ماوەی حوكمەكەیان تەواو كردووە
چوار چالاكوانی بادینان بە ساڵێك حوكمدەدرێن و یەكێكی دیكەش بێتاوانە

هەولێر/ 21ی تشرینی یەكەمی 2021/ بەردەم دادگای تاوانەكان دوای كۆتاییهاتنی دانیشتنی دادگاییكردنی چوار چالاكوانی بادینان فۆتۆ: فەرمان سادق

فەرمان سادق – هەولێر

لە پرۆسەی دادگاییكردنی پێنج چالاكوانی بادیناندا؛ یەكێكیان بێتاوانی دەسەلمێنێت و ئەوانیتر یەكی بە ساڵێك زیندانی حوكمدەدرێن، بەڵام زیاتر لەو ماوەیە دەستبەسەربون و بڕیارە راستەوخۆ ئەوانیش ئازادبكرێن.

هەریەك سلێمان كەمال سلێمان، فرسەت ئەحمەد سەعید، سلێمان موسا ئەحمەد، جەمال خەلیل مەجید و عامر خالد عەگید چالاكوانانی بادینان كاتژمێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تشرینی یەكەمی 2021 لە دادگای تاوانەكانی هەولێر دادگاییكران.

پەیامنێری (كەركوك ناو) لەناو دادگادا ئامادەبوو، دەڵێت هۆڵی دادگا بەراورد بە دوو دانیشتنی دیكەی ئەم هەفتەیەی چالاكوان و رۆژنامەنوسانی بادینان ئارامتر بووە، كارمەندی كەمتری ئاسایش لەوێ بون.

ریزێك كورسی كە پشتی لە هۆڵی دادگاكەیە، وەك پەرژینێك نێوانی هۆڵی دادگا و راڕەوێكی سەرەكی جیادەكاتەوە؛ كەسوكاری دەستگیركراون زیاتر لە 80 كەس بون، بەشێكیان لەسەر ئەو كورسییانە و ئەوانیتر روبەڕوی هۆڵی دادگاییەكە لەسەر پلیكانەكان و ناو ڕاڕەوەكەدا راوەستابون، بەوپێیەی رێگەنادرێت بچنە ناو هۆڵی دادگاییەكە و ئامادەی بەڕێوەچونی پرۆسەكە بن.

دوای دوو كاتژمێر و 15 خولەك دەرگای هۆڵی دادگا دەكرێتەوە؛ پارێزەرانی بەرگری بەشدار حەسەن، كامەران سارمەمی، رێباز وسو و كارزان دزەیی مژدەی ئازادكردنی دەستگیركراوان بە كەسوكاریان دەدەن، لەناو ڕاڕەوەكەدا دەنگی پێكەنین و وتنەوەی دروشمی "ئازادی" جێگەی بێدەنگییەكەی پێشتر دەگرێتەوە، كەسوكاری دەستگیركراوان دڵخۆشن و باوەش بە یەكتریدا دەكەن.

dadgaiy rojnamanus (1)
هەولێر/ 21ی تشرینی یەكەمی 2021/ كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان لەبەردەم دادگادا فۆتۆ: فەرمان سادق

دادگا بڕیاریدا بە ئازادكردنی عامر خالد عەگید بەهۆی بێتاوانییەوە، بەڵام چوار چالاكوانەكەی دیكە هەر یەكێكیان بە ساڵێك زیندانی حوكمدران، بەڵام ئەوانیش ئازاددەكرێن، چونكە لە ئەیلولی ساڵی 2020ـەوە دەستگیركراون و ماوەی حوكمەكەیان لەكاتی دەستبەسەریدا تەواو كردووە.

ئەو پێنج چالاكوانە بە پێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 و بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری" دەستگیركرابون بەڵام لەسەر داوای پارێزەرانی بەرگری، ئەو ماددە یاساییە گۆڕدرا بۆ ماددەی 56ی یاسای سزادانی عیراقی.

بەپێی ماددەی 56ی یاسای سزادان "هەر كەسێك ئەندام بێت لەرێككەوتنێكی تاوان تەنانەت ئەگەر ئەو تاواناش ئەنجام نەدات كە رێككەوتنی لەسەر كراوە، سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لەحەوت ساڵ زیاتر نەبێت، ئەگەر ئەو تاوانەی رێككەوتبون لەسەر ئەنجامدانی تاوانی كوشتن بوو. هەروەها سزادەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت یان بە غەرامەی دارایی ئەگەر تاوانەكە كەتن بوو".

بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری بە (كەركوك ناو)ی وت ئەو چوار چالاكوانەی سزای ساڵێكیان بەسەردا سەپێنراوە، لە ئەیلولی 2020 زیندانیكراون، بەو بڕیارەی دادگاش بێت دەبێ ئەوانیش هاوشێوەی عامر خالید ئەمڕۆ ئازاد بكرێن.

هەروەها وتی عامر خالید دەبێت قەرەبوو بكرێتەوە بەوپێیەی هیچ تاوانێكی لەسەر نەسەلێمنراوە و ماوەی ساڵێك زیاترە زیندانییە.

كەسوكاری چالاكوان تا چەند كاتژمێرێكیش لە بەردەم باڵەخانەی دادگادا مانەوە؛ قسەیان بۆ میدیاكان كرد و خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی.

dadgaiy rojnamanus (2)
هەولێر/ 21ی تشرینی یەكەمی 2021/ دایكی سلێمان موسا، یەكێك لە چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان دەستی نزا و شوكرانە بەبۆنەی ئازادبونی كوڕەكەیەوە بەرزدەكاتەوە فۆتۆ: فەرمان سادق

دایكی سلێمان موسا، یەكێك لە چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان كە هەموو دانیشتنەكانی دادگا بەسەر عەرەبانەی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە ئامادەدەبێت، لەبارەی دڵخۆشی خۆی بۆ (كەركوك ناو) وتی، سوپاسی خودا و هەموو پارێزەران و پەرلەمانتاران و كەناڵەكانی راگەیاندن و هەموو ئەوانەی كرد كە پشتگیرییان لێكردون، "ئینشائەڵا خودا لەگەڵ ئێوەدا دەبێت".

دوێنێ چوارشەممە 20ی تشرینی یەكەمیش پرۆسەی دادگاییكردنی چوار چالاكوانی دیكەی بادینان بەڕێوەچوو، بەڵام بڕیاری كۆتایی نەدرا و دانیشتنەكە بۆ 8ی مانگی داهاتوودا دواخرا.

هەروەها سێشەممە 19ی تشرینی یەكەمی 2021 هەریەك لە ئومێدی بەرۆشكی، رۆژنامەنوس و بەدەل بەرواری، مامۆستا و چالاكوانی مەدەنی بادینان یەكی بە ساڵێك زیندانی حوكمدران.

بەدەل بەرواری شەوی رابردوو بەهۆی تەواوكردنی ماوەی حوكمەكەی لەكاتی دەستبەسەریدا، ئازادكرا و گەڕایەوە بۆ دهۆك، بەڵام ئومێد بەرۆشكی بەوپێیەی لە چەند دۆسیەیەكی دیكەدا حوكمی دوو ساڵ و شەش مانگی هەیە، رەوانەی گرتوخانەی زركا دەكرێت و لە دهۆك ماوەی زیندانییەكەی بەسەردەبات.

بەپێی ئامارێكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی ئابی 2020دا تا تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ، حکومەتی هەرێم زیاتر لە 300 کەسی بەتۆمەتی "رێکخستنی خۆپیشاندان و ئاژاوەگێڕی" دەستگیرکردوە، زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆك بون؛ لە ئێستاشدا زیاتر لە 50 كەس هێشتا لە زیندانەكاندا ماون.

بەپێی بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی (CPT) ژمارەی دەستگیركراوانی بادینان زیاتر لە 70 كەسن، بەشێكیان وادەی دادگاییكردنیان نادیارە و زۆرینەشیان لە زیندانی هێزە ئەمنییەكاندا مانیانگرتووە.

بەپێی ماددەی یەكەمی یاسای ژمارە 21 دادگای تاونەكانی هەولێر، لە 16ی شوباتی 2021 سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هه‌ریه‌ك له‌  رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی  (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) ده‌ركرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT