ئاسایشی دهۆك زیاتر لە دوو هەفتەیە ئۆفیسی ماڵپەڕێكی داخستووە

ئومێد بەرۆشكی، خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕی راست میدیا. فۆتۆ: تایبەت بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە

كەركوك ناو

هێزەكانی ئاسایشی دهۆك 16 رۆژە ئۆفیسی ماڵپەڕی راست میدیا-یان داخستووە و بەبێ ئەوەی هیچ رونكردنەوەیەك لەسەر داخستنی بدەن، لەكاتێكدا ماڵپەڕەكە مۆڵەتی فەرمی هەیە لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان.

راست میدیا ماڵپەڕێكی هەواڵییە و روماڵی روداوەكانی پارێزگای دهۆك دەكات،  ئۆمێد فەتاح (ئومێد بەرۆشكی) خاوەندارێتی دەكات و ئارام حسێن سەرنوسەرێتی، لەیەكەم رۆژی كاركردنیاندا ئۆفیسەكەیان لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە داخرا.

ئومێد بەرۆشكی، یەكێك بوو لەو رۆژنامەنوسانەی بادینان، كە لەسەر چەند دۆسییەیەكی پەیوەست ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی پۆستی فەیسبوک لەسەر پۆلیس و پارێزگاری دھۆک، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ دەركرا، تاوەكو لە 22ی شوباتی 2022 دوای تەواوكردنی حوكمەكانی، زیندانی بەجێهێشت. ئەوەش دوای ئەوەی لە 18ی ئابی 2020 دەستگیركرا.

ئومێد پەرۆشكی بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 6ی ئاب، كە یەكەم رۆژی كاركردنمان بوو، هێزێکى ئاسایش هاتنە ناو ئۆفیسەكە و پێیانوتین نابێت كاربكەن، لەسەرەوە فەرمانمان پێكراوە ئۆفیسەكەتان دابخەین، بەبێ ئەوەی هۆكاری داخستنەكە رونبكەنەوە".

هێزێکى ئاسایش هاتنە ناو ئۆفیسەكە و پێیانوتین نابێت كاربكەن، لەسەرەوە فەرمانمان پێكراوە ئۆفیسەكەتان دابخەین

ماڵپەڕەكە لە 26ی تەمموزی 2022 داواكاریی مۆڵەتی پێشكەش بە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان كردووە و لە 7ی ئاب مۆڵەتیان پێدراوە. كە دەكاتە رۆژێك بەر لە داخستنی ئۆفیسەكەیان.

ئۆمێد بەرۆشکى، خاوەن ئیمتیازى ماڵپەڕەكە، وتی "دواكەوتنی پێدانی مۆڵەتەكە بەهۆی ئەوەوە بووە كە نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە دەرەوە بوو"، جەختیشیكردەوە كە ئەوان ماڵپەڕێكی سەربەخۆن و گرنگی بە روداوەكانی پارێزگای دهۆك دەدەن.

molat
مۆڵەتی ماڵپەڕی راست میدیا كە لەلایەن سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانەوە پێیاندراوە. 

"سەردانی ئاسایشمان كردووە تا هۆكاری داخستنی ئۆفیسەكەمان پێبڵێن، هەموو بەڵگە فەرمییەكانی دامەزراندنی ماڵپەڕەكەمان پێداون، بەڵام هیچ رونكردنەوەیەكیان پێنەداوین"، ئومێد وایوت.

ئازاد حەمەئەمین، نەقیبى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان، لەبارەی ئەو پرسەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگادارى داخستنى ماڵپەڕی راست میدیاین، هەوڵەکانى ئێمە لەگەڵ لقى دهۆکى سەندیکاى رۆژنامەنوسان و لایەنى پەیوەندیدار بەردەوامن بۆ کردنەوەى ئوفیسى ماڵپەڕەکە".

لە هەرێمی كوردستان یاسای تایبەت بە ماڵپەڕ نییە، بەڵام سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە دامەزراندنی ماڵپەڕ و دامەزراوەی میدیایدا كار بە یاسای رۆژنامەگەریی لە كوردستان دەكات.

بەپێی ماددەی سیێ یاساكە، پێویستە خاوەن ئیمتیاز یان دامەزرێنەرەكەی بەیاننامەی دامەزراندن پێشكەش بە سەندیكای رۆژنامەنوسان بكات و مۆڵەتی پێبدەن.

ئازاد حەمەئەمین لەگەڵ ئیدانەكردنی داخستنی ئۆفیسی ماڵپەڕەكە، وتی "ئەمە پێشێلکردنی یاساى ژمارەى 35 ساڵى 2007ی پەرلەمانی كوردستانە، چونكە ئەوان مۆڵەتی فەرمییان هەیە و هیچ كێشەیەك لە مۆڵەتەكەیاندا نییە".

ئەمە پێشێلکردنی یاساى ژمارەى 35 ساڵى 2007ی پەرلەمانی كوردستانە

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنوسان وتی كە ئەویش نازانێت هۆكاری داخستنی ئۆفیسی ماڵپەڕی راسن میدیا چییە. وتی "ئەگەر میدیاکاران کارێکى نەگونجاویان کردووە، یان زانیارییەكی ناڕاستیان بڵاوكردۆتەوە، پێویستە لەڕێی دادگاوە مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەدا بكرێت".

(كەركوك ناو)، بۆ ئەم بابەتە چەند جارێك پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆكەوە كرد و لەڕێی نامەشەوە ئاگاداركرایەوە، بەڵام هیچ وەڵامێكی نەبوو.

ئومێد بەرۆشكی، لەبارەی داخستنی ئۆفیسی ماڵپەڕەكەیەوە، وتی "هیچ پەیوەندییەكی بەڕێکارى ئیداریى و ئەمنییەوە نییە، تەنها ئەگەرێکى سیاسى لە پشت داخستنەکەوە هەیە"، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات.

داخستنی ئۆفیسەكە هاوكات بوو لەگەڵ بانگەشەكردنی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە تەواوی هەرێمی كوردستان، لە 6ی ئاب.

لە 9ی ئاب، بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕی راست میدیا لەگەڵ ژمارەیەك پارێزەر كۆبونەوە بە مەبەستى گرتنەبەرى رێکارى یاسایى دژی ئاسایشی دهۆك.

parezaran
دهۆك/ 9ی ئابی 2022/ كۆبونەوەی ئومێد بەرۆشكی (كەسی یەكەم لای چەپی وێنەكە)، لەگەڵ ژمارەیەك پارێزەر. فۆتۆ: تایبەت بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە.

بەرۆشكی وتی "ماوەیەک چاوەڕێ دەكەین، ئەگەر هەر زانیمان نییەتێک نییە بۆ کردنەوەى ئۆفیسی ماڵپەڕەکە، ئەوا بەدڵنیایییەوە پلان و بەرنامەى نوێمان دەبێت".

ماڵپەڕەكە لە ئێستادا چالاكن و كاری خۆیان دەكەن، بەڵام ئۆفیسەكەیان داخراوە.

بەشدار حەسەن، كە یەكێك بوو لەو پارێزەرانەی لەگەڵ رێكخەرانی راست میدیا كۆبۆوە، وتی "هێشتا هیچ هەنگاوێكمان نەناوە بۆ ئەوەی ئەو لایەنە بدەینە دادگا كە هەستاون بە داخستنی ئۆفیسەكە، هەنگاوى یەکەممان ئەوەیە پێشئەوەى کەیسەکە بچێتە دادگا بزانین كێشەكە چییە و بە گفتوگۆ چارەسەری بكەین، بۆیە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە چاوەڕێ دەكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT