ئاسایشەکان، زیاتر لە خۆپیشاندەران بەدوای منەوە بون بۆ ئەوەى روماڵ نەکەم..

فۆتۆ: Viktor Forgacss، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 6ی ئابی 2021

هاوڕێ مستەفا

هەستانی بەیانیان و چوونەسەر کار هەستێکی خۆشی هەیە، بەڵام بۆ رۆژنامەنوسێک کە دەبێت ئەو رۆژە روماڵی خۆپیشاندانێک بکات پڕ ئاڵنگارییە، چونکە دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ هەر ئەگەرێکی وەک لێدان، گرتن، شکانی کامێرا و کەلوپەلەکانی تا دەگاتە رفاندیش. هەرچەندە لە هەرێمی کوردستان یاسای بەدەستهێنانی زانیاریی و یاسای کاری رۆژنامەنوسی هەن، بەڵام یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین پێشێلکاری دژی رۆژنامەنوسانی تێدا تۆمار دەکرێت.

رۆژێکی ساردی زستان، 23ی کانونی یەکەمی 2017، هاوڕێ مستەفا کە پەیامنێری دەزگای هەواڵی ڕۆژنیوز دەبێت لەوکاتەدا، لەلایەن سەرنوسەرەکەیەوە رادەسپێردرێت تاوەکو بچێتە ناحیەی عەربەت (23کم رۆژهەڵاتی سلێمانی) تاوەکو روماڵی خۆپیشاندانێک بکات کە بڕیارە کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژە ئەنجام بدرێت.

هاوڕێ مستەفا (ناوی خوازراو) باش خۆی ئامادە دەکات، خۆپیشاندانەکە لەلایەن گەنجانی وڵاتپارێزەوە ڕێکخرابوو بۆ داواکردنی ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، هەرچەندە ژمارەیەک گەنجی لێبوو، بەڵام خۆپیشاندانەکەیان دواخست وادیاربوو چاوەڕێی هاتنی خەڵکی تریان دەکرد.

"منیش پەیتا پەیتا زانیارییەکانم دەگواستەوە بۆ ناوەندی هەواڵ، لەوکاتەدا ئۆتۆمبێلێكی جۆری (ئۆپڵ ڤیكترا) هاتە شوێنی خۆپیشاندانەکە، چوار كەسی تیادا بوو، یەكێك لەسەرنشینەكانی پرسیاری كرد و وتی، سەرپەرشتیاری ئەم گەنجانە كێیە؟ بە پرسیار و تەماشاکردنیان زانیم شتێک هەیە، هەستم بە دڵەڕاوكێ‌ و ترس كرد." هاوڕێ مستەفا وا دەڵێت کە ئێستا تەمەنی 38 ساڵە و نزیکەى 10 ساڵە ئەزمونی کاری رۆژنامەنوسی هەیە.

دواتر دەردەکەوێت كە ئەو كەسانەی لە ئۆتۆمبێلەکەدا پرسیاریان کردووە كارمەندی ئاسایش بون و دوو کەسیان وەك نوێنەری گەنجەکان بردووە تاوەکو رێنماییان بدەنێ لەسەر شێوازی خۆپیشاندانەکان، "بەڵام لە ڕاستیدا بۆ ئەوە بوو كە دەستبەسەریان بکەن، چەند کاتژمێرێک دیار نەبون، بۆیە منیش پەیوەندیم کرد بە سەرنوسەرەکەمەوە تاوەکو بردنی ئەو کەسانە بکرێتە هەواڵ، دەستبەجێ زانیارییەکان بڵاوکرانەوە."

xopeshandan-5
سلێمانی/ 23ی ئازاری 2017/ خۆپیشاندان بۆ ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان. فۆتۆ: رۆژنیوز

هاوڕێ دەشڵێت، "من کاری خۆمم دەکرد و زانیارییەکانم دەگواستەوە، بەڵام ئەم هەواڵە بووە سەرەتایەكی خراپ، ئاسایش هەواڵەکەیان لە ماڵپەڕی ڕۆژنیوز بینی، ئیتر بەدوای منەوە بون".

لە دەوروبەری کاتژمێرەکانی نیوەڕۆی ئەو رۆژە، خۆپیشاندانەکە دەستپێدەکات، ئەو دوو گەنجە ئازادکران کە برابون بۆ ئاسایش، هەرچەندە بە مەرجی پەشیمانکردنەوەى گەنجانی تر لە خۆپیشاندانەکە ئازادکرابون، بەڵام گەنجانی خۆپیشاندەر بەردەوام بون.

"ئەوان زیاتر لە خۆپیشاندەران بەدوای منەوە بون"

هاوڕێ بێئاگایە لەوەى هێزەکانی ئاسایش بەدوای ئەوەوەن، چونکە تازە خۆپیشاندان دەستی پێکردووە، "منیش وەك هەر رۆژنامەنوسێكی دیكە چومە نێوەندی هەردوو هێزەكەی ئاسایش لەلایەك و بەشدارانی رێپێوانەكە، روی كامێرا نیكۆنەكەم كردە هێزەكەی ئاسایش بەو مەبەستەی وێنەیەك بگرم بۆ ئاژانسی بنێرمەوە، بەڵام ئاسایشێکی ئەسمەری باڵا بەرز پەلاماری كامێراكەی دام و بەنیازبوو بیدا بە زەویدا و منیش راپێچی ناو ئۆتۆمبێلەكە بكات، بەڵام  لەوكاتەدا بەشدارانی رێپێوانەكە بە فیكە و هوتافكێشانەوە هاتن بەرەو روی هێزەكانی ئاسایش، جۆرێك لە روبەڕوبونەوە لە نێوان هەردولایاندا رویدا، ئەوەش بووە دەرفەتێكی گونجاو بۆ من ورزگارم بوو".

ئیتر ترسەكەم بوو بە ڕاست

"لەگەڵ زیادبونی گرژییەکان و ئاڵۆزبونی دۆخەکە، منیش زیاتر هەستم بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکرد، ئاخر هەستمدەکرد هەمیشە بەدوای منەوەن و دەیانەوێت رامبگرن لە روماڵ، لە ناوەڕاستی بازاڕی عەربەت خۆپیشاندانەکە گەرمتربوو، بەشێک لە خەڵکیش چونە ناو خۆپیشاندەرانەوە، منیش بەردەوامم لە روماڵ و گرتنی وێنە و ناردنەوەى بۆ ناوەندی هەواڵ، بەڵام ئەمجارە هەلێكی باشتر بۆ ئاسایشەكان هەڵكەوت كە دەستیان بگەیەنن بەمن".

"لەکاتی وێنەگرتندا، ئاسایشێک لە دواوە بە توڕەییەوە پرسیاری كرد ئەوە وێنە بۆ كوێ‌ دەگریت؟ منیش گوتم رۆژنامەنوسم، گوتی كوا هەویەكەت؟، وتم فەرموو. لەوكاتەدا ئاسایشێكی تر كامێراكەی لەدەست سەندم و خێرا میمۆریەكەی دەرهێنا و بەشەق و بۆكس لێدان كەوتە ئازاردانم".

"ئیتر ترسەكەم بوو بەڕاست، یەكێك لە ئاسایشەكان بە پۆستاڵەكانی شەقێكی لە ئەژنۆمدا و زۆر ئێشم پێگەیی، ئاسایشیكی دیكەش لە دواوە یەخەی كراسەكەمی راكێشا كە روم وەرگێڕا بەلایدا بە هەرچی هێزی هەیە بۆكسێكی هێنایەوە بۆ سەرسنگم بەڵام نەمهێشت بە پڕی بەر سنگم بكەوێت، وادیاربوو بە دڵی نەبوو، دوبارە شەقازلەیەكی لە رومەتمدا، دەموچاوم تەواو سورهەڵگەڕا".

یەكێك لە ئاسایشەكان بە پۆستاڵەكانی شەقێكی لە ئەژنۆمدا و زۆر ئێشم پێگەیی

لەوكاتەدا دیسان هات و هاواری خۆپیشاندەران کەوتە فریای هاوڕێ و رێگەیاننەدا راپێچی ناو ئۆتۆمبێلەكەی ئاسایش بکرێت.

"لەوکاتەدا نەمدەزانی دەبێت رابکەم، یان وەک رۆژنامەنوسێک کاری خۆم بکەم، یاخود هەوڵی وەرگرتنەوەى کامێراکەم بدەم، چونکە زۆرم خۆشدەویست، دواتر بڕیارمدا كە بچم داوای كامێراكەم بکەم، کە چومە پێشەوە بۆ لای ئاسایشەکان، ئەو کەسەی کامێراکەى پێبوو بە هەموو هێزی خۆی فڕێی دایەوە بۆم، ئەو مەبەستی ئەوە نەبوو بمداتەوە، بەڵکو دەیویست بە خەڵک بڵێت ئەوە کامێراکەم دایەوە و هەروەها لەبەرچاوی خۆم بیدا بە زەویدا و بیشکێنێت".

هەر ئەوەش رویدا کە هاوڕێ هەستی دەکرد، پێش ئەوەى هاوڕێ نزیکی هێزەکە بکەوێتەوە، ئاسایشەکە بەهێزەوە كامێراكەی فڕێدا و كەوتە سەرزەویی و لێنزەكەی شكا، شوێنی باترییەكەی لێبوەوە و باتریەكەشی كەوتە سەر زەوی، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە میمۆرییەكەشیان دەرهێنا و ئێستاش وەری نەگرتۆتەوە.

"دڵخۆش بم یان بێ ئومێد؟"

لەدوای ئاگادارکردنەوەى ناوەندی هەواڵ، "كۆڵان بە كۆڵانی عەربەت دەستمكرد بە گەڕانەوە بۆ لای تۆمبێلەكەم، بە جۆرێك كامێراكەی دەستمم خستبویە ژێر كراسەكەمەوە نەوەك ئاسایشێك بەم كامێرایەوە بمبینێت و بەرەو ئاسایشم ببات".

"کە گەڕامەوە بۆ هەڵەبجە، بیرم لەوە دەكردەوە ئایا دەبێت دڵخۆش بم بەوەی كە لە پێناو كاری رۆژنامەوانی و گەیاندنی زانیاری ئازاردراوم و میمۆریەكەم لەدەستداوە و كامێراكەم شكێندراوە و شانازی پێوە بکەم، یان دەبێت نیگەران بم لەوەی كە دەبێت تاكەی لەم هەرێمە بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوسدا بكرێت و لە بری ئەوەی رێزی لێبگیرێت و كارئاسانی بۆ بكرێت ئازار بدرێت و كێشە و گرفتی بۆ دروستبكرێت".

هەرچەندە لە دنیا دادگاکان کەیسەکان یەکلایی دەکەنەوە، بەڵام هاوکار هەوڵ نادات سکاڵا لەسەر کارمەندانی ئاسایش تۆمار بکات، چونکە ئەو پێیوایە تائێستا سکاڵای رۆژنامەنوسان "بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە و کەس گوێیان لێ ناگرێت، هەرچەندە ناوەند و رێکخراوەکانی داکۆکی لە رۆژنامەنوسان هەوڵیانداوە، بەڵام هیچ دادگایەک نەیتوانیوە مافی رۆژنامەنوسان بگەڕێنێتەوە، بۆیە بە خۆمم وت بۆچی خۆم توشی ئەو سەرئێشەیە بکەم!"

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT