ساڵێکی دیکەی ریکۆردشکێن لە جیهاندا
سێ رۆژنامەنوسە زیندانیكراوەكەی عیراق لە هەرێمی كوردستانن

ڕۆژنامەنووسی بێلاڕوس کاتسیارینا ئەندرێێڤا کە لێرەدا لەناو قەفەزی تۆمەتباریدایە لە هۆڵی دادگای مینسک لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢١دا، لە لێواری تەواوکردنی سزای دوو ساڵ زیندانیکردن بوو کاتێک دادگا سزای هەشت ساڵی دیکەی بەسەردا سەپاند بە تۆمەتی ‘بەخشین’ نهێنییەکانی دەوڵەت.’ (وێنەی ئاسۆشییەتدپرێس)

كەركوك ناو

ژمارەی رۆژنامەنوسانی زیندانیکراو لە سەرانسەری جیهان لە ساڵی 2022دا ئاستێکی دیکەی پێوانەیی تۆمارکرد، ئەوەش بەپێی نوێترین راپۆرتی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ)، كە تیایدا هاتووە "ساڵێک پڕ بوو لە ململانێ و سەرکوتکردن". بەپێی راپۆرتەكە سێ رۆژنامەنوس لە ئەمساڵدا لە عیراق لە زینداندان، كە هەرسێكیان لە هەرێمی كوردستانن.

راپۆرتەكە 14ی كانونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە و تیایدا هاتووە "سەرکردە تاکڕەو و دەسەڵاتخوازەکان تاوانەکانیان دژی رۆژنامەگەری سەربەخۆ دوو هێندەکردەوە". لە بەشێكی تریدا دەڵێت "دڕندەیی زیاتریان ئەنجامدا بۆ دامرکاندنەوە و کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان و لاوازکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری".

راپۆرتەكە ساڵی 2022 بە "ساڵێکی دیکەی ریکۆردشکێن" دادەنێت لە ژمارەی ئەو رۆژنامەنوسانەی کە بەهۆی ئەنجامدانی پیشەکەیانەوە زیندانی کراون.

بەپێی سەرژمێری راپۆرتەكە تا یەكی كانونی یەكەمی 2022 لە تەواوی جیهان 363 رۆژنامەنوس لە زیندانن و ئازادییان لێ زەوتکراوە – "ئەوەش ئاستێکی بەرزی نوێی جیهانییە کە بە ڕێژەی لەسەدا 20 ژمارەی پێوانەیی ساڵی رابردوی تێپەڕاندووە کە ئەوەش ئاماژەیەکی تاریک و دیارە بۆ خراپبونی دۆخی میدیایی".

لە تەواوی عیراق سێ رۆژنامەنوس  دەستگیرکراون و لە زیندانن كە هەرسێكیان لە هەرێمی كوردستانن.

پێنج وڵاتە زیندانیکەرە سەرەکییەکانی ئەمساڵی رۆژنامەنوسان بریتین لە ئێران، چین، میانمار، تورکیا و بێلاڕوس و هاتووە "پاڵنەری دیار و سەرەکی پشت زیادبونی هەوڵە ستەمکارەکانی حکومەتە تاکڕەوەکان بۆ دامرکاندنەوەی میدیا بریتین لە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی سەرقاپ و کپکردنەوەی ناڕەزایەتییە توندەکان لە جیهاندا کە بەهۆی کۆڤید-19 و دەرئەنجامە خراپە ئابورییەکانی شەڕی رووسیا دژی ئۆکرانیا بەرپابون".

پاڵنەری دیار و سەرەکی پشت زیادبونی هەوڵە ستەمکارەکانی حکومەتە تاکڕەوەکان بۆ دامرکاندنەوەی میدیا بریتین لە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی سەرقاپ و کپکردنەوەی ناڕەزایەتییە توندەکان لە جیهاندا

لە ئێران، دەیان رۆژنامەنوس لە نێو ئەو نزیکەی 14 هەزار ئێرانییەدان کە لە ماوەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەهۆی کوژرانی مەهسا ئەمینی، کچێکی تەمەن ٢٢ ساڵانی کورد کە بە تۆمەتی شکاندنی یاسای حیجاب لە ئێران دەستگیرکرابوو، هەڵگیرسا.

هەروەها هاتووە "دەسەڵاتداران ژمارەیەکی پێوانەیی رۆژنامەنوسانی ژنیان دەستگیرکردووە – لە کۆی 49 ڕۆژنامەنوس کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دەستگیرکراون، 22 دانەیان ژنن – ئەوەش رەنگدانەوەی ئەو رۆڵە دیارەی ژنانە کە بینیویانە لە روماڵکردنی ئەم راپەڕینەی کە هەر ژن سەرکردایەتی دەکات".

كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) لەبارەی ئێرانەوە دەوڵێت "سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران وایکردووە ئەو وڵاتە لە ساڵی 2022دا ببێتە خراپترین زیندانیکەرانی رۆژنامەنوسان لە جیهاندا، ژمارەیەکی زۆریان لە زیندانی ئەڤینی تاران راگیراون". زیاتر هاتووە كە لە ئێران، "کوردەکان پشکی شێریان لە تۆڵەسەندنەوەی حکومەتی ئێران دژی ناڕەزایەتییەکان بەرکەوتووە، و لانیکەم نۆ رۆژنامەنوسی کورد لەنێو ئەو ڕۆژنامەنوسانەدان کە لە زینداندان".

Zamora
رۆژنامەنوسی گواتیمالا خۆسێ روبێن زامۆرا مارۆکین، دامەزرێنەر و سەرۆکی ڕۆژنامەی ئێلپێریۆدیکۆ (elPeriódico)، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و هەڕەشە دەستگیرکراوە کە بە شێوەیەکی گشتی وەک تۆڵەسەندنەوە سەیر دەکرێت لەبەرامبەر روماڵکردنی گەندەڵی لە ڕۆژنامەکەیەوە بەوەی گوایە سەرۆک و داواکاری گشتی گواتیمالا تێیدا بەشداربووە. (ڕۆیتەرز/لویس ئێچێڤێریا).

لەبارەی تورکیاوە راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە دەسەڵاتداران 25 رۆژنامەنوسی کوردیان دەستگیرکرد کە یان بۆ ئاژانسی هەواڵیی مێزۆپۆتامیا (Mezopotamya News) و دەزگای ژن نیوز (JINNEWS) کە سەرجەمیان ڕۆژنامەنوسی ژنن، یان بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان کاریان کردووە کە دەزگا کوردییەکان لە ئەوروپا بەکاریان دەهێنا.

لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا هاتووە "زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان تەنها ڕێگایەكە بۆ ئەوەی سەرکردە تاکڕەوەکان هەوڵی کپکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری بدەن. لە سەرانسەری جیهاندا حکومەتەکان چەندین تاکتیکی جیاوازیان گرتووەتەبەر وەک یاساکانی “هەواڵی ساختە“، بەکارهێنانی ناوزڕاندنی تاوانکاری، دانانی یاسای ناڕون بۆ تاوانبارکردنی ڕۆژنامەگەری، فەرامۆشکردنی سەروەری یاسا و خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دادوەری، هەروەها تەکنەلۆژیا دەقۆزنەوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ڕۆژنامەنوسان و خێزانەکان".

بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور-یش، دەستبەسەركردن و زیندانیكردنی رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2022دا ریكۆردێكی نوێی تۆماركردووە و گەیشتۆتە 533 كەس، لە نێویاندا لەسەدا 15یان ژنن. لەكاتێكدا رێژەی ژنان لە پێنج ساڵی رابردودا لە نێو دەستگیركراواندا نەدەگەیشتە لەسەدا. بەگشتی دەستبەسەركردن و زیندانیكردنی رۆژنامەنوسان لەسەدا 13.4 زیادیكردووە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە كە لە 14ی كانونی یەكەم بڵاوكراوەتەوە، 57 رۆژنامەنوس لە سەرتاسەری جیهاندا كوژراون، 65ی تر بە بارمتەگیراون  49 رۆژنامەنوس-یش بێسەروشوێن.

هەروەها رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، ژمارەیەكی تری پێوانەیی تۆماركردووە بە بەراورد بە ساڵەكانی ترو لە ئێستادا 78 رۆژنامەنوس لە زیندانن. ئەوەش لەسەدا 30 زیادیكردووە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

Visuel Bilan EN_1
ئامارەكانی دەستبەسەركردن و كوشتن و زیندانیكردنی رۆژنامەنوسان. وێنە: رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور 

هەریەكە لە چین لە پلەی یەكەمدایە و ئێرانیش لە پلەی سێیەمدایە لە دەستبەسەركردن و زیندانیكردن.

هەر لە ساڵی 2022دا 57 رۆژنامەنوس لەكاتی چالاكییە پیشەییەكانی خۆیاندا كوژراون. ئەوەش لەسەدا 18.8 زیاترە بە بەروارد بە ئامارەكانی ساڵی 2021.

ئەو رێكخراوە شەڕی ئۆكرانیا بە هۆكارێك دەزانێت بۆ بەرزبونەوەی حاڵەتەكانی كوژرانی رۆژنامەنوسان، بەو پێیەی لە شەش مانگی یەكەمی ئەو شەڕەدا لانیكەم هەشت رۆژنامەنوس كوژراون. هاوكات 65 رۆژنامەنوس و یاریدەدەری میدیایی لە ریزی بە بارمتە گیراوەكانن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT