ئەو شەوەى تاڵانیان کرد تاوەکو کپی بکەن.. ڕادیۆی دەنگ دەنگی بڵندتر بوو

گەرمیان/ كانونی دووەمی 2021/ چالاكییەكی رادیۆی دەنگ. فۆتۆ: كەركوك ناو

 هونەر حەمید

گەرمەى خۆپیشاندانەکانی 17 شوبات بوو، ڕادیۆی دەنگ لە کەلار کە یەکەم ڕادیۆی ئەهلیی ئازاد بوو لە ناوچەکە بە بەردەوامی ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی دەکرد و هەواڵ و زانیاری دەگواستەوە، تا ئەو کاتەى لە درەنگانێکی شەوی 6ی ئازاردا چەند چەکدرارێک هەڵیان کوتایە سەری و تاڵانیان کرد.

رادیۆی دەنگ بە کەلوپەل و ئامێرێکی کەمەوە لەلایەن چەند گەنجێکەوە دامەزرا، شوێنی ڕادیۆکە لە ناو جەرگەی بازاڕی شاری کەلار بوو، سەرباری کەمی ئیمکانیات، بەڵام "دەنگ" دەنگێکی بڵند و کاریگەر بوو لە ناوچەکە چونکە ئەزموونێکی تازە بوو لە کاری میدیایی.

ئازاد عوسمان کە بەڕێوەبەری ڕادیۆکەیە دەڵێت، هەرگیز ئەو تەلەفۆنەی بیرناچێت کە کاتژمێر 2ی ئەو شەوە بۆی هاتووە، "گوتیان چەند کەسێک هەڵیان کوتاوەتە سەر ڕادیۆکەمان، چەند برادەرێکم ئاگادارکردەوە، کە گەیشتینە ئەوێ بینیمان بەشێکی زۆری کەلوپەلی ڕادیۆکە بردراون و ئەوانی تری شکێنراون".

"نزیک مەبەرەوە پەیوەندی بە ئیشی حکومەتەوە هەیە!"

لای ئازاد، ئەو پێشێلکاریی و بەتاڵانبردنەی ڕادیۆ ئەوەندە بیرەوەرییەکی تاڵە، ئێستاش دوای نۆ ساڵ هەر دەڵێی دوێنێ ڕوویداوە ئەوەندە بە وردی دەیگێڕێتەوە، ئەو دەڵێت، "ئەو شوێنەی کە ڕادیۆکەى لێبوو یەک پاسەوانی هەبوو، لێمان پرسی چی بووە، گوتی چەند چەکدارێک هاتوون بە جلی سەربازییەوە، ئاخر بەهۆی ئەوەی لەو ماوەیەدا خۆپیشاندان هەبوو، چەندین هێز هێنرابوونە ناو شار، بۆیە نەیزانیبوو چی جۆرە جلێکیان لەبەردا بووە."

 وەک پاسەوانەکە بۆ ئازادی گێڕاوەتەوە، "هێزەکە بە توڕەییەوە گوتویانە نزیک مەبەرەوە ئەمە پەیوەندی بە ئیشی حکومەتەوە هەیە، بۆیە ئەویش هیچ زانیاریەکی لەبارەی ئەو کەسانەوە نییە تەنانەت نازانێت جۆری جلەکانیان چۆن بووە."

سەرچاوە: ڕاپۆرتی لیژنەى پاراستنی ڕۆژنامەنوسان (سی پی جی) لەبارەى تاڵانکردنی ڕادیۆکە

 بۆ بەیانییەکەى، هەواڵی تاڵانکردنی ڕادیۆی دەنگ بە ناو چالاک و خۆپیشاندەرانی شار و ناوچەکەدا بڵاوبووەوە، سەدایەکی زۆر هەبوو، لە زۆربەى میدیاکاندا کرا بە هەواڵ.

محەمەد ڕەحیم کە دەستەی دامەزرێنەری ڕادێۆی دەنگە باسی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت، ڕادیۆی دەنگ وەک دەنگێکی ئازاد ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011ی دەکرد، دەسەڵات دەیویست بەهەر جۆرێک بێت دەنگی ئازاد سەرکوت بکات، ئەوەش تاکە هۆکار بوو بۆ تاڵانکردنی.

دوای ئەو ڕووداوە، ڕادیۆی دەنگ نەک کپ نەبوو، بەڵکو دەنگی دلێرتر بوو، چالاکوان و ڕۆشنبیران و خەڵکی ناوچەکە وەک پاڵپشتییەک هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییان دەستپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا توانرا ڕادیۆی دەنگ بە ئەزموونێکی تازەوە دەست بەکار بکاتەوە.

محەمەد ڕەحیم پێی وایە "تاڵانکردنی ڕادیۆکە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو، هەرچەندە پێشووتر تەنیا لە سنووری گەرمیان ناسراو بوو، بەڵام دواتر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتەکان هاتنە جواب، ئەمەش وای کرد ڕادیۆکە گەورەتربێت و ئێستا وێبسایتی خۆی و ڕۆژنامەیەکی تایبەتی هەیە، ڕۆژنامەکە تایبەتە بە ژنان و ناوی (ڕۆژنامەى نەوژینە)ـە".

"زیاتر گەشەی کرد"

هەر دوای تاڵانکردنی، زۆرێک لە چالاکوانان و کەسانی ئازادیخواز پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕادیۆ دەربڕی، دەسبەجێ سکاڵای یاسایی تۆمار کرا دژ پێشێلکاری و پەلامارەکە.

ئازاد عوسمان کە ئێستاش بەڕێوەبەری ڕادیۆکەیە ئاماژە بەوە دەکات، "دەسبەجێ سکاڵامان تۆمار کرد، پێمانوایە تاکە هۆکاری تاڵانکردنی گواستنەوەى ڕووداو و خۆپیشاندانەکانی 17ی شوباتی 2011 بوو وەک ڕادیۆیەکی سەربەخۆ و ئازاد. دەسەڵات بۆ کپککردنی دەنگی ئازاد و خۆپێشاندەران ئەو کارەیان ئەنجامدا".

هەر ئەو کاتە لەسەر داوای حکومەت، پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ بەدواداچوون بۆ کەیسەکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەوەی کە ئەو هێزە چەکدارە کێ بوون و و ژمارەیان چەند بووە، تاکو ئێستا کەیسەکە بە کراوەی ماوەتەوە و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە کە بەر لە هەموو شتێک بەرانبەر دەنگی بوێر و ئازادیی ڕۆژنامەوانیی و میدیایی کرا نەدۆزرانەوە.

ئازاد عوسمان ئێستا سوورە لەسەر ئەوەى "هێزێکی تایبەت لە درەنگانێکی شەودا هەڵبکوتێتە سەر ڕادیۆیەک دیارە هێزی دەسەڵات بووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە ئەوە بسەلمێنێت."

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT