مافی رۆژنامەنووسان ونە
بەشێكیان لە ترسی دەستتێوەردان نایانەوێت رووبكەنە دادگا

ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 17ی حوزەیرانی 2021. فۆتۆ:Austin Distel

عەمار عەزیز

"مايك و كامێرا چەكی منن، ناتوانم بە ئێوەی بدەم" ئەو قسەیە بەس بوو بۆ ئەوەی كاروان سادق، پەیامنێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان لەلایەن هێزێكی ئەمنی دهۆكەوە، بە زەبری هێز و جنێودانەوە لە ئۆتۆمبێلەكەی رابكێشنە خوارەوە و دەستگیری بكەن.

كاروان و كامێرامانەكەی، 13ی ئابی 2020 لەناو ئۆتۆمبێلی دەزگاكەیاندا بە ڕێگاوە بوون بەرەو مەراسیمی ساڵیادی "تیرۆركردنی" رۆژنامەنووس ویدات حسێن عەلی لە گۆڕستانی شاخكێی ناوەندی شاری دهۆك، كاتێك كەوتنە بازگەیەكی كاتی هێزە ئەمنییەكان لە نزیكی ئەو گۆڕستانە، بێ هیچ پرسیارێك دەستبەجێ داوای مایك و كامێراكەیان لێ دەكەن.

"بازگەكە بۆ رێگری بوو لە چوونە سەر گۆڕی ویدات حسێن، نەیاندەویست بە مایك و كامێراوە بڕۆین، بێ ئەوەی داوای پێناسی كاری رۆژنامەوانی بكەن دەیان ویست كامێرا و مایكەكە ببەن، منیش قایل نەبووم، بۆیە بە زەبری هێز وەریان گرت" كاروان سادق بۆ (كەركوك ناو) وای گوت.

تیمەكەی تەلەفزیۆن گەلی كوردستان ناتوانن بگەنە مەراسیمەكەی سەر گۆڕی ویدات حسێن – ویدات، پەیامنێری سایتی رۆژنیوز بوو لە ئابی 2016 دوای رفاندنی بە چەند رۆژێك تەرمەكەی هەر لە دهۆك دۆزرایەوە و تائێستاش بكوژانی نەدۆزراونەتەوە.

كاروان دەڵێت دوای ئەوەی رەتیكردۆتەوە مایك و كامێراكەیان رادەستبكات، "لە ئۆتۆمبێلەكە منیان دەرهێنا و رایان كێشام بۆ ناو ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس، جنێوی زۆریان پێدام، جگە لە مایك و كامێراكە، مۆبایلەكەشیان لێسەندم".

لە ئۆتۆمبێلەكە منیان دەرهێنا و رایان كێشام بۆ ناو ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس، جنێوی زۆریان پێدام، جگە لە مایك و كامێراكە، مۆبایلەكەشیان لێسەندم

تەنیا كاروان دەستگیردەكرێت و دەخرێتە پشتی ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسەوە، "پۆلیسێك كە زانی ناڕازیم لە مامەڵەیان گوتی ئەم قەشمەرە بخەنە ناو بۆدی ئۆتۆمبێلەكەوە تا كەس نەیبینێت".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".

لە بازگەكەوە كاروان دەگوازرێتەوە بۆ بنكەی پۆلیسی خەبات لە نزیكی دادگای دهۆك، لە ژوورێكی بنكەكەدا دەستبەسەردەكرێت، لە كاتژمێر 3:30 خولەكی دوانیوەڕۆی ئەو رۆژەوە تا كاتژمێر 7ی ئێوارە هیچ كەسێك لێی ناپرسێتەوە، "پرسیارم كرد بۆچی لێرەم و بە چ تۆمەتێك، بەڵام كەس وەڵامی نەدەدایەوە، لەو بنكەیە چەند چالاكوانێكی دیكەش دەستبەسەربوون كاتێك ویستبویان بچنە مەراسیمی ساڵیادی كوشتنی ویدات".

دواى كاتژمێر 7ی ئێوارە، ئەفسەرێك دەچێتە لای كاروان و پێی دەڵێت "یەڵڵا بڕۆرەوە بۆ ماڵەوە" بێ ئەوەی هیچ شتێكی تر بڵێت، "تەنانەت داوای لێبوردنێكیشی نەكرد، یان نووسراو و بەڵێننامەمان پێ پڕبكاتەوە، یاخود وتەمان لێوەربگرن و بڵێن بەكەفالەت ئازادبون".

كاروان سادق-ی رۆژنامەنووس سەرباری ئەو پێشێلكارییانەی بەرانبەری كرا، تەنیا بە ئاگاداركردنەوەی سەندیكا و رێكخراوەكانی داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان قایل بوو، هیچ سكاڵایەكی تۆمارنەكرد "پێموایە دادگاكانی هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نین، ئەگەر بڕۆم بۆ دادگا وایدەبینم ناتوانم مافی خۆم وەربگرمەوە و هیچ سوودێكی نابێت" كاروان وای گوت.

پێموایە دادگاكانی هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نین، ئەگەر بڕۆم بۆ دادگا وایدەبینم ناتوانم مافی خۆم وەربگرمەوە و هیچ سوودێكی نابێت

لە هەرێمی كوردستان، كاروان نمونەی دەیان رۆژنامەنوسی ترە كە دوای ئەوەی پێشێلكاریی بەرامبەر دەكرێت، پەنا ناباتە بەر یاسا و سكاڵا تۆمارناكات.

بەپێی یاسای رۆژنامەگەری تەنیا سزادانی ماددی بۆ رۆژنامەنووسان دیاریكراوە ئەگەر تاوانێك بكەن، لەهیچ شوێنێكی یاساكەدا ئاماژە بە دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی رۆژنامەوانان نەكراوە.

ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بە (كەركوك ناو )ی گوت " ئێمە زۆر لەگەڵ ئەوەداین رۆژنامەنووسان سكاڵای یاسایی بنووسن، بەداخەوە دەبێت دان بەوەدابنێین رۆژنامەنووسان جارێ‌ زانیاری یاساییان زۆر كەمە، كەم پەنا دەبنە بەر دادگا".

سەندیكا دەڵێت پارێزەر بۆ دۆسیەی رۆژنامەنووسان دابیندەكەن، سەرباری ئەوەش ئێستا زۆرینەی ئەو سكاڵایانەی هەن لەسەر رۆژنامەنووسانن نەك لە رۆژنامەنووسانەوە دژی ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن، وەك حەمەئەمین باسی دەكات.

لە یاسای رۆژنامەگەریدا هاتووە پێویستە لەكاتی گرتنەبەری رێكاری یاسایی دژی رۆژنامەنووسان سەندیكا ئاگاداربكرێتەوە، بەڵام چەندین رۆژنامەنووس بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ماددە یاساییە دەستگیركراون.

پەیامنێرەكەی گەلی كوردستان لە دهۆك پێش ئەوەی رێگری لێبكرێت بۆ مەراسیمەكەی ساڵیادی ویدات حسێن و دەستبەسەربكرێت، پێشتریش پێنج جار دەستگیركراوە لەكاتی رووماڵی رۆژنامەوانیدا، لەوانە یەكێكیان لە ئاداری 2018 و لە گردبوونەوەی مامۆستایاندا بووە و جارێكی دیكەش لە حوزەیرانی 2020دا بووە كاتێك لەبەردەم دادگای دهۆك گردبونەوەیەكی ناڕەزایی گواستۆتەوە.

"هەموو دەستگیركردنەكانم لەسەر كاری رۆژنامەوانی بوون، لێدوان و سووكایەتیم پێكراوە، بەڵگەم بۆ هەموو رووداوەكان هەیە و شایەتحاڵیش هەن، بەڵام سكاڵام نەكردووە، لەبەرئەوەی یاسا سەروەر نییە و لەپێناو پاراستنی ژیانی خۆم" كاروان سادق وای گوت.

دەیان كەیسی تری كوشتن، لێدان و سوكایەتیی بە رۆژنامەنووسان یان نەگەیشتونەتە دادگا یاخود ماوەیەكی زۆرە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان بەكراوەیی ماونەتەوە و بكەر یان نادیارە یان دەستگیرنەكراوە، لە نێویاندا كەیسی كوشتنی سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی و ویدات حسێن و دەیان پێشێلكاری تر.

وریا حەمەكەریم، لێپرسراوی ئۆفیسی كەناڵی ئێن ئاڕتی لە پارێزگای هەڵەبجە لەو رۆژنامەنووسانەیە رووبەڕوی پشتگوێخستنی سكاڵاكانی بۆتەوە، "دوو دۆسیەكەی من هەر نازانم مەلەفەكەی لە چ شوێنێكە، چەند جارێك پرسیارم كردوە ئەوانیش (دادگا) نازانین لە چ شوێنێكە".

xooishandan
یەكێك لەو خۆپیشاندانانەی هەڵەبجە كە تیایدا هێزە ئەمنییەكان پێشێلكارییان بەرامبەر رۆژنامەنوس وریا حەمە كەریم كرد. وێنەكە لە راپۆرتێكی ڤیدۆیی وریا حەمە كەریم وەرگیراوە.

سكاڵاكانی وریا یەكێكیان لە سەرەتای ئەمساڵدا تۆماریكردووە دژی بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە تۆمەتی هەڕەشەی كوشتن، ئەوەشی بە تۆماری دەنگی هەیە وەك خۆی دەڵێت، سكاڵاكەی دیكەشی لە كۆتایی 2017دا بووە دژی لێپرسراوی مەڵبەندی هەڵەبجەی یەكێتی، "لەكاتی روماڵی خۆپیشاندانەكاندا فەرمانی بە دوو پاسەوانی خۆی كرد هێرشبكەنەسەرمان"، وریا بە (كەركوك ناو)ی گوت لەو هێرشەدا كامێراكەی شكێنراوە و تەقەی لێكراوە.

ئەو رۆژنامەنووسە تەنیا دوو سكاڵای هەیە، بەڵام لە بەرانبەردا تائێستا 16 سكاڵای لەسەر تۆماركراوە لەلایەن لێپرسراوانی ئیداریی و حزبی هەڵەبجە و بە تۆمەتی جیاواز، كە تا ئێستا زیاتر لە نیوەیان یەكلابونەتەوە.

وریا حەمەكەریم وتی "كاتێك رۆژنامەنووس سكاڵایەك لەسەر بەرپرسێكی حزبی یان حكومی تۆماردەكات لەبەر دەستێوەردانی بەرپرسان لە كاروباری دادگا كەیسەكان یەكلایی ناكرێنەوە".

سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان هەشت هەزار ئەندامی هەیە، پێشبینی دەكرێت لانیكەم هەزار رۆژنامەنووس لە دەرەوەی ئەندامێتی سەندیكا كاری رۆژنامەوانی بكەن.

ئەرسەلان رەحمان، شارەزا و پسپۆڕی بواری میدیایی بە (كەركوك ناو )ی گوت "لەو بڕوایەدام، لە هەرێمی كوردستان رۆژنامەنووسیی پیشەگەر و تێگەیشتوو لەبنەمای كاری یاسایی و ئیتیكی میدیایی ژمارەیان لە پەنجەكانی دوو دەست تێپەڕناكات، زۆرێك لە پێشێلكارییەكان بەدڵنیاییەوە هۆكارەكەی ئەوەیە میدیاكار سنوری كارو پیشەكەی نازانێت، میدیاكار ورد نییە لە هەڵبژاردنی  وشەكان، زمانی گونجاو نییە، هەڵەشەیە، بە گیانی پیشەگەرانە كارەكەی ناكات و گیانی تۆڵەسەندنەوە یان خاڵیبونەوەی رق و جەزیەی دەروێشئاسا شوێن بەرژەوەندی خۆی و گەورەكانی بەسەریدا زاڵە".

زۆرێك لە پێشێلكارییەكان بەدڵنیاییەوە هۆكارەكەی ئەوەیە میدیاكار سنوری كارو پیشەكەی نازانێت، میدیاكار ورد نییە لە هەڵبژاردنی  وشەكان، زمانی گونجاو نییە، هەڵەشەیە، بە گیانی پیشەگەرانە كارەكەی ناكات

هەروەها دەڵێت "ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن خەڵكی هەژارنین، هەژارەكان دەزانن یاسا پێیان دەوێرێت، خەڵكی گوندنشین نین، گوندنشینەكان زۆر حەزیان بە مامەڵەیە لەگەڵ رۆژنامەنووس و ئاشنان بە پیشەكەیی و رێزی دەگرن و ئاژەڵیان بۆ سەردەبڕن و میواندارییان دەكەن".

"ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن، هەموو ئەو كەس و گروپ و بنەماڵە و چەكدار و لایەنانەن دەزانن بۆیان دەچێتە سەر و یاسا پێیان ناوێرێت، هەموو ئەو كەسانەن، كە پۆلیس دەبێتە دەسكەلایان و یارمەتی ونكردنی شوێنەواری تاوانەكە و بەڵگەكان دەدات و دادوەرانیش هیچ سامێكیان بەرامبەریان نەماوە، چونكە چاوبەرەوخواریان بوون و ناتوانن وەك ئەوەی لە دەقی یاساكاندا هاتووە مامەڵە بكەن" ئەرسەلان رەحمان وای گوت.

بەبڕوای ئەرسەلان هەتا ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن یاسا پێیان نەوێرێت، ئەوا هیچ ژینگەیەكی ئارام و میدیا دۆستانە دروست نابێت، ئەگەرچی رەوشەكە لە رواڵەتدا جوان بێت و بانگەشەی ئازادی و فرەیی و نەبوونی سانسۆر بكرێت، بەڵام لە جەوهەردا رەوشەكە "تۆقێنەر و دڵهەژێنانەیە، چونكە هێشتا میدیاكارانێك هەن، دەستیان لەسەر دڵیانە و ناتوانن شەو بەئارامی بخەون".

لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا 509 پێشێلكاری دژی رۆژنامەنووسان تۆماركراون كە 130 حاڵەتیان لە ساڵی 2020دا بووە، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسان.

پارێزەر كاروان نەجیب، راوێژكاری یاسایی لە لقی دهۆكی سەندیكای رۆژنامەنووسان بە (كەركوك ناو)ی گوت "كێشەی هەر رۆژنامەنووسێك  بێتە سەندیكا، بەبێ‌ دواكەوتن لە رێگای پارێزەری سەندیكاوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت" ئەو دەڵێت ئەگەر رۆژنامەنووسەكە خۆیشی پارێزەر دابینبكات ئەوا هەر سەندیكا خۆی بە خاوەنی دۆسیەكە دەكات و پشتگیری دەكات.

"لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا 10 كەیس هەبون و لە بەرژەوەندی رۆژنامەنووسان لە دادگای دهۆك یەكلاییكراونەتەوە و دوو كەسی تریش بەتۆمەتی بەكارهێنانی توندوتیژی رۆژنامەنووس سزادراون".

لەو پێنج ساڵەدا بەپێی ئامارەكانی سەندیكا زیاتر لە 56 پێشێلكاری دژی دەیان رۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی لە دهۆك هەبوون.

پارێزەرەكەی سەندیكا روونی كردەوە ئەگەر رۆژنامەنووس لەبارەی پێشێلكارییەكانەوە سكاڵا تۆمارنەكات ئەوا بەدواداچوونی یاسایی بۆ ناكرێت و تەنیا وەك ئاماری پێشێلكاری بڵاویدەكەنەوە.

بەپێچەوانەشەوە لەمساڵدا چەندین رۆژنامەنووس رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە و هەندێكیشیان سزادراون.

دادگای تاوانەكانی هەولێر، لە 16ی شوباتی 2021 پێنج دەستگیركراوی بادینانی بە شەش ساڵ زیندانی سزادا، لە نێویاندا دوو رۆژنامەنووس هەبون (شێروان ئەمین و گوهدار محەمەد)، ئەوەش بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 بوو نەك یاسای رۆژنامەگەری.

"ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن لەسەروی یاساوەن، دەبێت داواكاری گشتی لەوبارەیەوە بێتەدەنگ بەڵام چونكە لێرە داواكاری گشتی بە تەزكییەی حزبی دەبێتە داواكاری گشتی بێگومان بێدەنگ دەبێت و هیچ هەڵوێستێكی نابێت... رۆژنامەنووس هەبووە هیچ تاوانێكی نەكردوە و بەپێی یاسا نابێت لە زیندان بێت، بەڵام داواكاری گشتی خۆی بێدەنگ كردوە لەو دۆسیەیە"، رێڤینگ یاسین، پارێزەری بەدەل بەرواری، مامۆستا و یەكێك لە چالاكوانانی مەدەنی دهۆك كە لە ساڵی رابردوەوە بەچەند تۆمەتێك خراوەتە زیندان.

رێڤینگ كە لە نزیكەوە ئاگاداری دۆسیەی بەشێك لە رۆژنامەنووسانە دەڵێت ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن، دەزگای ئەمنی حزبین و حزب دەپارێزن، لەكاتێكدا دەبێت خەڵك بپارێزن، پێشیوایە ئەگەر رۆژنامەنووسان لەسەر پێشێلكارییەكان سكاڵایان هەبووایە و رێكاری یاسایی یان سزا هەبووایە دژی ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن، ئەوا پێشێلكارییە یان دووبارە نەدەبۆوە یان رێژەكەی كەمیدەكرد.

بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان، لەماوەی پێنج ساڵی رابردودا هەزار و 559 پێشێلكاری دژی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن تۆماركراون، ئەوەش دوو هێندەی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسان زیاترە، كە میترۆ دەڵێت لەڕێی سكاڵای رۆژنامەنووسانەوە بەدەستی گەیشتون و تۆماریكردون، 385 پێشێلكاریشیان تەنیا لە ساڵی 2020دا بووە.

روپاك ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی گوت "لێپرسراوانی حكومی و حزبی، بەڵام زیاتر حزبییەكان پێشیلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووس دەكەن، لەكاتێكدا رۆژنامەنووس ئازادە لە كۆكردنەوە و پەخشكردنی زانیاری، چونكە هەر رۆژنامەنووسە زانیاری بە خەڵك دەگەیەنێت و ئەو گەندەڵییەی كە هەیە ئاشكرای دەكات".

لێپرسراوانی حكومی و حزبی، بەڵام زیاتر حزبییەكان پێشیلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووس دەكەن، لەكاتێكدا رۆژنامەنووس ئازادە لە كۆكردنەوە و پەخشكردنی زانیاری

ئەو دەڵێت بەدواداچوونی كردووە و دەركەوتووە "دەستێوەردانی حزبی هەیە لە دادگاكان بۆیە دۆسیەكانی رۆژنامەنووسان یەكلاییناكرێنەوە" بەوتەی روپاك توانیویانە "بە رێژەیەكی زۆر توندوتیژیی و پێشیلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان كەمبكەنەوە، ئەگەر بەچاودێریی و فشاری ئێمە نەبوایە ئێستا توندوتیژیی و پێشیلكاری دوو هێندە زیاتر بوو".

بەڵام بەپێی ئامارەكانی سەندیكا و میترۆش بێت پێشێلكارییەكان لە ساڵی رابردودا زیاتر بوون بەراورد بە ساڵی 2019.

لە هەرێمی كوردستان و لە 20 ساڵی رابردودا، هەزار و 259 دەزگای راگەیاندن لە كەناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی، رادیۆ، رۆژنامە، ماڵپەڕ و گۆڤار لە وەزارەتی رۆشنبیری و سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان تۆماركراون.

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان دەڵێت دەربارەی جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەریی و مافەكانی رۆژنامەنووس لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی ناوخۆ هەبووە، هەوڵی ئەوەش دەدەن خولی هاوبەش بكەنەوە بۆ چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ رووداوەكان و مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا، تا پێشێلكاری روونەدات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT