لەم هەڵبژاردنەدا
ئامارەكانی پێشێلكاریی دژ بە رۆژنامەنوسان "كەمیانكردووە"

دیالە/ 10ی تشرینی یەكەمی 2021/ بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە خانەقین. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

فەرمان سادق – هەولێر

سەندیكا و ناوەندەكانی چاودێری رەوشی میدیا و رێكخراوەكان، كەمترین پێشێلكارییان دژ بە رۆژنامەنوسان لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمدا تۆماركرد، زۆرینەشیان هیچ پێشێلكارییەكیان تۆمارنەكرد، ئەوەش وەك ئاماژەیەك دەبینرێت بۆ كەمبونەوەی پێشێلكارییەكان لەكاتی هەڵبژاردن و دەنگدان-دا.

ئەو رێكخراوانەی چاودێری رەوشی میدیا دەكەن لە عیراق و هەرێمی كوردستان، دەڵێن داتا و ئاماژەكان ئەوە نیشاندەدەن كە لەم هەڵبژاردنەدا، پێشێلكارییەكان بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان كەمتربون لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو. هەرچەندە (كەركوك ناو)، لەڕێی پەیامنێرەكانییەوە چەند كەیسێكی پێشێلكاریی تۆماركردووە.

نەبەز رەشاد، پەیامنێری وێستگەنیوز لە هەولێر، یەكێك بوو لەو رۆژنامەنوسانەی كە دەڵێت لە رۆژی دەنگداندا پێشێلكاریی بەرانبەر كرا.

"لە دەنگدانی تایبەت بوو، لە بنکەی یەزدانحۆت لە شارۆچکەی عەنکاوە، ژمارەیەکی زۆر دەنگدەر رویان لەو بنکەیە کرد و ئەمەش بووەهۆی دروستبونی قەرەباڵغی، لەوکاتەدا یەکێک لە پاسەوانەکانی بنکەکە کەوتە سەر زەویی و لە کامێرای ئێمە ئەوە تۆمار کرا"، نەبەز زیاتر وتی "دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکەی، لێپرسراوی ئاسایشی بنکەکە پرسیاری منی كردبوو، ئێمەش چوینەوە هەمان بنکە، داوای لێکردم ڤیدیۆیەکە رەشبکەمەوە منیش وتم ناتوانم، ئیتر سوکایەتی بە خۆم و دەزگاکەم كرد".

لە دەنگدانی گشتیشدا لە بنکەی بارزانی نەمر لە هەولێر، نەبەز دوای ئەوەی وێنەی ئامێری پەنجەمۆری دەنگدان دەگرێت، لەلایەن لێپرسراوی وێستگەكەوە هەڕەشەى "بەکارهێنانی هێزی لێدەكرێت"، ئەوەش لە كاتێكدا بوو کە نەبەز رەشاد باجی رێگەپێدانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی پێبوو بۆ روماڵكردن.

رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، دەڵێت لە ماوەی بانگەشەى هەڵبژاردن  و دەنگدانی تایبەت و گشتى-دا تەنیا شەش پێشێلکاری لە هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان تۆمارکراون، ئەوانەى تر پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەوە نەبووە.

"ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو جیاوازی هەبوو، پێموایە ئەو سیستمەی كۆمسیۆن كاری پێكرد كاریگەری هەبوو لە كەمبونەوەی پێشێلكارییەكان... لە دەركردنی رێنمایی بۆ كاندیدەكان و چۆنیەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و رێنماییان بۆ رۆژنامەنوسان"، رەحمان وای وت.

ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو جیاوازی هەبوو، پێموایە ئەو سیستمەی كۆمسیۆن كاری پێكرد كاریگەری هەبوو لە كەمبونەوەی پێشێلكارییەكان

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، باجی تایبەتی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دەركرد تا لە رۆژی هەڵبژاردندا روماڵ بكەن، هەروەها چەند بنكەیەكی تایبەتكرد بۆ روماڵ و كارئاسانیكردن بۆ دەزگاكانی راگەیاندن.

پاڵپشت بە سیستمی نوێی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن، عیراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكرا و ئەوەش وایكرد بازنەی بانگەشەی كاندیدەكانیش كەمتر بۆوە، بەڕای هەندێك ئەمە تاڕادەیەك كاریگەری هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی پێشێلكارییەكان دژ بە رۆژنامەنوسان، چونكە بۆتەهۆی هێوربونەوەی بانگەشەكان و ژینگەیەكی باشتر بۆ روماڵی دەزگاكان.

ئەوەش بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی رابردوو كە هەر پارێزگایەك بازنەیەك بوو و بانگەشەكان توندتر بون و كاندیدەكان پەرتتر دەبون.

رەحمان غەریب وتی "لەم ژینگەیەدا میدیا رۆڵێکی زۆر زۆر گرنگی بینی و بارودۆخەکەش بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو زۆر نەرمتر بوو... هیوادارین کۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان سود لەو ئەزمونە وەربگرێت، هاوکات ژمارەى بنکەکانی دەنگدانیش بۆ روماڵی میدیایی زیاتر بکات کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق کەم بون".

ڤیان شێخ عەلی، سەرپەرشتیاری تیمی چاودێری رێکخراوی تەمموز بۆ هەڵبژاردنەكان، دەڵێت لەو شوێنانەی کە چاودێریان هەبووە هیچ پێشێلکارییەک بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان نەکراوە، "ئەمەش وایکردووە هیچ راپۆرتێکمان لەسەر پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنوسان نەبێت".

رێکخراوی تەمموز، هەزار و 310 چاودێری لە سەرانسەری عیراق بۆ چاودێری هەڵبژاردن هەبوو.

هاوكات هاوپەیمانی تۆڕ بۆ چاودێری هەڵبژاردنەكان – لە چوار تۆڕ و رێكخراو پێكهاتون-، لە راپۆرتی کۆتاییاندا كە لە ماڵپەڕی تۆڕی شەمس بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەیان بە هیچ پێشێلکارییەک بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان نەداوە.

هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن کە ئەو تۆڕە بە یەکێک لە تۆڕە هەر گەورەکان لە عیراق هەژمار دەکرێت لەڕوی ژمارەى چاودێرەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەگشتى ئەم هەڵبژاردنە لەڕوی ئەمنییەوە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشخۆی زۆر باشتر بوو... ئەوەش هۆكاری كەمی حاڵەتی پێشێلكاری بوو بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان".

بەگشتى ئەم هەڵبژاردنە لەڕوی ئەمنییەوە بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشخۆی زۆر باشتر بوو... ئەوەش هۆكاری كەمی حاڵەتی پێشێلكاری بوو بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان

لە 8ی تشرینی یەكەم، دوو رۆژ پێش دەنگدانی گشتی، سەنتەری میترۆ لە راپۆرتێكیدا بڵاویكردەوە "41 پێشێلکاری بەرانبەر بە 36 رۆژنامەنوس لە سێ مانگی بانگەشەى هەڵبژاردن تۆمار کراون"، بەڵام بە وتەی رەحمان غەریب تەنیا شەش حاڵەتیان پەیوەندیان بە هەڵبژاردنەوە هەبووە.

میترۆ هاوكات بڵاویكردەوە كە لەکاتی دەنگدانی تایبەتدا نۆ پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان تۆمار کراوە، لەوانە دوانیان لێدان بووە لە رۆژنامەنوسان و حەوتەکەی تریش رێگری بووە.

رەحمان غەریب وتی "بەگشتی كەمی پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان خاڵێکی ئەرێنییە بۆ کۆمسیۆن و حکومەتەکەی مستەفا کازمی... چونكە رێنماییەكان وایکرد رێز لە میدیاکاران بگیردرێت کە بووە هۆی تۆمارکردنی کەمترین پێشێلکاری".

ئیسرا تارق، نێردەی کۆمەڵەى بەرگری لە ئازادی رۆژنامەگەری بە (کەرکوک ناو)ی وت "لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتى ئێمە هیچ پێشێلکارییەکمان بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان تۆمار نەکرد".

لە ساڵی رابردودا ئەو كۆمەڵەیە 268 پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان تۆماركردووە كە 77 پێشێلكارییان لە بەغدا بووە.

مونتەزەر ناسر، سەرنوسەری دەزگای میدیایی ئەلعالەم ئەلجەدید لە بەغدا، دەڵێت "لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018 کەمترین پێشێلکاری بەرانبەر رۆژنامەنوسان کراوە، لە بەغدا تەنیا سێ حاڵەتی پێشێلكاریی هەبوو".

"ئەوە یەکەم ئەزمونی ستافی نوێی کۆمسیۆن بوو کە سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات، دووەمیش بونی دەزگایەکی زۆری میدیایی بیانی و چاودێرانێکی زۆری بیانی کاریگەری ئەرێنی هەبوو بەسەر ئەنجامنەدانی پێشێلکاری بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان".

عومەر ئەلحەسەنی رۆژنامەنوس لە موسڵ بە (کەرکوک ناو)ـی وت، وەک خۆی هیچ پێشێلکارییەکی لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتى بەرانبەر نەکراوە، ئەوەشی خستەڕوو هاوئاهەنگی باش لە نێوان کۆمسیۆن و دەزگاکانی راگەیاندن هەبووە.

"رەوشەکە زۆر ئەرێنی بوو، تەنانەت هیچم نەبیست لەوەی پێشێلکاری بەرانبەر بە هەر رۆژنامەنوسێک لە موسڵ کرابێت، هێزە ئەمنییەكانیش ئاسانکاری باشی دەزگاکانی راگەیاندنیان دەكرد"، عومەر ئەلحەسەنی وایوت.

لە پارێزگای دهۆك، یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی پێشێلكاریی بەرامبەر كرا، سەباح سۆفی پەیامنێری ئێن ئاڕتی بوو.

"کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ بە مەبەستى روماڵی دەنگدانی گشتى لە ئامادەیی قەسرۆکی کچان کە بنکەیەکی دەنگدانە و تایبەت کرابوو لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ روماڵی میدیایی، چوار کەس بە جلوبەرگی سڤیل رێگریان لێکردین... یەکێک لەو چوار کەسە کارمەندی کۆمسیۆن بوو، دوای ئەوەى قسەى زۆریان پێوتم، کارمەندەکەی کۆمسیۆن دەستپێشخەر بوو لە هێرشکردنە سەرم و پەلاماری ستاند و کامێرایاندا".

وتیشی "دواتر بە بەرچاوی پۆلیس و ئاسایشی پاراستنی بنکەکەی دەنگدان پەلاماری منیاندا و ئەوانیش هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو، تەنانەت یەکێک لە ئەفسەرانی پۆلیس پێی وتم ناتوانین هیچ شتێک بەرانبەر ئەوانە بکەین و باشترە لێرە روماڵ نەکەی". بەو شێوەیە نەیانهێشت سەباح سۆفی روماڵەكەی بكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT