بۆ رۆژنامەنوسانی مێینە... رێگاكە گوڵڕێژ نییە

نێرگز قادر، لەكاتی ئامادەكردنی بەرنامەیەكدا لەناو شاری كەركوك.

نێرگز قادر

بەربەستەكانی کاری رۆژنامەوانی زۆرن؛ گەیشتن بە سەركەوتن و بڕینی رێگاكە ئاسان نییە، بەڵام باوەڕبەخۆبون و چاونەترسی لەگەڵ خۆشەویستی بۆ كارەكەت دەتوانێت بتگەیەنێت بە لوتکەی سەرکەوتن.

چیرۆكی من لە نێو دونیای راگەیاندن-دا هەروەك هەموو رۆژنامەنوسانی تری مێینە ئاسان نەبووە، سوكایەتیپێكردن، ناوزڕاندن، هەراسانكردن و گێچەڵپێكردن، تەنانەت لە پەخشی راستەوخۆدا لەوكاتەی هەمووان سەیری تۆ دەكەن هەراسانت دەكەن و دەیانەوێت بتشكێنن و دورتبەخەنەوە لە شاشە، چیرۆكی رێگرییەكان هەر ئەوەندە نەبون، تۆمەت و قسە و قسەڵۆك، دروستكردنی ئەكاونت و پەیج بە ناوتەوە، ئەوانە مشتێكن لە خەرواری ئەو بەربەستانەی كە ژنان روبەڕویان بونەتەوە.

من، نێرگز قادر، زیاتر لە دەیەیەكە لە بواری راگەیاندندا كاردەكەم؛ سەرەتا وەك پێشكەشكاری بەرنامەی بەیانیان لە رادیۆی كەركوك دەستمپێکرد، دواتر ئەزمونەكەم بۆ تەلەفزیۆن گواستەوە، لە چەند بوارێكی جیاوازدا لە كەناڵی ئاسمانی كەركوك كارمكردووە، پێشكەشكار، ئامادەكاری بەرنامە، لە نوسینی هەواڵ و راپۆرتیشدا بەهەمان شێوە ئەزمونم هەیە. هاوکات، لە چەند ماڵپەڕ و رۆژنامەیەك وەك پەیامنێر کارمکردووە.

كاتێك دەتەوێت دەنگی ژن بیت و پێگەی خۆت هەبێت لە میدیا و دامەزراوەكاندا، دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بكەیت روبەڕوی ئەو پێشێلكارییانە ببیتەوە، بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە چۆن تێیدەپەڕێنیت و كۆڵنادەیت. چۆن نابیت بە پاروییەكی ئاسان. چونكە بەردەوام دەبێت ئەوەت لەیادبێت ئەوكاتەی تۆ كۆڵدەدەیت، ئەوان براوەدەبن.

lagal.nergiz
نێرگز قادر لەكاتی بەرنامەیەكی هونەریدا لە كەناڵی ئاسمانی كەركوك

لە تشرینی یەكەمی 2018دا، كاتێك لە بەرنامەكەمدا (بەیانی باش)، لە كەناڵی ئاسمانی كەركوك تایبەت بوو بە كێشەی خەڵك و دەمویست دەنگی خەڵك بگەیەنم. سروشتی بەرنامەكە وابوو كە خەڵكی دەیتوانی كێشەی گەڕەك و ناوچەكەی لەڕێی تەلەفونەوە بگەیەنێت بە كەناڵەكە.

لەوكاتەدا یەكێك كە خۆی بە خالید ناساند و گوتی كە لە قەزای كۆیەوە تەلەفون دەكات، بەناوی "پێشمەرگەی یەكێتی"یەوە كەوتە قسەكردن، وشەی ناشرینی بەكارهێنا، وشە و دەربڕینەكانی ئەوەندە ناشرین بون تەنانەت ناتوانم لەم نوسینەشدا بەكاریانبهێنم.

من تەنیا گوتم ئەوە ئاستی رۆشنبیری تۆ نیشان دەدات، گوتیشم كە ئەو شێوازی قسەكردنە هیچ كاریگەریی نە لەسەر خۆم دەبێت، نە لەسەر بەرنامەكەم، بەڵكو تەنیا خۆت پێی ناشرین دەبیت. ڤیدیۆیی ئەو پەیوەندییە هەر زوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیی و هەریەكە و بەجۆرێك شەیر دەكرد و كۆمێنتی دەنوسی.

ڤیدیۆیی ئەو پەیوەندییە تەلەفونییەی جوێنی سوكایەتی بوو، هەر زوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیی و هەریەكە و بەجۆرێك شەیر دەكرد و كۆمێنتی دەنوسی

راستییەكەی دەیان جاری تر لە بەرنامە راستەوخۆكاندا، روبەڕوی گێچەڵی سێكسی، هێرش و هەڕەشە بومەتەوە، زۆركات بەرنامەكان لەسەر كێشەی خەڵكن، بەڵام لایەنگرانی حزبەكان دەیانەوێت ناكۆكی حزبەكانیان بۆ ناو بەرنامەكەی تۆ بگوازنەوە، هێرشدەكەنە سەرم و لەوەشدا دەبێت من باجەكەی بدەم.

ئەمانە بۆ من ئاسان نەبون، برینداركردنی هەستی كچێك بە ناشرینترین شێوە سەختە كە خاوەنی برا و خوشك و كەسوكارم.

پێشێلكاریی و بەربەستەكان هەر لەو تەلەفونانەدا نەبون، بەڵكو دواتر ڤیدیۆكانیان لە سۆسیال میدیا دادەنا بەشێوەیەك بڵاویاندەكردەوە كە بەشێک لە خەڵك لە كۆمێنتدا جوێنی زیاتر بدەن و وتەی نەشیاو بەكاربهێنن.

بۆ نمونە لەبەرنامەیەكی ترمدا من وتم كە پێشمەرگەی یەكێتی-یش بەشداربووە لە شەڕی داعش و هۆكاربووە بۆ ئەوەی هەولێر نەكەوێت، بەڵام دواتر ڤیدیۆكەیان بەشێوەیەك داناوە گوایا من سوكایەتیم بە هەولێر كردووە و لە تایتڵی ڤیدیۆكەدا نوسیویانە "نێرگز قادر حەیای پارتی و هەولێرییەكانی برد". بەڵام لە راستیدا من خۆم لە هەولێر گەورە بوم و هەرگیز سوكایەتی بەو شارە ناكەم.

(كەركوك ناو) لانیكەم حەوت گرتەی ڤیدۆیی تەنیا لە كەناڵی یوتوب بینی كە تیایدا سوكایەتی بون بۆ نێرگز قادر، بەڵام لەبەر نەشیاوی ڤیدیۆكان و بەكارهێنانی وشەی نەگونجاو بڵاوینەكردەوە.

هەر لەسەر ئەو پرسانە چەند كەسێك بە ڤیدیۆ و دەنگ سوكایەتیی و جوێن و هەڕەشەیان لێكردوم، پۆستی جیاوازیان لەسەر دەكردم، بەردەوام هەڕەشە و چاوسوركردنەوە هەبووە، بەڵام من بڕیارمداوە كە دەبێت كۆڵنەدەم.

nergizqadirr
چەند نمونەیەك لە سوكایەتی و  دەستكاریكردنی ڤیدیۆ و چاوپێكەوتنەكانی نێرگز قادر لە چەند ئەكاونتێكی نەناسراو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتوب.

من لە شارێکی پڕ لە ململانێی نەتەوەیی، ئایینی و سیاسیدا دەژیم، كاركردن لە كەركوك زۆر سەختترە وەك لە كاركردن لە شارێكی هەرێمی كوردستان، لەپاڵ ئەوەشدا، شارەكە لە دوای پرۆسەی رزگاركردنی عیراقەوە لە 2003 بەردەوام ناسەقامگیر بووە، روونە ئەمە بۆ ئافرەتان زۆر سەختترە وەك لە پیاوان. بیروبۆچونی خەڵكی شارەكە و تێڕوانیان بۆ دەركەوتنی ژن لە میدیادا جیاوازە، ئەوەش كێشەیەكی ترە بۆ من.

من كەسێكی رەشبین نیم، پێموایە سەرەڕای ئەوەی بۆ راگەیەندنكاری مێینە رێگاكە گوڵڕێژ نییە، بەڵام لەناو دەزگاكانی راگەیاندن-دا دەرفەتی-ش تاڕادەیەك بە خانمان دراوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن ژیر بیت و خۆت لەو هەوڵە بەردەوامانە بپارێزیت تا ژنانی میدیاكار وەكو بوكەڵە بەكارنەهێنرێن.

بەپێی ئەزمونەكەم تێگەیشتوم لەوەی (گیچەڵی کۆمەڵایەتی، بەکارهێنانی ژن بۆ مەرامی خۆیان، چەوسانەوە، بەربەست دروستکردن بۆ پێشنەکەوتنی خانمان بە پاساوی ئەوەی لە رەگەزی مێن)، ئەو کێشانەن بەردەوام روبەڕوی ژنان دەبێتەوە و ئەوانەش هۆکاری كەمی رێژەی ژنانن لە ناوەندەكانی میدیا و بڕیارداندا.

بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە چۆن ژنان وابكەن، ئەو بەربەستانە تێكبشكێنن، من ئەزمونم كردووە بەوەی  (باوەڕبەخۆبون، چاونەترسی، بێدەنگنەبون لە پێشێلكردنی مافەكانت لەگەڵ خۆشەویستی بۆ كاری راگەیاندن)، هەوێنی سەركەوتن و تێكشكاندنی بەربەستەكانت پێدەدەن.

لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا بە پشتیوانی هاوڕێ، دامەزراوە و كەسوكارم توانیم زاڵبم بەسەر كۆسپەكاندا، پشتیوانییەكی گرنگە كاتێك براو كەسوكارت ناكەونە ژێر ئەو لێشاوە لە تۆمەت و ناوزڕاندن و هەواڵە بێ بنەمایانەی كە ئامانج لێیان دورخستنەوەی راگەیاندنكارێكی ژنە لەسەر شاشە و خزمەتی دۆزی ژنان.

nergiz.supasnama
سوپاسنامەی كەناڵی ئاسمانی كەركوك بۆ نێرگز قادر لەپای راپەڕاندنی ئەركەكانی.

پەیامی من بۆ رۆژنامەنوسی مێینە و ژنانی چالاكوان ئەوەیە، یەكەم شت پشت بەخۆیان ببەستن، باوەڕیان بە تواناكانی خۆیان هەبێت، هیچ شتێك ساردیاننەكاتەوە، ئەوكات كۆمەڵگە هەرچۆنێك بێت قبوڵیان دەكات، بەڵام با ئەوەش بزانن كە رێگاكە گوڵڕێژ نییە.

بۆ نمونە ئەوكاتەی "خالید" ناوێك تەلەفونی كرد و وشەی زۆر ناشرینی بەكارهێنا بەرامبەرم، یەكەم شت كە كردم ئەوەبوو كۆنترۆڵ لەدەستنەدەم، چونكە دواجار ئامانجی ئەو ئەوەیە بەرنامەكەت لێتێكبدات و خۆت و بەرنامەكەشت بشكێنێت. نەمهێشت ئەو هەستەی لەناخمدا بەهۆی ئەو سوكایەتییەوە دروستبوو، كاریگەریی لەسەر دەربڕین و روخسارم هەبێت، چونكە دواجار من لە ئەركێكی پیشەییدام، زۆر بە ئاسایی پەیوەندییەكەم لەڕێی كۆنترۆڵەوە داخستەوە و پەیوەندییەكی ترم وەرگرت.

دەبێت خانمانی پێشكەشكار ئەوەیان بیربێت، هەركەسێك لەبەرنامەی راستەوخۆدا سوكایەتیی و جوێن بدات، ئامانجی سەرەكی شكاندنی بەرنامەكەتە ئینجا دورخستنەوەی تۆیە لەسەر شاشە. من رۆژی دواتر بە روییەكی خۆشترەوە بەیانی باشم لە بینەرەكانم دەكرد، پێداگری من لە بەردەوامی و بە جێگەیاندنی ئەركی پیشەییم وایكرد ئێستا لێپرسراوێتی بەشی بەرنامەكان لە كەناڵی ئاسمانی كەركوك وەربگرم و لەپاڵ كارەكەمدا خوێندنی زانكۆیی تەواوبكەم، هەروەها كاری رێخراوەییش بكەم.

 تێبینی: وێنەكان لە ئەكاونتی نێرگز قادرەوە وەرگیراون

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT