لەبەردەم كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر
دوو رۆژنامەنوس پێشێلكارییان بەرامبەر كرا

هەولێر/ ئابی 2021/ چاوەڕوانی ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسی دەزگاكانی راگەیاندن لە چاوەڕوانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە وەزارەتی تەندروستی فۆتۆ: تایبەت بە(كەركوك ناو)

فەرمان سادق – هەولێر

دوو رۆژنامەنوس لەكاتی روماڵكردنی ناڕەزایەتی ژمارەیەك لە چالاکوانانی كورد لەبەردەم کونسوڵخانەی ئێران لەهەولێر پێشێلكارییان بەرامبەر كرا، لە نێویاندا رێگریكردن لە روماڵ، دەستبەسەركردنی كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكان و هەڕەشەكردن.

نەبەز رەشاد، لە ماڵپەڕی وێستگەنیوز رێبین سەردار لە دیپلۆماتیک مەگەزین، ئەو دوو رۆژنامەنوسە بون كە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی 24ی ئەیلول پێشێلكارییان بەرامبەر كرا. ئەوەش دوای ئەوەی گرژی كەوتۆتە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی بەردەم كونسوڵخانەی ئێران.

رێبین سەردار، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا خۆپیشاندەران چونەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، دواتر بەڕێپێوان بەشێكیان بەرەو كونسوڵخانە رۆیشتن و شەقامی سەرەكییان گرت، ئێمەش روماڵی رێپێوانەكەمان دەكرد".

"خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بچنە ناو کونسوڵخانە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگریان لێکردن و ئەمەش سەریکێشا بۆ گرژیی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان... كاتێك گرژییەکە زیادی کرد، هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ پەلاماردانی خۆپیشاندەران، پەلاماری ئێمەشیاندا، مۆبایلەكانیان دەستبەسەركردین كە راستەوخۆ ناڕەزاییەكانمان پێ دەگواستەوە، هەرچەندە وتمان ئێمە رۆژنامەنوسین".

هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ پەلاماردانی خۆپیشاندەران، پەلاماری ئێمەشیاندا

ناڕەزایی چالاكوانەكان تایبەت بوو بە ئیدانەكردنیی روداوی گیانلەدەستدانی كچێكی كورد لە تاران، كە دوای دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە و هێشتنەوەی لە بنكەی پۆلیسدا گیانیلەدەستدا. ئەوەش ناڕەزایی و خۆپیشاندانی لە زۆرینەی شارەكانی ئێران بەدواداهات و تائێستاش بەردەوامە.

نەبەز رەشاد، پەیامنێری ماڵپەڕی وێستگەنیوز، وتی "کاتێک خۆپیشاندەران گەیشتنە بەردەم کونسوڵخانەی ئێران، روماڵی ناڕەزاییەكەم دەستپێكرد، بەڵام لەلایەن ئەو هێزەی لەوێ بون، رێگریان لێکردین روماڵەكە بکەین".

ئەو هێزە پێكهاتبون لە پۆلیسی مەدەنی و ئاسایش.

بەگوێرەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی، كە لە پەیجی وێستگەنیوز بڵاوكراوەتەوە، دەردەکەوێت کەسێک هاوار بەسەر پەیامنێری وێستگەنیوز دەکات و پێی دەڵێت "ئەو مۆبایلە بێنە"، پەیامنێری وێستگەنیوزیش کە لە پەخشی راستەوخۆ دایە، دەڵێت "ئێمە تەنیا میدیاكارین، لێمانمەدەن"، لەوكاتەدا پەخشەكە رادەگیرێت.

نەبەز وتی "ئەوان جگە لەو مۆبایلەی كە روداوەكەم بەشێوەی راستەوخۆ پێ دەگواستەوە، مۆبایلە شەخسییەكەشیان بردم... هەروەها دەستیانبەسەر کەلوپەلی میدیایی هەردوکماندا گرت، پێیانوتین بڕۆن لە ئاسایشی جموجۆڵ وەریبگرنەوە، دوای کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ چوم بۆ ئاسایش، پێیانوتم دەوام نەماوە، بڕۆ بەیانی وەرە".

ئەوان جگە لەو مۆبایلەی كە روداوەكەم بەشێوەی راستەوخۆ پێ دەگواستەوە، مۆبایلە شەخسییەكەشیان بردم

ئەمە دووەم حاڵەتی پێشێلكاریی هێزە ئەمنییەكانی هەولێرە دژ بە رۆژنامەنوسان لە 19ی ئەم مانگەوە.

ئێوارەی 19ی ئەیلول چەند دوکانێکی بازاڕی داون تاون لە هەولێر سوتان و ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسانیش بۆ روماڵكردنی روداوەكە گەیشتنە شوێنەكە. بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و (كەركوك ناو) بینیویەتی، چەند پۆلیسێک رێگریی لە رۆژنامەنوسان دەكەن روماڵی ئاگركەوتنەوەكە بكەن.

بەپێی بڕگەی چوارەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە" و لە بڕگەی دوەمی ماددەی دووەمیشدا هاتووە "رۆژنامەنوس بۆی هەیە لە سەرچاوە جیاوازەكانەوە هەر زانیارییەك كە بایەخی بۆ هاوڵاتیان هەبێ و پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گشتییەوە بێ بەدەستبێنێ بەپێی یاسا". ئەوەش بەبێ باسكردنی جیاوازی لە نێوان دەزگا راگەیاندنەكاندا و یاساكە مافی روماڵ بە هەموو رۆژنامەنوسان دەدات.

هەفتەی رابردوو، سەرچاوەیەك كە بەرپرسیارێتی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر، لەبارەی ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان دەكرێت، وتی "هەر رۆژنامەنوسێك ئەگەر پێشیلكاریی بەرامبەر كراوە، ئەوا دەتوانێت سكاڵا تۆماربكات و دۆسییەكەی بچێتە بەردەم دادوەر، دواتر دادگا بڕیاری لەسەر دەدات".

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT