نامەیەکی فەیسبوک منی لە کاری راگەیاندن تۆراند!

ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 5ی ئابی 2021

رۆژین سیامەند

کاری میدیا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان پڕ ئاڵنگاریی جیاوازە، بە تایبەت بۆ میدیاکاری ژن، بۆ منیش کە لە سەرەتای ڕێگادا بووم، بارەکە دوو هێندە قورس بوو، دەمەوێت لەم چیرۆکەدا باس لە ئەزموونێکی تاڵی خۆم بکەم کاتێک ویستم بچمە ناو ئەو جیهانە فراوانەوە.

لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکانیشدا بەڵام من بەردەوام بووم، هەمیشە دەمگوت تۆش وەک ئەوانی تر کۆڵ مەدە، نابێت دروستکردنی تۆمەت و پیلانی کەسیی هەر شتێکی تر ببنە رێگر لە بەردەمەت، زوو زوو بیری خۆمم دەخستەوە کە من ژنم، من ئازام، من ناوەستم، بەڵام دڕکی سەر ڕێگا زۆر بون.

بە هێز و وزەیەکی زۆرەوە لە ڕادیۆیەک کارم کرد و بەرنامەیەکی بەیانیانم پێشکەش دەکرد. لە پڕ لە دەرگەی ژوورەکەم دراو و بەڕێوەبەری ڕادیۆکەم بە دەموچاوێکی گرژەوە گوتی "مەرزیە وەرە ژوورەکەی تر ئیشم پێتە!"

رۆژێکی پایزی ساڵی 2019 بووە، بەڕێوەبەرەکە بانگی کردم بۆ ژوورەکەى، بەڕێوەبەرەکە دیار بوو زۆر توڕە بوو مۆبایلێکی دەرهێنا و چووە سەر بەشی نامەکانی پەیجی ڕادیۆ، کەسێک بە هەژمارێکی فەیسبووک نامەى بۆ پەیجی ڕادیۆ ناردبوو و پرسیبووی "کارمەندێکتان ھەیە بەناوی مەرزیە، تکایە ئەگەر لە ڕادیۆ ماوە با پەیوەندیم پێوە بکات".

بەڕێوەبەر گوتی ئەم کەسە دەناسیت؟ منیش بەڕاستی بێئاگا بووم و دڵم ڕاچڵەکی و گوتم نەخێر نایناسم! هەر بە ڕاستی کەسەکەم نەدەناسی.

وتی درۆ دەکەیت، کە وای وت زۆر تێکچووم، شتەکان لە ناوکاو بون و منیش ئاگاداری هیچ نیم. نەمدەزانی چی بکەم، تا دەهات دۆخی دەرونیم خراپتر دەبوو.

گفتوگۆ و وەڵام درێژەى کێشا، زۆر بە لوتبەرزییەوە وتی "وابڕوات تۆ ناوبانگی ڕادیۆ لە کەدار دەکەیت!"، لە قسە و ڕەفتار و جوولەی دەستیدا وای پیشان دەدات کە چونکە من پیاوم و بەرێوەبەرتم و تۆش ژنیت و کارمەندی منیت دەبێ وەک منداڵێک گوێڕایەڵ بیت. ئەو وێنەی چاتەکەی لای خۆی ھەڵگرتبوو،  بە هەڕەشەوە گوتی، من لە ئەمڕۆ بەدواوە کامێرای شاراوەش دادەنێم لە ڕادیۆ بۆ ئەوەیی بزانم تۆ چی دەکەیت و چی ناکەیت؟!، ئینجا بە توڕەییەوە وتی ھەستە بڕۆ دەرەوە! تێنەگەیشتم بۆچی ئەگەر کەسێک لە رێگەی فەیسبووکەوە نامەیەک بنێرێت و نە سووکایەتی نە هەڕەشە و نە هیچ شتێکی گرینگی تێدا نەبێت و کەچی کاردانەوەی بەڕێوەبەرەکە بەو جۆرەبێت!

وتی "وابڕوات تۆ ناوبانگی ڕادیۆ لە کەدار دەکەیت!"

شوێنی کارکردن هەر راپەڕاندنی کاری رۆژانە نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە پالپشتێکی مەعنەوی و دەروونی بۆ کارمەند، بۆ ڕۆژنامەوان دەبێت پاڵپشتییەکە زیاتریش بێت، چونکە رۆژنامەوانان و میدیاکاران بەردەوام دەکەونە بەر ڕەخنە و هێرشی نەیارانی سیاسیی و حیزبیی و تەنانەت خەڵکی مەدەنی. کەچی بۆ من نەک هەر ئەو پاڵپشتییە نەبوو، بەڵکو زۆر ناڕوونانە لەناو خودی شوێنی کارەکەشم هێرشم کرایە سەر. من تەواو شۆک بوو بوم، هیچم پێ نەکرا، دەستم بە گریان کرد و رادیۆم بۆ هەمیشە بەجێهێشت.

من چاوەڕێ بوم کە بەڕێوەبەرەکەم بڵێت نامەیەک هاتووە و مادام تۆ دەڵێی نایناسنم، تکایە ئاگاداری خۆت بە، نەوەک کەسێک بێت بەهۆی کارەکەتەوە یان بە هۆی شوێنی کارەکەتەوە بەدواتدا بگەڕێت و مەبەستێکی خراپی هەبێت. کەچی نەک هەر ئەوە بەڵکو خۆی بوو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی دەرونم زیاتر تێکبچێت.

ئەو روداوە بۆ من وەک بومەلەرزەى دەرونی وابوو، هەرگیز بڕوام نەدەکرد کە بەو شێوەیە مامەڵەم لەگەڵدا بکرێت، بە تایبەت لەگەڵ ژنان کە پێویستە زیاتر هان بدرێن و مەیدانەکەیان پێ چۆڵنەکەن، بەڵام زۆر رون و ئاشکرا بوو کە نامەکە هیچ نەبوو، تەنها رق و قینی شەخسی بەڕێوەبەرەکە خۆیەتی و بە منی دەڕێژێت! یەکێک لە کێشەکانی کارکردن لە دەزگایەکی میدیایی ئەوەی کە هیچ گرێبەستێکی فەرمی لە نێوان کارمەند و دەزگایەکە نییە تاوەکو ئەرک و ماف دیار بێت. ئەو دەزگایانەشی کە گرێبەستیان هەیە، زیاتر بۆ ئەوەیە کە ئەرکەکانی تێدا بنوسن و بیکەنە مەرجێک لەسەر رۆژنامەوانەکە. بۆیە لە نەبونی گرێبەست یان هەر نوسراوێکی فەرمی و یاسایی، هەموو بەڕێوەبەرێک و خاوەن دەزگایەکی میدیایی دەتوانێت بە میزاجی خۆی هێرشبکاتە سەر رۆژنامەوان و میدیاکارەکانی.    

نامەکە کێ بوو؟!

دواتر بۆم دەرکەوت کە نامەکە هی هاوڕێیەکی پێشتری خۆمە و بەبێ مەبەست ئەو نامەیەی ناردبوو، هاوڕێیەکی دڵسۆزی خۆم بوو کە زۆرجار گفتوگۆمان دەکرد لەبارەى چۆنیەتی کارکردن لە بواری میدیا، ئەو هاوڕێم چوبووە دەرەوەى وڵات، ماوەیەک لێک دابڕاین و منیش ئەکاونتی فەیسبوکم گۆڕی بوو، ئەویش تەنها و تەنها ئەو رێگەیەی لەبەردەست مابوو پەیوەندی بە منەوە بکات، چونکە ئەو دەیزانی لە ڕادیۆی کازیوە کار دەکەم!

کارکردنی ژنێک لە میدیا و بە تایبەتیش لە ناوچەى گەرمیان ئاڵنگاری ماندووکەر هەیە، دەبوو پیاوان هاوکار و هەماهەنگ بوونایە تاوەکو زیاتر ژنان هان بدرێت لە بوارەکە، نەک بە تۆمەت و بیرکردنەوەى لاواز هەوڵی فڕاندنیان بدرێت و مەیدانەکەیان لێ چۆڵ بکرێت.

ئەو بابەتە فشارێکی مەزنی دەروونی خستەسەرم، لە کۆتایشدا ئەو کارەم لەدەستدا کە جگە لەوەى پسپۆڕی خۆم بوو، خولیایەکی هەمیشەیی بوو. هەر ئەوەندەش نا بەڵکو کاریگەرییەکەی تاکو ئێستەش ماوەتەوە و تەنانەت بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە، دەروونم ئامادەنەبوو و ترسێک لە کاتی نووسینەوەیدا بەردەوام لەگەڵم بوو. هەر ئەو کاریگەرییەش ناچاری کردم کە بە ناوی خوازراو چیرۆکەکەم بڵاوبکەمەوە.

من تەنها نموونە نەبووم، هاوڕێیەکی ترم لە هەمان ڕادیۆ لەلایەن هەمان بەڕێوەبەرەوە پێشێلکاری بەرانبەر ئەنجام درا و ناچاری کرد وازبهێنێت، ئەویش بێدەنگی لێکرد. ئەمە جۆرێکە لە پێشلکاریی دژی ڕۆژنامەوانان و میدیاکاران کە لەناو دامەزراوە و شوێنی کارکردنیان بەرانبەریان دەکرێت نەوەک لە دەرەوە. ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ سنووردارکردنی ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانیی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT