ماڵپەڕی پەرەگراف هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی كوردستان دەدات بە دادگا

لۆگۆی ماڵپەڕی پەرەگراف لەگەڵ وێنەی رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

کەرکوک ناو - پەرەگراف

لەسەر سێ داوای یاسایی سەرنووسەری ماڵپەڕی پەرەگراف، ڕۆژی 6ـی ئەیلولی 2022 وادەی دادگاییکردنی هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە لە دادگای بەرایی سلێمانی.

داوا یاساییەکانی سەرنووسەری پەرەگراف، بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی لە هەرێمی کوردستان (ژمارە 11ـی ساڵی 2013) تۆمارکراون، ئەوەش دوای ئەوەی پەرەگراف لە 28ـی حوزەیرانی 2022ـدا بەپێی ئەو یاسایە و بە نووسراوی فەرمیی لە ڕێگەی هۆشداریی دادنووسی سلێمانی کە سەر بە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمە، داوای زانیاریی لە سەرۆکی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کرد.

زانیارییە داواکراوەکە تایبەتە بە بودجە و وردەکاریی خەرجیی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەم خولەی دەستبەکاربوونیاندا.

بەپێی ماددەی 7 لە یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی، دەبوو لە ماوەی 10 ڕۆژ لە دوای گەیشتنی هۆشدارییەکە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە وەڵامیان بدایەتەوە، بەڵام هیچکامیان لە وادەی یاساییدا وەڵامیان نەدایەوە.  

پاشان سەرنووسەری پەرەگراف پەنای بۆ دادگا برد و بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی لە 4ـی ئابی 2022 لە دادگای بەرایی سلێمانی، دوو داوای یاسایی لەسەر هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆمارکرد.

هەروەها لە 24ـی ئابی 2022 دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 رۆژ لە گەیشتنی هۆشدارییەکە بە سەرۆکی پەرلەمان و وەڵام نەدانەوەی، سەرنووسەری پەرەگراف داوایەکی لەسەر ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش تۆمارکرد.

سەرنووسەری پەرەگراف داوای لە دادگا کردووە داوالەسەرکراوان پابەند بکات بە پێدانی ئەو زانیارییەی لە هۆشدارییەکاندا داوایان لێکراوە.

دادوەر ڕێکەوتی 6ـی ئەیلولی 2022ـی دیاریکرد بۆ دادبینی هەرسێ داواکە و پسووڵەی پێڕاگەیاندننامەی بۆ داوالەسەرکراوان دەرکرد تا خۆیان یاخود بریکاریان لە دادگا ئامادەبن.

گرتنەبەری ڕێگای دادگا تاقیکردنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمە لە سێ پرسی گرنگدا کە بەردەوام خۆیان جەختی لەسەر دەکەنەوە

سورکێو محەمەد، سەرنووسەری پەرەگراف لەبارەی تۆمارکردنی داوا یاساییەکانەوە، دەڵێت "ناوەڕۆکی ئەو زانیارییەی داوامانکردووە و گرتنەبەری ڕێگای دادگا تاقیکردنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمە لە سێ پرسی گرنگدا کە بەردەوام خۆیان جەختی لەسەر دەکەنەوە، ئەوانیش؛ پێدانی زانیاریی بە ڕۆژنامەنووسان، پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسا و سەروەریی یاسا لەگەڵ پرسی شەفافییەت".

پەرەگراف بەرلەوەی لە ڕێی هۆشداریی دادنووسەوە داوای زانیاریی بکات، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵدا نووسراوی فەرمیی ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کرد و داوای زانیاریی لێکردن، بەڵام ئەوکات نووسراوەکەیان وەرنەگرت و بە فەرمی لایخۆیان تۆماریان نەکرد، هەربۆیە پەرەگراف پەنای بۆ فەرمانگەی دادنووس برد و لەو ڕێیەوە داوای زانیاریی لە سەرۆکایەتییەکان کرد.

یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013ـەوە دەرچووە، بەڵام تائیستا حکومەتی هەرێم ڕێنمایی دەرنەکردووە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لەلایەن دامودەزگا حکومییەکانەوە.

کارزان فازڵ، سەرۆکی ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD) کە پارێزەری پەرەگرافە لەم دۆسیەیەدا، دەڵێت "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئەمە یەکەم داوایە بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی تۆماربکرێت و هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی کارکردن بەو یاسا گرنگەی لە 2013ـەوە دەرچووە و فەرامۆش کراوە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "ئەم سێ داوایە دەستبردنە بۆ ڕێکارێکی دادوەریی کە لە یاساکەدا ئاماژەی بۆ کراوە لە پێناو دەستکەوتنی زانیاریی و شەفافیەت".

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هۆکاری جێبەجێ نەکردنی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە حکومەت ڕێنمایی بۆ دەرنەکردووە و پێیوایە "یاسایەکی زۆر کراوەیە".

ڕێواز فایەق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکانی سلێمانی لە 3ـی ئەیلولی 2022، ئاماژەی بەو سکاڵایە کرد کە پەرەگراف لەسەری تۆمار کردووە و وتی "سكاڵایەكەم لەسەرە بەهۆی جێبەجێنەكردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری. ئەم یاسایە ئەگەر ڕێنمایی پێ‌ دەرنەچێت، دامەزراوەی تایبەت بە جێبەجێكردنی كە دەستەی مافەكانی مرۆڤە، ناتوانێت جێبەجێی بكات. حكومەت ڕێنمایی دەرناكات، چونكە لە چوارچێوەی ئەو فەلسەفەی حوكمەدا بۆچوونێك هەیە كە پێیوایە ئەم یاسایە زۆر زۆر كراوەیە، ئەگەر هەمواری بكەین، ڕێنمایی پێ‌ دەردەكات، منیش ئەو عەیبەیە ناهێنمە سەر خولی پێنجەمی پەرلەمان".

سەرۆکی پەرلەمان لە دیداری لەگەڵ ڕێکخراوەکان ئەوەشی خستەڕوو، پابەند دەبێت بە سکاڵاکە و ڕۆژی دادبینی پارێزەرەکەی دەنێرێت بۆ دادگا.

ئەم سێ داوایە دەستبردنە بۆ ڕێکارێکی دادوەریی لە پێناو دەستکەوتنی زانیاریی و شەفافیەت

حکومەتی هەرێم لە وەڵامی سەرۆکی پەرلەماندا ڕەتیدەکاتەوە نیازی ئەوەی هەبێت یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی هەموار بکاتەوە.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم، لە 4ـی ئەیلولی 2022 لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە، وتی "ئێمە لێرەوە رایدەگەیێنین کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھیچ ویستێکی لەو چەشنەی نییە و ھیچ داوایەکی لەو جۆرەشی بۆ ھەموار کردنەوەی ئەو یاسایە، ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە".

سەبارەت بە دەرچوواندنی ڕێنماییەکانی یاسای مافی بە دەستھێنانی زانیاری، وتەبێژەکەی حکومەت دەڵێت "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە رێکەوتی 22ـی حوزەیرانی 2022، بە بریاری ژمارە (157) و لە خاڵی سێیەمدا ھەریەک لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، فەرمانگەی میدیا و زانیاری و دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤی راسپاردووە، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی رێنمایی ئاسانکاری جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە ھەرێمی کوردستان".

"لێرەوە سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە دوای دوو مانگ و نیو لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشتی خۆی بۆ دەرچوواندنی رێنماییەکان دەربڕی" جوتیار عادل وادەڵێت.

وتەبێژەکەی حکومەت دەشڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندی پەیڕەوکردنی شەفافیەتە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی و بەکردەییش ئەوەی جێبەجێی کردووە".

کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، واخۆی پیشان دەدات کە لە کابینەکانی پێشووتر باشترە لە ڕووی ئازادی و شەفافیەت و مافی مرۆڤ، بەڵام واقیع شتێکی جیاواز دەڵێت بەتایبەت لە مافی ڕۆژنامەنووسان و مامەڵە لەگەڵ میدیاکان و پێدانی زانیاری.

ڕۆژنامەنووسان بە ئاستەم دەستیان بە زانیاریی و لێدوانی بەرپرسانی حکومەت دەگات، پەرەگراف چەندین جار بۆ بابەتی جیاواز داوای زانیاریی و لێدوانی لە وتەبێژی حکومەتی هەرێم کردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە.

بەپێی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاریی هەموو کەسێک مافی بەدەستهێنانی زانیاری و ئەو بەڵگەنامانەی هەیە کە لە دامودەزگاکان داوای دەکات، بەدەر لەو بابەتانەی لە مادەی 14ـی یاساکەدا بەدەرکراون و دوای بەسەرچوونی 20 ساڵ ئاشکرا دەکرێن ئەوانیش پەیوەستن بە؛ نهێنیی ئاسایش و بەرگری و دانوستانەکانی نێوان هەرێم و لایەنەکانی دیکە، زانیاری و دۆسیەی کەسیی و ئەو زانیارییانەی ئاشکراکردنیان کار لە ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەو دادگاییکردن دەکات یاخود دەبێتەهۆی پێشێلکردنی کێبڕکێ و مافی دانەرو خاوەنداری هزریی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT