موختاریش دەست لە رۆژنامەنوسان ناپارێزێت

هەولێر: 11ی ئابی 2021/ موختاری گەڕەكی باداوە بەرلەوەی لە پەخشی راستەوخۆدا روماڵی كەناڵی ئاسمانی سپێدە رابگرێت. وێنەكە لە ڤیدیۆیەكی كەناڵی سپێدەوە وەرگیراوە.

فەرمان سادق – هەولێر

هەردوو كەناڵی ئێن ئاڕ تی و سپێدە لە چاوەڕوانی دادگادان تا ماف بۆ رۆژنامەنوسەكانیان بگەڕێنێتەوە لە بەرانبەر ئەو پێشێلكارییانەی موختاری گەڕەكی باداوە لە هەولێر بەرانبەر بە تیمەكانیان کردویەتی، لە لێدان، سوكایەتیکردن، شكاندنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی و دواتریش رێگریكردن لە روماڵ و هاندانی خەڵك لە دژی رۆژنامەنوسەکانیان.

ئەو پێشێلكارییانە لە 11ی ئابدا بەرانبەر بە هەردوو رۆژنامەنوس ئاكار فارس و كامێرامانەكەی عەبدوڵا مەحمود لە كەناڵی ئاسمانی سپێدەی سەر بە یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان و چۆمان محەمەد و كامێرامانەكەی سەعید ئەحمەد لە كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕ تی، كە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی نەوەی نوێ خاوەندارێتی دەكات كرا.

پوختەی چیرۆكەكە دوای خۆپیشاندانێکی دانیشتووانی گەڕەكی باداوەی هەولێر هات، دژی نەبونی ئاوی خواردنەوە لە كاتژمێر 10ی بەیانی 11ی ئاب، كە بەهۆیەوە شەقامی 100 مەتری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عیراقیان داخست.

کەناڵی سپێدە، یەكەم كەناڵی راگەیاندن بون لە شوێنی خۆپیشاندانەكە روماڵیان دەستپێكرد بوو. "لە پەخشی راستەوخۆدا بۆچونی خەڵکمان وەردەگرت، سێ بۆ چوار کەس قسەیان بۆ کردین و وتیان ئاومان نییە و کەس ئاومان بۆ دابین ناکات، لەپڕ یەکێک هاتە بەردەم کامێراکەمان و وتی من موختاری باداوەم، ئەوانە راستناکەن و ئاویان هەیە خۆم بۆم دابینکردون"، ئاكار فارس، پەیامنێری سپێدە وای وت.

ئەو قسانە نیاز عوسمان، موختاری گەڕەکی باداوە لە پەخشی راستەوخۆدا كردنی.

هەر لەناو راستەوخۆكەدا، موختارەكە دەیەوێت پیاوێکی بە تەمەن بكات بە شاهید بۆ قسەكانی، بەڵام ئەو پیاوە وتی "قابیلە بەو ریشە سپییەوە درۆ بکەم، ئاومان نییە و راستناکەیت".

ڤیدیۆ: دەقی وتەكانی موختاری گەڕەكی باداوە لەكاتی روماڵی خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی گەڕەكەكە دژی نەبونی ئاوی خواردنەوە. ڤیدیۆ: كەناڵی سپێدە

لەوكاتەدا موختارەكە پەلاماری تیمەكەی كەناڵی ئاسمانی سپێدە دەدات. "هەر موختارەكە نەبوو، دوو كەسی تریش كە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردابوو سەرەتا سەیریان دەكردین، بەڵام دواتر پەلاماریانداین، پاڵیان پێوەدەناین و هەڕەشەی شكاندنی كامێراكەیان لێكردین و بە شەق ئێمەیان بۆ ئەوبەری شەقامەكە پاڵنا و پەخشی راستەوخۆیشیان پێڕاگرتین"، ئاكار فارس وایوت.

ئاكار فارس جەختیكردەوە لەوەی موختار و دوو كەسەكە چەكیان پێ نەبووە، بەڵام بەشەق پەلاماریانداون، بێئەوەی هیچ شوێنێكی جەستەیان برینداربێت. "ئێمە بۆ سەلامەتی گیانی خۆمان روماڵمان راگرت و شوێنەكەمان بەجێهێشت". بەو هۆیەوە تیمەكەی سپێدە تەنیا توانیان 10 خولەك روماڵ بكەن.

ئێمە بۆ سەلامەتی گیانی خۆمان روماڵمان راگرت و شوێنەكەمان بەجێهێشت

دواتر، تیمی كەناڵی ئێن ئاڕ تی، لە گەشتی هەواڵەكانی كاتژمێر یەكی پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژدا، دەستیان بە روماڵی خۆپیشاندانەكە كرد. چۆمان محەمەد پەیامنێری ئەو كەناڵە، دەڵێت "هەمان موختار (نیاز عوسمان) هەڕەشەی لە خۆپیشاندەران دەكرد كە نابێت قسە بۆ ئێمە بكەن... دەیوت ئێن ئاڕ تی ئاژاوەگێڕە".

"کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ بە راستەوخۆ بەشداریم لە گەشتی هەواڵەکاندا کرد و نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر هاوشانی خەڵەکەکە قسەی بۆ کردین... كاتژمێر یەك و 35 خولەك كاتێك قایمقام خۆپیشاندەرانی بەجێهێشت، موختارەکە بانگی کردم وتی قسەتان بۆ دەكەم... لە پەخشی راستەوخۆدا وتی ئێوە كەناڵێكی گێرە شێوێنن"، چۆمان محەمەد زیاتر وتی "هەر لەوكاتەدا، براکەی هێرشی کردە سەر کامێرامانی ئێن ئاڕ تی، منیش وتم: بۆ هێرشماندەكەنە سەر، ئەمجارە موختارەکە خۆی هێرشی کردە سەر من و بە بۆکس لە من و سەعیدی وێنەگریان دا".

چۆمان زیاتر وتی "برای موختارەکە بە بەرد دوامان کەوت و موختارەکەش مایکی ئێن ئاڕ تی لێسەندم و تا توانی کێشای بە زەویەکەدا و شکاندی". بەو شێوەیە، تیمەكەی ئێن ئاڕتیش لەژێر فشار و هەڕەشەدا رۆماڵیان راگرت.

برای موختارەکە بە بەرد دوامان کەوت و موختارەکەش مایکی ئێن ئاڕ تی لێسەندم و تا توانی کێشای بە زەویەکەدا و شکاندی

ئەو گلەیی لەوە دەكات لەو كاتەدا هێرشیانكراوەتەسەر، پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان بێدەنگ بون و هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە. بەڵام  وتی "دوای ئەوەی رۆماڵیان پێ راگرتین و دوریانخستینەوە ئینجا پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان هاتونەتە نێوانمان".

"ویستم بچم مایکەکەم بهێنمەوە، بەڵام پۆلیسەکان وتیان ئێمە دەیهێنینەوە".

تیمی ئێن ئاڕتی دواتر بڕیاردەدەن جارێكی تر رۆماڵی خۆپیشاندانەكە بكەنەوە، "ئەمجارە موختارەكە خەڵكی لە دژمان هاندا و دەستیانخستە سەر زومی کامێراکە و ویستیان هێرشبکەنەوە سەرمان، بەڵام خۆپیشاندەران رێگەیان پێنەدان و ئێمەش كاتژمێر دوو و 10 خولەك بەرلەوەی خۆپیشاندانەكە تەواوبێت شوێنەكەمان بە ناچاری بەجێهێشت".

ئەو پێشێلكاریی و رێگرییە لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2007دا دەركراوە، رۆژنامەنوس سەربەخۆیە لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەیدا و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا.

لە بڕگەی چوارەمی هەمان ماددەدا هاتووە "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".

xopeshandan-6
هەولێر: 11ی ئابی 2021/ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی گەڕەكی باداوە دژی نەبونی ئاوی خواردنەوە. وێنەكە لە ڤیدیۆیەكی كەناڵی سپێدەوە وەرگیراوە.

هەردوو دامەزراوەی سپێدە و ئێن ئاڕتی، دەیانەوێت لەڕێی دادگاوە سزای ئەو هێرشبەرانە بدرێت بۆ سەر تیمەكانیان، بۆیە ئێن ئاڕ تی لە بنكەی پۆلیسی باداوە سكاڵای یاساییان لە دژی نیاز عوسمان، موختاری گەڕەكەكە و براكانی تۆماركردووە و كەناڵی سپێدەش بە نیازی سكاڵان.

عەبدولکەریم ئەحمەد، بەڕێوەبەری کەناڵی سپێدە وتی "ئەو کەیسە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەبینین، چونكە پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان گەیشتۆتە ئاستێك لەسەر روماڵی بابەتێكی كۆمەڵایەتیی و خزمەتگوزاریش هەر رێگرییان لێبكرێت و سوكایەتییان پێبكرێت، پێشتر زۆرینەی كات لە پرسە سیاسیی و ئەمنییەكان پێشێلكاریی بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان دەكرا".

"دەمانەوێت بەو سکاڵایە مافی پەیامنێر و وێنەگرەکەمان و کەناڵەکەمان بگەڕێنینەوە و لە هەمانکاتدا بە یاسا سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێین کە بەرانبەر بە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکرێت"، بەڕێوەبەری کەناڵی سپێدە بۆ (کەرکوک ناو) زیاتر جەختیكردەوە "لەم رۆژانە سكاڵا تۆماردەكەین".

بەڵام کەناڵی ئێن ئاڕ تی، هەمان رۆژی پێشێلكارییەكە سكاڵای لە دژی نیاز عوسمان رەشید، موختاری گەڕەکی باداوە تۆمارکرد، ئەوەش وەك نەجات ئەحمەد، لێپرسراوی نوسینگەی ئەو کەناڵە لە هەولێر جەختیلێكردەوە.

ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی لێپرسراوانی هەردوو كەناڵی ئێن ئاڕتی و سپێدە دژی پێشێلكاری موختاری گەڕوكی باداوە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسەكانیان. ڤیدیۆ: دەزگای میدیایی ئێستا

پەیامنێری (كەركوك ناو)، چەند جارێك پەیوەندی بە لێپرسراوانی پۆلیسی هەولێرەوە كرد، لەبارەی كەیسەكە و بێدەنگبونی پۆلیسیش لەكاتی پێشێلكارییەكەدا دژ بە رۆژنامەنوسان، بەڵام ئامادەنەبون هیچ زانیارییەك بدركێنن.

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، رۆژی دوای روداوەكە و لە 12ی ئاب داوای لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كرد، رێكاریی یاسایی بگرێتەبەر بەرانبەر بە بكەرانی ئەو كارە و رێگریی بكات لە دوبارەبونەوەی پێشێلكاری لەو شێوەیە.

سەندیكاكە لە بەیاننامەیەكدا لەگەڵ ئیدانەكردنی ئەو كارە، هاوكات جەختدەكاتەوە لەوەی "ئەوە پێشهاتێك و جۆرێكی تازەیە لە جۆرەكانی پێشێلكاری بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان".

موختار بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، پێویستە دوای راسپاردنی بۆ ئەركەكەی، ئامارێكی وردی دانیشتووانی گەڕەك یان گوند ئەنجامبدات، زانیارییەكان لە تۆمارێكدا هەڵبگرێت بەشێوەی نهێنی. لەگەڵ ئاگاداركردنەوەی لە پەیوەندیدار لە هەر جموجۆڵ و كارێكی گوماناوی كە هەڕەشە لە بارودۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكات. یان هەر زیادەڕۆییەك لەسەر موڵك و ماڵی گشتی و كارە نایاسایی و نامۆكان وەكو ئەو كارانەی دورن لە رەوشتی باش.

گۆران دیبەگەیی، پارێزەری تۆڕی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان کە هاوكات پارێزەری كەیسی پەیامنێرەکەی کەناڵی ئێن ئاڕ تییە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دۆسییەکە لە دادگایە و چاوەڕوانی رۆژی دادگاییكردنین... بەڵام ئەم كەیسە بەداخەوە لەبەرئەوەی بەڵگەی پێویست هەیە، وێنە و ڤیدیۆ زۆرن و لەبەردەستن كە ئەم موختارە بە چ شێوازێكی ناشارستانی سوكایەتی بە رۆژنامەنوسان دەكات، دەبوو دەستەی مافی گشتی لە داوكاری گشتی بەر لە تۆماركردنی سكاڵا موختارەكەی دەستبەسەر بكردایە و مۆرەكەشی لێ وەرگرتایەتەوە".

بەپێی زانیارییەكان كە (کەرکوک ناو) لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە، موختارەكە بەكاتی لادراوە، هەوڵەكانی پەیامنێرانی (كەركوك ناو)یش ئەنجامی نەبوو بۆ قسەكردن لەگەڵ ناوبراو.

گۆران دیبەگەیی پێیوایە ئەو كەیسە دەبێت بەپێی ماددەی 413 لە یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، كە تایبەتە بە لێدان. بەڵام هێشتا دیار نییە كە دادوەر چ بڕیارێک دەدات.

بەپێی ئەو ماددەیە هەر کەسێک بەئەنقەست هێرشبکاتە سەر کەسێکی دیکە بە لێدان و توندوتیژیی، یان هەر کارێکی تری نایاسایی و برینداری بکات یان نەخۆشی بخات، ئەوا بە زیندانی لە ساڵێک زیاتر نەبێت یان غەرامە یاخود هەردوکیان سزادەدرێت. بەڵام ئەگەر هێرشەکە ببێتەهۆی شکانی ئێسک یان کەسی قوربانی بۆ ماوەی زیاتر لە بیست رۆژ نەیتوانی بچێتەوە سەر کارەکەی، ئەوا هێرشبەرەکە بە زیندانی سێ ساڵ و غەرامە یاخود یەکێکیان سزادەدرێت.

"ئێستا چاوەڕێی ئەوەین دادگا یەكەم رۆژی دانیشتن لەسەر كەیسەكە دیاریبكات و مافی خۆمان لەرێی دادگاوە وەربگرینەوە،" نەجات ئەحمەد، لێپرسراوی نوسینگەی سپێدە لە هەولێر ئاوا دەڵێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT