دوای 45 خولەك دەستبەسەركردن؛ بە پڕكردنەوەی بەڵێننامە ئازادیانكردم

كەركوك/ 2021/ ئاكام سەمەد، پەیامنێری شارپرێس لە شاری كەركوك فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

ئاكام سەمەد

پاسەوان و لێپرسراوانی وێستگەیەكی دابەشكردنی بەنزین لە كەركوك، لە ماوەی 45 خولەكدا لانیكەم پێنج پێشێلكارییان بەرامبەر كردم، نەیانهێشت روماڵ بكەم، كەلوپەلەكانیان لێسەندم و دەستبەسەریان كردم، لەگەڵ ئەوەشدا سوكایەتییان پێكردم و دوای پڕكردنەوەی بەڵێننامەیەك ئینجا ئازادیان كردم، ئەوەش بەو مەرجەی بەهیچ شێوەیەك جارێكی تر روماڵی هیچ وێستگەیەكی دابەشكردنی سوتەمەنی نەكەم.

من ئاكام سەمەد محەمەد (ئاكام وەزیری-  23ساڵ)، ماوەی چوار ساڵە كاری رۆژنامەوانی دەكەم و ئێستا پەیامنێری دەزگای میدیایی شارپرێس-م لە كەركوك.

 لە 18ی تشرینی یەكەمی 2021، ویستم بەدواداچون بكەم بۆ پرسی "دورخستنەوەی" لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە پۆستەكەی، بەڵام بەر لە بەدواداچون بۆ ئەو پرسە، روداوێكی تر هاتە پێشەوە و دەزگاكەم ئاگاداركردەوە لەوەی روماڵی بكەم.

روداوەكە خۆی لە قەرەباڵغی بەنزینخانەیەكی حكومیدا دەبینییەوە كە پێچەوانەی رۆژانی پێشوو جمەی دەهات لە شۆفێران. بەنزینخانەی عەقەبە بن نافع لە گەڕەکی رێگای بەغدا لە كەركوك.

مۆڵەتی ژوری هەواڵی دەزگاكەم وەرگرت بۆ روماڵكردن، سەرەتا كۆمەڵێك وێنەی قەرەباڵغییەكەم گرت و بۆ دەزگاكەم نارد، دواتر بڕیارمدا چاوپێكەوتن لەگەڵ بەڕێوەبەری وێستگەكەدا بكەم.

کاتێک بەرەو وێستگەکە رۆیشتم و نزیک بومەوه، پاسەوانێكی وێستگەكە (جلی پۆلیسی لەبەر بوو)، پێی وتم، چیت دەوێت و بۆچی لێرەی؟ بابەتەكەم بۆ رونكردەوە و وتی: با بچین بۆ لای بەڕێوەبەر.

پاسەوان و كارمەندانی وێستگەكە بانگیان كردم و بە زۆری كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان لێوەرگرتم

بەر لەوەی بگەمە ژوری بەڕێوەبەر، فەرمانبەرێكی وێستگەكە بەرەو روم هات و پێی وتم كە بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە روماڵ بكات، بەبێ ئەوەی هیچ رونكردنەوەیەك بدات. تەنیا دەیوت و دەیوتەوە: نابێت هیچ ڤیدیۆیەک تۆماربكەیت. وتم دەمەوێت قسە لەگەڵ بەڕێوەبەر بكەم و زانیاریی لێوەبگرم و رێپێدانم پێبدات بۆ وێنەگرتن، بەڵام ئەو وتی: دەبێت هەر ئێستا بچیتە دەرەوە.

هەرچەندە خۆم پێ ناساند وەكو رۆژنامەنوس، بەڵام سودی نەبوو.

چومە دەرەوەی بینای وێستگەكە و چەند پارچە ڤیدیۆیەكم تۆماركرد. لە یەكێكیاندا نرخی جۆرەكانی بەنزینی تێدابوو.

من پێموابوو روماڵەكەم هیچ مەترسییەكی ئەمنی و ئاسایش دروستناكات، پێموابوو مافی خەڵكە بزانن بۆچی وێستگەكان قەرەباڵغن، بۆیە بەردەوامبوم لە كارەكەم.

لەوكاتەدا پاسەوان و كارمەندانی وێستگەكە بانگیان كردم و بە زۆری كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان لێوەرگرتم، لەگەڵ باج و ناسنامەی رۆژنامەوانیی.

هەرچەندە جارێكی تر خۆم و دەزگاكەم پێناساندن، بەڵام سودی نەبوو، وتیان هەر ئێستا رادەستی دەزگای هەواڵگری و دژە تیرۆری عیراقت دەكەین تا لێكۆڵینەوەت لەگەڵ بكەن.

ئەفسەرێكی هەواڵگری بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بۆ ماوەی 45 خولەك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردم

دواتر لەناو ژورێكی وێستگەكەدا ئەفسەرێكی هەواڵگری بە جلوبەرگی مەدەنییەوە بۆ ماوەی 45 خولەك لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردم و هەموو كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان پشكنی.

بیانوی ئەوان بۆ دەستبەسەركردنم ئەوە بوو كە مۆڵەتی كاری رۆژنامەوانیی ئیدارەی كەركوكم نییە، لەكاتێكدا من باجی دەزگاكەم هەیە و دەزگاكەشم لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی هەیە.

گفتوگۆیەكی زۆرم لەگەڵ كردن، دەمویست قەناعەتیان پێبكەم كە رۆژنامەنوس ئازادە لە روماڵی روداوەكان و نابێت رێگرییمان لێبكرێت. هەروەها پێموتن لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە داوای رێپێدانم لە ئیدارەی كەركوك كردووە تا باجی رۆژنامەوانی ئیدارەی كەركوكم پێبدەن، بەڵام ئەوان وتویانە پێویست بە باجی ئیدارە ناكات.

هەموو ئەو هەوڵانەم بێسودبون. تەنانە رێگەیان نەدا دەزگاكەم و كەسوكارم ئاگاداربكەمەوە لەوەی من دەستبەسەركراوم و دەیانوت: چاوەڕێبکە بزانین سەروی خۆمان چی دەڵێن؟

ئەو كارمەندەی وێستگەكە كە سەرەتا رێگەی نەدا بەڕێوەبەری وێستگەكە ببینم، ناوی موئەید بوو، هەر ئەویش كەلوپەلەكان و باجی رۆژنامەوانی لێوەرگرتم و بە درۆزن ناوی دەبردم و سوكایەتی پێدەكردم.

من نەك روداوەكەم روماڵ نەكرد، بەڵكو تەواوی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەیان سڕییەوە كە لە كامێراكەمدا هەبون.

بەزۆر بەڵێننامەكەیان پێ پڕكردمەوە كە نابێت چیتر روماڵی هیچ وێستگەكانی سوتەمەنی بكەم

دواتر بەزۆر بەڵێننامەكەیان پێ پڕكردمەوە و تیایدا هاتبوو نابێت چیتر روماڵی هیچ وێستگەكانی سوتەمەنی بكەیت و وێنە بگریت.

بە مەرجی پڕكردنەوەی ئەو بەڵێننامەیە ئازادیان كردم و كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان پێدامەوە.

ئەم روداوە بۆ من شۆكهێنەر بوو، راستییەكەی یەكەمجار بوو روبەڕوی حاڵەتێكی لەو شێوەیە ببمەوە و بەو شێوەیە مامەڵەم لەگەڵدا بكرێت لەكاتەوەی كاری رۆژنامەوانیی دەكەم.

ئێستا لە دوڕیانی ئەوەدام ئایا كێ مافی من دەپارێزێت، چۆن مافی خۆم بەدەستدەهێنمەوە لەو پێشێلكاریی و سوكایەتییەی بەرامبەرم كرا، ئایا پەنا ببمەوە دادگا و سكاڵا تۆمار بكەم یان نا.

لە راستیدا ئەوەی لە تۆماركردنی سكاڵا رایگرتوم، تەلەفونێكی  لێپرسراوی راگەیاندنی لقی کەرکوکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عیراق بوو - وێستگەكە لەژێر چەتری كاركردنی ئەواندایە-.

ئەو بەرپرسە پێیوتم كە ئەوان خۆیان رێکاری یاسایی لە دژی ئەو فەرمانبەرانە دەگرنەبەر.

من چاوەڕێی ئەوەم بزانم ئەوان رێكارەكانیان چۆن دەبێت، ئەگەرنا لە مافی خۆم خۆشنابم و رێكاریی یاسایی دەگرمەبەر.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT