"بە ئیجرائاتی سەرەوە"
كەیسی هێرشكردنە سەر رۆژنامەنوسێكی كوردستان 24 چارەسەردەكرێت

هەولێر/ 27ی كانونی یەكەمی 2022/ هۆشمەند سادق، بەرلەوەی لەلایەن پاسەوانانی كۆگایەكی سوتەمەنییەوە هێرشی بكرێتەسەر. وێنەكە لە ڤیدیۆیەكی كوردستان 24 وەرگیراوە.:

كەركوك ناو

كەیسی رۆژنامەنوسەكەی كوردستان 24، كە لەلایەن ژمارەیەك پاسەوانی كۆگایەكی سوتەمەنییەوە لە هەولێر هێرشیكرایەسەر و سوكایەتی پێكرا، چارەسەر كرا، ئەوەش دوای ئەوەی پێیانڕاگەیاندووە "لەسەرەوە ئیجرائات كراوە".

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان 24 و وێنەگرەكەی، 27ی مانگی رابردوو، لەكاتی روماڵكردنی كەوتنەوەی ئاگرێك لە كۆگایەكی سوتەمەنی لە نێوان هەولێر و ناحیەی گوێڕ، لەلایەن ژمارەیەك پاسەوانی كۆگاكەوە لە پەخشی راستەوخۆدا هێرشیكرایەسەر، سوكایەتی پێكراو رێگەیاننەدا روماڵ بكات، لەگەڵئەوەشدا دەستیانبەسەر كامێرا و پێداویستییە رۆژنامەوانییەكاندا گرت.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە كوردستان 24 بڵاویكردۆتەوە، تیادا ژمارەیەك كەس جوێن دەدەن و داوای كوژاندنەوەی كامێرای وێنەگرەكە دەكەن. لەوكاتەدا دەنگی هۆشمەند سادق دێت و دەڵێت "كەس نازانێت ئێوە چین و كێن؟

یەكێكیان دەڵێت خاوەنی پاڵاوگەكەم، دەنگی یەكێكی تریش دێت كە خۆی وەكو هەواڵگری دەناسێنێت و بەدەنگی بەرزتر جوێن دەدات و هەڕەشە دەكات "من جەماعەتی هەواڵگریم گ... هەیە قسە بكات".

دواتر دەنگی هۆشمەند دێت و دەڵێت "دەستمان لێ بەرزدەكەنەوە و لێماندەدەن"، یەكێكی تر وەڵامی دەداتەوە "نەمانوت خۆتان توشی موشكیلە مەكەن".

هەر بەپێی گرتە ڤیدۆییەكە و لە كاتی هەڕەشەكردنەكەدا یەكێكی تر لە پاسەوانەكان دەڵێت "ئێوە كەناڵی 24 نین؟". هۆشمەند دەڵێت "بەڵێ". پاسەوانەكەش دەڵێت دە بڕۆن دەی.

دوای ئەو گفتوگۆیە هۆشمەند و وێنەگرەكەی دوردەخرێنەوە.

ڤیدیۆ: ساتی هێرشكردنەسەر هۆشمەند سادق و كامێرامانەكەی. ڤیدیۆ: كوردستان 24

هۆشمەند سادق، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێك زانیمان پاڵاوگەكە گڕی گرتووە، لەگەڵ وێنەگرەكە چوینە شوێنی روداوەكە، راستەوخۆمان بۆ كوردستان 24 دەستپێكرد، لەکاتی راستەوخۆكەدا ژمارەیەك چەكدار هاتن و یەكێكیان خۆی وەكو كارمەندی هەواڵگری ناساند، هەڕەشەی لێكردین و سوكایەتی پێكردین، پەخشەكەی راگرت و مایک و کامێراكەیان برد، دواتر هەڕەشەی لێدانی لێكردین".

هۆشمەند دەڵێت بەو هۆیەوە نانتوانیوە روماڵی روداوەكە بكات.

"مامەڵەیان زۆر ناشرین بوو‌، ئەمە دەیانجارە توشی ئەم جورە حاڵەتانە دەبینەوە و خەریكە لەگەڵیاندا رادێین".

مامەڵەیان زۆر ناشرین بوو‌، ئەمە دەیانجارە توشی ئەم جورە حاڵەتانە دەبینەوە

بەپێی كۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادی رۆژنامەگەری لە عیراق، 280 حاڵەتی پێشێلكاریی جۆراوجۆری دژ بە رۆژنامەنوسانی عیراق لە ماوەی (3ی ئایاری 2021 تا 2ی ئایاری 2022)دا تۆماركردووە، هەردوو پارێزگای بەغداو هەولێر بە 56 پێشێلكاریی لە ریزبەندی یەكەمدان.

ئەو پێشێلكاریی و رێگرییە دژی هۆشمەند سادق و كامێرامانەكەی، لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان، كە لە ساڵی 2007دا دەركراوە، رۆژنامەنوس سەربەخۆیە لە بەجێهێنانی ئەركە پیشەییەكەیدا و هیچ دەسەڵاتێكی بەسەرەوە نییە جگە لە دەسەڵاتی یاسا. لە بڕگەی چوارەمی هەمان ماددەدا هاتووە "رۆژنامەنوس مافی ئامادەبونی لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا هەیە".

هەر بەپێی یاسا بەركارەكان، رۆژنامەنوسان دەتوانن سكاڵا تۆماربكەن دژ بەو كەس و لایەنانەی پێشێلكارییان بەرامبەر دەكرێت.

"سکاڵام لەسەر ئەو کەسە تۆمارنەکردووە، چونكە دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆكە پێیانوتم لەسەرەوە ئیجرائاتی پێویستی لەدژ گیراوەتەبەر"، هۆشمەند وایوت.

بەڵام رونینەكردەوە ئیجرائاتەكە چییە و كێ كردویەتی. وتی "نازانم دەستگیرکراوە یان نا، دوای چەند کاتژمێرێک لەو پێشێلكارییە تەواوی کەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان بۆ گەڕاندینەوە".

هەر بەپێی یاسای رۆژنامەگەری، هه‌ر كه‌سێك به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ سوكایه‌تی به‌ رۆژنامه‌نوس بكات، یان ده‌ستدرێژیی بكاته‌ سه‌ر ئه‌وا هه‌مان ئه‌و سزایانە‌ ده‌یگرێته‌وه‌ كه‌ بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رێك لەكاتی یان به‌هۆی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی دانراوه‌.

(كەركوك ناو)، نەیتوانی پاسەوانانی ئەو پاڵاوگەیە وەربگرێت لەسەر ئەو كەیسە.

هۆشمەند سادق، زیاتر لە 10ساڵە کاری راگەیاندن دەکات و نیگەرانە لە دوبارەبونەوەی ئەو پێشێلكارییانە دژ بە رۆژنامەنوسان لە هەرێمی كوردستان.

"ئێمەی رۆژنامەنوس تەنیا یەک ئامانجمان هەیە ئەویش گەیاندنی زانیاریی و راستییەكانە بۆ خەڵك".

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی ئاگاداری پێشێلكارییەكەی هۆشمەند و كامێرامانەكەین، بەڵام وتی "كەس سكاڵای نەكردووە و بەدواداچونیشمان بۆ دۆسییەکە نەکردووە، چونكە لە سنوری ئێمەدا نەبووە".

كەس سكاڵای نەكردووە و بەدواداچونیشمان بۆ دۆسییەکە نەکردووە

ئەوەش لەكاتێكدایە پاڵاوگەكە كە كەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبات، لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە و دەكەوێتە پارێزگای هەولێرەوە.

نەزاکەت حسێن، سەرۆكی لیژنەی بەرگری لە مافی رۆژنامەنوس لە سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، وتی "لەڕێی ئێوە (كەركوك ناو)ەوە دەزانم كە ئەم پێشێلكارییە رویداوە".

هەروەها رۆژی دواتر وتی "بەدواداچونمان بۆ کەیسەکە کرد، هەموو شتێکمان داوەتە لیژنەی بەرگری لە مافی رۆژنامەنوسان و دواجار ئەوان بڕیار دەدەن کەچی دەکەن بۆ کەیسەکە".

هۆشمەند كە ئێستا وازی لە كەیسەكەی هێناوە و وەك خۆی دەڵێت "لەسەرەوە ئیجرائات كراوە"، وتی "هیوادارین خەڵک بە چاوێکی بەڕێزەوە سەیری رۆژنامەنوسان بکات و مامەڵەیەكی تەندروستمان لەگەڵدا بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشی پەیڕەوی پیشەكەمان بكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT