بەهۆی روماڵکردنی خۆپیشاندانەکەى شێلادزێ چەندین جار پێیان وتم دەتکوژین

دیمەنێك لە خۆپیشاندانی شیلادزێ لە پارێزگای دهۆك، رۆژی 26ی کانونی دووەمی 2019.

بڕیار نێروەیی

زۆر جوان بیرمە، لەناو گەرمەی خۆپیشاندانەکانی شێلادزێ لە ساڵی 2019دا، زوو زوو چەند کەسێکی سەر بە هێزە ئەمنییەکان دەهاتنە لام و دەیانوت روماڵ رانەگریت دەتکوژیت، دەیانوت ئەگەر واز نەهێنێت باجێکی قورس دەدەیت، بەڵام ئێستاش نازانم چۆن ئەوەندە مکوڕ بوم لە روماڵ، بەهۆی خۆشەویستی کارەکەمەوە بایەخم بە هیچ هەڕەشەیەک نەدەدا.

من بڕیار نێروەیی، نزیکەى 10 ساڵە لە سنوری پارێزگای دهۆک کاری ڕۆژنامەوانی دەکەم، حەوت ساڵە پەیامنێری ئێن ئاڕ تیم لە پارێزگاکە، زۆر پێشێلکاریم بەرامبەر کراوە لەو ماوەیەدا، بەڵام ئەوەى شێلادزێ زۆر کاریگەربوو لەسەرم.

رۆژی 26ی کانونی دووەمی 2019، هاوڵاتیان لە کۆمەڵگای سیریێ لە ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی چونە سەر بارەگاکانی میتی تورکیا، ئێمە پێشتر لە دهۆکەوە چوبوینە ئەو ناوچەیە، چونکە بڕیاربوو تەرمی سێ شەهیدی بۆردومانەکانی تورکیا بهێننەوە کۆمەڵگەی هیتوتێ لە شێلادزێ.

چونەسەر بارەگای میت!

لە دوای روماڵی هێنانەوەى تەرمی ئەو سێ کەسە هەواڵمان بۆ هات کە خەڵکی لە گۆڕەپانی شێلادزێ گردبوونەتەوە و دەیانەوێت راگەیەنراوێکی ناڕەزایەتی بخوێننەوە. خەڵکێکی زۆر لە ناحیەی دێرەلوک، کۆمەڵگەی هیتیتێ و کۆمەڵگەی سیریێ هاتن بۆ شێلادزێ، چونکە زانییان خۆپیشاندان دەکرێت.

دوای خوێندنەوەى راگەیەنراو لەلایەن گەنجانی توڕەوە، دەیان گەنج وتیان بەرەو بارەگاکانی میت دەچین و لەوێش پەیامێکی ناڕەزایەتییان پێ دەگەیەنین، هەموی بەڕێکەوتن، ئێمەش وەک کاری رۆژنامەوانی خۆمان لەگەڵیان رۆشتین، تاوەكو روماڵ بکەین.

گەنجان و خەڵکی ناوچەکە بە رێپێوان بەرەو بارەگای میتی تورکیا لە کۆمەڵگەی سیریێ ڕۆشتن، هێزە ئەمنییەکان نەیاندەتوانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن، خەڵکی زۆر توڕە بوون، سەدان گەنج و ژن و پیاو ناڕازی بوون، دیارە بوو بارەگاکەى میتیش ئامادەکاری خۆی کردبوو بۆ ئەوەى خەڵکەکە دوربخاتەوە.

ئێوە لێرە نەبن خەڵکیش هیچ ناکات!

خەریکی روماڵ بوم، چەند کەسێک بە جلی مەدەنییەوە هاتن و هەڕەشەیان لە من کرد، وتیان نابێت روماڵ بکەیت، دەیانوت "ئێوە لێرە نەبن، خەڵکیش هیچ ناکات، هەموی لەبەر ئێوە لێرەن".

منیش سوربوم لەسەر ئەوەى ئێمە کاری رۆژنامەوانی خۆمان دەکەین، "خەڵک هان نادەین، کە ئەوان رۆشتن ئێمەش دەڕۆین"، ئەو کەسانەش کە سەر بە هێزە ئەمنییەکان بون، بەڵام بە جلی مەدەنییەوە وتیان "باشە بەڵام باجی قورس دەدەیت!".

تەقە و شەڕە بەرد دەستیپێکرد!

خۆپیشاندانەکە گەرمتر دەبوو، خێزان و دایکیشم زوو زوو پەیوەندییان پێوە دەکردم تاوەکو خۆم بپارێزم، کاتێک خەڵکی خۆپیشاندەر بەردیان گرتە بارەگاکەی میتی تورکیا، ئەوانیش بە تەقە وەڵامیان دایەوە، تەقەیەکی زۆریان کرد، بەڵام گەنجەکان زۆر خوێنگەرم و توڕە بون، ئەوان چونە ناو بارەگاکە و ئێمەش هەر خەریکی روماڵین، هەرچەندە هێڵی ئینتەرنێت بچڕابوو، بەڵام ئێمە بە تەلەفۆن روماڵمان دەکرد، هێزێکی ئێجگار زۆری ئەمنی لە پۆلیس، ئاسایش و چالاکە مەدەنییەکانی لێ بوو، بەڵام خەڵکیان پێ کۆنترۆڵ نەدەکرا.

میت چەندینجار بۆمبی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا، بەڵام ئێمە دەبوو بەردەوام بین، ئەفسەرێکی ئاسایش هاتە لام و وتی لێرە مەمێنە ئەگەرنا میت دەتکوژن، چونکە جلەکانت دیارن کە جلی رۆژنامەنوسییە، دیسان هاتەوە و وتی لێرە بڕۆ ئەگەنار دەتگرین، بەڵام من هەر نەڕۆشتم!

دۆخەکە تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو، چەند بریندار و کوژراوێک لە ریزی خۆپیشاندەراندا هەبون، من ھەر ھەموی بەچاوی خوم بینی، ئەمجارەش ئاسایش هات و وتیان چەند خولەکێکی تر لێرە بیت دەتکوژن، میت بە فڕۆکە و تەقە و هێنانی هێز خەریکی بوو بڵاوەی بە خەڵک دەکرد، منیش ئەمجارە ناچاربوم بچم بۆ ماڵی دایکم لە دێرەلۆک تاوەکو نان بخۆین و پشویەک بدەین.

شەوێک لە زیندان!

کاتژمێر 6:45 خولەک چوینە دێرەلوک، بەهۆی تەنگەنەفەسی خۆم و کامێرامانەکەوە، ناچار چوینە نەخۆشخانە، کاتێک لە نەخۆشخانەکە هاتینە دەرەوە، کەسێکی مەدەنی کە دوو کەسی تری لەگەڵدا بوو دای لە جامی ئۆتۆمبێلەکەم و وتی، "کاک بڕیار وەرە خوارەوە"، وتم ئێوە کێن، وتیان ئاسایشین، یەکسەر ئەو دەستی برد بۆ مۆبایلەکەم و بردیی و وتی وەرنە خوارەوە.

کە دابەزین بینیم دوو ئۆتۆمبێلی ئاسایش لەدوای ئۆتۆمبێلەکەمەوە وەستاون، یەکسەر ئێمەیان سواری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کرد کە جامڕەش بوو، بە زمانێکی بادینی باش قسەیان دەکرد و وتیان دەتانبەین بۆ ئاسایشی ئامێدی.

منیش پێم وتن زۆر باشە، بەڵام دایک و خێزان و منداڵەکانم چاوەڕێی منن و پێم وتون دێمەوە پێکەوە نان دەخۆین، وتیان نابێت، وتم باشە با تەلەفۆنێک بکەم تکایە، بەوەش رازی نەبون و وتیان "ئەمرمان پێ نییە".

ئێمەیان بردە ئاسایش ئامێدیی و مۆبایل و تەواوی کەلوپەلە رۆژنامەوانی و شەخسییەکانیان لێ وەرگرتین، تەنانەت قایشی پانتۆڵەکانیش!

بۆ ژوری لێکۆڵینەوە!

ئەوە شەوە خەومان نەبوو، هەم ترس هەم نیگەران. کاتژمێر 1:30ی شەو لە دەرگایاندا و وتیان بڕیار با بێت، بەڕاستی منیش ترسام، وتم دیارە ئەشکەنجەم دەدەن، خۆ قابیلە بەم شەوە چ کارێکیان هەبێت.

منیان بردە ژورێک و هەندێک زانیاریی سەرەتاییان لێ پرسیم، وتیان بۆچی لە دهۆکەوە هاتوی بۆ ئامێدی بۆ روماڵ، دەیوت ئێوە زانیوتانە خۆپیشاندان دەکرێت، منیش تێمگەیاندن کە ئێمە بۆ روماڵی هێنانەوەى تەرمی سێ شەهیدی بۆردومانەکانی تورکیا هاتوین.

ئەفسەری لێکۆڵینەوەکە وتی تۆ پەکەکەیت؟ وتم نەخێر، من تەنها رۆژنامەنوسێکم و کاری خۆم دەکەم لە ئێن ئاڕ تی، وتی بۆ کێ ئیش دەکەیت؟ وتم ئێن ئاڕ تی، وتی نا، مەبەستم کام لایەنی سیاسی، منیش زۆر بە رونی وتم کە من تەنها رۆژنامەنوسم و خەریکی کاری خۆمم.

ئەفسەرەکە وتی بۆچی گوێت بە قسەى ئاسایش نەدا و لە روماڵ بەردەوام بویت، وتم من تەنها ئیشی خۆم کردووە و ئەرک و مافی من بووە رۆماڵ بکەم.

لەم قسانەدابوین، کارمەندێکی ئاسایش هات و وتی دایک و خێزان و برا و کەسوکاری بڕیار هاتون و لە دەرەوەن، ئەفسەرەکە وتی پێیان بڵێ لێرە نییە!

منیش وتم ئەفسەر تەنها با یەک جار ئەوان ببینم، دواتر با 10 رۆژ لێرە زیندانی بم، تەنها با یەک جار بیانبینم و دڵنیایان بکەمەوە کە سەلامەتم، بەڵام ئەفەسەرەکە رەتیکردەوە و وتی "ئەمرمان پێ نییە!".

کاتژمێر نزیکەى سێ شەو بەرەبەیان بوو، کەسێک هات و وتی دەتوانن ئێوە بڕۆن، دواتر ئەفسەرێک وت، کەلوپەلەکانی ئێوە لای ئێمە دەبێت، وتم ئەى مۆبایلەکەم، وتی ئەوانەش لای ئێمە دەبن، تەنها سویجی ئۆتۆمبێلەکەم وەرگرت.

هەموو برادەرانی تر دەستگیرکرابون!

بەو شەوە ئێمە لێماندا بۆ دهۆک، لە رێگادا داوام لە گەنجێک کرد مۆبایلەکەی بەکاربهێنم و بەهۆیەوە دایک و خێزانم ئاگادارکردەوە کە سەلامەتین، وتیان وەرەوە بۆ دێرەلوک، وتم جارێ با برادەران بگەیەنمەوە بۆ دهۆک.

کە چوینەوە بۆ ئۆفیسی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک، ئەحمەد زاخولی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی زاخۆی لێبوو، وتم کوان برادەران، وتی هەمویان دەستگیرکراون.

یان واز لە ئێن ئاڕ تی بهێنە یان لە زینداندا دەمری!

بۆ بەیانییەکەى، واتە 27ی کانونی دووەمی 2019،  ئاسایشی دهۆک بانگیان کردم، وتیان ئێوە تۆمەتبارن بە مادەی 156 و دەبێت بچنە بەردەم دادگا، وتم ئاخر بۆ، وتی تۆمەتبارن!

ئەفسەرێکی ئاسایش لەوێ بوو، پێی وتم یان واز لە ئێن ئاڕ تی بهێنە و کاریان لەگەڵ مەکە یاخود سەری خۆت دەخۆیت و لەناو زینداندا دەمری، یان لە دەرەوە دەکوژرێیت، ئەو بە زمانێکی ئامۆژگاری پڕ لە هەڕەشە دەیوت، "بابە تۆ منداڵت هەیە!".

کە چوینە دادگا، وتیان سبەینێ وەرنەوە، بەڵام ئیتر تەلەفۆنیان نەکردەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تییان داخست، دوای چوار مانگ رادەستی ئێمە کرایەوە.

جگە لە پێشێلکارییەکانی لێدان و دەستگیرکردن، چەندینجاری تر، بە تایبەت لە خۆپیشاندان و گردبونەوەکاندا، بە ژمارە مۆبایل، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یاخود کەسانی سەر بە هێزە ئەمنییەکان پێیانوتوم کە واز لە ئێن ئاڕ تی بهێنم، بەڵام من رەتم کردۆتەوە!

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT