ویستم پیشەییانە روماڵبكەم... دادگاییان كردم

رۆژنامەنوس سۆران عەبدولكەریم. فۆتۆ: ئەكاونتی سۆران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

سۆران عەبدولکەریم

"چۆن تاوانیتان بێنە ئێرە؟ ئێوە بەدوای كێشەدا دەگەڕێن، ئەی نازانن هاتن بۆ ئەم ناوچەیە قەدەغەیە و بۆ هیچ كەسێك رێپێدراو نییە"، ئەفسەرێكی سوپای لە بازگەیەكی سنوری قەزای دوبز لە پارێزگای كەركوك وای پێوتم، دوای ئەم قسەیە مۆبایل و هەموو كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان لێسەندم، حەوت كاتژمێر دەستبەسەریان كردم، دواتر روبەڕوی دادگا كرامەوە و بەكەفالەت ئازادیانكردم.

ئەم چیرۆكەم كاتێك دەستیپێكرد ویستم بە شێوەیەكی پیشەیی و پڕۆفیشناڵ لەسەر كێشەی زەویوزاری جوتیارانی كورد و عەرەب لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان كارێكی رۆژنامەوانی بكەم، كارەكەم لەكاتێكدا بوو هەردولا كاتژمێر سفریان دیاریكردبوو بۆ شەڕكردن.

من سۆران عەبدولکەریم ماوەی 13 ساڵە لە بوارە جیاجیاکانی میدیادا كاردەكەم، رۆژنامە، رادیۆ و ماڵپەڕ و تەلەفزیۆن، دواهەمینیان کارکردنم بوو لە تۆڕی میدیایی ژیان – نوسینگەكەی لە سلێمانییە-.

لەو ماوەیەی كاركردنمدا وەكو رۆژنامەنوس لە پارێزگای كەركوك، روبەڕوی چەندین گرفت و رێگریی و پێشێلكاریی بومەتەوە.

نوێترین پێشێلكاری بەرامبەرم كرابێت

دەستگیركردنم لە سنوری قەزای دوبز و بەدیاریكراوی لە گوندی پەڵكانە لە 14ی كانونی یەكەمی 2020، نوێترین ئەو پێشێلكارییانەیە كە بەرامبەر كرابێت. كاتێك ویستم روماڵی ناكۆكی نیوان جوتیارانی كورد و عەرەب بكەم لەسەر زەویی كشتوكاڵی، ناكۆكییەكە بەشێوەیەك بوو خەریك بوو سەربكێشێت بۆ پێكدادانی چەكداری.

رۆژی هەینی 11ی کانونی یەکەمی 2020، فەرماندەی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی کەرکوک سەردانی گوندی پەڵکانەی کرد و لەگەڵ هەردوو لایەنی ناكۆكی گوندی پەڵكانە كۆبونەوە. بەڵام كۆبونەوەكە ئەنجامی نەبوو.

هەر دوای كۆبونەوەكە چەند جوتیارێكی كورد پێیانڕاگەیاندنم كە جوتیارە عەرەبەكان تەنیا مۆڵەت 72 كاتژمێریان دیاریكردووە تا گوندەكە چۆڵبكەین، ئەگینا هێز لە دژیان بەكاردەهێنن.

رۆژی 14ی مانگ كە دواڕۆژی مۆڵەتەكە بوو، لەگەڵ چوار رۆژنامەنوسی تر لە كەركوكەوە بەرەو گوندی پەڵكانە (سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز) بەڕێكەوتین. ئامانجی من ئەوەبوو لەیەككاتدا بۆچونی هەردوو لایەن لە كورد و عەرەب بگوازمەوە و كارێكی پیشەیی بكەم. بەڵام گەیشتن بەو شوێنە هەروا ئاسان نەبوو.

دوای تێپەڕبون بە پێنج بازگەدا، كاتژمێری 10ی بەیانی، گەیشتینە لای جوتیارە كوردەكان لە گوندی پەڵكانە، لەوێ لایڤم بۆ دەزگاكەم (ژیان) كردەوە و ئەوان قسەی خۆیان كرد.

soran. arabbb
كەركوك/ 11ی کانونی یەکەمی 2020/ سۆران عەبدولكەریم لە گوندی پەڵكانە لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان لەكاتی روماڵی كێشەی زەویوزاری جوتیاران. فۆتۆ: ماڵپەڕی ژیان

گوندی په‌ڵكانه‌، یه‌كێك له‌ 42 گونده‌كه‌ی سه‌رگه‌ڕان و ده‌كه‌وێته‌ باكوری خۆرئاوای كه‌ركوك، نزیكه‌ی 25 ماڵی تێدایه‌ و روبه‌ره‌كه‌ی زیاتر له‌ 60 هه‌زار دۆنم زه‌ویی به‌پیتی كشتوكاڵی و نه‌وتی تێدایە.

بە جوتیارە كوردەكانم وت: دەچم بۆچونی جوتیارە عەرەبەكانیش وەردەگرم، ئەوان وتیان بڕۆ، بەڵام سوپا و دەزگا ئەمنییەكان رەنگە دەستگیرتان بكەن، چونكە تائێستا رێگەیان بە كەس نەداوە. ئەمە شتێك بوو ئێستاش هۆكارەكەیم بەتەواوی نەزانی.

جوتیارە عەرەبەكان لە هەمان گوند-دا بون، بەڵام بۆ ئەوەی شەڕ رونەدات، لە نێوان هەردوو لایەندا بازگەی كاتی هەبوو و هەمەری سەربازی لە ئامادەباشیدابون و جێگیركرابون. ئەوكات فرقەی هەشتی سوپا لەوێ بون.

تا گەیشتم بە جوتیارە عەرەبەكان دوو بازگەم بەبێ كێشە بڕی، لەوێ چوینە دیوەخانی سەرۆكی هۆزی شەمەر كە ناكۆكییان لەگەڵ جوتیارە كوردەكاندا هەبوو. پێشوازییان لێكردین و لەڕێی لایڤەوە بۆچونی خۆیان دەربڕی، هەروەكو جوتیارانی كورد چەند بەڵگەیەكیان نیشانداین لەبارەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان.

دوای نزیکەی دوو کاتژمێر، لای ئەوانیشمان بەجێهێشت. 

پێشێلكاریی دەستیپێكرد

لەگەڵ بەڕێكەوتنماندا بەرەو كەركوك، لەیەكەم بازگەی سوپادا لە نزیك گوندی پەڵكانە، ئەفسەرێکی سوپا رایگرتین، لێکۆڵینەوەی دەستپێكرد، بۆچی هاتونەتە ئێرە؟ كارتان چییە و چۆن توانیوتانە بگەنە ئێرە؟

من و چوار هاوڕێیەكەی ترم وتمان بۆ كاری رۆژنامەوانی هاتوین و بۆچونی هەردوو لایەنی كێشەكەمان وەرگرتووە و دەگەڕێینەوە.

ئەفسەرەکە رەنگی سورهەڵگەڕا، بە شپرزەییەوە وتی ئێوە دەتانەوێت کێشە دروستبکەن؟ بەدەنگی بەرز و چەندینجارێك دوبارەی كردەوە: دەبێت هەر ئێستا هەموو ئەوانەی ریكۆردمان كردەوە بیسڕینەوە. دەزانن لەسەر ئەم كارەی ئێوە من سزادەدرێم؟

ئێمە پێداگریمان كرد، لەوەی نایسڕینەوە، چونكە رۆژنامەنوسین و داواكەیمان رەتكردەوە.

بەڵام ئەفسەرەکە سوربوو لەسەر داواكەی، وتی کوا مۆڵەتی هاتنتان بۆ ئەم ناوچە مەترسیدارە؟ ئێمەش باج و  بەڵگەنامەی رۆژنامەوانیمان نیشاندا.

ئەفسەرەکە وتی "ئەمانە نایخوات، من تەنیا نوسراوی فەرمی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی كەركوكم دەوێت".

ئەمانە نایخوات، من تەنیا نوسراوی فەرمی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی كەركوكم دەوێت

من وتم ئێمە رۆژنامەنوسین و بۆ روماڵکردنی روداوەکان باج و بەڵگەنامەی دەزگاكانمان هەڵدەگرین و بۆمان هەیە روماڵی روداوەکان لە هەموو شوێنێك بکەین. ئەفسەرەکە لەگەڵ گوێگرتن بۆ ئەو قسانە تەلەفونی بۆ سەروی خۆی دەکرد، دیاربوو پێی راسپێردرابوو کە راستەوخۆ مۆبایل و کەرەستەکانمان لێ وەربگرێت.

هەڕەشەی لێكردین، وتی هەر دەبێت ئێستا مۆبایلەكانتان بكوژێننەوە و لەگەڵ هەموو كەرەستە رۆژنامەوانییەكانتان رادەستی بازگەكەی بكەن. تەنانەت نەیهێشت فریای ئەوە بكەوین ژوری هەواڵی دەزگاكانمان ئاگاداربكەینەوە. لەپاڵ وەرگرتنی كەلوپەلەكان دەستبەسەری كردین، كراینە ناو پیكئەپێكی سەربازییەوە.

دوو کاتژمێر لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا دانیشتین و سێ هەمەری سەربازیش بەدەورمانەوەبون. دواتر بەهۆی مەترسی پێكدادانی جوتیارانی كورد و عەرەب، كەمێك ئێمەیان لە بازگەكە دورخستەوە، چونكە مۆڵەتە 72 كاتژمێرییەكە لە تەواوبوندابوو.

بەگشتی دوای سێ كاتژمێر لە دەستبەسەركردنمان، ئەفسەرێكی سوپای پێیوتین: دادوەر بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عیراقی بڕیاری دەستگیركردنی داون و دەدرێنە دادگا.

بەپێی ماددەكە هەركەسێك پێشیلی فەرمانێك بكات كە لە فەرمانبەرێك یان راسپێردراو بە خزمەتی گشتی، یان لە ئەنجومەنی شارەوانییەكان، یان لە دەستەیەكی رەسمییەوە دەرچوبێت، لە سنوری دەسەڵاتی یاساییاندا ئەوە سزادەدرێت بە زینداینكردن لە شەش مانگ زیاتر نەبێت.

هەر ئەو ئەفسەرە وتی: رادەستی پۆلیسی ناحیەی سەرگەڕانتان دەكەین و لەوێ لێكۆڵینەوەتان لەگەڵدا دەكرێت.

رادەستی پۆلیسی ناحیەی سەرگەڕانتان دەكەین و لەوێ لێكۆڵینەوەتان لەگەڵدا دەكرێت

لە گوندی پەڵكانەوە بەرەو ناحیەی سەرگەڕان بەڕێكراین، دوو هەمەری سەربازیی لە پێشمانەو دەڕۆیشت و دووانی تر لە دوامانەوە بون.

لە بنكەی پۆلیس نزیك خۆرئاوابون بوو، براینە ژوری ئەفسەری ئێشكگر و دیسان لێکۆڵینەوەی وردمان لەگەڵدا کرا و وتەمان لێوەرگیرا. لەوێ داوامانكرد هەرچۆنێك بێت مۆبایلەكانمان بدەنەوە تا بتوانین كەسوكار و دەزگاکانمان ئاگاداربكەینەوە. ئەوانیش تەنیا بۆ دوو خولەك مۆبایلەكانیان پێداینەوە و دواتر لێیان وەرگرتینەوە.

دوای تەلەفونەكە، هەواڵی دەستگیركردنمان لە ژمارەیەك دەزگای راگەیاندندا بڵاوبۆوە، چەند رێكخراو و سەندیكایەكیش بەیاننامەیان دژی دەستگیركرنمان هەبوو.

پێموایە بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیركردنمان هۆكاربوو بۆ ئەوەی ئازادبكرێین، بەڵام وتیان هەریەكە و دەبێت پێنج كەفیل بهێنێت.

لەوكاتەدا مۆبایلەكانیان پێداینەوە بۆ ئەوەی كەفیل پەیدابكەین، لەبەرئەوەی كات گەیشتبووە نۆی شەو، ئەركەكەمان بۆ پەیداكردنی كەفیل قورس بوو، دواتر وتیان یەكی سێ كەفیل بهێنن، لەوكاتەدا چەند هاوڵاتییەكی گوندی پەڵكانە بونە كەفیلمان.

پۆلیس جگە لە كەفیل، تەنیا بە مەرجی ئەوەش ئازادی كردین، كە بۆ رۆژی دواتر بچینە دادگای دوبز و لەوێ دادگایی بكرێین.

لە ناحیەی سەرگەڕان بۆ ئەوەی جارێكی تر لە چەند بازگەیەكی تر نەدەین و كێشەمان بۆ دروستنەبێت، بەرەو رێگای هەولێر بەڕێكەوتین، چوینە نزیك هەولێر و لەوێ جارێكی تر بۆ كەركوك گەڕاینەوە، ئەمەش نزیكەی كاتژمێر و نیوێكی خەیاند.

رۆژی دواتر 15ی كانونی یەكەم، لە كەركوكەوە بەرەو دادگای دوبز بەڕێكەوتین، كە گەیشتینە دادگای دوبز، هەرسێكمان یەک بە یەک بانگدەکراینە لای دادوەری لێکۆڵینەوە و جارێكی تر لێکۆڵینەوەی وردمان لێ دەکرا، چۆن چوون بۆ پەڵكانە، بۆچی چوون؟ ئایا ئێوە رۆژنامەنوسن؟

پاش شەش کاتژمێر راگرتن و لێكۆڵینەوە، بە مەرجی هێنانی نوسراوێکی پشتگیری لە دەزگاکانمان و بە مەرجی ئەوەی جارێكی تر بەهیچ شێوەیەك نەچینەوە بۆ گوندی پەڵكانە ئازادیان كردین، بۆ ئەوەش بەڵێیننامەیان پێ پڕكردینەوە و بە كەفالەتی یەك ملیۆن دینار ئازادیان كردین.

بۆ رۆژی سێیەم نوسراوی پشتگیریمان لە دەزگاکانمان بردە دادگای دوبز و دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستی دەستی، نوسراوەکەیان لێوەرگرتین و دۆسییەكەیان داخست.

هەمان رۆژ دوای ئەوەی ژمارەیەك دەزگای تر راپۆرت و هەواڵیان لەسەر ئەو روداوە كرد، ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی گوایا ئێمەی رۆژنامەونوس، بەبێ مۆڵەت چوینەتە ئەو ناوچەیە.

هێزە ئەمنییەكان دەڵێن پەڵكانە و دەوروبەری ناوچەی قەدەغەكراوە. بەڵام ئەوە بەلای ئێمەوە جێی سەرسوڕمانە، چونكە ناوچەكە خەڵكی مەدەنی تیادا دەژیت و خاڵی پشكنین و سەربازی لێیە.

من لەوكاتەوە بۆ كاری رۆژنامەوانی نەگەڕاومەتەوە ئەو ناوچەیە، ئەم رێگرییە بووە سەرەتاییەك بۆ ئەوەی نەتوانم بە ئازادی لە هەندێك شوێنی كەركوك كاری رۆژنامەوانی بكەم و هەندێك كات لە ترسی دوبارەبونەوەی مامەڵەی لەم شێوەیە ناچاربوم لەو ناوچانە روماڵ نەكەم كە ئەو هێزانەی لێیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT