم (تۆ ژنیت و نابێت بچیتە شوێنی نوێژ خوێنی پیاوانەوە)، ئەو قسەیەم زۆر پێناخۆش بوو، ئەو ڕۆژە بە دەستی بەتاڵ گەڕامەوە پاش ئەوەى بێھیوا بووم لەوەی کە ڕێگام نادەن کارەکەم بکەم."

تۆ ژنیت و نابێت بچیتە شوێنی نوێژ خوێنی پیاوانەوە

لای کەوسەر ئەوە "جیاوازترین جۆری پێشێلکاری بوو"، دواتر وێنەیەکی خۆی و مزگەوتەکە دەگرێت و لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاوی دەکاتەوە.

"ھەر زوو پۆستەکەم دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا ھێنا و چەند ڕۆژنامەنوس و چالاکێک پشتیوانی خۆیان بۆ دووپات کردمەوە، سەنتەری میترۆ بەیاننامەی دەرکرد، بەڵام چەند کەسێکی تر بە کۆمێنتی نەشیاو و قسەی ناشرین باری سەرشانیان زیاتر قورس کردم."

ژن ناتوانێت بچێتە مزگەوت؟!

تەنانەت دوای چوار مانگ، ئەو ڕووداوە تەنها وەک پێشێلکارییەکی ڕووت لە مێشکی کەوسەردا نەماوەیە، بەڵکو بووە پرسیارێکی گرنگ و بڕیاری دا بنکۆڵکارییەک بکات ئاخۆ ژن ناتوانێت بچێتە شوێنی نوێژخوێنانی پیاوەوە لە مزگەوتەکاندا؟!

ڕۆژی 1ی ئەیلولی 2020، دوای بەدواداچوونێکی ورد بە وەرگرتنی کەسانی شارەزا و ئاینی، بنکۆڵکارییەکی ڤیدیۆیی کەوسەر لە میدیایەک بڵاوکرایەوە و تێیدا باسی لەوە کردووە کە ژن دەتوانێت بچێتە مزگەوتەکانەوە.

کەوسەر دەڵێت، "من کەسانی شارەزام لە ئەوقافی سلێمانیش وەرگرتبوو، ویستم وەڵامی ئەوە بدەمەوە ئایا بە ڕاستی ناکرێت ژن بچێتە ناو شوێنی نوێژخوێنانی پیاو لە مزگەوتەکاندا؟!"

هەڕەشە لەدوای هەڕەشە

ئێوارەیەک دوای گەڕانەوەی لەسەر کارەکەى، دەوروبەری کاتژمێر 8:30ی شەو کاتێک لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پێکەوە بوون لە ماڵەوە، کەوسەر نامەیەکی لە مۆبایلەکەوە بۆ هات.

"ئەو نامەیە بە جۆرێک ڕایچڵەکاندم وەک زەبرێکی قورس بەر سەرم کەوتبێت، نامەی یەک لەدوای یەک بە ھەڕەشەکردن بەوەی دەست لە کار ھەڵبگرم و واز لە کاری ڕۆژنامەوانی بێنم و دەست بۆ (قەڵەم و کامێرا) نەبەم."

کەوسەر زیاتر باسی لە دۆخەکە کرد و وتی، "وای لێکردم ئەو شەوە  لە نیگەرانیدا تاوەکو بەیانی خەوم لێ نەکەوێت، ھاوسەرەکەم پێی وتم با بەم شەوە بچین سکاڵا تۆمار بکەم من، وتم جارێ بەڵکو بەمە بوەستێت و کۆتای بێت."

"بەڵام وا دەرنەچوو، بەیانی  کە ویستم بڕۆم بۆ سەرکار، دیسانەوە ڕێگای ژمارەیەکی دیکەوە نامەیەک و تەلەفۆنێکیشم بۆ ھات بە بێ ئەوەی لە تەلەفۆنەکەدا ھیچ قسەیەک بکات، ئەو کاتە نیگەرانیەکەم زۆر زیاتر بوو، بۆیە بڕیارمدا بچمە بنکەی پۆلیس سکاڵا تۆمار بکەین، چونکە ئەو نامانەی کە بۆم دەھات ھەڕەشە بوو لە خۆم و تەنانەت خێزانەکەشم، بۆیە ڕۆشتینە بنکەی پۆلیس لە سەرەتادا ڕۆشتمە لایی بەرپرسی بنکەکە باسی ڕووداوەکەم بۆ کرد."

دوجار بێئومێدی

"ئەفسەرەکە پێی وتم ئێوەی ڕۆژنامەنوسان زۆر لەم حاڵەتانەتان ڕووبەڕوو دەبێتەوە با ئاسایی بێت لاتان بەڵام دەتوانی سکاڵا تۆمار بکەیت، ئەو قسەیەی ئەفسەرەکە زۆر نائاسایی بوو، دوو جاری منی بێئومێد کرد".

دواتر کەوسەر دەچێتە لای سکاڵانوس و سکاڵای لەسەر ئەو ژمارە تەلەفۆنانە تۆمار کرد کە نامە و تەلەفۆنیان بۆ کردبوو. "هەر ئەو ڕۆژە دادوەر وتەی لێ وەرگرتم و وتی بچۆرەوە ماڵەوە و چاوەڕێی وەڵامی دادگا بکە، ئەو نووسراو بۆ کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تێلیکۆم دەکەن بۆ ئەوەى خاوەنی ئەو سیمکارتانە بدۆزرێتەوە."

ئاوارەبون!

"بەهۆی ئەوە هەڕەشەیەوە من ناچار بووم ماوەی یەک مانگ خۆم ون بکەم و نەچمەوە سەر کارەکەم، لەگەڵ هاوسەرەکەم چوینە شوێنێکی دوور لە سلێمانی و نیشتەجێ بوین، بەهۆی ئەوەى لە هەڕەشەکاندا ناوی دایک و باوک و خوشک و براکانم هاتبوون، ناچار ئەوانیشم ئاگادارکردەوە کە ئاگایان لە خۆیان بێت.

لە ئێستادا و دوای نزیکەى سێ مانگ لەو کەیسە، دۆسیەی کەوسەر لە دادگایە و چاوەڕێیە دۆزینەوەى ناسنامەى ئەو کەسانەیە کە هەڕەشەیان لێکردووە بۆئەوەى بە سزای خۆیان بگەن.

کەوسەر جەخت دەکاتەوە کە ئەم چیرۆکە بۆیە دەگێڕێتەوە تاوەکو "ڕێگری لە ھیچ ژنێک نەکرێت لە کارکردن بە بیانووی ژنبوونی، چونکە لە ھەرێمی کوردستان زۆرێک لە ژنانی میدیاکار توشی حاڵەتی پێشێلکاری و جیاوازی جێندەری و بە کەم سەیرکردنی تواناکانیان دەبنەوە، ھێشتا بەھۆی ناھۆشیاری بەشێک لە کۆمەڵگا وا لێک دەدرێتەوە کە کاری ڕۆژنامەوانی تەنھا بۆ پیاوانە و نابێت ژن ببێتە میدیاکار".

*کەوسەر محمەد ناوی خوازراوی ئەو رۆژنامەنوسەیە، بەڵام لەبەرئەوەی کە هێشتا کەیسەکە لە دادگا یەکلایی نەبووەتەوە و ناسنامەی ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێ کردووە نەدۆزراونەتەوە، هەروەه لەبەر سەلامەتی خۆی، ئەم ناوە خوازراوە بەکارهاتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT