مێری زەید؛ ئەو خانمە كریستییانەی لە سێ روماڵدا سوكایەتیی و هەڕەشەی لێكرا

مێرى زەید (27ساڵ)، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی لە دهۆك. فۆتۆ: ئەكاونتی مێری لە فەیسبوك

عەمار عەزیز

"بڕۆ وەلبە و لێرە مەمێنە.. ئێوە ئاژاوەگێڕن"، مێرى زەید كاتێك دەیویست روماڵی ناڕەزاییەكی هاوڵاتیان بكات لە نیسانی ئەمساڵ بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا كراو وەك خۆی دەڵێت "جوێنی ناشرینی پێدراوە"، دوای دوو مانگ لە كاتی روماڵێكی تردا هەڕەشەی شكاندنی مایكەكەیان لێكرد، ئەگەر بەردەوامبێت لە روماڵ.

خانمە راگەیەندنكار مێرى زەید (27ساڵ)، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی لە دهۆك، لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا سێجار لەكاتی روماڵدا پێشێلكاریی بەرامبەر كراوە، لە رێگریی لە كاركردن، سوكایەتی و هەڕەشە. دەڵێت "كاری راگەیاندن لە پارێزگای دهۆك تەحەدییە بە تایبەت بۆ خانمان".

مێرى لە پێکهاتەى ئایینی کریستیانىیە، ساڵى 2017 دەستى بە کارى راگەیاندن کردووە و یەکەم وێستگەى کارکردنى لە تەلەفزیۆنى داسنیا بوو - تیڤییەکى ناوخۆییە لە دهۆك-. دواتر لە ساڵی 2019ەوە لە ئێن ئاڕتى كاردەكات، هەم وەكو پێشكەشكار هەم وەكو پەیامنێر.

یەكەم پێشێلكاریی: رێگریی و هەڕەشە

لە 28ی نیسانی ئەمساڵ، مێری لەلایەن لێپرسراوانی كەناڵەكەیەوە رادەسپێردرێت، بۆ روماڵی گردبونەوەیەكی ناڕەزایی ژمارەیەك هاوڵاتی دژی خاوەنی یەكەیەكی نیشتەجێبون بەناوی هێژا سیتی لە دهۆك.

"من و کامێرامانەکەم گەیشتینە بەر دەرگاى پڕۆژەکە، لەوكاتەدا کەسێک هاتە بەردەممان، نەمانزانى ئاسایشە، یان لایەنگرى خاوەن پڕۆژەکەیە... دەستی بە قسەكردن كرد: ئەگەر لێرە دورنەكەونەوە مایكەكەت لەت لەت دەكەم و دەیشكێنم"، مێری وایوت.

لەوكاتەدا مێری دەڵێت بۆچی مایكەكە دەشكێنی، ئەو كەسەش دەڵێت "چونكە كەس قسە بۆ ئێوە ناكات".

ئەو كەسە، بە وتەی مێری "قسەی زۆر ناشرینی بە كەناڵەكەم و شاسوار عەبدولواحێد خاوەنی كەناڵەكە وتووە... قسەكان ئەوەندە ناشرین بوون ناتوانم باسی بكەم".

قسەی زۆر ناشرینی بە كەناڵەكەم و خاوەنی كەناڵەكە وت... قسەكان ئەوەندە ناشرین بوون ناتوانم باسی بكەم

ئەو كەسە هەوڵدەدات رێگریی لە تیمەكەی ئێن ئاڕتی بكات بچنە ناو پڕۆژەكەوە و روماڵ بكەن، وتویەتی "ئێوە حەیای خۆتان بردووە و كەس قسەتان بۆ ناكات"، مێری وتی "لەوكاتەدا دەزگایەكی نزیك لە پارتێکی سیاسی هاتن و رێگریشیان لێنەكرا و وێنەی خۆیان گرت بەبێ كێشە".

مێری وتی "یەكەمجارم بوو لە ژیاندا كەسێك بەو شێوەیە رەفتارم لەگەڵدا بكات، تووشی شۆك بوم... بەڵام پێموت ئێمە دەڕۆین بۆ لای ناڕەزاییەكان بزانین قسەمان بۆ دەكەن یان نا"، زیاتر وتی "لەوكاتەدا سێ كەس لە خۆپیشاندەران هاتن و وتیان قسەتان بۆ دەكەین، ئەوە بوو لەو كەسە دوركەوتینەوە و وتەمان لێوەرگرتن و گەڕاینەوە بۆ نوسینگەكەمان".

دوو پێشێلكاریی تر لەیەك رۆژدا: رێگریی لە روداوێكی گەورەدا

لە چواری حوزەیرانی 2021، ئاگرێكی گەورە لە كەمپی شاریای تایبەت بە ئاوارەكان كەوتەوە و مێری دەیەوێت روماڵی بكات.

ئاگرەكە بەڕادەیەكی گەورە بوو لەچەند كاتژمێریكی كەمدا، 280 خێمە سوتان و 136 خێزان تەواوی كەلوپەلەكانیان لەناوچوو.

مێری و وێنەگرەكەی لە دهۆكەوە بە نیو كاتژمێر دەگەنە كەمپەكە و كاتژمێر 2ی پاشیوەڕۆ بۆ روماڵكردن دەچنە ناو كەمپەكەوە، بەڵام بەرلەوەی وێنە بگرن، كارمەندێكی كەمپەكە داوای مۆڵەت یان نوسراوی پارێزگاری دهۆكیان لێدەكات.

"بۆ روداوێكی لەم شێوەیە تا نوسراو دەكەیت بۆ مۆڵەت روداوەكەت لەدەستدەچێت"، مێری ئەوەشی بە كارمەندەكە و دواتر بەڕێوەبەری كەمپەكەش وتوە، بەڵام ئەوان سوربون لەسەر ئەوەی بەبێ مۆڵەتی پارێزگاری دهۆك ناتوانن روماڵ بكەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە چەند دەزگایەكی تری رۆژنامەوانی نزیك لە حزبەكان، كە تیمەكانیان هاوڕێی مێری بون،  روماڵیان دەستپێكرد و "رێگرییان لێنەكرا و مۆڵەتیشیان پێنەبوو".

مێری و وێنەگرەكەی بە ناچاری كەمیپیان بەجێهێشت. بەرەو لالش بەڕێكەوتن، تاوەكو ئەو خێزانانە وەربگرن كە لە كەمپی شاریا خێمەكانیان سوتابوو و بە كاتی لەناو لالش جێگەیان بۆ كرابۆوە.

پێشێلكاریی سێیەم بەرامبەر مێری

مێری وتی "هەر کە گەیشتینە بەر دەرگاى بنکەى لالش، بەڕێوەبەرى بنکەى لالش هێرشى دەستپێكرد، سەرەتا کۆمەڵێک قسەى زۆر ناشرینى کرد و وتی: بڕۆن وەل بن و لێرە نەمێنن، ئێوە دەزگایەکى ئاژاوەگێڕن و نابێت قسە لەگەڵ ئاوارەكان بكەن".

زیاتر وتی "دەستى لێ بەرزكردمەوە و بەنیازبوو لێمبدات، بەڵام هەندێک لە ئاوارەى کەمپ هاتنە پێشەوە و رێگەیان پێنەدا... من لەسەرخۆ دەمویست تێیبگەیەنم كە روماڵكردنی بابەتەكە لە خزمەتی ئاوارەكانە، بەڵام ئەو گوێی نەدەگرت، هەر قسەى ناشرینى دەکرد، دواتر دەستی خستە سەر کامێراکە و بە کامێرامانەکەى وت وێنە نەگرێت".

ئەوەی جێی دڵخۆشی بوو بۆ مێری و تیمەكەی، بەهاناوەهاتنی ئاوارەكان بوو، "چەند كەسێكیان هاتن وتیان پێویست ناكات رێگرییان لێبكەیت، ئەوان بۆ لای ئێمە هاتون... تەنانەت سوكایەتی بە ئاوارەكانیش دەكرد و دەیوت نابێت قسە بكەین، ئێمە جێگەی ئێوەمان كردۆتەوە و هیچ كێشەیەكتان نییە ئیتر بۆ قسەیان بۆ دەكەن... ئاوارەكان وەڵامیان دەدایەوە و دەیانوت كێشەمان هەیە و پێویست ناكات منەت بكەیت بەوەی جێگەت كردوینەتەوە".

مێری و وێنەگرەكەی سوردەبن لەسەر ئەوەی دەنگی ئاوارەكان بگەیەنن، هەر بۆیە چەند ئاوارەیەك لە بنكەی لالش دوردەكەونەوە و قسە بۆ ئێن ئاڕتی دەكەن. بەو شێوەیە راپۆرتێك ئامادە دەكرێت لەسەر دۆخی ئاوارەكان دوای سوتانی كەمپەكەیان.

مێری دەڵێت لەسەر ئەو سێ پێشێلكارییە هیچ سكاڵایەكی نەجوڵاندووە "ئەوانە پشتیان ئەستورە و منیش باوەڕم بەوە نییە دادگا مافمان وەربگرێتەوە، بۆیە بێدەنگیم لێكرد، تا ئەم دەرفەتەم بۆ رەخسا باسی ئەو پێشیلكارییانە بكەم".

بە بڕوای مێری، پێشێلکارى بەرامبەر بە هەموو رۆژنامەنوسان دەکرێت، "بەڵام لە سنوری پارێزگای دهۆك زۆرترین كات رۆژنامەنوسی دەزگاکانى ئۆپۆزسیۆن دەكرێنە ئامانج و لەكاتی روماڵیشدا جیاوازییەكی زۆر دەكرێت لە نێوان كەناڵەكاندا".

مێری دەڵێت هەركات روبەڕوی پێشێلكاریی دەبێتەوە دەیەوێت بە نەرم و نیانی بەرامبەر تێبگەیەنێت كە ئەوان ئاژاوەگێڕ نین و كارەكەیان بۆ خزمەتی گشتییە، بەڵام ئەوانەی پێشێلكاریی دەكەن ئامانجیان ئەوەیە خەڵك وا لێبكەن قسە بۆ میدیا نەكەن و بێدەنگبن لە بەرامبەر كەموكورتییەكانیان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT