ئێن ئاڕ تی.. مێژویەک لە پێشێلکاریی و داخستن و لێدانی رۆژنامەنوسان

سلێمانی/ 7ی كانونی یەكەمی 2020/ هێزێكی ئەمنی لەبەردەم كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی، دوای راگرتنی پەخشەكەیان فۆتۆ: NRT

غەمبار عەلی

جارێک دەسوتێنرێت و جارێکیش لە پەیامنێرانی دەدرێت و زیندانی دەکرێن، بە رۆژ دادەخرێت و بە شەویش بۆمب فڕێدەدرێتە سەر بیناکەى، ئێن ئاڕ تى، ئەو کەناڵەى بە هێرشکردنە سەر کارمەندەکانى و پێشێلکاریی بەرامبەرى، ژمارەى پێوانەیی شکاندووە.

بۆ یەکەمین جار چیرۆکی کەناڵێکی سەربەخۆ و بێلایەن ڕۆژى 17ى شوباتى ساڵى 2011 هاتەبوون، کەناڵێکى کوردى سیاسیی هەواڵیى بەناوى (ئێن ئاڕ تى) و بە خاوەندارێتى کەرتى تایبەت دەست بە پەخشى ئەزموونى خۆى دەکات، لە یەکەم گەشتى هەواڵیشیدا ڕووماڵى ڕووداوەکانى خۆپیشاندانەکانى 17ى شوبات و ڕۆژانى دواترى سنورى پارێزگاى سلێمانى دەکات.

میدیایەک کۆمپانیایەک سپۆنسەرى ماددی دەکات و بە دروشمى (راستگۆیی، هاوسەنگى، بوێریی) و (تاکە کەناڵى ئەهلى بێلایەن) دەیەوێت لەژێر ڕۆشنایی پرەنسیپە میدیاییەکاندا، درێژە بەکارەکانى خۆی بدات.

بە ئامانجی بێدەنگکردن و ڕێگرتن لە گەیاندنى پەیامى خەڵک و شەقام، کە کەناڵەکەى بۆ دامەزرابوو، لەدوای تێپەڕبوونی 15 کاتژمێر بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵەکە، هێزێکى چەکدارى دەمامکدار بارەگاى سەرەکیی کەناڵەکەیان لە سلێمانى سوتاند.

 بەڵام ئەمە نەبووە ڕێگر و ڕۆژى 22ى نیسانى هەمان ساڵ ئێن ئاڕ تى بە گڕوتینێکى ترەوە پەخشى کەناڵەکەى دەستپێکردەوە.

چیرۆکى پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ئێن ئاڕ تى، ژمارەیی پێوانەیی شکاندووە لە نێو میدیا کوردییەکان، بەجۆرێک لە ساڵى 2013 بۆ کپکردنى دەنگى کەناڵەکە، بۆمب فڕێدرایە سەر بارەگا سەرەکییەکەى و لە تشرینى یەکەمى ساڵی 2013دا تەقە لە خاوەنى کەناڵەکە کرا و بەردەوامیش تیمە ڕۆژنامەوانییەکانى لە شار و شارۆچکەکان بەر هێرش و پەلاماردان دەکەوتن.

چیرۆکى پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ئێن ئاڕ تى، ژمارەیی پێوانەیی شکاندووە لە نێو میدیا کوردییەکان

هێشتا ئازاردانى ئێن ئاڕ تى کۆتایی نەهاتووە، و ئێن ئاڕتیش بەردەوامە لە ئاشکراکردنى دۆسیە هەستیارەکان و ڕووماڵکردنى نارەزایەتییەکانى هاوڵاتییان، چەندین جار خاوەنى کەناڵەکەش باسی لەوە کردووە کە "هەڕەشەى لێکراوە و داواى داخستنى کراوە".

ڕۆژى 19ى 12ى 2017 و بە پاساوى هاندانى خەڵک بۆ خۆپیشاندان و توندوتیژیى حکومەتى هەرێم بڕیارى داخستنى پەخشى کەناڵەکانى دامەزراوەکەى دا بۆماوەى یەک هەفتە و په‌خشی هەرسێ کەناڵى ئێن ئاڕ تى و ئێن ئاڕ تى 2 و ئێن ئاڕ تى عەرەبی و ڕادیۆى نالیا ئێف ئێمیان ڕاگرت و سەرجەم کارمەندانیش بۆ ماوەى یەک کاتژمێر دەستبەسەرکران.

لەماوەى کردنەوەى ئۆفیسى دهۆکى ئێن ئاڕ تییەوە تا ئێستا، پێنج جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى حکومەت و حزبەوە داخراون و زیانى مادیى زۆریش بەر کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانى نوسینگەکە کەوتوون، لە ساڵەکانى 2015 و 2017 و 2019 سێ جار نوسینگەکە داخراوە و تا مانگى نۆى ئەمساڵیش دوو جارى دیکە نوسینگەکە داخراوە و تا ئێستاش نەکراوەتەوە.

نوسینگەى هەولێرى کەناڵەکەش بێبەش نەبووە لە داخستن و زیانگەیاندن بە کەلوپەلەکانى، لەماوەى نۆساڵى پەخشى تەلەفزیۆنەکەدا سێ جار لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە داخراوە، لە ساڵەکانى 2015 و 2017 و ئەمساڵیش لە 20ى ئابەوە قوفڵ لە نوسینگەکە دراوە و تا ئێستاش کە زیاتر لە 20 ڕۆژە نەکراوەتەوە.

پێشێلکارییەکان بۆ سەر ئێن ئاڕ تى تەنها لە هەرێمى کوردستان نەبووە، نوسینگەى کەناڵەکە لە بەغداش سێ جار و لە ساڵەکانى 2016 و 2017 و 2019 داخراوە و پەیامنێرەکەشى دەستگیرکراوە.

لەسەر هێرش و پەلاماردانى کەناڵەکە و کارمەندەکانى، ڕێبوار ئەوڕەحمان، بەرێوەبەرى ژورى هەواڵى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، کۆى ئەو هێرش و پەلامار و فشارانەى دەکرێنە سەر کەناڵەکە هۆکارەکەى ئەوەیە ئێن ئاڕ تى کەناڵێکى ڕاستگۆیە و کۆى بابەت و ڕووداوەکانى ڕۆژ وەکو خۆى دەگێڕێتەوە و لە ئێستادا تاکە کەناڵە کە هەموو چین و توێژەکان خۆیانى تێدا دەبیننەوە و دوورى لەنێوان کەناڵەکە و خەڵکیدا نەماوە و کەناڵێکە لەژێر هیچ تەوژمێکى حزبیدا نییە و پیشەییانە کارەکانى خۆى رادەپەڕێنێت.

لێدان و ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنى پەیامنێران و وێنەگرانى ئێن ئاڕ تى و شکاندنى کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانیان و ڕێگریی لە ڕووماڵکردنى ڕووداوەکان، هەمیشە سەرى سەرەوەى ڕیزبەندیی ئامارەکانى پێشێلکاریی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانیان لە هەرێم گرتووە.

لێرەدا مشتێک لە ڕووداوەکانى دەستگیرکردن و هێرش و پەلاماردانەکانى سەر کارمەندانى کەناڵەکە باس دەکەین، لەوانەش چەندین جار سەرۆکى دامەزراوەکە و بەرێوەبەرى کەناڵەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دادگا و داواکارە گشتییەکانى هەرێمەوە دەستبەسەرکراون و خراونەتە زیندانەوە و براونەتە بەردەم دادوەر.

هێرش قادرى پەیامنێرى کەناڵەکەش لە هەولێر سەرەڕاى ئەوەى سێ جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، دووجاریش بریندارکراوە، لەساڵى 2016 و لەکاتى خۆئامادەکردن بۆ ڕاستەوخۆیەک بۆ کەناڵەکە، لە بەردەم قەڵاى هەولێر 18 کەس هێرشیان کردە سەرى و برینداریان کرد، لە خۆپیشاندانى مامۆستایان و موچەخۆرانى ساڵى 2018ى هەولێریش بە فیشەکى پلاستیکى هێزە ئەمنییەکان سێ جێگەى لەشى سوتا.

ئەحمەد زاخۆیی، یەکێکى دیکەیە لە پەیامنێرەکانى ئێن ئاڕ تى، لە 19ى ئابی 2020 لەکاتى ڕووماڵى خۆپیشاندانى شۆفێرانى دەروازەى نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیل لەلایەن ئاسایشى ئەو شارەوە دەستگیرکرا و بۆماوەى 11 ڕۆژ زیندانیی کرا، نزیکەى مانگێکیشە نەیانهێشتووە هیچ کارێکى میدیایی بکات.

ئاسۆ ئەحمەدی پەیامنێرى کەرکوکى ئێن ئاڕ تییش چەندین جار لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە هێرشى کراوەتە سەر و ەک خۆى دەڵێت، لەساڵى 2019 لە ناحیەى سەرگەڕانى قەزاى دبس، لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە هێرشى کراوەتە سەر و بە زللـە لێى دراوە و سەرەڕاى ئازاری جەستەیی و دەروونى، بۆماوەى 10 کاتژمێریش دەستگیرکراوە.

پێشێلکارییە بەردەوامەکان بەرامبەر بە ئێن ئاڕ تى و کارمەندەکانى، پێگەى تایبەتى هەیە لە ناو راپۆرتى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و میدیا جیهانییەکان و تەنانەت وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکاش، ئەمە جگە لە رێکخراوەناوخۆییەکانى داکۆکیکار لە مافى رۆژنامەنووسان و کەسایەتییە سیاسییەکان و چالاکوانانى مافى مرۆڤ و ئازادى رادەربڕین، کە بەردەوام ئیدانەى داخستنەکانى کەناڵەکەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە کردووە.

بەپێی ئاماری سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 86حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر 199 دەزگا و رۆژنامەنوس لە هەرێم ئەنجامدراوە کە 36 تەنها بەرامبەر ئێن ئاڕ تی بووە، واتا رێژەی لەسەدا 42ی پێشێلکارییەکانی شەش مانگی رابردوو بەتەنها بەرامبەر ئێن ئاڕتی بووە.

دامەزراوەى میدیایی نالیا کە پێکدێت لە پێنج کەناڵى ئاسمانیی و چوار سایتى ئەلیکترۆنى و دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى و رادیۆى نالیا ئێف ئێم و ئەکادیمیاى میدیایی نالیا، بەڵام ڕۆژى 10ى شوباتى 2019 و پاش تەنها 23 رۆژ لە کردنەوەى کەناڵى ئێن ئاڕ تى سێى تایبەت بە منداڵان، بەهۆی نەبونی مۆڵەتەوە وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێم داواى داخستنى کەناڵەکەى کرد، لەکاتێکدا مۆڵەتیشى بۆ کرابوو.

ساڵى 2019 ساڵێکى شوم بوو بۆ دامەزراوەى میدیایی نالیا، سەرەڕاى ئەو هەموو پێشێلکارییانەى بەرامبەر بە کەناڵەکان و کارمەندەکانى کران، لە رۆژى پێنجى ئۆکتۆبەرى 2019ش بە بیانوونى رووماڵکردنى خۆپیشاندانەکانى بەغداوە، کەناڵى ئێن ئاڕ تى عەرەبی لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە بەتەواوەتى داخرا.

زۆربەى ئەو پێشێلکارییانەى لە ماوی نۆ ساڵى کارکردنى ئێن ئاڕ تی دا، بەرامبەر کارمەند و ڕۆژنامەنووسەکانی کراون، پێچەوانەی یاساکانى کارى رۆژنامەوانیى بوون لە هەرێمى کوردستان و عێراق، بەڵام سەرەڕاى ئەو هەموو پێشێلکاریی و ڕێگریی و جیاکارییەى لەکاتى کارکردندا بەرامبەرى ئەنجامدراوە، و سەرەڕاى ئەو زیانە مادییانەى کە بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، دژى دامەزراوەى میدیایى نالیا کراون، ئێن ئاڕ تی لە ئێستادا بە دروشمى کەناڵى هەموو ڕەنگەکان، بەردەوامە لە کارکردن و ڕووماڵى پیشەییانەى خۆى.

بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە، تائێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى ئەو هەڕەشە و پێشێلکارییانەوە نەکراوە و ئەنجامدەرانیان سزا نەدراون و دۆسیەی سوتانی کەناڵەکەش بە بێ ئەنجام و بۆ هەمیشە داخرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT